بەشی ٣٥

You are currently viewing بەشی ٣٥
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

(لە نێو کوردەواریی دا کاتێک کەسێک پەنا بۆ کەسێک دەبا دڵنیایە کە پەنای دەدا و دەیپارێزێ، داستانی سورمە و خورشید یەکێک لەو بەیتە کۆنانەی کوردەوارییە کە باسی پەنا بردن و پەنا دانە بۆیە بە بۆنەی پەنا نەدان و تەحویل دانەوەی مستەفا سەلیمی، لە دوو بەش دا دەیکەمە نێو ئاخنی بیرەوەرییەکانم)

سورمە و خوڕشید کچە مام و کوڕە مام بوون و لە منداڵێوە شێت و شەیدا و عاشقی یەکتر بوون و یەکتریان خۆشدەویست.

سورمە جوانێکی نێوبەدەرەوە بوو و ئەمیر مشیری سەرداری ئیران، ناوبانگی جوانییەکەی بیست و زێڕ و جەواهێراتێکی زۆری کردە دیاری بۆ خەلیل ئاغای باوکی سورمە و ناردییە خوازبێنی سورمەی بۆ ئەمیری کوڕی.

سورمە زۆر لەبەر بابی پاڕاوە کە دەست ڕابگرێ تا سبەینێ و هەر ئەو ڕۆژە ناردی بە شوێن خورشید دا و لێی ڕاسپارد کە ئەگەر کارێک نەکا و هەر ئەمشەو بابی و پیاو ماقووڵان نەنێرێتە لای خەلیل ئاغای، سبەینێ سورمەی دەبەن و تازە بۆ یەک نابن.

بابی خورشید خەڵکێکی زۆری لە پیاوچاک و ماقووڵان کۆ کردەوە و هەر ئەو شەوە چوونە ماڵە خەلیل ئاغای برای بۆ خوازبێنی سورمەی، بەڵام لیرە و ئاڵتوون بەری چاوی خەلیل ئاغای گرتبوو و بە لاساریی خوازبێنی براکەی بۆ خورشیدی کوڕی رەد کردەوە و سورمەی دا بە کوڕی ئەمیر مشیر و سورمەیان بە گریان و چاوی بەفرمێسکەوە بە بووک برد بەرەو چارەنووسێکی نادیار و وڵاتێکی غەریب و نامۆ.

لە تەورێز، بوو بە تەقەی دەهۆڵ و زوڕنا و شایی و زەماوەند و شەوی یەکەم کە زاوا هات سورمە نەهێشت دەستی لێ بدا و کوڕەی بە فریو برد و جل و بەرگەکانی لەبەر داکەند و خەواندی و بە بێدەنگی کوشتی و پشتێند و مەلافەی تێکهالاند و خۆی ڕایەڵی خوار کۆشکی ئەمیر مشیر کرد و هەڵات و پشت لە ئاوەدانی و ڕووی لە دەشت و چۆل و بیابانان کرد. دوو شەو و دوو ڕۆژ بە برسێتی ڕێگای بڕی هەتا گەیشتە شوانێکی کورد کە جلکی کوردی دەبەر دا دیت و پەنای بۆ شوانەکە برد. شوانەکە سورمەی بەخێر هاتن کرد و شیری بزنێکی بۆ دۆشی و پرێسکەی نانەکەی لە پێش دانا و ئینجا گوتی خوشکی خۆم بۆم باس بکە بزانم چیت لێ قەوماوە. سورمە داستانی خۆی بۆ شوانەکە گێڕاوە کە بابی بەزۆری بەمێردی داوە و ناچار بووە کوڕێ ئەمیر مشیر بکووژێ و هەڵێ و خۆی لەدەست عەجەمان ڕزگار بکا و گوتی ئیستاش ئەو زێڕ و ئاڵتوونەی پێمە هەمووی بۆ تۆ، بەو ڕانک و چۆغە و جامەدانە و پێلاوانەت با نەمناسنەوە و نەگیرێم دەنا دەمکووژن.

شوانەکە گوتی پشتی ئەم کێوە، چیای ژەنگارە، لەوێ حوسێن بەگی میری یەزیدیخان دەژی کە بابی فەقیر و هەژارانە، ٧ کوڕی وەک شوکری بەگی هەیە کە هەر کامە و حەریفی چل سوارانن. چل سواری لە بەر دەرگا و کۆشک و دیواخانێ راوەستاون، چەند هەزار پیاوی شەڕکەری یەزیدی خان لە ژێر فەرمانی حوسێن بەگەن. برۆ پەنای بۆ بەرە ئەو دەتپارێزێ.

ئینجا پرێسکەی نانەکەی دا بە سورمەخان و چوو لە بن کەنداڵێک جل و پێڵاو جامەدانەکەی لەسەر بەردێکی دانا و چۆوە لای بەرخ و کاریلەکانی خۆی و سورمەش لیباسە شڕ و پڕ پینەکەی شوانەکەی دەبەر کرد و زیڕ و ئاڵتوون و لیباسەکانی خۆی لەسەر بەردەکەی بۆ بەجێ هێشت و بەرەو چیای ژەنگار کەوتە ڕێوە.

سورمە گەیشتە چیای ژەنگار و لە دووڕ ڕا کۆشک و سەرسەرایەکی بینی و گوتی دەبێ ئەوە ماڵی حوسێن بەگ بێت و ڕووی دە ئەوێ کرد.

حوسین بەگ لەسەر هەیوانێ دیواخانەکەی خۆی را بە دووربین تەماشای دووری دەکرد و دووراودوور بینی جوانێک بەرەو ماڵی ئەوان دێت.

دەڵێ: ئەو ڕێگا ڕۆیشتنە ئی ئەو جل و بەرگ و ڕانکووچۆغە و جل و بەرگە نییە. بانگی عایشانی خیزانی دەکا و دەڵێ لاوێک بۆ ماڵی ئێمە دێ لیباسی رەنجبەریی دەبەردایە بەڵام ڕێگا ڕۆیشتنەکەی لە ڕەنجبەران ناچێت. عەیشان بە دووربینەکە چاو لێ دەکا و

دەڵێ: باوکی شوکری بەگ، ئەوەی دێ بەرەو دەرگا و ماڵمان کەنیشکە، ڕەنجبەر نییە!؟ سورمە دەگاتێ و دەستی حوسێن بەگ و عایشان خان ماچ دەکا و دەڵێ پیاوم کوشتووە و پەنام بۆ ئێوە و بۆ مەلەکە تاوس هێناوە.

حوسێن بەگ لە سورمە دەپرسێ: تۆ عیسایی، مووسایی، ئێزەدی یا موسوڵمانی؟

سورمە دەڵی من موسوڵمانم و کچی خەلیل ئاغای میری سێرتێمە و داستانی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ بابم بە زۆری منی بەمێرد داوە بە کوڕی ئەمیر مشیر و منیش سوێند خواردووی خورشیدی کوری مامم بووم و لە تاو خۆم کوڕی ئەمیر مشیرم کوشتووە و هەڵاتووم و ئێستا ئەوە خۆم دەماڵی ئێوە هاویشتووە.

حوسێن بەگ دەڵێ تۆ لە جێگەی دایک و خوشک و کچی منی و سوێند بە مەلەکە تاوس هەتا ئەو ڕۆژەی من ماوم و ئەو حەوت کوڕەم زیندوون و ئەو چل سوارە و چەند هەزار مێرەی یەزیدی خان دەستمان چەک دەگرێ تەواوی لەشکری ئێرانم بێتە سەری ناهێلم دەستیان وێت ڕابگا و تەحویلت نادەمەوە. تۆ دایک و خوشک و کچی منی و بڕۆ سەرینی خاترجەمێ وەبن سەرت بدە و بحەسێوە و ئێرە ماڵی خۆتە.

سورمە شەش مانگ لە ماڵە حوسێن بەگ دەبێ و پاشی شەش مانگ خەبەر دەگا بە سەرداری تاران و تەورێزان کە سورمە لە ماڵە حوسێن بەگی میری یەزیدی خان خۆی حەشار داوە. شای ئێران سێ سەرکردەی گەورە دەنێرێتە لای حوسێن بەگ و داوای لێ دەکا کە سورمەی قاتڵی کوڕی بداتەوە هەتا بە سزای خۆی بگەیەنن و لە نێو قیل و نەوت دا ئاگری تێبەر بدەن.

حوسێن بەگ دەڵێ سوێند بە قورئان، سوێند بە ئینجیل و بە تەوڕات و بە مەلەکە تاوس، هەتا من مابم و ئەو حەوت کوڕ و ئەو چل سوارە و تۆوی پیاو و مێری یەزیدی خان لە سەر ئەم خاکە مابێ ناهێڵم دەستی ئێوە بە سورمەی ڕابگا، ئەو پەنای بۆ من هێناوە و من دەبێ بیپارێزم.

خەبەر دەدەنەوە بە شای ئێرانێ و دەستووری هێڕش دەداتە سەر یەزیدی خان و بۆ بەیانەکەی گوندێ بەحەدرێ وەبەر تۆپان دەدەن و قەسری حوسین بەگ لە نێو دووکەڵی باروت و نارەناری برینداران نوقم دەکەن، حوسێن بەگ بە کوڕەکانی دەڵێ: کورینە ئەوڕۆ ڕۆژی رۆژی غیرەتە، مردنی لە مەیدانی شەڕ دا زۆر خوشترە لە سەرشۆری و سەردانەواندن بۆ سەرداری عەجەمان. سورمە پەنای بۆ ئێمە هێناوە و تەحویلی بدەینەوە بۆ ئێمـە سەرشۆڕییە و مردن باشترە لەوەی سەرشۆڕ بین.

درێژەی هەیە