بەشی ١

You are currently viewing بەشی ١
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

ئەوڕۆ پێم لە ٦٥ ساڵەی ناوە. سپاسی هەموو ئەو دۆست و ئازیزانە دەکەم کە پەیامی پیرۆزباییان بۆ ناردووم. هیوای شادی و سڵامەتی و ژیانێکی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری و سەرکەوتن بۆ هەموویان و هەموو ئێوەش دەخوازم کە ساڵانێکی دووروودرێژ هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوژینم بوون. هەمووتانم خۆش دەوێ و هیوادارم هەر بژین و بمێنن. ژیان دەستپێک و کۆتایی هەیە و هیچ شتێک هەتاهەتایی نییە. ژیانی منیش هەروایە ئەگەرچی بەرەو لێژییە بەڵام بەردەوامم.

مردن چییە من بۆ دەبێ ترسم هەبێ لێی
خۆ کاتێ کە دێ نایە بپرسێ ئەتۆ کێی
هەرچێکی هەیە، چاوی دەرێ چونکە هەتا
ئەو ڕۆژی ئەمن هەم نییە ئەو ڕێگە و جێی

بەڕاستی لە مردن ناترسم. کاتی پێشمەرگایەتیی ئەوەی بیرمان لێ نەدەکردەوە لەشی ساغ بوو. دەمانگوت: خۆ ئێمە هەر دەکووژرێین ئەدی بۆ لەشیکی ساغ بەرینە ژێر گڵ. هەربۆیە ئەوەی پێمانخۆش بوو دەمانخوارد و دەمانخواردەوە. زۆربەی هەرە زۆری هاوڕێ ئازیز و خۆشەویستەکام هەر بە لاوەتی شەهید بوون و گیانیان فیدای ڕزگاری خاک و نیشتمان و بیرووباوەرەکانیان کرد. گیانی من لە گیانی هیچکام لە ئەوان نە شیرنتر و ئازیزتر بوو و نە هەیە، کەوابێ ئەوەی تەمەنم گەیوەتە ٦٥ ساڵ، لەسەر قازانجم و بەتەمام لەمڕۆ ڕا ژیانێکی نوێ دەسپێبکەم.

لەمڕۆ ڕا خانەنەشینم و ئیتر شێوەیەکی دیکە هەڵدەبژێرم بۆ ژیانم .

لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ پاڕتی ئازادی کوردستان، لە مانگێک لەمەوبەرەوە لە ١٦ی مانگی یەک، نامەیکم بۆ سەرکردایەتی پاک نووسی و پێم ڕاگەیاندن ئیتر لە ١٦ی مانگی دووەوە خانەنشین دەبم و ئەوانیش بەتایبەتی کاک حوسێن یەزدانپەنا بە دڵێکی گەورەوە داواکەی منیان پەسەند کرد و گوتیان هەر دۆست و برا و ئازیزی ئێمە دەمێنێوە و کەسی تازە دیاری کرا بۆ بەرپرسی پاک لە سوێد و هیوادارم لە کار و خەباتیان دا سەرکەوتوو بن.

خۆم ئەگەرچی نەخۆشی شێرپەنجەم هەیە و تازە ئاگادار کراوم کە بە لەشم دا بڵاو بۆتەوە، بەڵام جگە لە حەولی دوکتورەکان خۆشم ڕێگەیەکم هەڵبژاردووە بۆ بەزاندنی مەرگ و ئەگەر تێیدا سەرکەوتوو بووم پاشان پێتان دەڵێم کە چ بوو.

بە تەمای نووسینی ژیاننامە و بیرەوەرییەکانی خۆم نەبووم بەڵام کاک مەنسووری عەلیالی هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستم، بێ ئەوەی من ئاگام لێ بێت، هەموو شێعرەکانی منی کۆکردبۆوە و لە قالبی کتێبێکی دیوانی شێعر دا، بە دیزاینێکی جوان و ڕێکووپێک و فۆنتێکی تایبەت بە ناوی خۆم کە کاک سیامەندی شاسوواری سازی کردووە، وەک دیارییەکی دۆستانە پێشکەشی کردم و داواشی لێکردم خۆم زەحمەتی! نووسینی پێشەکێکەی بکێشم و چاپ و بڵاوی بکەمەوە. منیش وێڕای سپاس، داوام لە کاک عەلی نانەوازادە کرد کە پێداچوونەوەیەک بە هەڵەکانی کتێبەکەدا بکات و داواشم لە کاک ناسری باباخانی کرد کە هەڵسەنگاندنێکی شێعرەکانم بکا و کاک حوسێن یەزدانپەناش قەولی داوە دیوانەکەم لە کوردستان بۆ چاپ بکا و خۆشم دەستم کرد بە نووسینی پێشەکێکە چونکە دەرفەتی دەربازبوونم نەمابوو. سپاسی هەموو ئەم هاوڕێ خۆشەویستانەم دەکەم بەتایبەتی کاک مەنسوور کە ئەگەر هیممەتی ئەو نەبا لەوانەبوو خۆم نە حەوسەلەی چاپی ئەم کتێبەم بووبا و نە نووسینی پێشەکی بەڵام تازە بەسەرم دا سەپاوە و ناچارم.

نازانم لە کوێ ڕا دەست پێ بکەم؟ بۆ نووسینی پێشەکی ئایا هەر ئەوەندە کە بنووسم ناوم چییە و خەڵکی کوێم و خوێندەواریم چەندە، لێم ڕازی دەبن؟ ئاخر منێک کە ٦٥ ساڵم تەمەنە و لەوەتا وەبیرم دێت و فامم کردۆتەوە، دەبینم کە قەڵافەتی نامۆ و نائاشنا خەریکن غەدر لە خەڵکی شار و زێد و نیشتمانەکەم دەکەن، ئاگاداری هەڵلا و گرمە و شەڕ و کێشەی نەتەوە غەدرلێکراوەکەمم، ئاگاداری زۆربەی ڕووداوەکانی نیوسەدەی ڕابردووی نیشتمانەکەمم. جاری وا بووە خۆشم تا ڕادەیەک یاریکەر بووم، هەر بۆیە هەم حەیفە و هەم عەیبە باسی ئەم ڕووداوانە نەکەم. ڕاستیتان دەوێ بەهانە و هەل و دەرفەتی چاکیشە کە بە ژیانی خۆم دا بچمەوە و ئەزموون و بیرەوەریەکانم بگوێزمەوە بۆ نەوەی پاش خۆم بەشکەم بەکاریان بێت و بەرچاوڕوونییەک بم بۆ ژیان و خەباتی ئەوان. دۆستێکی خۆشەویستم، کاک زاگرۆسی خوسرەوی دەیگوت: بە منداڵەکانی خۆم گوتووە ڕۆڵە گیان، ئەگەر دەتانەوێ لە ژیانتان دا سەرکەوتوو بن، چاو لە ژیانی من بکەن، ئەوەی من کردوومە ئێوە مەیکەن، ئەوەی نەشمکردووە ئێوە بیکەن، سەرکەوتوو دەبن. دەرس و مەشقی لەوەی هاسانتر ئیتر نابێ. ژیان و ئەزموونەکانی منیش ڕەنگ بێ هەر وابێ و بەم شێوەیە کەڵکی لێ وەربگیرێ. بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە من هەرچی کردوومە تەنیا بە مەبەستی خزمەتکردن بووە و ئەگەر بەدشانسیم هێناوە و جاری واهەبووە بە ڕێگەی هەڵە دا ڕۆیشتووم و هەڵەنگووتووم، یا لاقییان وەبەر لاقی داوم و خستوویانم دیسان هەستاومەوە و خۆم گرتۆتەوە و بە شەلەشەلەیش بووبێ یارییەکەم درێژە پێداوە و هەر بەردەوام بووم. لە سێ حیزبی سیاسی دا کارم کردووە کە پاشان بە وردی باسیان دەکەم بەڵام قەت مەبەستم پلە و مەقامی حیزبی نەبووە و بە دڵسۆزی کارم بۆ کردوون و تەنیا ئامانجم ئەوە بووە کە پشکێکی چووکەم هەبێ لە ڕزگاریی نەتەوەکەم دا و بەس.

درێژەی هەیە