لەسەر مەسەلەی ژن لە کوردەوارییدا، مامۆستا هێمن له پێشه‌کی” تاریک و ڕوون”دا “له کوێ وه بۆ کوێ” قامک له سه‌ر ئه‌وه داده‌نی که ژن له نێو کورد دا ئازادی له پیاو زیاتر بووه و ده‌ڵێ:”به ڕاستی خۆش بوو، کچ و کوڕ و ژن و پیاوی گونده‌که‌مان هه‌ڵده‌په‌ڕین. من ئه‌و ڕه‌سمه‌م له ڕه‌شبه‌ڵه‌کی لادێ‌دا زۆر پێ جوان بوو که پیاو مه‌گه‌ر ژن بۆخۆی بانگی کردبا، ده‌نا مافی نه‌بوو بچێته ده‌ستی ژنان. پیاو ده‌بوو هه‌میشه له پێشه‌وه‌ڕا بچێته نێو گه‌ڕی داوه‌ت، ده‌نا عه‌یب بوو. به‌ڵام ژن ده‌بوو له پاشه‌وه‌ڕا بێته ناو داوه‌ت و هه‌ڵبژاردن به ژن بوو. ئه‌و ڕه‌سمه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و زه‌مانه‌ی که ژن له کورده‌واری دا ئازادی پتر بووه”.یانی به وته‌ی مامۆستا هێمنیش ژن ڵه کورده‌واری دا، له ئێستا ئازادتر بوه.
هێمن له شێعری یادگاری شیرین دا ده‌ڵێ:
ئه‌و په‌چه‌و ڕووبه‌ند و چارشێوه‌ی نه‌دیوه نه‌نکی تۆ
ئه‌و شڕ و شاڵاته دیاری دوژمنی دڵ چڵکنه
هەر ئەوەی باسم کرد، چارشێوەکەی پوورم و گوندەکانی نێو گەورک و مەنگوران
منییش لەم بارەوە نووسیومە:
چارشێو نەبووە قەدیم بەسەر یەک ژنەوە
ڕووبەند نییە هیچ مافی بە دایکی منەوە
ئەوڕۆکە پەچەش بۆ کچی کورد ئەم چەکەیە
گرتوویە بەرەو مێشک و دڵی دوژمنەوە
کتێبی ڕشتەی مرواری نەمر عەڵائەلدینی سەجادی بە هەزاران نەقڵی تێدایە کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵی کوردەوارین و باس لە کراوەیی کۆمەڵی کوردستان دەکات سەبارەت بە مەسەلەی ژن و دین و ئایین و ئەو دیادردانەی ئێستا باسکردنیان بۆتە بڤە.
“ره‌سووی نادری” یادی بەخێر نموونەیەکی بەرچاو بوو که زۆر به‌ڕاحه‌تی و بێ ترس له نێو خه‌ڵک دا، داده‌نیشت، له نێو ژن وپیاو دا بێ جیاوازیی باسی حه‌زلێککردنی ژن و پیاو و دیارده‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرد، قسه‌ی خۆشی ده‌گێڕاوه و کاتێک ده‌یگوت: “له‌سه‌ر تاتان گرتم به‌هه‌موو که‌یفی خۆم فڵانەم لێ کرد” که‌س هه‌ڵنه‌ده‌به‌زێوه و بە جورمی مه‌حاره‌به و ئه‌وه‌ی بێحوڕمه‌تی به به‌رده تاته‌ی نوێژێ کردوه هه‌ڵیان نەداوه‌سی و بە پێچەوانەوە هه‌موو به ژن و به پیاوه‌وه قاقایان بۆ ده‌کێشا و پێده‌که‌نین. “خه‌جه دۆم” ئەم فڕاوێژە ژنە کە ڕەسووی نادری دەبەزێنێ، هی کۆمەڵی کوردەوارییە. ئه‌و نه‌قڵانه‌ی چل په‌نجاساڵ له‌وه‌ی پێش لە شار و دێهاتی کوردەواری. خه‌ڵک گوییان بۆ ڕاگرتوه و پیی پێکه‌نیون، ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تاران خەڵکی له‌سه‌ر دەکووژێ. عه‌ڕه‌ب ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی به زه‌بری شه‌مشیر به‌سه‌ر ئێمەدا سه‌پاندووە و ئێستاش عه‌جه‌م ده‌ڵێی به‌جێ ماوه و خه‌ریکه وه‌ک زه‌مانی هێرشی عه‌ڕه‌بان به زه‌بری سێداره و تیره باران و به‌رده‌باران خه‌ڵکی ئێمە بکاته موسوڵمان. کورد بە گشتی نەتەوەیەکی سێکۆلار بووە و دەگوترا کەس ناچێ لە قەبری کەسەوە، هەرکەس چۆنی پێ خۆشە با وابێ. یەک نوێژی دەکا، یەک ئارەقی دەخواتەوە لە کۆن دا کەس کاری بەکەس نەبوو، بە پەنجا دێیان مزگەوتێکیان نەبوو و خەڵک زۆر ڕاحەت دەژیان.
بایزی کوڕی پوورم لەسەر پشتی لانکێ بە منداڵی کچێک‌یان لێ مارە کردبوو کە ئێستاش هەر بەیەکەوە دەژین و خاوەن چوار منداڵ و چەند نەوەن. ئەوکاتە لەبیرمە کە تەمەنم دەدوازدە ساڵە بوو، بە سواری ئەسپی دەچووین بۆ ماڵی دەزگیرانەکەی بایزی کە ئەویش هەر هاوتەمەنی ئێمە بوو ( نەجیب خانم) و لە بەر دیواخانەکەی ئەوان لە گوندی سارتکێ، لغاوی ئەسپەکەیان دەگرتین و وەک پیاوی گەورە بەخێر هاتنیان دەکردین. ئاوی سارد، چای سەر کەشەف، مەجۆعمەی نانی تازە و شیرێژ و ڕۆن و هەنگووینی شەمەتللێرکەیان بۆ دەهێناین، فڕووجیان بۆ دەبن پڵاوی دەناین و مەڕیان بۆ سەر دەبڕین. بەو دیمەنانە خۆم لە ناو فیلمی کابۆیی دا دەدیتەوە کە ببوومە قارەمانی فیلمەکە و پاش ڕمبازێنێکی زۆر بە سەر شاخ و چیا و لێڕەوارەکانی لای زمزیران دا، ئێستا دابەزیوموو و میواندارییم لێ دەکرێ.
ئەو شتانە هەموو بۆمن تازە بوون. لە مەهاباد ئەو بەزمانە نەبوو، سفرە دادەندرا، هەموو ئەندامانی بنەماڵە، دایک و باب و خوشک و برا وێکڕا نانمان دەخوارد و هەر کەسەی بە لایەک دا هەڵدەهاتین بۆ هاریی و هاجی و دەرس و مەدرەسە و شەڕە شەق و بەرنامە و کاری خۆمان.
کاکەڵڵاغای مێردی پوورم گەورەی تایفەی گەورکی لای سەردەشتێ، ئاغایەکی خۆشناوی دەورانی خۆی بووە کە پشتی جووڵانەوەکانی کوردی گرتبوو چ لە دەورانی کۆماری کوردستان دا و چ پێش و چ پاش ئەویش و قەت بەڵای حکوومەت دا نەکەوتبوو. دیواخانێکی خۆشی هەبوو بە چاپەز و نۆکەرەوە و بە مەجۆعمە چێشتیان دەهێنا و دوو دوو لەسەر مەجۆعمەیەک نانمان دەخوارد. حەسەن قەننەزەرد چاپەزی کاکەڵڵاغای بوو و پاش نانخواردن ئەفتاوە و لەگەنێکی مسی جوانی دەهێنا و لەپێشدا بۆ کاکەڵڵاغای ڕادەگرت و دەستی دەشوشت و ئاوی دەزاری وەردەدا و ددانە دەستکردەکانی دەردەهێنا و دەیشوشت. پاشان نۆرەی حەسەن ئاغا، کوڕە گەورەکەی بوو کە ئەویش هێندە بەتەمەن بوو، ددانی مەسنووعی هەبوو، پاشان دەهاتە لای من و بایز و لە لای ئێمە تەشەرێکی پێدادەداین و شۆخییەکی لەگەڵ دەکردین و دەڕۆیشت. حەسەن قەننەزەرد لە دیواخانی ئاغای شەوانە جێگای بۆ ڕادەخستین و حێکایەتی بۆ دەکردین. حەکایەتەکەی ئاوا دەستپێدەکرد.
وەڕاویانی وەڕاویانی شەکەر شکێنی تووتیانی، چاو گەڵوانی، جا ڕوایەتکار وا ڕوایەتێ دەکا و حیکایەتخوان وا حیکایەتی دەکا، ئەی ئام، چیمەن و لالەزار بوو، مێرگ و مێرگوزار بوو، هەزاری بە هەزار بوو. هێندە سەوز بوو بزنی قەڵەوی لێ مندار دەبوو. ئەی ئام………..جا حیکایەتەکەی دەست پێدەکرد.
جارێک لەو هاتووچۆیەی پاراستان دا پێشمەرگەم دیبوو. من لەبیرم نەماوە کە پێشمەرگەکان ناویان چ بوو، بەڵام کەسێکیان ناردبووە ماڵە ئاغای نانیان بۆ بەرێ و من لە قەراخ گوندی پاراستان چووم بۆ لایان و زۆریان قسە لەگەڵ کردم و باسی مەهابادیان لێ دەپرسیم.
تەمەنم ١٣ ساڵ بوو و پۆلی یەکی ناوەندئ، لە دەبیرستانی محەمەد ڕزاشا ڕووبەڕووی شێرووخورشیدی دەمخوێند. ڕۆژێکی گەرم و بائاویی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٩٦٨ لە مەدرەسە ڕا دەچوومەوە بەرەو ماڵ، هەرکەسم دەدیت پەرۆش و نیگەران و چاو بە گریان و پەکوو پەکووی بوو. بایەکی گەرمی دەهات و پووش و پەڵاش لە ئاسمانی سەر شەقامەکان خولیان دەدا. کە گەیشتمە چوارڕێی ئازادی ڕووبەڕووی ماڵی ئێمە لە لای بێهداری تەرمی کوژراوی پێشمەرگەیەکی کوردیان بە نەردیوانێکەوە هەڵاوەسیبوو. یەکەم جارم بوو مرۆڤی کوژراو و مردووم دەبینی. گوتیان لە چوار چرا و مەیدانی مەلا جامی چەند تەرمی دیکەش هەڵاوەسراون. بەغار خۆم گەیاندە ئەم دوو شوێنەش. کاسە سەری پێشمەرگەیەکیان لەبەر یەک بڵاو ببوو و ئەو دیمەنە ناخۆشانە یەکەم جریقەی کوردایەتیی من بوون. دەوڵەت بەتەما بوو بەم شانۆیە ئێمەی کورد چاوترسێن بکا بەڵام بە پێچەوانەوەی ئامانجی ڕێژیمی پاشایەتی خەڵک سوورتر بوون لەسەر بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکەران. زۆربەی هاوپۆلەکانم لە دوایی دا باشترین پێشمەرگەیان لێ دەرچوو و بەداخەوە زۆربەشیان شەهید بوون. من لەو کاتەوە هەستم بەوە کرد کە ئێمە نەتەوەیەکی جیاوازین.
درێژەی هە