بەشی ٥

You are currently viewing بەشی ٥
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

پاش دیتنی ئەو شانۆیەی ڕێژیمی شا کە بە هەڵاوەسینی تەرمی پێشمەرگە شەهیدەکانمان لە مەهاباد نواندی، کوردایەتیی لە مێشک و هزری ئێمەی قوتابی دا گەرای نایەوە و دەبوایە بە شێوەیەک دژایەتی خۆمان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە داگیرکەرە دەربڕیبا.

من زۆر مرۆڤێکی ڕەفیقباز بووم. خزمێکمان هەبوو بە ناوی سولەیمانی بلووری کە بەداخەوە چل ساڵ لەمەوبەر لە شەڕێکی قارەمانانە دا لە چوارچرای مەهاباد هەر لەو شوێنەی پێشەوا قازی محەمەدی لێ لە سێدارە درا، لەشەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسڵامی دا شەهید بوو و نەماوە. میرزا مینەی بابی سولەیمان کرێکاریکی دڵگه‌وره‌ بوو که‌ ئه‌گه‌ر ده‌چوویه‌ ماڵی له‌به‌ر رێز و ئیحترام و میوانداریی پێت نه‌بوو بگه‌ڕیه‌وه ده‌ر. کاک مینه‌ به‌ کار و زه‌حمه‌تی شه‌وان و رۆژان،‌ ٨ مندالی به‌ تێروپڕی گه‌وره‌ کرد و هه‌میشه‌ش ماڵه‌که‌یان جممه‌ی ده‌هات له‌ میوان و هات و چۆ‌. له‌بیرمه‌ بۆ یه‌که‌م جار که کاک ناسری ره‌زازیم له سنه‌ ڕا ‌گه‌ڵ خۆم هێنا بۆ مه‌هاباد، تازه‌ یه‌که‌م کاسێتی بڵاو ببۆوه‌، کاتژمێرێکی نه‌خایاند که‌ ده‌وری چل که‌س به‌ کاک مه‌حه‌ممه‌دی ماملێ شه‌وه له‌ ماڵه‌ سوله‌یمان کۆ بووینه‌وه‌ و میرزا مینه‌ لە خۆشیان هه‌ر فیکەی سمێڵانی ده‌هات. ئێمه‌ له گه‌ڵ سوله‌یمان هه‌ر له‌ مندالێوه‌ به‌ هۆی خزمایه‌تی‌ ڕه‌فیق و ناسیاو و هاوڕی بووین به‌ڵام له‌ پۆلی چواری ناوه‌ندی ڕا که‌ بووین به‌ هاوکلاس ئیتر ڕه‌فاقه‌ته‌که‌مان بوو به‌ گیانی گیانی. سوله‌یمان له‌ گەڵ زۆربەی خەڵکی شاری مه‌هاباد دۆست و هاوڕێ بوو، جاری وابوو ریگای چاره‌گه‌ سه‌عاتێک به‌ نیوه‌ رۆژیک ده‌ڕۆیشت هێنده‌ ڕاده‌وه‌ستا بۆ چاک و خۆشی و قسه‌ کردن و جه‌فه‌نگ و شۆخی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک، ده‌نگی ته‌پڵ و دووزه‌له‌ی له‌ حه‌وشی ماڵێکی بیستبا کاری به‌ بانگهێشتن و شتی وا نه‌دا‌بوو، زه‌ماوه‌ند با یه‌کسه‌ر ده‌چوه‌ ژوورێ و بۆخۆی گاوانی ده‌گرت و ئه‌منیشی ده‌نارده‌ سه‌رچۆپیه‌! ئینسانێکی به‌ ته‌واوی مه‌عنا خه‌ڵکیی بوو، له‌و ساڵه‌‌وه‌ که‌ پێکه‌وه‌ بووینه‌ هاو کلاس لیباسی کوردیمان دانه‌که‌ند، نه‌بۆ مه‌دره‌سه‌، نه‌بۆ هات چۆ، نه‌ بۆ تاران و ته‌نانه‌ت نە بۆ کۆنکووری دانیشگاش، هه‌ر به‌ جلکی کوردێوه‌ چووین، ئەوەی ڕاستی بێت ئەو کاتە هیچ ڕێکخراو و حیزبێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو کە هەڵسووڕانی سیاسی هەبێ و ئێمەی لاو بەم شێوەیە دەمانەویست هەستی خۆمان دەرببڕین. پۆلی ٥ و ٦ ی دەبیرەستان بە دەگمەن کەس هەبوو لە کلاسی ئێمە کۆت و شاڵواری دەبەر بکات هەموو لیباسی کوردیمان دەبەر دەکرد و وردەوردە کارمان گەیشتبووە زەنگاڵ و جامەدانە و شەدە و پەستەک و سۆرانی. ڕۆژێک ڕەئیسی دەبیرستانەکەمان ئاغای یۆنسی بلووریان، برای مامەغەنی، من و شەهید سولەیمانی بڵووری بانگ کردە دەفتەرەکەی و گوتی ئه‌رێ بابم ئیره‌ مه‌دره‌سه‌یه‌ یا‌ شه‌ڕگه‌؟ ئه‌و شه‌ده‌ و زه‌نگاڵ وپه‌سته‌ک و قه‌د و گیپاڵه‌ چێیه‌ بۆخۆتان ساز کردوه؟ گوتی ئێرە مەدرەسەیە بابەکەم، بڕێک مڕاعاتی ئێرە بکەن!

دووسێ ڕۆژان بە ئیحتڕامی کاک یۆنسی بلووریان کە زۆر پیاوی چاک بوو لیباسەکانمان گۆڕی و پاشان دیسان دەستمان پێکردەوە. ئەوجار دیسان بانگی کردینەوە دەفتەر و گوتی فەرموون: هەر جوابی منتان نەداوە هەتا ساواک هاتە نێو و داوای تۆیان کردووە؟! بڕۆ بزانە دەڵێن چی و چیت پێ دەڵێن؟ ، ساواک زۆر بە سام بوو. دەیانگوت زۆر بێرەحمن و خەڵکی ئەشکەنجە دەدەن،

ئێوارێ ئەگەر مەدرەسە داخرا نیوەی کلاسەکەمان لەگەڵم هاتن هەتا لای شارەداری و لەوێ ماچیان کردم و زۆریان دڵخۆشی دامەوە و بایان دەبن هەنگڵی کردم و ناردیانم بۆ ساوک کە لە کوچەیەکی باریک دابوو لە پشت بازاری لە نێزیک خەیابانی فەڕەح. چووم لەوێ لە دەرگام دا و کوتم بانگتان کردووم. لە ژوورێکی دایاننام کورسی دانیشتنیشی لێ نەبوو هەزار فکری جۆراوجۆرم کردەوە، پاش سەعاتێکی خوداپەرەست، رەئیسی ساواکی هات و دەستی کرد بە هەڕەشە و گوڕەشە کردن بەڵام لێی نەدام و گوتی بڕۆ بەڵام چاومان بەسەرتانەوە و دەزانین چ دەکەن ئاگاتان لەخۆتان بێت و بەوەندەی ڕزگاریم هات.

پاش وه‌رگرتنی دیپڵۆم و ته‌واو کردنی خوێندنی ناوه‌ندی هه‌ر به‌ یه‌که‌وە لەگەڵ سولەیمان بۆ دریژه‌ پێدانی خوێندن چووین بۆ تاران و ئه‌و له‌ ڕشته‌ی زانستی ئازمایشگاهی دا و من له‌ ڕشته‌ی سه‌نایعی شیمیایی(شووشه‌ سازی) دا ده‌ستمان کرد به‌ خوێندن. له‌ تاران ماڵ دیتنه‌وه‌ زۆر زه‌حمه‌ت بوو و پاش گه‌ڕان و حه‌ولیکی زۆر له‌ نێزیک کاباره‌ “شکووفه‌نه‌و” (ئه‌و شوێنه‌ی‌ ته‌واوی گۆرانیبێژه‌ به‌ ناوبانگه‌کانی ئێران گوڕانیان لێ ده‌گوت) له‌ شوێنێک که‌ زۆریش خۆشناو نه‌بوو به‌ ناوی” ده‌روازه‌ قه‌زوێن” ماڵمان وه‌گیر که‌وت که‌ به‌راستی نوسینی به‌سه‌رهاته‌کانی ناو ئه‌و ماڵه‌ و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ و که‌سایه‌تیانه‌ی له‌وێ دا ده‌ژیان خۆی ڕۆمانێکی گه‌وره‌ی دەوێ و بۆ وه‌ی ده‌بێ فیلمێکی سینه‌مایی زۆر سه‌رکه‌وتووی لێ ساز بکرێ. ئەو شوێنەی ئێمە بەکرێمان گرتبوو لە ڕاستیدا سازکرابوو بۆ میوانخانەی کابارە “شکووفە نەو” بەڵام ئیزنیان نەدابوو بە خاوەنەکەی بیکا بە میوانخانە و ئیتر دانە دانە بەکرییان دابوو، وەتاغێکی هی من و سولەیمان بوو. وەتاغێکی هی کاک جەعفەری نەوزاد بوو زڕکوڕی کاک محەمەدی ماملێ کە دانیشجووی ڕشتەی ئینگلیسی بوو و ئەوکاتە هەیکەلێکی زۆر جوان و چوار شانەی هەبوو و دوومیتر بڵیند، شاڵوار و کاپشێنێکی لی دەبەردا، کراسێکی سپی، ئەڵڵایەکی زێڕ دەمل دا هەر جوان بوو چاوی لێ بکەی بەڵام دڵێکی مەعسووم و پیاوێکی ئارام و لەسەرخۆ و بێدەنگ و لەگەڵ ئێمە یەک ماڵ و هاوخەرج بووین. شەوانە من و سولەیمان لە وەتاغێک دەخەوتین و کاک جەعفەریش لە یەکیان بەەڵام وەکی دیکە هەر بەیەکەوە بووین. ژێر وەتاغەکانی ئێمە کابارەیەک بوو بەناوی “سەدەف”. لە ژێر کابارەکەش حەمامێک بوو هەر بە ناوی “سەدەف”. تەنیشت ئێمە بێوەژنێک بوو بە ناوی فاتمە خانم سێ کچی هەبوو و ئێمە زۆرمان ئاگا لێیان بوو. دوو وەتاغی تەنیشت فاتمە خانم، خاوەن کابارەکەی ژێرەوەمان بەکرێی گرتبوو و کردبووی بە قومارخانە. ڕووبەرووی وەتاغەکەی ئێمە خەییاتی بوو، تەنیشت خەیاتەکە کابرایەکی موعتادی تریاکی بوو. تەنیشت ئەوی ژنێکی خراپە بوو کە لەشفرۆشی دەکرد. تەنیشت ئەوی کورێکی دانیشجووی ڕشتەی پزشکی بوو.

ڕووبەڕۆکەی ئەحمەد ئاغا بوو، کوڕێکی مل ئەستووری خوێن شیرن کە ئێمەشی زۆر خۆش دەویست و باج بگیری تەوای دەروازە قەزوێن بوو، دوو وەتاغی تەنیشت ئەحمەدئاغا هی جەماعەتێکی چریکی فیدایی خەڵق بوون و پاش ئەوەی ئێمە لەوێ ڕۆیشتبووین شەڕ و تەقەیەکی چاک کرابوو کە هاتبوون بیانگرن و ئەوانیش دەستیان کردبۆوە.

جاریکی هووشی هاتبوو بۆ سەردانمان. لە قومارخانەکەی جیرانمان دەنگی تەختەنەردی دەهات. هووشی کوتی ئەرێ بڵێی تەختەنەردی زیادیان هەبێ لێیان وەرگرین و هیندێک تەختەی بکەین؟ کوتم لییان دەپرسین. لەدەرگامان دا، کوڕی خاوەن کابارەکە دەرگای لێ کردینەوە، کوڕێکی لاوکەڵە بوو و ئەویش ناوی هەر ئەحمەد بوو. گوتم ئەرێ ئەحمەد ئاغا تەختەتان نییە بەقەرز بماندەنێ یەک دوو دەستی تەختە پێ بکەین؟ گوتی فەرموون وەرنە ژوورێ با هەمانە. چووینە ژوورێ بابی ئەحمەدی و کابرایەکی پیری دیکە تەختەیان دەکرد. کە دەستەکە تەواو بوو هەزار تمەنیان لەژێر تەختەکەی نابوو یەکیان کە بردبوویەوە هەڵیگرت. گوتیان پێتانخۆشە تەختەی بکەن، گوتم پێمانخۆشە بەڵام هەزار تمەن حقووقی مانگێکی ئێمەیە، ئێمە لەسەر پووڵ نایکەین هەر وا بە ئیشتیا گوتمان با یەک دوو دەستان بکەین. ئەحمەد گوتی کەوابێ بابچینە ئەو دیوی من لەگەڵتان دەکەم. چووین دانیشتین بۆ تەختەی کوتی دەڵێن چی لەسەر دە تمەن بیکەین. گوتمان باشە ئاخر من و هووشی هەردووکمان تەختەمان زۆر چاک دەکرد و لەخۆمان ڕادەدیت بیبەینەوە. من لەگەڵم کرد وەک ئاو خواردنەوە سێ مارسی لێ گرتم و دەتمەنم دایە. هووشی گوتی لاچووە بابە ئابڕووت بردین. هەر بڵێی یەک و دوو، سێ مارسیشی لەوی بردەوە و خولاسە سەروو سێ دەستی لێ بردینەوە و ٦٠ تمەنی لێ ئەستاندین و ڕۆیشتینەوە ژوورەکەی خۆمان. هووشی چۆوە مەهاباد داخی ئەو ٦٠ تمەنەم هەر لەسەر دڵی مابۆوە. ڕۆژێکی ئەو ئەحمەدەم بانگ کردە دیوەکەی خۆمان بۆ تەختەی و دەمەویست تۆڵەی خۆمی لێ بکەمەوە. دەستێکمان کرد لەسەر دەتمەنی، سێ مارسی لێ گرتم و لێی بردمەوە، گوتم لەسەر بیست تمەنی جا پووڵەکەت دەدەمێ دەمەویست پاکی بکەم، ئەویشی لێ بردمەوە. گوتم لەسەر ٣٠ تمەنی جا دەتدەمێ، ئەویشی لێ بردمەوە. ٦٠ تمەنی لەسەرم بوو کوتم با لەسەر ٦٠ تمەنی بیکەین دوو دەستی گرتبوو کاک جەعفەری نەوزاد هاتەوە ماڵێ و دەستە نوێنێکی زەلاممان هەبوو بەدەستێکی هەڵی گرت و لەبن باڵی ناو و لە پەنامان دانیشت، کوڕە ئەو دەستەشی لێ بردمەوە و لە ترسی کاک جەعفەری تەختەکەی دەبن هەنگڵی نا و باسی پووڵ و مووڵی نەکرد و سەری داخست و یەکسەر ڕۆیشت. کوتم کاک جەعفەر یاڕەببی بەخێر بێیەوە زۆر بە وەخت هاتێوە و نەقڵی دۆڕانەکانم بۆ گێڕاوە و زۆر پێکەنین.

دووساڵ له‌گه‌ڵ سوله‌یمان له‌و ماڵه‌ دا ژیاین و ماڵه‌که‌مان ده‌تگوت بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ و هه‌ر یه‌ک ده‌هات و یه‌ک ده‌چوو. هه‌میشه‌ چه‌ند کوردی باشوورمان لا میوان بوو . ماڵه‌ سوله‌یمان ته‌نانه‌ت له‌ مه‌هابادیش وه‌ک بنکه‌یه‌کی کورده‌کانی ئه‌ودیو و به‌تایبه‌تی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستانی لێ هاتبوو و ته‌واوی هات و چۆی کادر و پیشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامه‌کانی سه‌رکردایه‌تی و هێرۆخانی خێزانی مام جەلال و رۆژنامه‌ نووس ومیوانه‌کانیان ئه‌گه‌ر به‌ مه‌هاباد دا تێپه‌ر بووبان هەر به‌ ماڵه‌ سوله‌یمان دابوو

درێژەی هەیە (بابەتی داهاتوو ڕۆژی دووشەمبە دەنووسم )