بەشی ٩

You are currently viewing بەشی ٩
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

هەتا من سەرلەنوێ داوای کارتی پایان خزمەتەکەم کردەوە و داوام کرد بۆ پاسپۆرت، لە ئێران جووڵە پەیدا بوو و لە تەورێز و تاران و ئیسفەهان و شارەکانی دیکەی ئێران خۆپێشاندان دەستی پێکردبوو بەڵام هێشتا لە هیچ شوێنێکی کوردستان هیچ خۆپێشاندانێک نەکرابوو. کاک عەزیزی یۆسفی کە لە ماوەی پەنجا ساڵ تەمەنی خۆیدا ٢٥ ساڵی لە زیندانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی دا و لە خراپترین هەلوومەرجی ژیاندا تێپەڕ کردبوو، بەداخەوە تووشی نەخۆشی دڵ ببوو و تەنیا ماوەی چەند مانگێک بە ئازادی ژیا و لەم ماوە کەمەش دا پێیەکی هەر لە نەخۆشخانە بوو هەتا بەداخەوە لە ١٥ جۆزەردان(خورداد)ی ساڵی ١٣٥٧ لە تاران دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد. خەڵکی مەهاباد، ناشتنی کاک عەزیزی یۆسفی یان بە هەق کردە یەکەم بەهانەی دەربڕینی ژان و ئێشی دەروونی دەیان ساڵەی خۆیان لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ئێران و ناشتنی کاک عەزیز بوو بە یەکەم جریقەی جووڵانەوەیەکی تازەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ڕیژیمی پاشایەتی. هەتا لە تاران ڕا کوردەکانی دانیشتووی تاران تەرتیبی هێنانەوەی تەرمەکەیان دا ئێمە لە مەهاباد ئامادەکاری چاکمان کردبوو بۆ پێشوازی بە تاجە گوڵینە و بڵیندگۆ و میکڕۆفۆن و پلان دانان کە چ بکەین و چ نەکەین. لە ناشتنەکەدا زۆر وتار و شێعر و پەخشانی جوان لە پێوەندی لەگەڵ ژیانی کۆڵنەدەرانەی ئەم مرۆڤە نیشتمانپەروەر و قارەمانەدا خوێندرایەوە و هەر ئەوەش بوو بە دەستەچیلەی ئاگری جووڵەیەکی نوێ بۆ کوردی ڕۆژهەڵات. مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسێنی، کە ئەوکاتە پێشنوێژی مزگەوتی بازار و ئیمام جومعەی مزگەوتی سووری شاری مەهاباد بوو، ئەم ڕۆژە لەسەر قەبران بە زمانی کوردی تەڵقینی کاک عەزیزی یۆسفی دا و قسەی زۆر جوان و بوێرانەی کرد. خەڵک ڕق و قینی هەڵاوەسینی تەرمی پێشمەرگەکانی لە شەقامەکانی شاری مەهاباد، هەر لە دڵ دا مابوو و پاش بەخاک ئەسپاردنی کاک عەزیز ڕوویان لە گۆڕی شەهید سولەیمانی موعینی کرد و لەوێش بوو بە خوێندنەوەی وتار و شێعر و هەڵبەست. کاک عومەری قازی خەریک بوو سەبارەت بە چۆنییەتی شەهید بوونی سولەیمانی موعینی و کۆژرانی ڕۆڵە خەباتگێرەکانی نەتەوەی کورد لە جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ قسەی دەکرد کە دیتمان کابرایەکی نەناسراو بە کامێرا خەریکە لە خەڵکەکە فیلم هەڵدەگرێ و ئیتر کابرا کەوتە بە پەلاماری خەڵک، خەڵکەکە بە دروشمدان بەرەو شار وەڕێکەوتن و ئەوە یەکەم خۆپێشاندانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە شۆرشی ساڵی ٥٧ ی ئێراندا. هێزەکانی ڕێژیمی شا کە لە چوارڕێی ئازادی ئامادە ڕاوەستابوون، پەلاماری خۆپێشاندەرەکانیان دا و خەڵکێکی زوریان هەر ئەو ڕۆژە گرت. من و کاک هووشیاری ئیمامی ئەو ڕۆژە خۆمان شاردەوە و نەگیراین و لە ماڵە خەڵیفەقوڵێ، خۆمان شاردبۆوە و ڕۆژی دواتر وەک گۆرەبازی یەکسەر هاتنە سەرمان و گرتیانین و ڕەوانەی زیندانی شارەبانی مەهابادیان کردین. ژومارەی گیراوەکان لە زیندانی شارەبانی مەهاباد سەرجەم ٤٠ کەس بوو کە پاش چەند ڕۆژ ١٦ کەس وەک دەستپێشخەران و هەڵاییسێنەرانی خۆپێشاندانەکە ڕاگیراین و ئەوانیتر ئازاد کران.

لە زیندانی مەهاباد یەک یەک و دوودوو دەیانبردین بۆ ساواک بۆ لێپرسینەوە. قسەی هەموومان ئەوە بوو کە ئێمە کەسمان نەدیوە و هەمووشمان ڕاستمان دەکرد، چونکە لە ڕۆژی ناشتنەکەدا ئەوانەی وتار و شێعریان دەخوێندەوە دەچوونە نێو سەیارەیەک، دەوری سەیارەکە بە خەڵک گیرابوو و بڵیندگۆیەکی زۆر بەهێز لەسەر سەیارەکە داندرابوو و کەس نەیدەدیت کە کێ قسە دەکا. شەهید تەها کەرباسی یادی هەزار جار بەخێر، کە لە چل کەسەکە بوو و دوایی ئازاد کرا، لە لێپرسینەوەی ساواک دا ئەویش هەر گوتبووی کەسم نەدیوە و گوتبوویان باشە هەمووتان هەر دەڵێن کەسمان نەدیوە ئەدی کێ لە نێو سەیارەکە دا بووە؟ دەبێ کەسێک لەوێ دابووبێ و خەڵکی بینیبێ؟ تەهاش گوتبووی بەڵی دەزانم کێ لە سیارەکەدا بووە و خەڵکی دیوە!

گوتبوویان کێیە؟ گوتبووی مەلا غەفووری دەبباغی! تەهایان هێناوە زیندانێ و نەقڵەکەی بۆ گێڕاینەوە جا وەرە پێبکەنین. چونکە مەلا غەفوو نابینا بوو.

لە چل کەسەکە زۆرم لەبیر نەماون تەنیا شەهید تەها کەرباسی، ڕەزا سیراجی، کەریمی ئەفسەردلێر، سەید حەسەنی هاشمی، شەهید حوسێنی وەستا جەلیلی، خوشکە حەوسەتی دەبباغی، خوشکە مەرزییەی جەوانمەردی، سەعید کوێستانی، و قاسمی سوڵتانی( قاسمە چکۆل) م لە بیرن. قاسم ماوەی ٤١ ساڵە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتە و هێشتا ژنی نەهێناوە و هەر لە گەڵ حیزب و لە کوردستان ماوتەوە و وەک سەربازی ون ئێستاش هەر بەو ئێنێرژی و وزەی جارانی هەڵدەسوورێ و لە کۆیەی باشووری کوردستان درێژە بە خەبات دەدا. لەبیرمە لە نێوەڕاستی حەساری زیندانی مەهابادێ، تەهای کەرباسی خۆی ڕووت کردبۆوە و بە شێرەی ئاوی سارد بەخۆی دادەکرد و قاسمیش بەدەورەی دا دەهات و بە بنی دەمپایی پشتی تەهای دەشوشت.

١٦ کەسەکە کە ڕاگیراین و داوای حوکمی ئێعدامیان بۆ کردین، بریتی بوون لە بەڕێزان، عومەری قازی، جەلیل و خەلیلی گادانی، سەید محەمەدی نیزامی، حەسەن و قادری ماوەڕانی، هوشیاری ئیمامی، قاسمی ڕەیانی، حەمەدەمین و قاسمی چیڕە، ئەحەدی ئەنجیری، خوسرەوی خوسرەوی، حوسێنی بەخشی، تاهیری فەرزاد، سەید خدر و من. دادگا داوای حوکمی ئێعدامی ئێمەی کرد و بە وتەی کاک عومەری قازی بەتەما بوون ئێمە بکووژن بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستانمان پێ چاوترسێن بکەن و خەڵکی کورد نەوێرن وەک شارەکانی تری ئێران سەرهەڵبڕن. جاکاک عومەری قازی بە شۆخی دەیگوت ئەو دەوود بابانە بۆ ئێمە دەکووژن هەتا خەڵکمان پێ بترسێنن، بۆ خەڵکی ناکووژن هەتا ئێمە پێی بترسێین!!!!. بۆچوونەکەی ڕێژیم زۆر هەڵە بوو چونکە نەک ئەوەی خەڵک نەترسابوون بەڵکوو ئێمە ئەمجارە ببوینە بەهانە و دەستئاژۆ بۆ خۆپێشاندانی خەڵک و ماوەی ٦ مانگ هەموو ڕۆژێ خۆپێشاندان دەکرا بۆ ئازاد کردنی ئێمە. خەڵک لەم ماوەدا وەهایان زەخت هێنا بۆ دەستەڵات کە حەمەڕەزاشا خۆی حوکمی ئێعدامەکەی ئێمەی هەڵوەشاندەوە و دەستووری ئازاد کردنی ئێمەی دا و بە ڕۆژی هەینی ئێمەیان لە بەندیخانە وەدرنا، هەتا هەستان و ڕاپەڕینی خەڵکمان پێ دامرکێنن! بەڵام ئێمەش ڕەگەڵ خەڵک کەوتین و وەک ئەوان دەستمان کردەوە بە هەڵسووڕان لە دژی ڕێژیم.

پیش ئەوەی باسی دەرەوەی زیندان بکەم با باسی دووکەسایەتیی نێو زیندان و چەند بیرەوەری خۆمانتان لە نێو زیندان دا بۆ بگێڕمەوە. ئەو ماوەی ئێمە لە زینداندا بووین حەوتووی جارێک ئیزنی ئێمەی زیندانیانی سیاسیان دەدا کە سەردانی دوو کورد بکەین کە لە بەندی ئینفرادی دابوون و چاوەڕێی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام بوون، بەڕێزان کەریم و ئەحمەد نستانی کە ساڵانێکی دووروودرێژ بوو وەک پێشمەرگە و بە چەکەوە گیرابوون و حوکمی ئێعدامیان درابوو و ئاخریش ڕزگاریان بوو و ئێعدام نەکران و بەخۆشێوە ئێستا هەردووکیان ماون و هیوای شادی و سڵامەتیی و بەختەوەریان بۆ دەخوازم.

من و کاک حوسێنی بەخشی بەر لە ١٦ کەسەکە براین بۆ ورمێ و قەرار بوو لە تاقیکردنەوەیکی وەک کۆنکوور دا کە پێشتر ناومان نووسیبوو بەشداری بکەین. ئێمەیان بردە زیندانی پادگانی ورمێ و لە بەندی ئینفرادیان کردین کە پاشان لەوێ ڕا بمانبەن بۆ شوێنی تاقیکردنەوەکە. بەیانی زوو تیمساری فەرماندەی پادگانی ورمێ کە کوردێکی سنەیی بوو بە ناوی کەمانگەر، هاتبوو بۆ بەسەرکردنەوەی زیندان و منیش بەپێی ئەو ئەزموونەی پێشترم کە لە دیژبانی پادگانی سنە زۆر بە ڕاحەتی لەگەڵ تیمساران قسەم کردبوو دەمەویست لەگەڵ ئەو تیمسارەش قسان بکەم و کە گەیشتە سللوولی من زۆر بە تێڕادیوی گوتم تیمسار، ئیتر نەیهێشت قسەکەم بکەم و بە فارسی گوتی خەفە بە خرابکار، منیش بەکوردی یەکسەر دایکیم تەقاندەوە، وچانێکی چووکەی دا و ئیتر ئەنەهوو تێنەگەیشتووە کە چێم پێ گوتووە ڕۆیشت لە لام.

لە زیندانی پادگان ڕا پاش تاقیکردنەوەکە من و کاک حوسێنیان بردە زیندانی دەریایە. دیتمان باقی ١٦ کەسەکەشیان هێنابوو و هەموومانیان بە بەندی عادی دا بڵاو کردەوە و ئێمەش بڕیارمان دا داوا بکەین کە هەموومان لە بەندێکی سیاسی دا کۆ بکەنەوە و لە پاڵ پیاوکوژ و جەردە و قاچاخچیانمان نەکەن. ڕۆژی یەکەم وەڵامیان نەداینەوە و ڕۆژی دووهەم بڕیارمان دا مان بگرین لە خواردن. یەکەم کاردانەوەی زیندانبانەکانیش ئەوە بوو کە سەری هەموومانیان تاشی. ئەگەرچی سەرتاشین هیچ نییە بەڵام قیافەمان زۆر سەیری لێ هاتبوو و یەک بە یەکێ پێدەکەنین. بڕیارمان دا لە سەعات دووی نیوەڕۆ ڕا مان بگرین لە خواردن. سەعات یەکی نیوەڕۆیە نەهارمان خوارد و پێش ئەوەی دەست بە مانگرتنەکە بکەین کاک عومەری قازی دەیگوت کوڕە وەختە لە برسان بمرم. باش بوو ئیتر بەرلەوەی دەست بە مانگرتن بکەین داواکەمان جێبەجێ بوو و هەموومانیان لە بەندێکی کرد کە سێ کوردی دیکەشی تێدابوو و بە ئەوەی رازی بووین. لە ماوەی ئەم شەش مانگ و نیوەدا کە لە زیندان بووین من هەمووڕۆژێ وەرزیشم دەکرد و ٢١ کیلۆ دابەزیبووم. ملاقاتی زۆرمان دەهات بەڵام ئەوەی قەتم لەبیر نەچوو کاک فەتتاحی کاویان بوو هاتبوو بۆ سەردانم و لە کاتی ڕۆیشتن دا گوتی پۆڵا پێتان خۆشە بەرتان بدەن. منیش گوتم ئەرێوەڵڵا کاک فەتتاح گیان زۆرمان پێخۆشە. گوتی کوڕە بابە عەیبە خۆ ئێوە….. نین بەرتان بدەن!

درێژەی هەیە