بەشی ٤٧

You are currently viewing بەشی ٤٧
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:2 mins read

ئەوکاتەی ئێمە هاتین بۆ سوێد پەنابەر هێندە زۆر نەبوو و سوێد هەموو یارمەتییەکی دەکرد بۆ ئەوەی لە سەر پێی خۆمان ڕاوەستین و بێینە نێو کۆمەڵگا.

ماڵیان دابووینێ، کرێ ماڵیان بۆ دەداین. یەک جار پارەیان دەدا بۆ کڕینی مۆبڵ و تەختی خەو و پێخەف و قاب و قاچاخ و تەنانەت جلووبەرگ و پێڵاو و هەموو پێداویستییەکانی ماڵ. لەڕاستیدا ژیانی ئێمەی پەنابەریان بە تەواوی دابین دەکرد و لەبەر خوێندنیشیان دەناین. بۆ خوێندنەکەش پارەیان دەداینێ و ئەگەر ڕۆژێک نەچووباینەوە سەر کلاس، پووڵی ئەو ڕۆژەیان لێ دەبڕین، مەبەستیان ئەوە بوو بخوێنن.

ئێمە بە ٩ مانگ توانیمان خۆمان فێری زمانە سەیرووسەمەرەکەی سوێدی بکەین و بێینە سەرپێی خۆمان و پێویستیمان بە یارمەتی “سۆسیال” نەمێنی. ( “سوسیال” ئیدارەیەکە بۆ یارمەتی کەسانی بێ دەستەڵات و ئەوانەی ناتوانن خۆیان بەخێو بکەن، بۆ نموونە کەسانی موعتاد و ئەڵکۆڵی).

پەنابەریش سەرەتا کە دێتە سوێد و زبانی سوێدی نازانێ و ناتوانێ کار بکا، وەک مرۆڤی بێ دەستەڵات دێتە ئەژمار و “سۆسیال” یارمەتی دەکا.

ئێستا بەهۆی ئەو گشتە شەڕەی لە ماوەی سی چل ساڵی ڕابردوودا لە جیهان و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان داوە، پەنابەر هێندە زۆر ڕوویان لە وڵاتانی ئورووپایی و لە هەمووشیان پتر لە سوێد کردووە، ئیتر وەک خۆیان دەڵێن جێگەیان نەماوە بۆ پەنابەر. ( لە دە میلیۆن کەس دانیشتووانی سوێد ٢ میلیۆنی پەنابەر و خەڵکی وڵاتانی دیکەن) هەر بۆیەشە حیزبە ڕاستەکانی دژ بە پەنابەر لە زۆربەی وڵاتانی ئوڕووپایی و تەنانەت لە سوێدێش زۆر بەهێز بوون و هەربینا لە سوێد هاتنە سەر کار و ئەوکاتە سیاسەتی سوێد بە گشتی سەبارەت بە پەنابەر گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەو یارمەتییەی بە پەنابەر دەکرێت بە دڵنیایی وەک خۆی نامێنێ.

بابم کاتی خۆی لە مەهاباد پاش ئەوەی دیپڵۆمم وەرگرت، گوتی: ڕۆڵە ئەگەر دەتەوێ دەرسێ بخوێنی و بچی بۆ دانیشگا، من لە پشتت دەبم و هەموو یارمەتێکت دەکەم،

گوتی: بڕۆ هەتا دەبی بە دوکتور و پرۆفسۆر و ئاخرین مەدڕەکی خوێندن وەردەگری، من پشتت دەگرم.

گوتی: ئەگەر ناشخوێنی لە ئەمڕۆ ڕا کە بووی بە ١٨ ساڵ و دیپڵۆمت وەرگرتووە، بڕۆ خۆت بژێنە و لەسەر پێی خۆت ڕاوەستە و هەرچی دەیکەی بیکە و چاوەڕوانی یارمەتیشت لە من نەبێ.

لە سوێد ڕاست ئەو سیاسەتەی بابم بەڕێوە دەچێ بە ئێستاشەوە. یانی دەوڵەت بەپێی یاسا یارمەتی دەکا و هەموو ئاسانکارییەک دەکا بۆ خوێندن. هەتا بخوێنی یارمەتیت دەکا و ئەگەر نەشخوێنێ دەڵێ: بڕۆ هەرچی دەیکەی بیکە و خۆت بژێنە. بۆیە بەڕاستی هەر پەنابەرێک دێتە سوێد، هەر کارێکی دیکە بکا جگە لە خوێندن، هەڵەی گەورە دەکا. من ئەو هەڵە گەورەم کرد.

من لە مێشکی خۆم دا بڕیارم دابوو دەرسی سینەما بخوینم و ئەو غەدر و زۆڵم و زۆرییەی لە خەڵکی کوردستان کراوە و دەکرێ، بیانکەم بە فیلم و زۆریش لەوە بەپەلە بووم.

پاشی ٩ مانگ، هەر بەو نەختە زمانە سوێدێی فێری ببووم، حەولم دا بچمە دانیشگا بەڵام بەداخەوە زبانی سوێدی و ئینگلیسیم نەگەیشتبووە ئاستی پێویستی دانیشگا و دەرنەچووم و دەبوو ساڵێکی دیکەش سوێدی و ئینگلیسیم خوێندبا.

ئیتر برایەک و کوڕە پوورێکی زۆر خۆشەویستم کە لە ڕاستیدا لەسەر من و کوڕە پوورێکی دیکەم زیندانی کرابوون و هەر یەکەی لە تەمەنیکی کەمی شازدە حەڤدە ساڵی دا چوار پێنج ساڵیان زیندانی کێشابوو، پاش ئەوەی لە زیندان ئازاد کران، بە هیوای ئێمە ڕوویان لە هەندەران کرد و هاتن بۆ تورکیا. منیش وەک ئەرکی سەر شانم بۆ ئەوەی بتوانم یارمەتیان بکەم دەستم کرد بە کار.

لە قابشۆری ڕەستوورانەوە بگرە هەتا کرێکاری و وڵات خاوێنکردنەوە و کار لە گەڵ کەلاکی تۆپیو لە قەسابخانە، ماوەی دوو ساڵ کار نەما نەیکەم، هەتا ئەوان گەیشتنە سوێد.

بەدوای ئەوان دا دایکم و برایەکی دیکەم و دۆست و هاوڕێکانی شاخم کە پێویستیان بە یارمەتی من بوو و دەبوایە یارمەتیم کردبان منی لە بڕیاری خوێندنەکەم دوور خستەوە.

شوێنێک هەبوو بە ناوی ئامۆ سێنتر، کە خەڵکی وەک ئێمەی بڕێک لە لەتەمەنی سەرێدای فێری کار دەکرد و بەڵگەیەکی وەک دیپڵۆمیان دەدا کە دەمانتوانی کاری پێ بدۆزینەوە. من ماوەی ٢ ساڵ مکانیکی ماشێنی چووک و گەورەم خوێند و وام لێ هاتبوو بە ڕۆژێک دەمتوانی مۆتۆری ترێلی دابەزێنم و وەسەریەکی بخەمەوە. ماوەی یەک دوو ساڵ وەک مکانیک لە شەریکەی “میرسدێس بێنز” و “ساب” کارم کرد بەڵام پێم کارێکی قورس بوو و دەستم لێ هەڵگرت. هەر لە ئامۆ سێنتر ئەوجار چووم سێ مانگم خوێند بۆ فێربوونی لێخوڕینی تاکسی و دیتنەوەی ئادرێس لە ستۆکهۆڵم و ئەوە کارێکی زۆر پاک و خاوێن بوو، داهاتیشی باش بوو، پێی بەخێو دەبووین و دەمتوانی یارمەتیدەری دۆست و برا و خەڵکانێکی زۆر بم کە پێویستیان بە یارمەتی من هەبوو.

کاری لێخوڕینی تاکسیم درێژە دا و هەر وا نێوە نێوە کارەکەم دەگۆری. دووکانداریم کرد، ئوتووبووسی تووریستانم لێخوڕی، بەرنامەی هونەریم بۆ هونەرمەندە کوردەکان دانا و ئاخری هەمووان هەر دەهاتمەوە سەر تاکسی لێخوڕینەکەم.

ئەم کارە ئەوەی باش بوو دەستم ئاوەڵا بوو بۆ زۆر هەڵسووڕانی کۆمەڵایەتیی و کولتووری و فەرهەنگی. کارەکە بەدەست خۆم بوو، کەی بیکەم و کەی نەیکەم.

ئێمە ٢٠ی مانگی مای ساڵی ٨٥ هاتبووینە سوێد و ساڵی دواتر لە یەکی مانگی مای ، ڕۆژی جیهانی کرێکاران، دیمەنێکم دیت کە ڕوانگە و بۆچوونی منی لە سەر سیاسەت گۆڕی.

ئەو ڕۆژە لە سوێد ڕۆژی سوورە و خەڵک و دەستەڵات وێکڕا ئەو ڕۆژە جەژن دەگرن. ڕێژە دەڕۆن، کۆبوونەوە و میتینگ ساز دەکەن و لەسەر مێژووی ڕۆژی جیهانی کرێکاران دەدوێن و ڕێز لە کرێکار دەگرن.

لەو شارەی منیش لێی دەژیام، لینشۆپینگ، ڕێژە و مەراسمی ڕۆژی یەکی مانگی مای زۆر بە گەرمووگوڕی گیرا بوو. هەموو حیزبەکانی سوێد لە چەپ و سوسیال دێمۆکڕاتەوە بگرە تا لیبراڵەکان ئاڵا و پڵاکاردی خۆیان پێ بوو و ڕیز ببوون و گرووهی موزیک و باڵەبان لێیاندەدا و پۆلیسیش بە دەوری خۆپێشاندانەکان دا دەڕۆیشت.

لەپەنا پۆلیس و خەڵک و حیزبە دەستەڵاتدارەکانی بەشداربوو لەم ڕێوڕەسمەدا، چەند لاوێکی سوێدی، کە جلی سەیر و سەمەرە دەبەر دەکەن، دەموو چاویان ڕەنگ دەکەن و سەریان دەتاشن و لە تۆقی سەریان شتێکی وەک پەپۆڵکەی کەڵەباب دەهیڵنەوە و پێیان دەڵێن “پوونک” وێنەی پادشا و مەلەکەی سوێدیان بەدەستەوەبوو و شاخ و گوێیان بۆ ساز کردبوون، ئاڵای سوێدیان سەرەوبن کردبوو و بە بێ ڕێزیی لە عەرزیان دەخشاند، لەسەر کۆنە مقەببایان دروشمی سەیر و وسەمەرەی دژی وڵاتی خۆیان نووسیبوو و بەپێش چاوی خەڵکەکەدا بە سەرەمبەقولات لێدان دەهاتن و دەڕۆیشتن و خەڵکەکەش بە ئارامی چاویان لێدەکردن و پێیان پێدەکەنین و ڕادەبردن و نە هیچیان پێ دەگوتن، نە پەلاماریان دەدان، نە لێیان دەدان، نە هەڵیان داوەسین و نە تیرەبارانیان دەکردن.

ئەو دیمەنە بۆ من زۆر ڕووداوێکی تازە بوو. بۆیەش دەڵێم ڕووداو چونکە تا ئەو ڕۆژە دیمەنێکی ئاوام چاو پێ نەکەوتبوو کە دەکرێ بیر و بۆچوونی جیاواز لەبەر چاوی پولیس و حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش بوونی هەبێ.

ژیانی خۆم و خەڵکی کوردستانم وەک هەڵقەی فیلمی سینەمایی بەبەر چاوی خۆم دا هێنا و برد، پۆلیس و ژاندارم و عەسکەری وڵاتەداگیرکەرەکانی کوردستانم هێنا بەر چاوم و لەبەرامبەر ئەواندا، چەند لاوی کوردم هێنا بەر چاوم کە شاخ و گوێ و کلکیان بۆ وێنەی پادشا و سەرکردەی ئەو وڵاتانە ساز کردووە و ئاڵای وڵاتەکان لە زەوی دەخشێن و بێ ڕێزی بە بەها پیرۆزەکانی ئەوان دەکەن و لەم بیرکردنەوەم دا جگە لە هاوار و دەنگی پەلامار و فیشەک و کوشتن و قەڵاچۆ کردن نەبێ چم نەدەبیست و نەدەدیت. بە هەزاران لاوی کوردم دەدیت کە زۆربەیان تەنیا بە خاتری کورد بوون بەرامبەر بە جووخەی ئێعدام ڕاگیراون و تیرەباران دەکرێن. ئەم ڕووداوە ژیان و بۆچوون و دیتنی منی لەسەر سیاسەت و ئازادی و ژێردەستیی نەتەوەکەم بە تەواوی گۆڕی و چاوی کردمەوە و فێری دێمۆکراسی کردم و زانیم کە دنیایەکی دیکەش هەیە کە جیاوازە لەو قەفەس و زیندانەی بۆ ئێمەی کورد سازکراوە.

درێژەی هەیە