بەشی ٤٦

You are currently viewing بەشی ٤٦
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:3 mins read

لە کارێزە جگە لە هیندێک جلووبەرگی کوردی و پێخەف، هیچمان نەبوو لە کۆیە ڕا بۆی بگەڕێینەوە. کاتێک ویزاکەمان بۆ هاتەوە ئیتر نەچوینەوە کارێزە، ساکێکی چووکەمان پێ بوو میسواک و خەمیرددانی تیدابوو و خۆشمان سەروو دەستێکمان جلووبەرگی خاچی سوور دەبەردابوو و هەر لە کۆیەوە لە گەڵ نوێنەریکی تری کۆمەڵە کە دۆستێکی کۆنی دەورانی سەربازی خۆم بوو، سوار بووین و چووینە هەولێر و بە کەرکووک دا چووین بۆ بەغدا.

ئەوەی لە کەرکووک زۆر بەرچاو و سەرنج ڕاکێش بوو و هەر ڕێبوارێک بەم شارە دا تێپەڕیبا بە زەقی دەیدیت، ژومارەی زۆری ماڵە کۆن و نیوە ڕووخاوەکان بوو. لە کەرکووک ماڵی لێ بوو وەک کەلاوەی لێ هاتبوو بەڵام بە پێی سیاسەتی تەعریبی سەددام ڕێگە نەدرابوو بە کوردەکان خانووەکانیان نوێژەن بکەنەوە. بەو مانایەی کە کوردی خەڵکی کەرکووک ئەگەر خانووەکەی بەسەریش دا ڕووخابا مافی ئەوەی نەبوو دەستی تێوەربدا و سازی بکاتەوە. ئەو خانووە ڕووخاو و کەلاوە ئەگەر بە عەرەبان فرۆشرابا چەندقات پارە دەدرا بەڵام خانووە تازەکە بە ناوی عەرەبان ساز دەکراوە. هەر بۆیە ئیتر کوردایەتیی کوردەکانی دانیشتووی کەرکووک دەبێتە چەکی بەرگری لە سیاسەتی بەعەرەبکردنیی کەرکووک و سەختیی ژیان لە نێو ماڵە نیوە ڕووخاوەکەی خۆیان هەڵدەبژێرن بەڵام ئامادە نابن بە هیچ نرخێک ماڵ و خاکی خۆیان بە عەڕەبان بفرۆشن.

لە بەغدا چەند ڕۆژێک ماینەوە و دەرفەتی چاک بوو کە سەردانی چەند شوین و لەوانە دوکتور سەید عەزیزی شەمزینی بکەم.

سەید عەزیز کەسێک بوو کە هەم خۆی، هەم باوکی، سەید عەبدوڵڵا ئەفەندی، هەم باپیری، شێخ عەبدولقادری گەیلانی، هەم باپیرە گەورەی، شێخ عوبەیدیللای شەمزینی، هەم باپیرە گەورەگەورەی، سەید تەهای شەمزینی کەسایەتی دیاری مێژووی کورد بوون و زۆربەیان گیانیان فیدای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان کردووە.

سەید عەزیز لە بەغدا بە ڕواڵەت ئازاد بوو بەڵام لە ژێر چاوەدێری توندی ڕێژیمی بەعس دا دەژیا. سەید عەزیز لە ڕێگەی باوکمەوە منی دەناسی و زۆر خوشحاڵ بوو کە چووبوومە سەردانی.

من زۆر منداڵ بووم، کاتێک بابم دەچوو بۆ سەردانی حاجی سەید عەبدوڵڵا ئەفەندی باوکی سەید عەزیز، منیشی لەگەڵ خۆی دەبرد. بابم مریدی حاجی سەید عەبدوڵلا ئەفەندی بوو. لەبیرمە بە کورسێکەی حاجی سەید عەبدوڵلا ئەفەندی هەڵدەچووم و بابم دەنگی دەدام و دەیگوت: واوەرە ڕۆڵە، بەڵام شێخ دەیگوت: نا لێی گەڕێ قەیدێ ناکا.

ئەو بنەماڵە لە لای خەڵکی مەهاباد و زۆربەی خەڵکی کوردستان زۆر خۆشەویست بوون. لەو شیخانە بوون کە خۆیان زۆر دەوڵەمەند بوون و دیاری و سەوقاتیان لە هیچ کەس وەرنەدەگرت و لە کۆنیشەوە بە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر ناسراو بوون. ماڵەکەیان هەمیشە پڕ بووە لە مرید و میوان.

سەید تەها، باپیرە گەورەگەورەی سەید عەزیز، خاوەن دەستهەڵات و نفووزێکی زۆر بووە لە سەرتاسەری کوردستان و گۆیا مەحەمەد شای قاجار کە ئەوکاتە لە ئێران لەسەر حوکم بووە خۆشی مریدی سەید تەها بووە و سەید تەهای لە دانی باج و ماڵیات بە دەوڵەت مەعاف کردووە.

سەید تەها لە ناوچەیەکی بەرفەراوانی نێوان دوو گۆلی وان و ورمێ، خاوەنی زۆربەی دێهاتەکانی ئەم دەوەرە بووە کە دەکەوێتە سنووری نێوان دوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری.

ماڵ و دیواخانی سەید تەها هەمیشە لیپاولیپ بووە لە مریدانی تەریقەتی نەقشبەندی کە ئەم تەریقەتە بریتی بووە لە حەولدان بۆ چاککردنی باری ژیانی خەڵک و بەربەرەکانی لەگەڵ زوڵم و زۆرداری.

ئەو دەستهەڵات و خۆشەویستی و یارمەتیدانەی خەڵک پاش فەوتی سەید تەها، گەیوەتە شێخ عوبەیدیللای کوڕی و ئەویش هەر ئەو سیاسەتەی بابی پەیرەو کردووە و زۆر بەدەرد و مەرگی خەڵکەوە ماندوو بووە.

وەفایی شاعیر ١٥ ساڵ میرزای تایبەتی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی بووە و زۆری شێخ خۆش ویستووە. ئەم خۆشەویستییەی وەفایی گوێزراوەتەوە بۆ خەلکی مەهابادیش.

لە باغان ئاە و ناڵین دێ دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی

لە مەیخانان سەدای شین دێ کەوا پیری موغان ڕۆیی

کە سەرەتا سەعیدی ماملێ (بابی محەمەدی ماملێ) گوتوویەتی شینی وەفایی شاعیرە بۆ کۆچی دوایی شێخ عوبەیدیللا.

شێخ عوبەیدیللای شەمزینی ساڵی ١٨٨٠ گەورەترین کۆنگرەی نیشتمانی بۆ کورد ڕێک دەخا کە ئەوکاتە کوردستان هەر دوو بەش بووە.

لە کۆنگرەکەدا شێخ نوتقێکی دووروودرێژ دەکا لەسەر مێژووی زوڵم و زۆرداریی داگیرکەرانی کوردستان و بەشدارانی کۆنگرە قانع دەکا کە پێویستە ڕاپەرن و کوردستان لە دەست داگیرکەرانی عوسمانی و قاجاری ڕزگار بکەن و وڵاتی سەربەخۆی کوردستان دابمەرێنن.

لە کۆنگرەکەدا پاش باس و لێکدانەوەیەکی زۆر لەسەر ئەوە ساغ دەبنەوە کە ڕاپەڕینەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست پێ بکات.

هەر ئەو ساڵە واتە ١٨٨٠ شێخ عوبەیدیللا لەشکرێکی ٣٠ هەزار کەسی ئامادە دەکا، خۆی لە لای ورمێ، کوڕێکی بەناوی شێخ محەمەد سەدیق لەلای سەڵماس و خۆی، کوڕێکیشی بەناوی شێخ عەبدولقادر (باپیری سەید عەزیز) لەگەڵ هەمزاغای مەنگوڕ لە لای میاندواو و بناو و مەراغە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان رزگار کرد بەڵام گەلەکۆمەگی دوو دەوڵەتی قاجاری و عوسمانی و خەیانەتی هیندێک عەشیرەتی کورد پڕۆژەکەی شێخ عوبەیدیللایان شکست پێ هێنا.

ئەوە داستانێکی دووروو درێژە و من ئەنجامەکەی باس دەکەم:

شێخ عوبەیدیللا لە لایەن دەوڵەتی عوسمانێوە دەگیرێ و ڕەوانە عەڕەبستان دەکرێ و پاشی ساڵێک لە حیجاز بە شیوەیەکی گوماناوی دەکووژرێ و دەڵێن خۆی فەوتی کردووە.

شێخ عەبدولقادر و کوڕە گەورەکەی سەید محەمەد و ١٥٠ کەسی دیکە کە زۆربەیان لە بنەماڵەی شەمزینی بوون، بە فێڵ و تەڵەکەی دەوڵەتی عوسمانی دەگیرێن و لە دیاربەکر لە سێدارە دەدرێن.

هەمزئاغای مەنگوڕ بانگ کرا بۆ وتوویژ و دانووستان لە مەهاباد و لە چادرێک دا دانیشتبوون کە بە دەهۆ و بە بیانووی ئاودەست چوونی لایەنی دەوڵەت، چادرەکەیان بەجێ هێشت و لەچوار لاوە چادرەکەیان وەبەر رەگباری فیشەکان دا و هەمزاغای مەنگوڕیان کوشت و سەریان بڕی و بە دیاری بردیان بۆ ناسرەدین شای قاجار.

حاجی سەید عەبدوڵلا ئەفەندی بابی سید عەزیز کەسێکی خوێندەوار و ڕووناکبیر بووە و ئەندام و ژمێریاری حیزبی هیوا (جەمعیەتی تەعالی کوردستان) بووە.

لە دەرکردنی ڕۆژنامەی “کورد” دا کە زمانی حالی بزووتنەوەی چەکداری سمایل ئاغای سمکۆ بوو دەستی سەرەکی هەبووە.

لەگەڵ سەید عەزیزی کوڕی ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان دا بەشداریان کردووە.

سەید عەزیز لە نوتقی رۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان دا، ڕۆژی ٢ی ڕیبەندان لە مەهاباد گوتوویەتی:

“”با بە خۆمان نەڵێین ئازادین تاوەکوو کوردستانی گەورە بە تیشکی ئازادی ڕووناک دەکەین””

سید عەزیز لەلایەن کۆماری کوردستانەوە ناردرا بۆ باکۆ بۆ خوێندن و پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان نەهاتەوە هەتا دەرسەکەی تەواو کرد و لە مۆسکۆ دوکتوراکەی وەرگرت. تێزی دوکتوراکەی کتێبێکە بەناوی بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی کوردستان، و یەکێک لە کتێبە باوەڕپێکراوەکانی مێژووی کوردە کە بە بڕوای من هەموو کوردێکی نەتەوەیی پێویستە هەیبێ و بیخوێنێتەوە.

سەید عەزیزی شەمزینی ساڵی ١٩٩٩ لە حەوشەی ماڵە خۆیان لە ورمێ زۆر بە شێوەیەکی گوماناوی بەداخەوە تەقە لە سەری کرا بوو و کوژرابوو.

ڕۆژی ١٠ مانگی مای ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ مرێمی هاوژینم لە فڕۆکەخانەی بەغدا سواری فڕۆکەیەک بووین بەرەو مادرید کە بە هەموویەوە دەکەسی تێدا نەبوو.

ماوەی دە ڕۆژ لە مادرید لە ماڵە مامم بووین و مامم باسی ژیانی پەنابەری لە ئوڕووپای بۆ کردین و دەیگوت سوێد یەکێک لە باشترین وڵاتەکانی دنیایە لە باری پەنابەرییەوە،

دەیگوت: مارگریت تاچێر سەرۆک وەزیرانی ئینگلستان لە ڕەخنەیەک دا کە لە پاڕڵمانی وڵاتەکەی لەسەر مەسەلەی پەنابەر لێی گیراوە گوتوویەتی: خۆ ئێمە سوێد نین کە بتوانین وەکوو ئەوان بە پەنابەر ڕابگەین.

ئەو دە ڕۆژەی کە ئێمە لە سپانیا بووین، لە شانسی ئێمە فڕۆکەخانەی ئارڵاندای سوێد مانگرتنی تێدا بوو و هیچ فڕۆکەیەی نەدەفڕی و نەدەنیشت. ئەو ڕۆژەی کە مانگرتنەکە تەواو بوو بڵیتێکی تەیارەمان وەگیرکەوت بۆ ستۆکهۆڵم و لە پاس کۆنترۆڵی مادرید هیندێک پاسەکەیان ئەمبەر ئەوبەر کردین چونکە زۆر دیار بوو کە دەسکاری کرابوو و وێنەی مرێمی خێزانمم بە چەسب پێوە نووساندبوو. کابرای پاس کۆنترۆڵ دیار بوو لە ئێمە زۆر زیرەکتر بوو و مۆرێکی لە پاسەکە دا و ئێمەی لەکۆڵ وڵاتەکەی خۆیان کردەوە و ناردینی بۆ سوێد.

ڕۆژی ٢٠ی مانگی مای ساڵی ١٩٨٥ ڕێک ٣٥ ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ دا گەیشتینە فرۆکەخانەی ستۆکهۆڵم و بوخچەی غەریبایەتیمان لە وڵاتی سوێد بە عەرزی دادا.

ئەوکاتە هەم پەنابەر زۆر کەم بوون و هەم ئێمە بەڵگەمان زۆر پێ بوو کە لە شاخ ڕا هاتبووین، هەر بۆیەش زۆر زوو قەبووڵ کراین و مافی پەنابەریان پێ داین و پاشی ٢٨ ڕۆژ هەم ئیقامەمان هەبوو، هەم پاسپۆرت و هەم ماڵ. چووینە هەڕاجێکی دەستی دوو فرۆشی، بەشی پازدە بیست میوانمان لێفە و دۆشەگ و قاب و قاچاغ کڕی و گوتمان باشە یەک دوو ساڵ لێرەین، هەم بۆخۆمان هیندێک ماندوویەتیمان دەحەسێتەوە و هەم هیندێکیش یارمەتی خەڵک و پەنابەری دیکە دەکەین جا دەچینەوە شار و وڵاتی خۆمان. ئەو بیرە کە پێمانوابوو بەم زوانە دەگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان، بەری زۆر شتی بە ئێمە گرت و ڕەنگ بێ ئەگەر لە ڕۆژی یەکەمەوە زانیبامان کە هێندەمان پێ دەچێ، بەرنامەیەکی دیکەمان بۆ داهاتووی خۆمان داڕشتبا. بەڵام بەداخەوە ئێستاش داهاتوومان هەر وا نادیارە و ئیستاش هەر بەتەماین ڕۆژێک بگەڕێینەوە شارەکەی خۆمان و لە زێدی خۆمان مەهاباد، هەرنەبێ بە بیرەوەری خۆشەویستە لەدەستچووەکانمان شاد بینەوە؟ ئێستاش هەر بە تەماین بەڵام نە باب، نە دایک، نە ڕەفیق، نە ماڵ، نە شار و هیچ شتێک، وەک خۆی نەماوە. هیندێک دیمەنی ناحەز و نامۆ و بێگانە دەستیان بەسەر شار و وڵاتەکەمان دا گرتووە و دیار نییە کەی گۆڕیان ون دەکەن و دەست لەسەر ئەو خەڵکە سەرکوت کراوەمان هەڵدەگرن. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئێمە هەرچەند لەنێو خۆشمان دا ناکۆک و نایەکگرتووین بەڵام ئاخری ڕۆژێک دیت کە نەوەی تازە پێگەیشتووی نەتەوەکەمان لە شکستەکانی ئێمە دەرس وەربگرن، بەسەر کێشەکانی نێوخۆ دا زاڵ بن، داگیرکەرانی کوردستان لە خاکە پیرۆزەکەمان ڕاو بنێین و کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی بگەیەنن.

بەهیوای ئەو ڕۆژە.

درێژەی هەیە