بەشی ٤٥

You are currently viewing بەشی ٤٥
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:2 mins read

کێ هەیە ئەو شێعرە ناسکەی کاک مەجیدی بە دەنگی هونەرمەند فوئاد ئەحمەد نەبیستبێ،

ئه‌میره‌که‌م، دڵگیره‌که‌م،
به‌هارت لێ شه‌رمه‌زاره‌،
گوڵی گیانه‌ یه‌خسیره‌که‌م،
تیرت له‌ دڵ سه‌دهه‌زاره

یا ئەو سروودانەی کاک مەجید کە ساڵانێکی زۆر لەسەر زاری خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان بوون و هانی گەل و پێشمەرگەیان دەدا بۆ رزگاری لە دەست داگیرکەرانی کوردستان.

من که‌ ڕۆڵه‌ی کوردستانم،
په‌روه‌رده‌ی به‌فری ‌زستانم،
ڕۆڵه‌ی شاخ و دارستانم

،،،،،،،،،

بۆ گه‌لى كوردى قاره‌مان
سوێندم به‌ خاكى نيشتمان
به‌سه‌ر لوتكه‌ى كێوى بارزان
به‌ ئه‌شكه‌وت و جێى نه‌به‌زان
يا كوردستان ياخود نه‌مان

باسی کەسایەتی بەرزی ئەدەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی مەجید ئاسنگەر و مامۆستا عەونی هەرچەندی بگوترێ و بنووسرێ کەمە.

باسی چاکە و میوانداریی و ڕێز و ئیحتڕامی ئەوان هەر لە گوتن نایە.

کاک مه‌جید هاوته‌مه‌ن، هاوشاریی، هاوپۆل و هاوڕێی جه‌لال تاڵه‌بانی بوو کە بەداخەوە ڕۆژی ٩ ی ئاپریلی ساڵی ٢٠١٢ له‌ ته‌مه‌نی ٨٠ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد و به‌جێی هێشتین. مام جه‌لال له‌ به‌شێک له‌ پرسه‌نامه‌‌که‌ی دا بۆ بنه‌ماڵه‌ و که‌س و کاری کاک مه‌جید ئاوای نووسیوه‌:

(مامۆستا مه‌جید ئاسنگه‌ری نه‌مر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌ وه‌ك تێكۆشه‌رێكی خه‌مخۆری گه‌له‌كه‌ی و كوردستانه‌كه‌ی هاتووه‌ته‌ كۆری تێكۆشانه‌وه ‌و به‌رده‌وام له‌ سه‌نگه‌ری پڕ سه‌روه‌ری كوردایه‌تیدا به‌ سه‌خاوه‌ته‌وه‌ خه‌باتی كردووه‌ و هه‌موو هه‌ست و نه‌ستی بۆ خزمه‌تكردنی میللـه‌ته‌كه‌ی و كێشه‌ ڕه‌واكه‌ی خستووه‌ته‌گه‌ر… نووسه‌ر و ئه‌دیب و وه‌رگێر و شاعیرێكی هه‌ست ناسك و كوردپه‌روه‌ری ئه‌وتۆش بوو كه‌ هه‌موو خولیا و خه‌ونێكی بۆ ئه‌وه‌ بوو تێكۆشان و كۆستی گه‌له‌كه‌مان بگاته‌ ئامانج و كوردیش وه‌ك میللـه‌تانی دونیا به‌ مافه‌كانی خۆی شاد بێت. تێكۆشه‌رێكی ماندوو نه‌ناس و پشوو درێژی رێگای رزگاری كوردو كوردستانیش بوو. كۆچكردنه‌كه‌ی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ بوو بۆ كاروانی تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان و دنیای په‌روه‌رده‌ و نووسین و شیعر و داهێنان)

مامۆستا عوسمان عه‌ونی ساڵی ٩٢ کۆچی دوایی کرد و به‌داخه‌وه‌ خۆییم نەدیتەوە‌ بەڵام شێعرەکانی هەمیشە مەشعەلی ڕێگام بوون و دەرسی ژیان و خەبات و کەوتن و هەستانەوەیان لێ فێر بووم و حەولم داوە بیانکەم بە چرا و ڕووناکایی ڕێگەی ژیانم.

ئەوەی دەفەرموێ:

دوژمنی به‌دکاری من هه‌رچی بکه‌ی لێت ناگرم
پێت ده‌ڵێم من تاکوو ئێستا ماوم و قه‌ت نامرم
هه‌رچی پێت ده‌کرێ له‌گه‌ڵ من بیکه‌ هیچ سوودی نییه
ئه‌و پڕۆژه‌ی خۆم مه‌به‌ستمه‌ ده‌ستی لێ هه‌ڵناگرم
وه‌ک هه‌ڵۆ لانه‌م له‌ کێوێکی بڵند هه‌ڵبه‌ستوه‌
چه‌ندی به‌ردم تێگرن تازه‌ به‌که‌س هه‌ڵنافرم
تێگه‌یشتم چه‌ند هه‌ڵه‌م کرد و فریوم خواردبوو
تۆبه‌ بێ تۆبه‌ ئیتر ده‌ستی برای خۆم نابڕم

مامۆستا عه‌ونی له‌م هۆنراوه‌ دا، به‌ زمانی شاعیرانه‌ قسه‌ی دڵی خۆی ده‌کا و قامک له‌سه‌ر چه‌ند شتی بنه‌ڕه‌تیی داده‌نێ: کە نابێ پشت به‌ دوژمن ‌ببه‌ستین، کە ده‌ست له‌ ئامانجی سه‌ره‌کی نەتەوەکەمان واته‌ سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستان هه‌ڵنه‌گرین، کە یه‌کیه‌تیی و ته‌بایی ناوخۆمان بپارێزین، پشتی یه‌ک بگرین و تۆبه‌ بکەین له‌ شه‌ڕی براکوژی و یەکتر فریودان.

مامۆستا عەونی له‌ شاعیره‌ هەرە گه‌وره‌کانی هاودەورە و هاوڕیزی هەژار و هێمن و گۆران و دڵزار و ئەو شاعیرە بەرزانە بوو کە شێعرەکانیان بۆ هەتا هەتایە لە دڵی ئەویندارانی ڕێگەی ڕزگاریی و کوردایەتیی دا دەمێننەوە.

لەم یەک دوو مانگە دا کە خەریکی نووسینی بیرەوەرییەکانمم، نامەیەکی بەڕێز ساسان عەونێ، کوڕی بچووکی مامۆستا عەونیم لە ڕێگەی مەسینجێرەوە بۆ هات، زۆر پێی دڵشاد بووم. نووسیوێتی:

سڵاو و ڕێز کاک پۆڵا

بە ھیوای ھەمیشە باشی و سەلامەتیتان.

ڕێز و سڵاوم ھەیە بۆ ئێوەی بەڕێز و خانەوادەتان

خۆشحاڵم كە لێرەوە بیرەوەری و یادگارییەکانت دەخوێنمەوە. زۆر سەرنجڕاکێشن و پڕ لە وێنای ساتی دەگمەنن لە مێژووی میللەتەکەمان. قەڵەم و بیر و ھزرت ھەر بە بڕشت بن. خوێنەرێکی بەردەوامی نووسینەکانتم، سوپاس بۆ ئێوە کە لە نووسینێکی درێژدا باس و پەسندیی باوکی ڕەحمەتیم و ڕەحمەتی مامۆستا مەجید ئاسنگەرتان کردبوو، ئەو نووسینەتان لەلایەن کاکە فەرھادەوە لە بەشی دووەمی دیوانی عەونی دا، بڵاو کرایەوە. لەو نووسین و لەبەشێکی ئەو بیرەوەرییانەت، باس لەو چەند ڕۆژە دەکەیت کە تەشریفتان ھێنا کۆیە. لەوانەیە بەڕێزتان منتان بەبیر نەیەتەوە، چونکە کوڕی بچووکی ماڵ بووم و بەڕێزتان ھاوڕێی کاکە نەژاد بوون. بەڵام من ئێوەی بەڕێزم باش لەیادە. نازانم لەیادی بەڕێزتان ماوە یان نا، کە لەو سەردانەت بۆ کۆیەکتێبێکێت کردە دیاری بۆ باوکی ڕەحمەتیم. کتێبەکە بریتیی بوو لە (دیوانی وەفایی)، لەسەر بەرگی ژوورەوە و لە لاپەڕەیەکی پێشەوە بە خەت و خۆشنووسیەکی زۆر جوان چەند ڕستەیەکی زۆر واتادارت نووسیوە. ئەم کتێبە وەک دیارییەکی زۆر بە نرخ لە کتێبخانەی ماڵەوەمان پارێزرا، تەنانەت توانرا لە ڕۆژگاری شوومی شەڕی ناوخۆ و داگیرکردنی ماڵماندا، ئەو کتێبە بپارێزرێ و ئێستا لای من پارێزراوە و لە سەر ڕەفەی کتێبخانەکەم یادگارێکی خۆشەویستە. بۆیە لەوانەیە ئێستا دەرفەتێکی لەباربێت کە وێنەی ئەو کتێبە و وێنەی دەستخەتەکەی بەڕێزتان بۆتان بنێرمەوە، ھیوادارم کە یادگارییەکی خۆشتان لەلا تۆمار بکات. بەھیوای ھەمیشە شادی و خۆشبەختیتان.

لەگەڵ ڕێزم ساسان عەونی

سپاسی کاکە ساسان دەکەم، بۆ ئەم نامە جوانەی، من بەڕاستی ئەم دیوانە و ئەم نووسینانەم لەبیر چووبوونەوە.

هەر دوو نووسینەکان یەک دەقەن بەڵام بە دوو شێوە نووسیومن، یەکیان ئەگەر لە دوور ڕا چاوی لێ دەکەی دەڵێی بە لاتین نووسراوە بەڵام وا نییە ئەویشم هەر بەو پیتە کوردێی ئیستا پێی دەنووسم نووسیوە. ئەوە دەقەکەیە:

“” ژیانی کورد پڕە لە ئاوارەیی و دەربەدەری، پڕە لە هەژاری و نەداری، لە کەند و کۆسپ، لە هەوراز و نشێو، لە تاڵی و سوێری، مەینەت بەشی کوردە و حەسانەوەی لێ ونە، کۆیلەتی لێ مارەکراوە، منیش کوردم و هەمووی ئەوانەم بە بەژن بڕاوە. لە کاتی تەرکە وەتەنیم دا بە بۆنەی کاک مەجید ئاسنگەر، شاعیری نەتەوەیی و کاک نەژادەوە، کە ئەوانیش ڕۆژگارێک وەک ئێستای من بوون، شانازی ئاشنا بوون لەگەڵ مامۆستای پایەبەرز و بەهەست، عوسمان عەونیم پەیدا کرد. ماوەی دەڕۆژان لە کانوونی گەرمی بنەماڵەی مامۆستا مەجید و مامۆستا عەونی، بە ڕاستی لەبیریان بردەمەوە کە لە نێو بنەماڵە و هاوڕێ و ڕەفیق و دایک و باب و شاری خۆم دا نیم. قەت ئەو هەمووە مەحەبەتەیان لەبیر ناکەم.

پۆڵا ٢٧،١١،١٣٦٢ “”

دە ڕۆژ بوو لە کۆیە بووین. هاونشینی ئەو بنەماڵە بەڕێزانە ئێش و ئازارەکانی لەبیر بردبووینەوە و ماندوویەتی لە لەش دەرهێنابووین و بووژابووینەوە.

قەڵای هەولێر و مەسیف سەلاحەدین و زۆر شوێنی دیکەی باشووری کوردستانیان بردین و قەرار بوو سەردانی مامۆستا تاهیر تۆفیق و فواد ئەحمەدیش بکەین کە کۆمه‌ڵه‌ پێ ڕاگه‌یاندم وه‌ڵامی ویزای مامم‌ له‌ سپانیا ڕا هاتۆتەوە ئیتر بەداخەوە ئەم دیدارانەمان بۆ نەکرا.

درێژەی هەیە