حه‌وتووی دواتر کاک نه‌ژاد و خیزانی به قابڵه‌مه‌ی یاپراغ و کوببه‌وه هاتن به دوامان دا. به‌رپرسی پێوه‌ندیه‌کانی کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌وده‌م کاک حه‌مه‌ی نه‌به‌وی بوو. وه‌ره‌قه‌ی هاتووچۆ زۆر به زه‌حمه‌ت، ته‌نیا بۆ یه‌ک دوو دەمژمێر، ئه‌ویش بۆ ئیشی زۆر پێویست دەدرا. کاک نه‌ژاد به‌زمی به کاک حه‌مه گرتبوو و داوای وه‌ره‌قه‌ی شه‌ش مانگه‌ی لێده‌کرد.
ده‌یگوت: پۆڵای ده‌یبه‌ین و هه‌ر ناهێڵین بێته‌وه. ئاخری به زۆری و به چه‌نه لێدان و سوێند و قورئان وەرەقەی مانگێکی لێ وه‌رگرت. له‌گه‌ڵ کاک نه‌ژاد، چووینه کۆیه. ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی لە کۆیه میوانی ماڵه کاک مه‌جید و کاک نه‌ژاد و مامۆستا عوسمان عه‌ونی بووین له خۆشترین ڕۆژه‌کانی ژیانی منن. هەموویان مرۆڤی به‌ڕێز و خاوەن هەڵویست، به قه‌در و ئیحترام، خوێنده‌وار و زانا و تێگه‌یشتوو بوون و ئومێدی ژینمان هاته‌وه به‌ر.
لە دنیای غەدر و شەڕ و دووبەرەکی و هەڕەشەی تێداچوونەوە، چوومە نێو دنیای خۆشەویستی و شێعر و وشەی جوان و ئەمەگ ناسییەوە.
شێعری نیشتمانی و پڕ له هه‌ستی کوردایه‌تیی ئه‌م دوو که‌ڵه هونه‌رمه‌نده‌ی گه‌له‌که‌مان و میوانداری و پێڕاگه‌یشتن و قه‌در و قوتب و ئیحترامی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان ته‌وژمێک بوو بۆ ژیانی تازه‌ی ئێمه،
مامۆستا عه‌ونی به‌خۆشێوه زۆریش دەوڵەمەند و ده‌ستڕۆیشتوو بوو، ئه‌مبه‌ر ئه‌وبه‌ری شه‌قامی سه‌ره‌کیی شاری کۆیه بە هەموو دووکان و ماڵەکانەوە هی ئه‌وان بوو. به دڵی گەورەوە و لەدڵەوە پێشنیاری پێ دەکردم له‌وێ بمێنمه‌وه و ببمه کوڕی ئه‌وان و ماڵ و دووکانم بداتێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وان بژیم.
کاک مەجید و مامۆستا عه‌ونی هەردوو لە شاعیرە بەرز و بەناوبانگەکانی کورد بوون. ده‌یانزانی من زۆرم حه‌ز له شێعری کوردییه بۆیه به سه‌عات داده‌نیشتن و شێعره‌کانی خۆیان بۆ ده‌خوێندمه‌وه.
من زۆربەی شێعرەکانی ئەوانم بە گۆرانی و بە دەنگە خۆش و بە سۆزەکەی مامۆستا تاهیر تۆفیق و گوتنەوەی دووبارەی شەهید جەماڵی مفتی گوێ لێ ببوو و ئاواتم دەخواست شەهید جەماڵ مابا و لەگەڵم با و ئەو مەقام و گۆرانیانەی بۆ مامۆستا عەونیش گوتبا و ئەویش وەک کاک مەجید دیتبای کە جەماڵ چۆن ڕوح وەبەر شێعرەکانی دەهێنێ.
جیهانم پشکنیوه
نازدار، جوانم زۆر دیوه
به‌ڵام وه‌ک تۆ نازه‌نین
نه‌مدی له‌سه‌ر ڕووی زه‌مین
یا
له‌م کولبه‌یی ئه‌حزانه
عه‌شقی سه‌نه‌مێکم بوو
له‌م چۆل و بیابانه،
باخی ئیره‌مێکم بوو
یا
وتم ئه‌ی کچ له گشتی
شارستانی یا ده‌شتی
وا جوان و پاکڕه‌وشتی
مه‌سیحی یا زه‌رته‌شتی
یا
نه‌سرین ئیمرۆ نه‌ورۆزه
لێت بێ جه‌ژنه پیرۆزه
له کوردستانی گه‌وره
جه‌ژنی گشت تیره و هۆزه
یا
ئه‌ی گوڵ له‌سه‌ر چلانت
بوویین به پاسه‌وانت
له ترسی بولبولانت
یا
تابه‌که‌ی ئه‌م تاڵییه ئه‌ی دولبه‌ری شیرین که‌لام
بێتوو گه‌ر جارێ که‌ره‌م که‌ی تۆ به خه‌نده بێیه لام
نامه‌وی من نه‌هری که‌وسه‌ر یا نه خۆ دارولسه‌لام
جه‌ننه‌ت و دۆزه‌خ چ فه‌رقێکی نییه قوربان له لام
من هه‌تا ماوم ئه‌گه‌ر شاد بم له ئه‌م فیرده‌وسه دا
یان ئەو شێعرەی کاک مەجید کە ئەویش هەر تاهیر تۆفیق گوتبووی و جەماڵ دەیگوتەوە:
کورده ئه‌م هه‌له‌ی میژوو داویه پێت
له‌ده‌ستی نه‌ده‌ی لا نه‌ده‌ی له ڕێت
هەلێکە و ئەشێ ڕوونەداتەوە
مەردە ئەو گەلەی گۆ دەباتەوە
خوێن تا لە جۆشە و بێ داد ڕژاوە
ساڕێژی نەکەیت لانەت هەژاوە
برین تا گەرمە گورج و بێ ترسە
کەی سارد بێتەوە پڕ زام و قورسە
ڕێی هەردەم تاریک وا ئێستا ڕوونە
زوو گەر نەیبڕێت ئەنجام تێچوونە
زۆر جار هەڵەیەک لە کۆڕی خەبات
گەلی خستۆتە ڕێی هات و نەهات
من لەگەڵ دانە دانەی ئەو شیعرانە ئاشنا بووم، بیرەوەریم هەبوو، شەوم ڕۆژ کردبۆوە، ڕەفیقە شەهیدەکانم وەبیر دەهاتەوە، قاقا و پێکەنین و پێک هەڵاویشتن و ماڵە شڕ و پڕ سەفاکەی جەماڵ و شایی و زەماوەند و سەرچۆپی و گاوانییەکانی سولەیمانم بیر دەکەوتەوە،
ئەو شێعرانەم بە سەدان جار گوێ لێ ببوو کە ئێستا لەگەڵ شاعیرەکانی دانیشتبووم و خەریک بوون شێعری تازەی خۆیان بۆ دەخوێندمەوە.
مامۆستا عەونی ئەکات کە من لە خزمەتیان دا بووم خه‌ریکی وه‌رگێڕانی چوارینه‌کانی خه‌ییام بوو که من له زۆر شوێن پێم وابوو له خه‌ییامه‌که‌ی مامۆستا هه‌ژار ناسک‌تر و به هێزتربوون.
بۆ نموونه که ده‌فه‌رموێ:
که مردم بمشۆن به ئاوی ترێ
چوار مه‌ست و سه‌رخۆش ته‌رمم هه‌ڵگرێ
به‌هه‌شت و هیوای غیلمان و حۆری
دڵنیام هه‌رگیز به که‌س نادرێ
مامۆستا عه‌ونی جگه له چوارینه‌ی خه‌یام، چوارینه‌ی خۆشی هه‌بوو وه‌ک:
گوتی: زولفم؟ گوتم: داوی به‌ڵایه
گوتی: ئه‌برۆم؟ گوتم: تیغی فه‌نایه
گوتی: کوڵمم؟ گوتم: بۆ شه‌و چرایه
گوتی: لێوم؟ گوتم: کانی به‌قایه
یا ئه‌وه‌یان:
گوتی: عوود و که‌مانت بێ گوتم: نه‌ی
گوتی: جامی شه‌ڕابت بێ گوتم: مه‌ی
گوتی: کوشتن سه‌وابت بێ گوتم:ده‌ی
گوتی: ماچێ خه‌ڵاتت بێ گوتم: که‌ی؟!
پێنج خشته‌کی هه‌بوو وەک:
به خه‌نده و پێکه‌نین و چاوی مه‌خمووری دڵی بردم
به غه‌مزه و ناز و عیشوه و نازکی عه‌قڵی له‌سه‌ر بردم
له بابل ده‌رسی سیحری خوێندووه وا فێڵی لێ کردم
ڕه‌فیقان سا مه‌که‌ن لۆمه‌م ئه‌گه‌ر به‌م ده‌رده من مردم
ته‌ماشای دولبه‌ری من که‌ن سوپا سالاری خوبانه
مامۆستا عه‌ونی باوه‌ری به سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌بوو کە دەفەرموێ:
هه‌ر له ڕێبازی خه‌باتا پیری ئیرشادم ده‌وێ
من گه‌لێکی سه‌ربه‌خۆ و سه‌ربه‌ست و ئازادم ده‌وێ
سه‌رگوزه‌شته‌ی قه‌یس و له‌یلا باس مه‌که بۆ من ڕه‌قیب
داستانی زین و مه‌م، شیرین و فه‌رهادم ده‌وێ
شۆڕشی شێخی حه‌فید و شێخی پیران شێخ سه‌عید
باره‌گای سمکۆی شکاک، قازی مه‌هابادم ده‌وێ
له هۆنراوه‌یه‌کی دیکه دا ده‌ڵێ:
ئه‌سله‌حه‌ی جه‌نگی ده‌به‌ستم پاسی کوردستان ده‌که‌م
قه‌تلووعامی حاکمانی تورکیه و ئیران ده‌که‌م
من له ڕێگای سه‌ربه‌خۆیی خاک و ڕزگاری گه‌لم
گیانی خۆم و قه‌وم و خوێشانم هه‌موو قوربان ده‌که‌م
مامۆستا عه‌ونی له‌م شێعره دا شین بۆ پێشه‌وا ده‌گێڕێ و ده‌فه‌رموێ:
شه‌وێکی پڕ تاسه و خه‌م بوو
له کوردستانا ماته‌م بوو
شین بوو ڕۆڕۆ بوو فریاد بوو
بۆ پێشه‌وای مه‌هاباد بوو
له مێژووی کورد دا ئه‌و شه‌وه
هه‌تا ئه‌به‌د ناسڕێته‌وه
کورد ناترسێنێ سێداره
کرداری ده‌ستی زۆرداره
درێژەی هەیە