بەشی ٤٣

You are currently viewing بەشی ٤٣
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:3 mins read

( بەداوای لێبووردنەوە لەو بەڕێزانەی کۆمێنتیان نووسیبوو، بەداخەوە بە هەڵە ئەو بەشەم لابرد و سەرلەنوێ دامناوە)

کاک کەریمی حیسامی کاتێک لە مەزناوێ ڕا بەپەلە چۆوە بوڵغار، نەیتوانی زۆر لە نووسراوە و یادداشتەکانی کە ڕۆژانە نووسیبووی لەگەڵ خۆی بەرێتەوە و لای من بەجێی هێشتبوون. منیش بەو هاوڕێیانەدا کە لە ئوڕووپاوە گەڕابوونەوە بۆ کۆنگرە ناردمن بۆ کاک کاوەی مەدەنی لە پاریس و ئەویش زەحمەتی کێشابوو و بەدەستی کاک کەریمی گەیاندبوونەوە.

کۆنگرەی شەش کە گیرا، هەروەک باسم کرد دوو بڕیاری سەرەکی تێدا درا. کورتەباس و بڕیاری شەڕی دژی کۆمەڵە کە بێتوو لە شوێنێکی کوردستان کۆمەڵە لە حیزب بدات، شەڕی سەراسەری لەگەڵ بکرێ.

شەڕی براکوژی نێوان حیزب و کۆمەڵە هێشتا سەراسەری نەکرابوو کە زەربەی خۆی لە من وەشاندبوو و دوو هاوڕێ و دوو خزمی زۆر ئازیز و خۆشەویستم تێداچووبوون. رەحیمی قادری، سولەیمانی ڕەحیمی، مەنسووری خوسرەوی و عەلی حەبیب پەنا کە هەر چواریان پێشمەرگەی کۆمەلە بوون و لە شەڕی نێوان حیزب و کۆمەڵە دا بەداخەوە شەهید کرابوون

ئەو پەخشانە نووسینی شەهریاری حەبیب پەنا برا چووکەی عەلی حەبیب پەنایە کە پێم حەیف بوو ئێوەش لە خوێندنەوەی بێ بەش بن( “پێشکەش بە شەهید عەلی حەبیب پەناه”

سڵاو گەورەم, کاکە عەلی برا گەورەم!
بەڵێ منم پاش چل ساڵان، زۆر زەحمەتە بڕوا بکەم
وا زوو رۆیشت چل ساڵ دووری و نەبوونی تۆ لامان گەورەم
ویستم دەمێک بئاخفین بەیەکەوە
ئەوەی کە لە دڵما هەیە بیگێڕمەوە
تا بزانی لەو ڕۆژەوە لامان نەمای
من و چیا و کوردستانمان چۆن ماینەوە
دڵنیا بە هزر و بیرت بۆ ساتێکیش لەبیرنەکرا
یاد و ناوت لەناو دڵمان هەر زیندوو بوو و رێگەی پێوا
دوایین وێنەت لە زۆر ماڵ و کتێبخانە هەڵاوەسرا
تۆ لە دڵما تۆوێکت چاند قەت ویشک نەبوو
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورەتر بوو و بوو بە دار و بەروبوومی یەکجار زۆر بوو
چونکە تۆوی مێهرەبانی، ورەبەرزی، شۆڕشگێڕی، زانست، بیر و ئازادی بوو
باش لەبیرمە یەکەم ئەلفوبێی سیاسەت فێرت کردم
پرسیم کاکە ئەمپریالیزم یانی چی؟ گوتت؛ آخرین مرحلە رشد سرمایەداری
گوتم: ئەدی دوایە چی دێت؟ گوتت: دنیایەکی بێ چین، بە بێ فەقیر، پڕ لە ئاشتی و کامەرانی
تۆ ڕۆیشتی کاکە عەلی، ماڵت بار کرد
لە سووچەکەی پارکی مەجدی بۆ مەقەڕی جامی جەم و چیا و دەربەند
لەوێشەوە بۆ مەحاڵ و زگدڕاو و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی حاجیاڵیكه‌ند
تۆ تەنانەت ڕانەوەستای ماڵی تازەمان ببینی
دەستی بووکەکەمان بگری و بووکمان بەتەنیا نەهێڵی
ئیتر نەتگوت منی منداڵ چۆن دەتوانم جێی تۆ بگرم، هەر وا بمێنم بە ژیری؟!
تۆ ئیتر چووی، بە بێ ئاوڕێک، تا چەن مانگێک
کە هەواڵ هات دڵمان هەژا، لێشاوی فرمێسک هەڵرژا، کە تۆ لەپشت دۆشکەکەتا کەوتی جەنگێک
یەکەم کەسیش کە خوێنی رژایە سەر خاک، هەر ئەتۆ بووی، تیرەکەش نەک هی داگیرکەر هی کوردێک بوو
ئیتر من مام بە بێ برا، وەکوو بڵێی چەرخی گەردوون، برا گەورەی نە بۆ تۆ هێشت نەوەک بۆ من

بەشی تۆ بوو بە برا گەورە و بەشی منیش تاقانەکەی سەربزێوی بنەماڵە و دەشت و دەوەن
دوایین یادگاریت بوو بە وێنەی جامانە بەسەرت لە قونیسکی شەونامەیەک
بیرەوەری دەنگی خۆش و چریکەی گۆرانییەکی حەسەن زیرەک
بەڵام گەورەم، پرسیار دەکەی چ قەوماوە لەدوای کۆچت؟
بەسەرچاوم، بۆت باس دەکەم، بەڵام چاوەڕێی چیرۆکی ئەفسووناوی و شیرن مەبە
شەرمەندەتم منیش وەک خۆت قەت ناتوانم درۆ بکەم، راستی تاڵە بەڵام درکاندیان وەک زۆر شت ئیجبارە
لەو رۆژەوە تۆ رۆیشتی شەڕ گەورە بوو، شەڕی دوژمن ئاساییە
ئەوەی دڵی ئێمەی تەزاند براکوژی و خۆخۆری بوو
حیزبایەتی و گەمژایەتی و چاوچنووکی و سەرشێتی بوو
بەدوای تۆدا نەغەدە مرد، فەرەیدوون و کاک ڕەحمەت و مەنسووریش مرد
وڵات خوێنی لێدەباری و تانک و تۆپ و تەپوتۆز و ویزەی فیشەک ئاسایی بوو
منیان بەزۆر بردە تەورێز، هەتا لەوێش نووسینی بژی کۆمەڵە لەسەر دیوار بۆ منی کورد ئاسایی بوو
با بۆت بڵێم لەدوای کۆچت، نە ئازادی و نە کۆمەڵگایەکی یەکسانیش وەدیهات
نە حیزبەکەت وەکوو خۆی ما، نە کۆمەڵگای چینایەتی کۆتایی هات، نە ئازادی بۆ کوردستانمان وەدیهات
شەڕی براکوژیش ساڵانی تێپەڕاند، کەس نەیزانی کەنگێ و لەکوێ کۆتایی هات

لەوەش زیاتر

زۆر لە سەرکردەکان یان بوون بە ئاغای شەڕ
یان دوای ساڵان بوونە بە ئاغاکانی کەمپ، لە گەرمێنا خانوویان کرد زۆر دوور لە شەڕ
ئەوە چل ساڵی تێپەڕاند، نەمانزانی کەنگێ ئاگربەسیش کرا
کەسیش نەهات داوای لێبوردن لە دایکی زگسووتاوی شەهید بکا
خۆ تەنانەت حیزبەکەشت پارچەکرا
وایلێهاتۆ‌ هەر نازانین لەو سێ حیزبە کامیان هی تۆن
زۆر خۆشحاڵم کە نابینی ئەو سێیانە هەر شەڕیانە کامیان وێنەی تۆ هەڵواسن
چونکە حیزب و ناو و هزر و وێنەی شەهیدانیان بەش کرد، لەپێناوی بیری کورت و پاوانخوازی و بەشەماڵ و زۆر کرداریان
تۆ لەبیرتە سەردەمی تۆ کوێخای دنیا جیمی کارتێر و برێژنێف، بیر و هزری چەپ و راست بوو؟
زۆر خەم مەخۆ دنیا هێشتاش بە دەستی چه‌ند گوێلپاری وەکوو ترامپ و پوتین و مەلاکان و ئەردۆغانە
لەدوای تۆوە تەنانەت چەپ بووبە جنێو، ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم زۆر زۆر باوە
برا گەورەم، لەخۆم بڵێم
نەمامی هزر و وشەی تۆ شین بوون، گەورەبوون و گەشەیان سەند
کە پێگەیشت چەکی تۆ نەماوە سەر عەرز، بوومە ڕێبواری ئازادی و بەدوای خولیای ئازادیا چوومە به‌نده‌ن
سەفەری من زۆر درێژ بوو، لە قەندیل و قەراخەوە هەتا گۆڤەند، لە لۆلانەوە تا گارە و چیای شیرین
ئاڕتەشی ئێران لەپاش و کۆپتەری تورکان لە ئاسمان، جاشمەرگەکان لەناو دۆڵ و لە پیرس و دەشتی حەیات هەتا عەفرین
لەدڵما بووی و شەو و ڕۆژ دەئاخافتین، ئاگات لێبووم وەک فریشتە، نەتهێشت خوشکان جارێکی تر بێ برا بن
تۆ لەبیرتە شەڕ بۆچی بوو؟ حیزبەکەی تۆیان پێ زڕ و نالەبار بوو
باوەڕناکەی گەر پێت بڵێم ئائێستاکە حیزبەکەی تۆ لەگەڵ ئەوەی تۆی خستە عەرز هاوپەیمانە
هاوپەیمانن دژی هاوڕێ کۆنەکانم، ئێستاکە وان بوونە بە زڕ، نالەبار و قازەڕەشەی مەیدانی شەڕ
ئیتر گەورەم خەجاڵەتم، کە ناچار بووم راستییەکان هەرچەند تاڵن بۆتی باس کەم
وەکو گوتم من برای تۆم و نازانم درۆ بکەم
بەڵام با دڵنیات بکەم، بیر و هزرت لەو دنیایە بەردەوامە، چونکە ئاوێتەی ژیان و دادپەروەری و نیشتمانە
دوایین وشەش با پێت بڵێم، بڕوا ناکەی
برازاکەت کە قەتیش ئەتۆی نەدیوە بە دەیان جار پرسیار دەکا
بابە مامم زۆر خۆش دەوێ، بریا مامە و بابە گەورە هێشتا مابان لە باوەشیاندا دانیشتبام
دانیشتبام و چیرۆکی کوردستان و دەشت و چیایان بۆ گوتبام..

شەهریار حەبیب پەناه 2020-06-08)

من هاوڕێی کۆنم لە نێو حیزبیش دا زۆر بوون، وەکوو شەهید خدرەسوور، شەهید شوانە (عەلی حوسێنپوور)، ئاسۆ موکریانی، سەلاحی گادانی،قاسم قازی، تاهیرعەلیار، کاوەی مەدەنی، عەزیزی ئەفسەردلێر و زۆری دیکە بەڵام زۆربەی هاوڕێکانم پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون و ئەم ماوەی کە لە حیزب و لە ڕادیۆ دا کارم دەکرد زۆربەیان سەردانیان دەکردم، ناسری رەزازی، کەریمی دانشیار، جەعفەری حەسەن پوور، نەبی زەندی، کەریمی ئەفسەردڵێر، مینەی خەیات، باجە ڕەخشەندەی بلووری و ئیدریسی کوڕی کە بەداخەو ئەویش شەهید بوو، ئەرسەلانی ئیلخانی زادە،…هەموو دەهاتن بۆ لام هەتا وای لێهات بکەومە بەر ڕەخنەی بەرپرسانی حیزب کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆچی هێندە هاتووچۆم دەکەن؟ وەڵامی منیش ئەوە بوو

کە: هاوڕێمن.

تەنانەت لە ئەشکەوتکەی گەڵالەش زۆربەی ڕۆژان میوانی کۆمەڵەم هەبوو و سەردانیان دەکردم.

هەر بۆیە بڕیاری شەڕی سەراسەری لەگەڵ کۆمەڵە بۆ من زۆر ناجوور بوو و بە هیچ جۆرێک بۆم جێبەجێ نەدەبوو ئیتر ناچار بووم ڕۆژی دوای تەواو بوونی کۆنگرەی ٦ نامەی دەست لەکارکێشانەوەم (ئیستعفا) نووسی و دام بە دەفتەری سیاسی تازە.

کاک فەتتاح و کاک حوسێنی مەدەنی و زۆر لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی کە هەموویانم زۆر خۆش دەویستن، تێمهاڵان و داوایان لێ کردم کە نامەکەم وەربگرمەوە، و منیش هەر هاواری ئەوەم بوو

کە: چۆن دەتوانم ڕەفیق و هاوڕێی خۆم بکووژم. چۆن بە دژی ئەوان شت بنووسم و لەسەر ڕادیۆ بیخوێنمەوە، هەموو ڕۆژێ دەیانبینم چۆن چاویان دەچاوی بکەم؟ من ئەوەم بۆ ناکرێ و نایکەم. ئاخرێکەی لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە هەتا کەسێک دەبیننەوە و لە جێگەی من لە ڕادیۆ دایدەنێن درێژە بە کارەکەم بدەم.

کارەکەم لە ڕادیۆ درێژە پێدا بەڵام بەداخەوە بە جێگەی وەڵامدانەوە بە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەم، لە یازدەی مانگی بانەمەڕی ساڵی ٦٣، بەپێی نامەی ژومارە ١٠٩٦ و ڕێکەوتی ١٣٦٣،٢،١١ کە وێنەی نامەکەم لەم بەشەی بیرەوەرییەکانم داناوە لە حیزب دەرکرام. ( نامەکە لە سووتانی ماڵەکەمان دا لە سوێد، ساڵی ١٩٩٣ قەراخەکانی هیندێک سووتاوە بەڵام ژومارە و ڕێکەوتەکەی بە خۆشییەوە دیارە)

ئەو دەرکرانە تەنیا بۆ من نەبوو، چەند کەسی دیکەشی گرتەوە لەوانە کەریمی حیسامی، یۆسفی ڕیزوانی، سەرهەنگ رەبیعی، فەریدوونی میتران، ڕەحیمی ئەمیری، خەلیلی غەزەل و حامیدی گەوهەری و نامەی دەرکرانی هەموویان هەر بەو ئینشایە نووسرابوو کە بۆ منیان نووسیبوو و مۆری دەفتەری سیاسی و واژۆی کاک حەسەنی ڕەستگاریشی پێوە بوو وەک بەرپرسی ئەوکاتی تەشکیلاتی حیزب.

بەڕێز کاک پۆڵا نانەوازادە

لەگەڵ سڵاو

بەم هۆیەوە پێت ڕادەگەیەنین بە تاوانی لادان لە سیاسەت و ڕێبازی حیزب و لەژێر پێ نانی دیسیپلینی حیزبی و جووڵانەوە بە پێچەوانەی نێوەرۆکی پێرەوی نێو خۆی حیزب بەیەکجاریی لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەردەکرێی.

ئێمه‌ لە ڕاستیدا ده‌ نێو زاری هه‌ژدیها دا بووین، لەسەر هەڵدێر بووین، له‌ هه‌لوومه‌رجێک دابووین که‌ نه‌ ریگای گەڕانەوەمان هه‌بوو و نه‌ ڕیگای چوونە پێش. هه‌موومان بۆ ئێران ناسراو بووین و ئه‌گه‌ر وه‌گیر حکوومه‌تی ئێران که‌وتباین بێ شک ده‌کوژراین. عه‌سکه‌ری عێراقی ولاتی ته‌نیبوو و ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌ یه‌کێک له‌ حیزبه‌ سیاسیه‌کانی ئێرانی نه‌باین مه‌ودای هاتووچۆ و جووڵه‌مان نەبوو و لەم ناوچە قەدەغە کراوانەدا دەبوو بەربەرەکانی بکەین بۆ ژیان و چارەنووسمان زۆر لێڵ و نادیار بوو.

ماوەی چەند مانگێک مرێمی هاوژینم لە گوندی کانی وەتمان لە ماڵە برای گەورە و ئازیزم کاک مەلا ڕەسووڵی پێشنماز دانا و ئەویش لەگەڵ دایەبەسێ وەک کچەکانی خۆیان ئاگایان لە مرێم بوو و لەم بارەوە خۆم بە قەرزداری ئەوان دەزانم و سپاسیان دەکەم.

خۆم وەدوای کار و دیتنەوەی ڕێگا کەوتم بۆ دەرباز بوون لەم جەهەننەمەی تێی کەوتبووین.

باسی ژیانی سەگەمەرگی ئەوکاتی ئێمە لە ئێستادا تەنیا کولاندنەوەی برینە قرتماخ گرتووەکانە. من هەر ئەوکاتە، واتە ساڵی ٦٣ ( ١٩٨٥) و پێش ئەوەی لە کوردستان بێم بۆ دەرەوە، لەسەر شریتێکی یەک سەعاتە، زۆر بە وردی باسی ئەو سەردەمە و دەرکردنەکە و پێش کۆنگرە و نێو کۆنگرە و دوای کۆنگرەم کردبوو و ڕووی قسەکانیشم زۆرتر لە کەسانێک بوو کە ئێستا بەداخەوە نەماون و بەدەست داگیرکەرانی کوردستان شەهید کراون. هەر بۆیە نامەوێ ئەو قسانەی ئەو کاتە کردوومن سەرلەنوێ دووپاتیان بکەمەوە، چونکە کەسەکان بە شەهیدی خۆم و شەهیدی کوردستان دەزانم و زۆر لەمێژە بڕیاریشم داوە نووکی تیژی قەڵەمی من تەنیا دژی داگیرکەرانی کوردستان بجووڵێت و بەس.( شریتەکەم ماوە بەڵام پێمخۆش نییە بڵاوی بکەمەوە)

ئەو پاسپۆرتەی کە دووساڵم سەربازی بۆ کردبوو و لە جەریانی گرتنی شارەبانی مەهاباد دا سەروان داودی دابویمێ، لەم ڕۆژە سەخت و ناخۆشانە دا بەکارم هات و وێنەیەکی مرێمی هاوژینم لە پاسپۆرتەکەی خۆم قایم کرد و وەدوای رێگایەک کەوتم بۆ چوونی دەرەوە و ئوڕووپا.

چەند مانگی خایاند هەتا توانیم پێوەندی بە ماممەوە بگرم لە سپانیا. مامم دوکتور عەزیزی ژیان، لە مادرید ئوستادی دانیشگا بوو و قەولی ویزای پێدام.

چوون بۆ سفاڕەتی سپانیاش لە بەغدا زۆر زەحمەت بوو و کۆمەڵە قەولی پێدام یارمەتیم بکا و لەم بارەوە خۆم بە قەرزداری ئەوانیش دەزانم و سپاسیان دەکەم.

لەگەڵ مرێمی هاوژینم پاش به‌دبه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌ریێکی زۆر لە‌ کۆمەڵگای زۆرەملی کارێزه‌ گیرسابووینه‌وه‌ و چاوه‌ڕێی چاره‌نووسێکی نادیار، بێ ده‌ره‌تان، بێ پاره‌، بێ چه‌ک و هه‌ناسه‌ سارد مابووینه‌وه‌. له‌و کاته‌دا، کاک مه‌جید ئاسنگەری شاعیر، هەر ئەو کەسەی ماوەیەک لە تاران میوانم ببوو وه‌ک فرشته‌ی نه‌جات گه‌یشته‌ سه‌رمان.

ڕۆژێک سه‌عیدی سه‌رهه‌نگی، یه‌کێک له‌ پیشمه‌رگه‌ دانیشتوه‌کانی کۆمه‌ڵه لە کارێزە‌، به‌په‌له‌ هات و

گوتی: ژن و پیاوێکی کورد به‌ سه‌یاره‌یه‌کی سه‌واری و جل و به‌رگی ئه‌فه‌ندییه‌وه‌ له‌ تۆ ده‌گه‌ڕێن. هه‌سته‌ هه‌ڵێ بزانه‌ کێن. شکم بۆ که‌س نه‌ده‌چوو چونکه‌، ‌پێنج شه‌ش ساڵ بوو جگه‌ له‌ جلی کوردیی و سه‌یاره‌ی له‌ندوێر و چه‌ک و پێشمه‌رگه‌، مرۆڤی ئاساییم نه‌دیبوو. به‌هه‌ڵاتن چوومه‌وه‌ ماڵ. ته‌مه‌شام کرد کاک مه‌جید و په‌رژین خانی خێزانی، کچی مامۆستا عه‌ونی شاعیر، له‌وێ دانیشتوون. کاک مه‌جید کۆت و شاڵوار و گراوات و په‌رژین خانیش بلووز و دامه‌نێکی خانمانه‌ی جوانی ده‌به‌ر دا بوو. له‌ شکسته‌که‌ی ٧٥ ه‌وه‌، ماوه‌ی ده‌ساڵ بوو ئاگام له‌ کاک مه‌جید نه‌مابوو و نه‌مده‌زانی ماوه‌ یا کوژراوه‌. له‌ ڕۆژێکی وه‌ها و هه‌لومه‌رجێکی ئاوا ناخۆش و ناله‌بار دا، که‌ هیوامان به‌ ژیان نه‌مابوو، کاک مه‌جید لێمان بوو به‌ خدری زینده‌. بۆم ساخ نه‌ده‌بۆوه‌ که‌ له‌ کوێڕا هاتبوو و چۆنی ‌من دیتبۆوه‌. باسی کوڕه‌کانی سابڵاغی لێ پرسیم. که‌ بۆم گێڕاوه‌ هه‌ر ئاخی هه‌ڵده‌کێشا و پەکووپەکووی بوو بۆ شه‌هید بوونی سوله‌یمانی بلووری، جه‌ماڵی مفتی، کەریمی بلووری، ته‌های کەرباسی، مه‌مانی جەننەتی، ڕه‌حیمی قادری و ئه‌و کوره‌ باشانه‌ی که‌ ده‌یناسین و بیره‌وه‌ریی لێیان هه‌بوو. هه‌زاران پرسیارمان هه‌بوو له‌ یه‌کتر و

گوتی: کاکه‌ ئاوا نابێ، ده‌بێ هه‌ستن له‌گه‌ڵ مریم خان بچینه‌ کۆیه‌ بۆ لای ئێمه‌. قسه‌مان زۆرن، له‌وێ ده‌یانکه‌ین‌.

گوتم: کاک مه‌جید گیان خۆ ئێمه‌‌ بێ وه‌ره‌قه‌ی عه‌سکه‌ری عێراق ناتوانین جووڵه‌ بکه‌ین.

گوتی: ئه‌گه‌ر وایه‌ ئێمه‌ ده‌ڕۆین. ئه‌تۆ وه‌ره‌قه‌ی جێبه‌جێ بکه‌ و حه‌وتوی داهاتوو کاک نه‌ژادی ده‌نێرم به‌شوێنتان دا ( کاک نەژاد کوڕی مامۆستا عەونی و ژنبرای بوو). پێش ئه‌وه‌ی هه‌ستن بڕۆن، کاک مه‌جید پاکه‌تێکی له‌ژێر ئه‌م په‌توویه‌ نا که‌ له‌سه‌ری دانیشتبوو و کوتی ئه‌م زه‌رفه‌ هی ئێوه‌یه‌. پاشان که‌ ئێمه‌ ڕۆیشتین چاوی لێ بکه‌ن! پاره‌ بوو بۆیان به‌جێ هێشتبووین. له‌بیرم نه‌ماوه‌ چه‌ند دینار بوو به‌ڵام هه‌رچه‌ندێک بووبێ ده‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ دا که‌ ئێمه‌ی تێدا بووین، که‌ له‌ حه‌وت ئاسمانان ئه‌ستێره‌یکمان شک نه‌ده‌برد، ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ به‌ قه‌درا‌یە دونیایه‌ک بایه‌خی هه‌بوو و ئێستا که‌ خه‌ریکم ئه‌م بیره‌وه‌ریه‌ ده‌نووسمه‌وه‌ چاوم پڕ بووه‌ له‌ فرمێسک بۆ حاڵی ئه‌وده‌می خۆم و ئه‌و خه‌ڵک و پیشمه‌رگانه‌ که‌ به‌شێکی زۆریان له‌ زاری هه‌ژدیها ڕزگاریان نه‌بوون و تێدا چوون، ئیران تێرۆریست و سیخوره‌کانی له‌ گیانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ردابوو و ده‌وری ٤٠٠ کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ باشووری کوردستان تێرۆر کرد.

درێژەی هەیە