ژیانی نێو ئەشکەوت زۆر خۆش بوو و زۆر چاکی پێ ڕاهاتبووم و شانازیم پێوە دەکرد.
زستان داهات و ٢ ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٢( ١٩٨٤،١،٢٢) کۆنگرەی ٦ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداری ٢٣٠ کەس لە گوندە وێرانکراوەکەی گەڵاڵە بەڕێوە چوو.
لە کۆنگرەکەدا ٢ خالی سەرەکی بڕیاریان لەسەر درا کە بە دڵی زۆران نەبوو.
یەکیان کورتەباس بوو و ئەوی تر بڕیارێک بوو لەسەر کۆمەڵە کە ئەگەر کۆمەڵە لە شوێنێکی کوردستان لە حیزب بدات و شەڕی لەگەڵ بکات، لە هەموو کوردستان وەڵامی بدرێتەوە و شەڕی سەراسەری لەگەڵ بکرێ.
بەرلەوەی باسی ڕووداوەکانی دوای کۆنگرە بکەم دەمەوێ هەلوومەرجی ئەوکاتی کادر و پێشمەرگەی حیزبتان لەو شوێنەی کە بووین بۆ باس بکەم.
ئەوکاتە سەددام مابوو و شەڕی ئێران و عیراق بەردەوام بوو.
ئیمە لە گەڵاڵەوە کە ناوچەی ( موحەرەمە) یا قەدەغەکراوی باشووری کوردستان بوو، بێ بەرگەی هاتووچۆی عەسکەری عێراقی کە پێیان دەگوت (عدم التعرض) تەنیا دەمانتوانی هاتووچۆی یەک گوند بکەین بە ناوی “کارێزە”.
کارێزە کۆمەڵگایەکی زۆرەملی بوو کە حکوومەتی بەعسی عێراق سازی کردبوو و دانیشتوانی گوندە وێرانکراوەکانی گەڵاڵە، باساوێ، سەفرە و زەروونیان بە زۆر لەم گوندە نیشتەجێی کردبوو. خەڵکی کارێزە زۆربەی یا بێکار بوون یا قاچاخیان دەکرد.
ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات کە تەزکەرە ( هەویە یا شناسنامە) ی عێراقیمان نەبوو ئەگەر لە کارێزەوە ویستبامان بچین بۆ سولەیمانی یا هەر شار و گوندێکی دیکەی باشووری کوردستان دەبوایە بەرگەی هاتووچۆ ( عدم التعرض) مان پێ بێت دەنا ڕێگەیان نەدەداین و دەگیراین. بەرگەی هاتووچۆش تەنیا بە حیزبە سیاسییەکان دەدرا و ئەگەر سەر بە حیزبێکی سیاسی نەباین نەماندەتوانی لە کارێزە بجووڵێیەوە.
ئێمە ئەگەر لە ڕۆژهەڵات باین و چەند شار و ناوچەی ئازادکراومان بەدەست بایە. دەکرا ئەو باسە بێنینە گۆڕێ و کەسانێک کە لەگەڵ تێۆرییەکە موخالیف بوون خوداحافیزی لە حیزب بکەن و بچنەوە سەر ماڵ و حال و ژیانی خۆیان دابنیشن و هیچ نەقەومێ.
بەڵام لە گوندێکی وێرانکراوی باشووری کوردستان دا، هێنانی تیئۆرێکی تازەی سۆسیالیستی، بۆ نێو حیزبێکی نەتەوەیی کە ئەندامەکانی خەباتیان دەکرد بۆ ڕزگاری لە چەنگ حکوومەتێکی جنایەتکاری مەزهەبی، کاتێکی زۆر خراپ بوو و کەسانێک کە بەرپرسایەتی ئەو حیزبە و ئەو خەڵکەیان لەسەر شان بوو، خوێندەوار و خاوەن ئەزموون بوون، دەبوایە هەلوومەرجەکەیان زۆر وردتر هەڵسەنگاندبا و زۆر بەرپرسانەتر جووڵابانەوە بۆ هێنانە گۆڕی باسێکی ئاوا گرینگ ؟
ئێمە سێ ساڵ پێشتر هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بەدەستەوە بوو لە ئیلام و کرماشانەوە هەتا چۆمی ئەرەس لە سنووری ئازەربایجانی شوورەوی، مەسەلەیەکی گرینگی وەک کورتەباس کە نەخشەڕێگای تیئۆری و ئیدئۆلۆژی حیزب بوو و باسی لە داهاتووی کوردستان و دامەزراندنی وڵاتێکی سۆسیالیستی و دێمۆکڕاتی دەکرد، دەبوو لە کاتی ئاسایی دا باس کرابا نەک کاتێک کە ئێمە لە قەیران و بنبەستی سەربازیی کەوتبووین و بستێکمان لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستەوە نەمابوو.
هەر وەک پێشتر باسم کرد ئێمە لە شوێنێک بووین کە به قووڵایی ٢٠ کیلوومیتر له ژینهوهر چۆل کرابوو، دێهاتهکانی هەموو وێران کرابوون، کانیاوهکانی هەموو کوێر کرابوونهوه، دار و جهنگهڵ و لێڕهوارهکانی سووتێندرابوون و بە میلیۆنان مین لە کێلگە و زەوی و دەشت و دەرەکەی چێندرابوو.
ئێمە تازە لە ڕشانەوە و زگچوونی خواردنەوەی ئاوەڕۆی مەبالی گوندی گەڵاڵە چاک ببووینەوە! حکوومەتی سۆسیالیستی دیمۆکڕاتیکی چی؟
ئێمە لە ڕاستییدا لە سەر هەڵدێرێک بووین کە نەڕێگای چوونی پێشەوەمان هەبوو و نە ڕێگای گەڕانەوە بۆ دواوە.
گەڕاباینەوە ئێران یا دەگیراین و دەکوژراین یا دەبوو سەر بۆ کۆماری پەت و سێدارە دابخەین و تۆبەنامەی وەربگرین کە ئەویش بە شێوەیەک هەر مردن بوو.
چوون بۆ نێو عێراق و ژیان لە ژێر دەستی حکوومەتی بەعس عێراق دا تەنیا بە یەک شێوە ئیمکانی هەبوو کە کار بۆ ئیستخباراتی عێراق بکەین و ببین بە سیخوەڕ و جاسووسی ئەوان.
سێهەم ڕێگاشمان ژیان لە نێو کۆمەڵگای زۆرەملی کارێزە دا بوو کە بۆ کوردێکی رۆژهەڵاتیی کە نەیدەتوانی لە کارێزەوە بۆ هیچ شوێنێک جووڵە بکا، زۆر زەحمەت بوو.
من باسی دوو ئیشی خۆمتان بۆ دەگێڕمەوە وەک نموونە کە پاش ئەوەی لە حیزب دا نەمام لە کارێزە کردمن.
سەرەتا چووم دوو کارتۆنم سێو کرێ و لە پێش دووکانێکی بەقاڵی ئیجازەم وەرگرت دابنیشم و بیانفرۆشم. ڕۆژێک تا ئێوارێ لە پشت سێوەکەی دانیشتم و وابزانم سێ کیلۆم فرۆشت و ئێوارەکەی سێوەکانم دا بە بەقاڵەکە و گوتم کاکە هەقدەستی ئەوەی ڕێگات پێدام لێرە دابنیشم و بیانفرۆشم. کابرا زۆری هاوار کرد کە نامەوێ جوابم نەداوە و سێوەکانم بۆ بەجێ هێشت و زانیم بەو ئیشە بەخێو نابم.
دووهەم ئیشم فرۆشتنی نەوت بوو. کارێزە پۆمپی بێنزین و نەوتی لێ نەبوو، کاک ئاسۆی موکریانی دەپازدە بۆشکەی بەتاڵی نەوتی هەبوو دەچوو لە گوندێک بە ناوی چوارتا نەوتی دەهێنا و لە کارێزە دەیفرۆشت. داوام لێکرد منیش بکا بە شەریکی خۆی و کاری لەگەڵ بکەم. گوتی زۆر باشە تۆ بۆشکەکان بەرە بچۆ لە چوارتا نەوتی بێنە لێرە دەیفرۆشین و قازانجەکەی بەش دەکەین. منیش گوتم باشە.
چووم کارتێکی ئەندامەتی چریکەکانی هوویەتم وەرگرت و بۆشکەم لە تڕاکتۆڕی نا و چوومە چوارتا بۆ پۆمپی بێنزینەکە و داوای نەوتم کرد. کابرای خاوەن پۆمپەکە، گوتی: وەرقەی ئیستخباراتت پێیە؟
گوتم: نا وەرەقەم ئیستخباراتم پێ نییە، نەوتی دەکڕم و پارەت دەدەمێ.
گوتی: نابێ. دەبێ وەرەقەی بێنی. ئیجازەم نییە بێ وەرەقە بۆشکەی نەوت بفرۆشم. گوتی : ئەگەر پازدە بیست لیترت دەوێ. دەتدەمێ بەڵام دە پازدە بۆشکە وەرەقەی دەوێ.
گوتم: ئیستخبارات لە کوێیە؟ ئادرێسەکەی دامێ و چوومە ئیستخبارات.
گوتم: من موعارەزەی ئێرانیم و ئەوەش کارتەکەمە ( کارتی چریکان)م نیشان دا و هاتووم نەوتی بکڕم و کابرای خاوەن پۆمپەکە داوای وەرەقەی ئێوەم لێ دەکات.
گوتی: مەقەرتان لە کوێە؟ چەند کەسن؟ چەند مەقەرتان هەیە؟ خەڵکی کوێی ئێرانی؟ ئیسفەهان قەت چووی؟ پادگانەکەی دەزانی چۆن هەڵکەوتووە؟ و پازدە بیست پرسیاری دیکەی لێ کردم و منیش بە پێی توانا وەڵامم داوە و وەرقەکەی بۆ نووسیم. چووم وەرقەکەم دا بە کابرای خاوەن پۆمپەکە و نەوتم کڕی و هێنامەوە کارێزە و فرۆشتمان و پاشی سێ چوار ڕۆژ دیسان بۆشکەکانم هەڵگرت و چوومەوە چوارتا بۆلای خاون پۆمپەکە و داوای نەوتم کردەوە.
کابرا دیسان گوتی: دەبێ وەرەقەی ئیستخبارات بهێنی.
گوتم: کاکە خۆ تۆ منت لەبیرە، چوار پێنج ڕۆژ لەمەوبەر هاتم و بۆخۆت ناردمتە ئیستخبارات و وەرەقەشم بۆ هێنای.
گوتی : لەبیرمە بەڵام دیسانیش دەبێ وەرقەی بێنی وەرقە هەر بۆ جارێکە و هەتا نەوتت بوێ دەبێ هەموو جارێ وەرەقەی ئیستخبارات بهێنی.
دیسان چوومەوە ئیستخبارات و داوای وەرقەم کردەوە،
ئەوجار پرسیارەکانی گۆڕا و لەسەر پاڕتی و یەکێتی دەستیکرد بە پرسیار،
بنکەیان لە کوێە؟ چۆن دێن؟ چۆن دەڕۆن؟ کەی دێن؟ ئاخر جار کەی دیتووتن؟
گوتم کاکە گیان من هاتووم وەرقەی نەوتم دەوێ خۆ من جاسووس نیم. چووزانم مەقەری پارتی لە کوێیە؟ چووزانم یەکێتی لە کوێن. من لە مەقەری خۆمان لە فڵانە جێگا دانیشتووم و ئاگام نە لە پاڕتی یە و نە لە یەکێتی.
ئەو جارەش وەرقەی دامێ و نەوتەکەم هێنا. بەڵام کە هاتمەوە کارێزە نەقڵەکەم بۆ ئاسۆ گێڕاوە و گوتم کاکە من جاسووسیم پێ ناکرێ و تازە ناچمەوە چوارتا و وازم لە نەوت فرۆشتنیش هێنا.
مەبەستم لە گێرانەوەی ئەم داستانە ئەوە بوو کە بڵێم کۆنگرەی ٦ لە هەلوومەرجێک دا گیرا کە ئێمە هیچ ئاڵترناتیوێکمان نەبوو بۆ ژیان. ئەگەر نەمانویستبا درێژە بە کار لە حیزب دا بدەین، چارەنووسمان یا تەسلیم بوونەوە بە ئێران بوو، یا بوون بە نۆکەر و جاسووسی ئیستخبارات یا دیتنەوەی ڕێگایەک بۆ چوونی ئوڕووپا کە ئەویش زۆر زەحمەت و کاری حەزرەتی فیل بوو.
کەوابێ هێانە گۆڕی کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزم، جیا لە ڕاستی و ناڕاستی تێئۆرییەکە کاتەکەی زۆر نەگونجاو بوو.
کۆنگرەی ٦ دەبوو ببێتە کۆنگرەی خەسارناسی کە بۆچی بە چوار ساڵ هەموو خاكی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان لەدەست دا و دەخاکی باشووری کوردستان کراین؟
دەبوایە ببێتە کۆنگرەی ئاشتی و تەبایی لەگەڵ کۆمەڵە و هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی وەک ئێمە ڕاونرابوون و لێیان قەومابوو. دەبوایە باسمان لە پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوو و هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو کردبا کە بتوانین ناوچە داگیرکراوەکان لە دوژمن وەربگرینەوە.
دەبوایە ببێتە کۆنگرەی بەخۆداچوونەوە و دەستنیشانکردنی هەڵەکانمان کە بۆچی خاکی ڕۆژهەڵاتمان لەدەست دا؟ چمان کرد کە دەبوو نەیکەین؟ چمان نەکرد کە دەبوو بیکەین؟
درێژەی هەیە