بەشی ٤١

You are currently viewing بەشی ٤١
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:2 mins read

بەهاری ساڵی ٦٢ ( ١٩٨٣) ڕۆژێک له‌ گوندی دوولکان خەریکی تۆمارکردنی بەرنامەی ڕادیۆ بووم، گوتیان: باوکت هاتووە بۆ سەردانت.

بەغار چوومەوە ماڵێ دیتم کاک کەریمی دانشیار و کاک جەعفەری حەسەن پوور و برادەرێکی دیکە بوو کە نەمدەناسی و قەتم نەدیتبوو.

کاک کەریم هەمیشە ئەرکی باوکێتی هەبووە بۆ من و خۆشم ویستووە و ئەویش هەمیشە وەک باوکێک ئاگای لە من بووە و لێی پرسیوم و هەر بۆیەش گوتبووی بە پۆڵای بڵێن باوکی هاتووە. زۆر خۆشحال بووم بە دیداریان و بەخێرهاتنم کردن. نەفەری سێهەمیان پێ ناساندم کاک خالیدی عەزیزی بوو کە تازە خەریک بوو لە کۆمەڵە ڕا بێتە نێو حیزب و دەچوو بۆ مەزناوێ بۆ دیتنی دوکتور قاسملوو.

ڕادیۆکەمان لە دوولکان ڕا گوێزراوە بۆ مەزناوێ و دەبوو لەوێ چادر لێبدەین ماڵی لێ نەبوو.

ڕۆژێک خه‌ریکی چادر لێدان بووم، چووم هیندێک دار ببڕمه‌وه‌ بۆ سینگی چادره‌که‌مان (سینگ ئه‌و داره‌یه‌ که‌ له‌ عه‌رزی داده‌کوتن هه‌تا چادره‌که‌ی ڕابگرێ)، نیوسه‌عاتان به‌ نێو ئەو دارانە دا گه‌ڕام که‌ دارێکی ببینمه‌وه‌ دارە میوه‌ نه‌بێ و چەند لقی ببڕمەوە بۆ سینگی چادرەکەم، نه‌م ده‌دیته‌وه‌. هەموو دارە میوە بوون. هەنار، هەنجیر، هه‌رمێ، سێو، ئالووباڵوو، گێلاس، توو، داره‌ به‌ن، ترێ و میوەی جۆراوجۆر و هه‌ر به‌ ڕاده‌ی ئه‌و داره‌ میوانه‌ش مارمان هه‌بوو لەم دۆڵە گەرمە دا. لە هەموو شوێنێک تووشی مار دەبووین، له‌ناو چادر، جێگاو بان، دۆشەگ، سفره‌ و شوێنی کار. مار هێنده‌ زۆر بوو که‌ کوڕه‌کانی ئینتشارات ده‌یانگرت و بستێک له لای سه‌ر‌ و بستێک له‌ خواره‌که‌یان ده‌بڕی و پێسته‌که‌یان داده‌ماڵی و گۆشتێکی جوانی وەک ماسی هەبوو کە له‌ تاوه‌ی دا سووریان ده‌کرده‌وه‌ و ده‌یانخوارد و منیش ڕۆژێکی تامم کرد، تامەکەی وه‌ک ماسی وابوو به‌ڵام هێندێک توند و گه‌رم‌.

کاک کەریمی حیسامی هەتا مەزناوێ لەگەڵمان بوو و لە ڕادیۆ کاری دەکرد و خەبەریان پێ دا کە کچەکەی تەسادوفی ماشێنی کردووە و بریندار بووە و ئیتر کاک کەریم بڕیاری دا بچێتەوە و مارێکی یەک میتریمان بۆ گرت بێ ئەوەی برینداری بکەین و کاک کەریم دە شووشەی نا و ئاڵکۆڵی لەسەر کرد و گوتی لەگەڵ خۆم بە دیاری دەیبەمەوە بۆ کچەکەم و کاک کەریم چۆوە بوڵغارستان.

گه‌رمی هه‌وای نێو چادرەکانمان بی شک لە سه‌ره‌وه‌ی ٥٠ ده‌ره‌جه‌ ده‌بوو! ئیمە لەگەڵ کاک فەتتاحی کاویان لە ژووری چادرێک بە ڕووتی دادەنیشتین بۆ نووسین، وەک باران ئارەقەمان بەسەر و چاوان دا دەهاتە خوار و ڕۆژێ دەجار هەڵدەهاتینە ژێر پلووسکی کانیاوێکی‌ ساردی کەللە تەزینی ته‌نیشت چادرەکەمان و خۆمان وەبەر پلووسکی ئاوەکە دەدا کە به‌ لێشاو ئاوی لێ ده‌هات و بۆ ماوەیەک خۆمان فێنک دەکردەوە.

ژنەکان بەداخەوە لەوەش بێبەش بوون و لەبەر عەیبە و دواکەوتوویی دەبوو دەو گەرمایە دا دانیشن و بەرگە بگرن. ئێستا کە بیر لەو کچ و ژنە قارەمنانانە دەکەمەوە کە ئەو کاتە لە نێو ئەم گەرما و مار و هۆڵەپەزەدا هەڵیان دەکرد و بەرگەیان دەگرت ئافەرین و دەستخۆشیان لێ دەکەم.

مه‌زنا‌وێ ئاخرین شوێن بوو له‌ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە‌ لەسەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات هەڵکەوتبوو و کاک دوکتوریش هەر لە چادر دا و لە نێزیک ئێمە دەژیا.

هەر لەو چادرە دا کاک دوکتور نامیلکەیەکی نووسی بە ناوی کورتەباسێک کەسەر سۆسیالیزم و دای بە ئێمە کە بیخوێنینەوە و نەزەری لەسەر بدەین.

کورتە باس نەخشەڕێگای تیئۆری و ئیدئۆلۆژی حیزب بوو بۆ دواڕۆژی کوردستان و باسی لە وڵاتێکی سۆسیالیستی و دێمۆکڕاتیک دەکرد کە حیزب دەیهەوێ لە داهاتوو دا لە کوردستان دایبمەزرێنێت.

هەر لە یەکەم ڕۆژەکان دا من بۆچوونی خۆم بە کاک دوکتور گوت و گوتم: من کارم بە ڕاستی و ناڕاستی تێئۆرییەکە نییە بەڵام ئەوەی دەزانم کە تێگەیشتنی ئەم تێئۆرییە زۆر زەحمەتە و کات و کار و کلاس و پەروەردەکردنی دەوێ و باسی تیئۆری زۆرجار دەبێتە مایەی کێشە و ئیختلاف و دووبەرەکی و کاتەکەش زۆر ناگونجاوە و ئێمە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزیی و یەکگرتوویی نێو حیزب هەیە. ئێمە ئێستا لە سەر سنوورین و هەر ئان لەوانەیە هێرشمان بۆ بکرێ و ئاودیوی ئەوبەری سنوورمان بکەن و لەولاش دیار نییە چیمان بەسەر دێت.

باسەکانمان نەگەیشتە حەوتوو و مانگ، هێرشێکی بەربڵاومان بۆ کرا و ناوچەی ئالانیشمان لێ گیراوە و‌ ناچار ڕوومان ده‌ خاکی باشووری کوردستان کرد.

ئه‌و ناوچه‌ی باشووری کوردستان کە ئێمە چووین ناوچەی قەدەغە کراو‌ ( منطقە محرمە) بوو و شا و سه‌ددام له‌ گرێبه‌ست و په‌یمانی شوومی جه‌زایر دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێکهاتبوون که‌ کوردستان به‌ درێژایی سنووری نێوان ئیران و عێراق و به‌ قووڵایی ٢٠ کیلوومیتر له‌ ژینه‌وه‌ر چۆل بکه‌ن. سه‌ددام ئه‌م پڕۆژه‌ی ده‌ست پێ کرد و خه‌ریکی وێرانکردنی شار و دێهاته‌کانی کوردستان بوو. بەڵام شای ئێران پێڕانه‌گه‌یشت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ بەرێت. هەر بۆیە لەسەر سنوور ڕا بە قووڵایی ٢٠ کیلوومیتر‌ خاکی باشووری کوردستان له‌ خه‌ڵک چۆل کرابوو، دێهاته‌کان وێران کرابوون، کانیاوه‌کانی کوێر کرابوونه‌وه و تەقێندرابوون‌، دار و جه‌نگه‌ڵ و لێڕه‌واره‌کانی سووتێندرابوون و بە میلیۆنان مینیان لە کێلگە و زەوی و دەشت و دەرەکەی دا چاندبوو و کەسی تێدا نەدەژیا. ئێمە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک لەشکرێکی تێکشکاو، لە گوندێکی وێرانکراوی ئەم ناوچەیە بە ناوی گەڵاڵە گیرساینەوە.

نێوانی حیزب و کۆمەڵە زۆر خۆش نەبوو و تا ئەو کاتە چەندین شەڕ و پێکدادان لە نێوانیان قەومابوو. شەڕەکان زۆربەی لەسەر یەکتر بوغزاندن بوون. حیزب پێی وابوو کۆمەڵە هێندە کەمن کە بە قابڵەمەیەک دۆڵمە تێر دەخۆن و کۆمەڵەش پێی وابوو حیزبی دێمۆکڕات بەشێکە لە بورژوازی و دەبێ لەسەر ڕێگای خۆی وەلای بدا! بەڵام نە کۆمەڵە نوێنەری پرۆلیتاریا بوو و نە حیزبیش نوێنەری بوورژوازی. هەر دوو ڕۆڵەی نەتەوەیەکی غەدرلێکراو بوون کە بە چوار دەوڵەتی داگیرکەر خەریکی توانەوەیان بوون و هەن. پیشمەرگەیەکی حیزب بە چەکەوە دەچوو بۆ لای کۆمەڵە یا بە پێچەوانە پێشمەرگەی کۆمەڵە دەهاتە لای حیزب، لەسەر چەکێک کە دەبرا بۆ لای بەرامبەر دەبوو بە شەڕ و چەندین پێشمەرگە لەسەر ئەو چەکە شەهید دەبوون کە نەیاندەداوە بە یەکتر و دەگوترا ئەوە چەکی شۆڕشە!!!!!

ئێمە و کۆمەڵە لە قەراخ ئەو گوندە وێرانکراوە لەسەر سفرەیەک نانی ویشکیمان دەخوارد و نه‌مانده‌زانی که‌ ئاوی کانیاو‌ی گوندەکەش پاش ته‌قاندنه‌وه‌ له‌ کاتی خۆی دا تیکه‌ڵاوی ئاوه‌ڕۆی مبالی مزگه‌وتی گوندەکە بووە و به‌کونێک دا سه‌ری وه‌ده‌رناوەتەوە و بە یەکەوە لەم ئاوەمان دەخوارەدەوه‌ و وێکڕا تووشی زگچوون و ڕشانه‌وە و نەخۆشی ببووین و کەسی وا هەبوو خوێن دەڕشاوە.

هەم ئێمە و هەم کۆمەڵە بێ ماڵ و حاڵ و سەرپەنا بووین. هەم ئێمە و هەم کۆمەڵە لە گەڵاڵە لەمبەر ئەوبەری گردێک نیشتەجێ بووین و دەستکرا بە چادر لێدان و سەرپەنا ساز کردن.

ئێمە ڕۆژی یەکەم بێنزینمان نەبوو کە مۆتۆڕی کارەبای ڕادیۆکەمانی پێ هەڵبکەین و لەبەر بێ بێنزینی نەمانتوانی بەرنامەی ڕادیۆ بڵاو بکەینەوە و ئەوە یەکەم جار بوو کە پاشی پێنج ساڵ ڕادیۆکەمان بێ دەنگ ببوو.

بەیانەی ڕۆژی دوایی من و دوو پێشمەرگەی دیکە، سێ دەببەمان هەڵگرت و بێ ئەوەی بزانین جادەکە بەرەو کوێ دەچێ بە نەرمە غار ملی ڕێگامان گرت و لای ئیوارێ، نیو سەعات پێش کاتی بڵاو بوونەوەی ڕادیۆ، بە سێ دەبەی پڕی بێنزینەوە خۆمان گەیاندەوە گەڵاڵە و توانیمان بۆ دووهەم ڕۆژ ڕادیۆکەمان وەکار بخەینەوە.

من زۆر سەرم بە نووسین و وێژەری و وەرگێڕان و کاری رادیۆوە قاڵ بوو و کاتی بەتاڵم نەبوو و پاشی پێنج شەش رۆژان دیتم هەموو عالەمەکە وەتاغ و چادر و سەرپەنایان بۆخۆیان ساز کردبوو و من و مرێمی خێزانم بێ ماڵ مابووینەوە.

ئەشکەوتێک بەبەرقەدی شاخەکەوە بوو کە دایاننابوو بۆ ئەسپی کاک دوکتور و ئەسپەکەش نەدەچوو دە ئەشکەوتەکەوە. ڕۆژێک چووم لە کاک دوکتورم پرسی گوتم من بێ ماڵ ماومەوە و ئەگەر ئەو ئەشکەوتەتان پێویست نییە بۆ ئەسپەکەت من خاوێنی دەکەمەوە و دەچم دەوێ دا دەژیم. گوتی هیچ ئیشکالی نییە و ئەگەر دەتوانی دەوێ دا بژی بڕۆ چی لێ دەکەی بیکە.

ئەشکەوتەکە کۆگایەکی گەورەی بەرد و خۆڵی لەپێش بوو فڕێم دا خوارێ و بەر ئەشکەوتەکەم ساف کرد، چووم لە نێو ماڵە ویرانکراوەکان دا چوارچێوەی دوو پەنجەرەو دەرگایەکم دیتەوە و بڕێک ڕێکوو پیکم کردن و دیوارێکم بە بەرد لە زارکی ئەشکەوتەکەی ساز کرد، دەرگا و پەنجەرەکانم تێگرت بەڵام بێ شووشە. چادریکیشم وەرگرت و لە نێو ئەشکەوتەکەی دا هەڵم دا و لە میچ و دیواری ئەشکەوتەکەم قایم کرد و ماڵێکم ساز کرد شا نەیبوو. بە هاوین فێنک و بە زستان گەرم. بێ دەعبا و مار و دووپشک. بێ دەنگ و ئارام، ئەمن بۆ تۆپ باران و هێرشی هەوایی و زۆر جار بەرنامەی رادیۆشمان تێدا تۆمار دەکرد و دەوری ساڵێک لەم ئەشکەوتە دا ژیاین.

درێژەی هەیە