ئەو شەوەش هەر لەو گوندە و هەر لەو ماڵە ماینەوە و زۆر بە ئارامی قسەمان لەگەڵ خاوەن ماڵەکە کرد کە ئێمە با پێشمەرگەی حیزبیش بین بەڵام هەر کوڕ و کچی ئەو میللەتەین، ئێمەش هەر بۆ ڕزگاری ئەو خەڵکە تێدەکۆشین،
پێمگوت: کە زۆربەی هاوڕێ نێزیکەکانی من لە کۆمەڵە دا شەهید بوون و ئێستاش هەر هاتووچۆی مەقەرەکانی کۆمەڵە دەکەم.
گوتم: ئاخر جار کە بابم دیتووە لە مەقەری حاجیاڵیکەند بووە و من چوومە مەقەری کۆمەڵە و میوانی هاوڕێ کۆمەڵەکانم بووم و ناردم بەدووی بابم دا و هات لە مەقەری کۆمەڵە سەردانی کردم.
گوتم: کە ئێمە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ کۆمەڵە نییە و ئەوانیش هەموو خوشک و برا و هاوڕێی ئێمەن.
بەو قسانە کابرا نێوچاوانی کراوە و کردەوەیان لەگەڵمان گۆڕا. کاک مەولوود چوو مریشکێکی قەڵەوی کڕی و هێنایەوە و بە شۆخی گوتی ئەوڕۆ دەبێ ئێوە میوانی ئێمە بن و ئەو شەوەمان بە شۆخی و بە پێکەنین تیپەڕ کرد.
بۆ بەیانەکەی تاوێکی خۆش هەڵات و ماڵئاواییمان لە خانەخوێیەکەمان کرد و زۆرمان سپاس کرد بۆ ئەو زەحمەتانەی بە ئێمەوە کێشابوویان و ملی ڕێگامان گرت و هەتا سەر دوندی شاخی سەرتوون ڕانەوەستاین.
لە سەر سەرتوون بەسەر دیمەنێک داکەوتین کە لە تەواوی ژیانم دا دیمەنی ئاوا جوانم نەدیتبوو، لەو سەرە ڕا تێکەڵاوێکت دەدیت لە هەور و هەڵم و مژ کە لە ژێر پێمان دەریایەکی مەندی سپی یەکپارچەی پێکهێنابوو و دەتگوت لەسەر هەورانین و بە ئاسمان دا دەڕۆین. هەتا چاو هەتەری دەکرد مەندایی بوو، لە چەند شوێن لووتکەی چیاکان لە هەور وەدەرکەوتبوون و دەتگوت جەزیرەی نێو دەریان. چاو لە دیتنی ئەو دیمەنە جوانە تێر نەدەبوو. وردە وردە داگەڕاین بەرەو داوێنی کێوەکە، لە بەرقەدی شاخەکە، لە دۆڵێکی چووکە دا، چۆرەچۆڕی ئاو دەهات کە لە ژێر بەفر و سەهۆڵ دەهاتە دەر و لە ژێر تیشکی خۆرە تاو بریقەی دەدا و جۆگەیەکی باریکی ساز کردبوو پڕ لە کووزەڵە کە لە دەوری ئاوەکە و لە ژێر بەفر سەریان وەدەر نابوو، دانیشتین نان و پەنیر و کووزەڵەیەکی تێرووتەسەلمان خوارد کە ئێستاش تامی هەر لەژێر زمانم دایە و قەتم شتی ئاوا خۆش نەخواردۆتەوە.
لەسەر شاخی سەرتوون ڕا هەتا گوندی سوێناس زۆر دوور نەبوو کە بەو نێوانە دەڵێن مەیدان چۆغە. لای نیوەڕۆ گەیشتینە سوێناس و لەوێ ڕا ماشێن هەبوو سوار بووین و چووین بەرەو کاوڵان و کیتکە و بە خەلیفان و قۆیتەڵ و کانێ سێودا چووین بۆ نەخۆشخانەی قالوێ.
لە نەخۆشخانەی قالوێ دوو شەو خەوتم هەتا نەشتەرگەریان بۆ کردم. لەم نەخۆشخانە بەداخەوە دوکتوری کوردی لێ نەبوو. دوکتورەکان زیاتر هی ڕێکخراوی دوکتورانی بێ سنوور بوون کە لە فەڕانسەوە هاتبوون بۆ یارمەتی جووڵانەوەی کورد و نەخۆشخانەکەیان هەڵدەسووڕاند. ئەو کاتەی من چووم دوکتورێکی غەیری کوردی لێ بوو کە لەسەربازی هەڵاتبوو و پەنای بۆ کوردستان هێنابوو و لە نەخۆشخانەی قالوێ کاری دەکرد و ناویان گۆڕیبوو بە دوکتور ڕزگار.
دوکتور ڕزگار هیندێک خۆشیان نەدەویست. ئەوەی خۆشی دەویست دەیگوت دوکتورە و ئەوەی ڕقی لێی بوو دەیگوت بایە توورێکی لە دوکتوری نازانێ و لەخۆرا خۆی لە ئیمە کردۆتە دوکتور.
بەڵام بە بڕوای من دوکتورێکی شارەزا و لێهاتوو بوو. چونکە لەم نەخۆشخانە دا کە بە هەزاران کەمووکووڕیی کەرەسە و جێگا و بیهداشتی هەبوو و فشاری هەرە زۆری لەسەر خوشکە سەکینەی جەوانمەرد بوو کە وەک پەرەستار شەو و ڕۆژ لەم نەخۆشخانەدا زەحمەتی دەکێشا و کاری دەکرد، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوانەی بۆ من کرد. دوکتورێک بتوانێ بێهۆشت بکا، زگت بدرێ، ڕیخۆڵە کوێرەت دەربهێنێ، بیدروێتەوە، وەهۆشت بێنێتەوە و بە چەند ڕۆژ بتخاتەوە سەرپێ و چاکت بکاتەوە چۆن دوکتور نییە؟ ئەزقەزا بیستوومە ئێستا لە گەورەتین نەخۆشخانەی ستۆکهۆم “کارۆلینسکا” وەک دوکتور کار دەکا و هیوای شادی و سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.
چەند شەوێک لە نەخۆشخانە مامەوە و مستەفای نانەوازادە کە ئەوکاتە پێشمەرگە بوو، برا گەورەی عەلی نانەوازادە شاعیر و نووسەر، چەند جارێک لە نەخۆشخانە سەردانی کردم و بەداخەوە ئەوە ئاخرین دیدارمان بوو لەگەڵ مستەفا و پاش ئەوەی من لە نەخۆشخانە ڕزگارم بوو ئەویش چۆوە مەهاباد و پاش قەدەرێک کۆچی دوایی کرد. مستەفا هاوگەرەک و جیران و هاوڕێی نێزیکی دەورانی منداڵیم بوو. یادی بەخێر.
پاشی چوار پێنج ڕۆژ کە برینەکەم ساڕێژ بوو ئیزن درام کە لە نەخۆشخانە بڕۆم.
لە چەند کیلوومیتری نەخۆشخانەی قالوێ گوندێکی لێ بوو بە ناوی سەمبە. دۆستێکی خەڵکی سەمبەم هەبوو بە ناوی بڵباس کە کاتی خۆی لە تاران لە شیرکەتی شارسازی واوان بەیەکەوە کارمان کردبوو و زۆرم خۆش دەویست.
کاک بڵباس قاچێکی دەستکردی هەبوو کە زەمانی شای بە فیشەکی ژاندارمان پەڕیبوو. کاک بڵباس یەکی چاوی شینی سمێڵ زلی دەنگ گڕ بوو و هەتا خودا حەز داکا پیاوێکی خوێنشیرن و لەسەر دڵان بوو.
لە نەخۆشخانە کە ئازاد کرام بەپێیان وەڕێ کەوتین بەرەو سەمبە، لە ڕێگایە کەرێکی مردەلۆخەی بەرەڵڵام دیتەوە و گوتم: مرێم خودا گەیاندی. سواری کەرەی بووم لاقم دەگەیشتە عەرزی، گۆچانێکم بەدەستەوە بوو، چاویلکەیەکی دوودیم لە چاو دابوو، تفەنگ و فیشەکدانێک بە شانەوە، بەو دیمەنە سەیر و سەمەرەی من هەتا گەیشتینە سەمبەی مرێم هەر پێکەنیوە.
سەمبە لە جاش و پاسدار زۆر دوور نەبوو، دەیانگوت بە ماشێن هەر دەخولەک دەبێ، بەڵام بەو حاڵەش دووشەوان لە سەمبە ماینەوە و میواندارییەکی کوردانەیان لێ کردین. قەلیان کوشتبۆوە و لە تەندووری ژوورێ دا دەیانپیشاند و لە دەوری تەندوورەکە دادەنیشتین و دەمانخوارد.
لە سەمبە ڕا گەڕاینەوە ناوچەی سەردەشت و بەیەک ڕۆژ لە جادە پەڕینەوە بۆ ناوچەی ئالان و دولکان و دەستم کردەوە بە کاری ڕادیۆ.
ڕاستییەکەتان دەوێ ئێستاش کە ئیستایە نەمزانی کە کاتێک پەڕینەوە لە ناوچەی سەردەشتەوە بۆ ئالان ئاوا هاسان بوو کە ئێمە توانیمان بەڕۆژێک بپەڕینەوە، بۆچی ئەو ڕێگا پڕ لە مەترسی و زەحمەتەمان هەڵبژارد کە لە ئالانەوە بچین بۆ بانە و لەوێش ڕا وا بە زەحمەت و کوێرەوەری بپەڕینەوە کە چی وای نەمابوو تێدا بچین.!!!!!
لەوانەیە سیاسەتەکەشمان هەر ئاوا کردبێ و ڕێگەی هاسانتر و باشتر هەبوایە بۆ بە ئامانج گەیشتن و سەرکەوتن!