جادەی سەردەشت خانێ و سەردەشت بانە گیرابوونەوە و سەردەشت مەهاباد هەر بەدەست پێشمەرگەوە بوو. ئێمە لە ئالان بووین کە دەکەوێتە پشتی سەردەشت بەرەو سنوورەکانی باشوور و هاتووچۆی ئێمە کە ڕادیۆکەمان لەوێ بوو بۆ ناوچەی مەهاباد و بۆکان زۆر زەحمەت ببوو و دەبوایە بەشەو و بە شاخان دا و بە پێیان بە نێو پایگاکانی دوژمن دا پەڕیباینەوە بۆ شوێنێک کە پایگای دوژمنی لێ نەبوایە و لەوێڕا چووباین بۆ شوێنی مەبەست.
زستانی ساڵی ٦١ کە دەبێتە یەکەم مانگەکانی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی، لە دوولکانی ناوچەی ئالانێ سەرەشت ڕیخۆڵە کوێرەم ( ئاپاندیس) وەژان کەوت و دەبوایە خۆم بگەیەنمە نەخۆشخانە و چارەی بکەم و تەنیا نەخۆشخانەی حیزبیش کە هەبوو لە قالوێ لە ناوچەی بۆکان بوو و بڕیار درا بچمە ئەوێ.
من و مرێمی هاوژینم ساز بووین و کاک مەولوود سوارە کە ئێستا لە لەندەن بەرپرسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانە و پێشمەرگەیەکی دیکە کە ناوەکەیم لەبیر نەماوە، لە بێژوێ ڕا بووینە هاوسەفەر و چووین بۆ گوندی نیروان کە تەشکیلاتی بانەی لێ بوو. لەوێ ڕا چووینە گوندی چرووش بۆ لای کاک حامیدی گەوهەری کە ئەوکاتە فەرماندەی هێزی بانە بوو.
شەوێک لە چرووش ماینەوە و بۆ ڕۆژی دواتر کاک حامید ٨ پێشمەرگەی ڕەگەڵ خستین کە لە جادە بمانپەڕیننەوە. بەفرێکی یەکجار زۆر باریبوو و هەوایەکی سارد و ناخۆشی هەبوو و ڕێگەیەکی سەخت و دووروو درێژیمان لەبەر بوو کە بە نێو پایگاکانی دوژمن دا بپەرینەوە بۆ شوێنێکی ئەمین کە پاسدار دەستی بەسەر دا نەگرتبێ.
ئەو شوێنەی کە ئێمە دەبوو پێیدا بپەڕینەوە بەڕۆژ جاش و پاسدار دەهاتنە سەر ڕێگاکە و کۆنتڕۆڵی جادەکەیان دەکرد و ئێواران چۆلیان دەکرد و دەگەڕانەوە پایەگاگانی خۆیان.
ئێمە سەعات ٩ی بەیانی وەڕێکەوتین هەتا دووروونیزیکی شوێنی کۆنترۆڵی پاسدارەکان و لە نێو بەفر دا ماوەیەک خۆمان مات کرد هەتا کۆنترۆڵەکەیان کۆ کردەوە و دەوری سەعات چواری ئێوارێ کە وردەوردە بەرەو تاریکیی دەچوو وەڕێ کەوتین و دەبوایە بە بێ دەنگیی بە دۆڵێکی قووڵ دا کە سەر شاخەکانی حەوت پایگای دوژمنی لێ بوو تێپەڕ بین. لە نێوەڕاستی ڕێگاکە تووشی پۆلێک چەکدار بووین کە لەو لا ڕا دەهاتن بەرەو ئێمە و دەیانەویست بپەڕنەوە بۆ لای بانە. سەرەتا لەبەریەک دامەزراین و خەریک بوو تەققە لە یەک بکەین بەڵام زۆر زوو زانیمان پێشمەرگەن و بە پەنا یەک دا تێپەڕین و شوێنە پڕ مەترسییەکەمان بڕی و سەعات یازدەی شەو گەیشتینە گوندێک کەوابزانم ناوی شێنان بوو و ئیتر لە دەوری گوندەکە دوو لە پێشمەرگەکان لەبەر ماندوویی و بێ هێزی کەوتن و زوو هەڵمانگرتنەوە و یارمەتیمان دان هەتا نێو گوندەکە.
ئێمە دوازدە کەس بووین و هەر دوودوو دابەش کراین بەسەر ماڵان دا و من و مرێم کەوتینە ماڵێک کە خۆیان ٦ کەس بوون و لە ژوورێکی گەرمووگوڕ دا بۆی خەوتبوون. ئێمە کە چووین چرایان هەڵکردەوە و گەورەکان لە خەو هەستان و داریان دە کوورەی هاویشت و گرفەگرفیان وە کوورەکەی خست و ژنی ماڵەکە هەر زووزوو دەیگوت یاخودا بەخێر بێن. خاوەن ماڵەکە کابرایەکی پیر بوو، بەخێرهاتنی کردین و پرسی لەکوێ ڕا هاتووین. گوتمان لە گوندی چرووش ڕا سەعات ٩ ی بەیانی وەڕی کەوتووین و ئێستا ئەوە سەعات ١١ی شەوە گەیشتووینە ئیرە. چاوێکی لە مرێمی خێزانم کرد و گوتی یانی ئەو عافرەتە لە چرووشەوە بەو بەفر و سەرمایە بە نێو ئەو هەمووە پایەگایە دا هاتووە هەتا ئێرە. گوتم بەڵێ ئەرێ وەڵڵا. چاوێکی لە مرێم کردەوە و گوتی: هەی چاوی سەرم بی خولە پیزە.
(خولە پیزە کوردێکی خەڵکی باشووری کوردستان بووە کە بە تاق و تەنیا دژی حکوومەتی عێراق وەشاخی کەوتبوو و دوو حکوومەتی عێران و ئێرانی وەئامان هێنابوو. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر خولەپیزە کلیکی یەکەم کۆمێنت بکە).
بەو نیوە شەوە هێلکەیان بۆ دەڕۆنی کردین و نان و ماست و پەنیرێکی خۆشیان داینێ، بەڵام کابرا گوتی ئێرە زۆر دوور نییە لە جاش و پاسداران باش وایە بەیانی زوو بڕۆن.
هەر لەو ژوورەی خۆیان لە پەنا کوورەکەی جێگەیەکیان بۆ ئێمەش ڕاخست و لێی خەوتین تا بەیانی.
بەیانی لەخەو هەستاین، نان و چامان خۆارد و ڕێنوێنیان کردین کە چۆن و بە کوێ دا بڕۆین. کاک مەولوود و پێشمەرگەکانمان دیتەوە، پێشمەرگەکان لەو گوندە بەجێ مان کە بگەڕێنەوە بەرەو بانە و ئێمەش چوارکەسەکەمان پاش سپاسێکی زۆری پێشمەرگەکان کە زەحمەتی پەڕاندنەوەی ئێمەیان کێشابوو، ماڵئاواییمان لێ کردن و وەڕێ کەوتین بەرەو جادەی سەردەشت مەهاباد بەڵام ڕێگەیەکی حەوت هەشت سەعاتی دیکەمان لەبەر بوو کە بەفری ببڕین هەتا دەگەینە شوێنی مەبەست.
سەعاتێک ڕۆیشتین، بەفر دایدایە ئیتر ناچار بووین لە گوندێک لابدەین کە ناوەکەم لەبیر نەماوە. ئێمە چوار نەفەر بووین بووینە دوو بەش، من و مرێم چووینە ماڵێکی دووقاتی و گوتمان ئێرە حەتمەن وەتاغی زیادیان هەیە با موزاحیمی خەوی بنەماڵەیەکی هەژار نەبین. ماڵەکە زۆر بەگەرمووگوڕی بەخێر هاتنیان کردین و قەدری زۆریان گرتین. لە قاتی سەرەوە ژوورێکیان بۆ گەرم کردین و جێگەیان بۆ ڕاخستبووین و بۆ خەوتنان ناردیانینە ئەوێ. من ئێستاش کە ئەو داستانەی دەگێرمەوە باوەڕ ناکەم کە چۆن ئەو هەمووە کێچە لە لێفە و دۆشەگێک دا کۆ ببوونەوە؟ شارە کێچ بوو؟ هێللانە بوو؟ چ بوو؟ نازانم، بەڵام بە هەزاران هەزار کێچ دەو جێگە و بانەی دا هەڵبەز دابەزیان دەکرد و پێشمان عەیب بوو پێیان بڵێین و هەتا بەیانی هەر خەریکی کێچ کوشتن بووین. بەیانەکەی مرێم گوتی بەفر سەهلە گوللەش ببارێ دەبێ بڕۆین کێچ خواردیانین، ماڵئاواییمان لە ماڵەکەی کرد و کاک مەولوود و هاوڕێکەی دیکەمان دیتەوە و ڕۆیشتین هەتا گەیشتینە گوندێکی بەناوی نجنەی سەروو. لەوێ چووینە مزگەوتێ و خەڵکەکە گوتیان بۆ ئەوەی بپەڕنەوە بەرەو سوێناس دەبێ بەسەر شاخی سەرتوون دا بچن بۆ مەیدان چۆغە و لەوێش ڕا بڕۆن بۆ سوێناس و جادەی سەردەشت مەهاباد. بەڵام دەیانگوت شاخی سەرتوون، شاخێکی زۆر ئاستەم و پڕ لە بەفرە و هەموو ساڵی لەسەر ئەو شاخە خەڵک سەرما دەیبا و رەق هەڵدێت. دەیانگوت هەتا تاو هەڵنەیە و هەوای خۆش نەبێ نابێ لەو شاخە بدەن دەنا تێدا دەچن. باسی ئەوەشیان دەکرد کە ساڵی ڕابردوو دوو پێشمەرگەی حیزب لەسەر ئەوشاخە ڕەق هەڵاتوون.
لە مزگەوت ویستیان دابەشمان بکەن کابرایەک لەوێ بوو گوتی پێویست ناکا دابەشیان بکەن با هەر چواریان بێنە ماڵی ئێمە و ئێمەش زۆر سپاسمان کرد و چووینە ماڵی ئەوان.
ئێمە لە مزگەوت باسی ئەوەمان نەکردبوو کە پێشمەرگەی چ لایەنێکین و کەسیش پرسیاری ئەوەی لێ نەکردبووین، بەڵام کاتێک چووینەماڵە کابرا و قسەمان کرد، دەرکەوت کابرا کۆمەڵەیە و زۆریشی حیزب ناخۆش دەوێ و تازەش پێی عەیب بوو لەبەر خەڵکی دێیەکە پەشیمان بێتەوە و دەرمان بکات.
کابرا خۆی و خیزانی و کچێکی دوازدە ساڵە بوون و دوو ژووریان هەبوو کە ژوورەکان بەسەر یەکەوە بوو و یەکترمان دەدیت. ئەوان لە ژوورێکی دانیشتبوون و پشتیان لە ئێمە کردبوو و نە قسەیان لەگەڵ دەکردین و نە چاویان لێ دەکردین.
ئێمەش گوتمان چ نییە هەر شەوێکە و تێپەڕ دەبێ، هیندێکمان گوێ لە ڕادیۆ گرت و دەستمان کرد بە قسە و پێکەنین و گۆرەبازی (جۆرابێن) و ئەو شەوەمان هەرچۆنێک بوو تێپەڕ کرد.
بۆ بەیانەکەی نان و چامان خوارد و سپاسمان کردن و خۆمان ساز کرد برۆین کابرا گوتی بۆ کوێ؟ گوتمان دەڕۆین، گوتی مەگەر نابینن چ بەفرێک دەبارێ بۆ کوێ دەچن؟ گوتمان دەڕۆین قەیدێ ناکا ئەگەر دەرنەچووین دەگەڕێینەوە و دەچینە ماڵێکی دیکە، لەوەی زیاتر ئێوە زەحمەت نادەین.
کابرا گوتی: نابێ ئێوە میوانی منن نیو سەعات بەوە شاخە دا بڕۆن هەر چوارتان ڕەق هەڵدێن و ئابڕوو و حەیای منیش دەچێ.
گوتمان: باشە کاکە گیان ناڕۆین بەڵام ئێوە هەر پشتمان تێدەکەن و قسەمان لەگەڵ ناکەن، دیارە پێتان خۆش نییە ئێمە لێرەین، ڕێگەمان بدەن با بچینە ماڵێکی دیکە و ئێوە زەحمەتی خۆتان کێشاوە، گوتی نابێ و زۆرمان کێشە کرد فایدەی نەبوو نەیهێشت و ئەو ڕۆژەش بە ناچاری لەو ماڵە ماینەوە و هەور وەک ڕۆژی پێشوو بایکۆتیان کردین و قسەیان لەگەڵ نەکردین .
بۆ سبەینەکەی بەفر لێی کردبۆوە و پاش نانوو چای بەیانی ساز بووین و ماڵئاواییمان کرد و لێمان دا لە شاخی سەرتوون و گوتمان هەرچی دەبێ با ببێ، نیو سەعاتێک ڕۆیشتین و بۆمان دەرکەوت کە ئەو خەڵکە بۆ دەڵێن سەرما دەوبا و ڕەق هەڵدێن، بەڕاستی چی وای نەمابوو لەسەرمان رەق هەڵبێین و بە ناچاری گەڕاینەوە گوندەکە و یەکسەر ڕوومان دە مزگەوتی ئاوەدانی کرد و خێرخوازێک بڕیاری دا بمانباتەوە ماڵە خۆیان. چووین و چوار پێنج دەقیقە بوو دانیشتبووین، کابرامان لێ وەژوور کەوت و پێی چەقاند کە ئەوانە میوانی منن و هەتا لەم گوندە بن مافی ئەوەیان نییە بۆ هیچ ماڵێکی دیکە بڕۆن و سەرلەنوێ بردینەوە ماڵەکەی خۆیان.
درێژەی هەیە