بەشی ٣٨

You are currently viewing بەشی ٣٨
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:2 mins read

یەکێتی پێیخۆش نەبوو پاڕتی بگەڕێتەوە باشوور و زیندوو بێتەوە و وەک ڕەقیبێک لەبەرامبەر یەکێتی دا سەرهەڵبداتەوە.

کۆمەڵەش، لە ژێر کارتێکەری یەکێتی و مام جەلال و کۆمەڵەی رەنجدەران دا بە دڵنیایی دەبێ شوێنی بووبێ لە نووسینی مادەی ٨ لە یەکەم دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی هێشتا دانەمەزراوی ئێران دا، کاتێک گەڵاڵەی ٨ مادەیی درا بە هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد و داوا کرا کە قیادەی مووەقەتە لە ئێران وەدەربنێین!

لە شەقامەکانی مەهاباد دروشمی ( قیادەی مووەقتە، گورگە لە نێو میللەتە ــ جاش و توودە و قیادە، ڕەنجی کوردیان بەبا دا) بەرز بۆوە.

سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئیران نامیلکەیەکی ٨٩ لاپەرەیی لە ژێر ناوی( قیادەی مووەقەتە گۆپاڵی دەستی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرەستیی لە ئیران) بڵاو کردەوە و پارتی تاوانبار کردبوو بە داردەستی ئەمریکا و ئیسرائیل.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران نامیلکەیەکی ٥٤ لاپەڕیی بە ناوی “خیانەتەکانی قیادەی مووقەت بە نەتەوەی کورد” لە رەزبەری ١٣٦٠ (١٩٨١) بڵاو کردەوە و هەڵویستی خۆی ڕوو بە پاڕتی ڕوون کردەوە.

کەوابێ تەکلیفی حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە کە هێزە سەرەکییەکانی ساحەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و هەروەها یەکێتی و چریکیش سەبارەت بە پارتی ڕوون بوو و هەموو دەیانەویست پاڕتی لە ساحەی کوردستان دا نەمێنێ.

چەپی سەر بە حیزبی توودەی نێو حیزبی دێمۆکڕات کە بوون بە پەیرەوانی کۆنگرەی چوار و لە حیزب جودا بوونەوە، پێوەندی نێوان حیزب و حکوومەتی بەعسی عێراقیان گەورە کردبۆوە و حیزبیان تاوانبار دەکرد بە نۆکەرایەتیی و داردەستبوونی عێراق و نامەیەکی دوکتور قاسملوویان کە بۆ ڕەحمانی کەریمی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ئەو کاتی پیرانشاری نووسیبوو) کردبوو بە ئاڵا و تەبلیغیان پێوە دەکرد و نامەکەیان لە رۆژنامەی مەردومی حیزبی توودەدا چاپ و بڵاو کردبۆوە و وەک بەڵگەیەکی گەورەی نۆکەرایەتیی حیزب بە عێراق شاربەشار و کۆبەکۆ دەیانگێڕا.

نامەکەی کاک دوکتور هەر شتێک بوو وەک ئەو قەولەی ئێستای حکوومەتی هەرێم، کە داوییە بە ئێران لەسەر ئەوەی کە نەهێڵن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی کوردستانەوە بچنەوە نێو خاکی ئێران بۆ لێدانی ئیران.

کاک دوکتور نووسیبووی:

“” گرووهە عێڕاقییەکان مەحدوود دەکەین کە لە کوردستانی ئێرانەوە پەلامار نەبەنە سەر عێراق””.

گرووهی عێراقی دوو دانە بوون، پارتی و یەکێتی. یەکێتی کە هاوپەیمانی حیزب بوو و بەکەیفی خۆی هاتووچۆی عێراقی دەکرد و کار و تێکۆشانەکەی لە باشووری کوردستان بەردەوام بوو، شەڕی دەکرد، وتووێژی دەکرد و نەیدەویست جگە لە خۆی کەس ببینێت.

لەڕاستیدا ڕێگە نەدانەکە بۆ پاڕتی بوو. پاڕتیش بەجێگەی هەڵبژاردنی ڕێگەی مەنتیقی لەسەر بنەمای کوردایەتیی و قسەکردن و دانیشتن لەگەڵ حیزب، بەداخەوە ڕێگەیەکی هەڵەی هەڵبژارد و وەپێش پاسداری ئیرانی کەوت بۆ شەڕی کوردی ڕۆژهەڵات. وەکوو ئەوەی کە ئێستا حیزب و کۆمەڵە چەکی حکوومەتی عێراق هەڵگرن و لە دژی کوردی باشوور شەڕ بکەن لەسەر ئەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێم کە ڕێگە نادا بە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی کوردستانەوە بچنەوە نێو خاکی ئێران بۆ لێدانی ئیران.

من لەوەی زیاتر ناچمە نێو وردەکارییەکانی پێوەندی نێوان پارتی و حیزبەوە. هەر ئەوەندەی دەڵێم کە حیزب و پاڕتی ئیستا دۆستی نێزیکی یەکترن و ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ئەم دۆستایەتییە هان بدەین بۆ بەردەوامبوون.

لەسەر دەرهێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو مەڵا مستەفا بارزانی جگە لەوەی باسم کرد کە پاسدارێکی ئێرانی دانی پێدا هێناوە دەستی ئێرانی تێدا بووە بۆ بەشەڕدانی کوردی باشوور و ڕۆژهەڵات، سێ سێناریۆی دیکەش باس دەکرێ: کە بەدەستی عێراق کراوە، کە حیزبی دێمۆکڕات کردوویەتی یا بەدەستی خودی پارتی کرابێ! من پێموایە دوویان بەتەواوی لە ڕاستی بەدوورن.

لە نێو پاڕتی دا لە ماوەی سی چل ساڵی ڕابردوودا دیتوومانە کە دیسیپلینێکی تایبەتی هەیە، گەورە و چووکە هەیە و کەس لەخۆڕا کارێک ناکا کە سەرکردایەتی پارتی ئاگای لێ نەبێ و پێی ناخۆش بێت. کەسێکی وەک کاک مەسعوود کە ئێستا کەسایەتییەکەی دەناسین چۆن پیلانی ئاوا دەکێشێ کە تەرمی باوکی خۆی لە گۆڕ دەربهێنێتەوە؟ بە چ هۆیەک دەبێ ئەم کارە بکات؟ چ مەنتقێک ئەوەی دەسەلمێنێ؟ کێ هەیە باوەڕ بە شتێکی ئاوا بکا؟ جا بۆیە من ئەو سێناریۆیە بە تەواوی ڕەد دەکەمەوە و بە درۆی دەزانم.

دووهەم سێناریۆ ئەوەیە کە حیزب ئەو کارەی کردبێ. ئەو کاتە کە ئەم کارە کراوە بەرپرسانی حیزبی لە شنۆ و خانێ کەسانی وەک کاک حوسێنی مەدەنی و شەهید سەیدڕەسووڵی بابی گەورەی بوون کە هەردووکیان کەسانی نێزیک لە پاڕتی و مەلا مستەفا بوون و لە کەسایەتی هیچکام لە ئەوان دا ئەنجامی کاری قیزەونی ئاوا ناوەشێتەوە و بەدوورە لە ڕاستی و درۆیە.

سێناریۆی سێهەم عیراقە کە جاشێکی کورد بە ناوی کاکڵی حەمە ئاغای کە بەرپرس بووە لە ناردنی بۆمب و تەقەمەنی بۆ ئێران لە ڕێگەی خانێ وە، تەرمی مەلا مستەفای دەرهێناوەتەوە و ئەوە بۆتە چوونە سەری پلەی جاشایەتی لەلای سەددامەوە و کراوە بە پارێزگاری سولەیمانی و لە ڕاپەڕینی ساڵی ٩١ی باشوور دا لەسەر ئەمنە سوورەکەوە فرێیان داوەتە خوارەوە و کوشتوویانە.

حیزب و پاڕتی ئێستا هەردوولا بەوە گەیشتوون کە دەرهێنانەوەی تەرمی بارزانی دەستی دوژمنی کوردی تێدا بووە و ئەو ناخۆشێی کە زەمانێک لە نێوانیان دا هەبووە نەماوە. ئێمەش وەکوو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبێ حەول بدەین ئەو بۆچوون و شک و گۆمانەی زەربە لە پێوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە دەدا وەلا بنێین و بیر لە یەکڕیزیی و تەبایی نێو ماڵی کورد بکەینەوە.

ئاخر شت کە لەسەر شەڕی جادەی خانێ سەردەشت دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە ، هیزەکانی ئێران بە سێ مانگ توانیان ئەم جادە بگرنەوە. لە ئاخری شەڕەکەدا وەزعەکە وەک چێشتی مجێوری لێ هاتبوو و کەس خەتی کەسی نەدەخوێندەوە. تێکەڵ و پێکەڵ، بێ سەرەوبەرە و باب ئاگای لە کوڕی خۆی نەمابوو. خەڵکی دێهاتەکەی هەموو لەترسان هەڵاتبوون و دێهاتەکانیان چۆل کردبوو و کەس نەبوو نانی بکا کە بیبەن بۆ پێشمەرگە. زۆربەی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە هاواری پێڕانەگەیشتن بە سەنگەری پێشمەرگەکانیان لێ بەرز ببۆوە. هاواری نەگەیشتنی فیشەک و تەقەمەنیان بوو. هاواری نەگەیشتنی نان و برسێتی پێشمەگەیان بوو و مەنگوڕە چەکدارەکانیش بەداخەوە تەنگیان بە پێشمەرگە هەڵچنیبوو.

لەم شەڕەدا، ئەگەر لە بەرەی ئێمە دا خاڵێکی پۆزێتیڤی زۆر گرینگ هەبوو کە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرەیەک دا دژی حکوومەتێکی داگیرکەر شەڕیان دەکرد، خاڵێکی نێگاتیڤی زۆر بەرچاویش هەبوو، کە پاڕتی و بەشێک لە مەنگوڕ لە لای ئێران بوون و هۆی سەرەکی گیرانەوەی ئەم جادە ستراتێژییەش لە ڕاستیدا ئەوان بوون. چونکە مەنگوڕ خۆیان خەڵکی ئەو ناوچە بوون و تەواوی بەرد و شاخ و داری ناوچەکەیان وەک بەری دەستیان دەناسی و لە پێشمەرگە ببوون بە پاڕتیزان و بە نیوە شەو دەچوونە سەر سەنگەرەکانیان و سەنگەریان پێ چۆل دەکردن. پاڕتیش هەم هێزێکی کارامە و شەڕکەری بە ئەزموون و ئازا بوون، هەم پێشمەرگەی حیزب خۆشیان دەویستن و ئامادە نەبوون شەڕی براکوژی ئەوان بکەن و بەشێکی زۆری پێشمەرگەکان ئەوکاتە چەکیان دانا و لە خەبات کشانەوە و ئەوانە هەمووی زەبری گەورە بوون لە خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات. دەتوانم بڵێم ئەگەر پاڕتی و مەنگوڕە چەکدارەکان لە بەرەی کوردی ڕۆژهەڵات دابان بە ٣٠ ساڵیش ئەو جادە بە پاسداری ئێرانی نەدەگیراوە. هەر بۆیە من پێموایە پارتی داوی لێبووردنێکی گەورە بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەرزدارە.

جادەکە گیراوە و ئێمەش ڕادیۆکەمان گوێستەوە بۆ گوندی دوولکان لە ناوچەی ئالانی سەردەشت.

درێژەی هەیە.