بەشی ٣٧

You are currently viewing بەشی ٣٧
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی جادەی خانێ سەردەشت دا ڕادیۆکەمان لە دۆڵەتووی لای سەردەشت بوو و کاک ئەحمەدی شێربەگی کە وێژەری سەرەکی هەواڵە کوردییەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران بوو سەفەری کردبوو و من بە جێگەی ئەو هەواڵە کوردییەکانم دەخوێندەوە.

جادەی خانێ سەردەشتێ، ناوچەیەکی ستراتێژی زۆر گرینگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو و ئەوەندەی بۆ ئێمە گرینگ بوو ئەوەندەش بۆ یەکیەتی و پارتی و تەنانەت بۆ ئێران و عێراقیش گرینگ بوو و هەموومان بەرژەوەندی تایبەتی خۆمان هەبوو لەم شوێنە دا.

بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات گرینگ بوو چونکە ئەگەر ئەم جادەمان لێ گیراباوە پشتمان دەگیرا و نەماندەتوانی هاتووچۆی باشووری کوردستان و عێراق بکەین. باشوور پشتی جەبهەی ئێمەبوو، هەم بۆ هاتووچۆی دەرەوەمان، هەم بۆ یارمەتی بریندار و چەکووچۆل و نەخۆشخانە. بۆیە ئەگەر جادەکەمان لێ گیراباوە یا دەبوایە ببین بە گەڕۆک و پارتیزان یا دەبوایە بچین دە خاکی باشوورەوە و ڕۆژهەڵات بەجێ بهێڵین کە بەداخەوە ئاخرێکەی هەر وای لێهات.

مام جەلال فەرماندەیی هێزەکانی یەکییەتی نیشتمانی دەکرد کە وەک هێزی پشتیوان هاتبوون و یارمەتی ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتیان دەدا و چادرەکەی لە دۆڵەتوو لە تەنیشت چادرەکانی ئێمە بوو و جەمە نانمان بە یەکەوە بوو.

مام جەلال لە گەڵ فەرماندەکانی هێزی پێشمەگەی یەکییەتی زۆر توند بوو و ئەگەر شوێنێکیان لێ گیراباوە و بەجێیان هێشتبا زۆر بە توندی لەگەڵیان دەدوا، قەڵس دەبوو، جنێوی پێدەدان، گۆچانەکەی لێ ڕادەوەشاندن لێیان بدات، کە ئەم ڕەفتارانە لە نێو ئێمەدا زۆر نامۆ بوو و من لە نێو حیزبی دێمۆکڕات دا قەتم جنێو نەدیبوو کە بەرپرسێک بە پێشمەرگەی بدات. بەپێچەوانە لە نێو ئێمەدا دەستخۆشیی زۆر بوو. بۆ نموونە لەم شەڕە دا یەکەم جار بوو کە کوردی هەر چواری پارچەی کوردستان لە بەرەیەک دا دژی دوژمنێکی داگیرکەر شەڕیان دەکرد و من زۆر بەوە کەیفم ساز بوو و زۆر بە هەستەوە هەواڵەکانم دەخوێندەوە، کاک دوکتور کە خۆشی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی دەکرد چەند جارێک هات بۆ دۆلەتوو، بۆ سەردانی مام جەلال و رۆژیکیان دەستخۆشی لێکردم بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکان و گوتی: لە شوێنیک بووم وا بە هەستەوە خەبەرەکانت دەخوێندەوە چاوم پر ببوو لەگریان.

پاڕتی لە دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوولەوە( ٧٥ی زایینیی) لە ئێران ببوونە پەنابەر و ماوەی چوار پێنج ساڵ بوو لە ئێران دەژیان.

لەسەر پاڕتی و چلۆنایەتی ژیانی ئەوکاتی ئەوان لە ئێران، داستانێکتان بۆ دەگێڕمەوە کە یارمەتی دەکا بە بەرچاوڕوونی و تێگەیشتنی زیاتری باروودۆخی شەڕەکە.

لە تاران لە شیرکەتی واوان کارم دەکرد و سولەیمانی بللووری هاوڕێم دوومانگ بوو چووبوو بۆ سەربازێ و لێی بێ خەبەر بووم. ڕۆژێک تەلەفوونی کرد و هەر ئەوندە گوتی: پۆڵا لە سەربازخانەی “جەهروم”م لە کن شیراز، زۆر بێ پووڵم و تەلەفوونەکە پچڕا.

خودایە گیان چ بکەم؟ چ نەکەم؟ چۆن خۆمی بگەیەنمێ؟ نە تەلەفوونیم هەبوو، نە حیسابی بانکێک نە ئادرێسێک، تەلەفوونم کرد بۆ فروودگای تاران و پرسیم تەیارە هەیە بۆ شیراز؟ گوتیان دوو سەعاتی دیکە هەمانە بە ئیسفەهانێ دا دەچێتە شیراز. یەکسەر چووم بۆ فروودگا و بڵیتم کڕی و قەتیش سواری تەیارەی نەببووم، سوار بووم تەیارەکە هەستا و لە فروودگای ئیسفەهانێ نیشت، خەڵکێک دابەزین و کە هەڵدەستاوە وڵات تاریک ببوو و بەفریش دەباری و گوتی چارەگێکی دیکە دەگەینە شیراز. دەمدیت کە هەوا خراپ بوو و بروسکەی دەدا، سەعاتێک پتر بوو هەر دەسووڕاوە و نەدەنیشت، منیش چونکە یەکەم جارم بوو پێموابوو هەمیشە هەر وایە و هیچ مەنزوورم نەبوو. ئاخرێکەی تەیارەکە نیشت و منیش لەلای پشتەوە سوار ببووم و ساکووماکیشم پێ نەبوو، لیباسی کوردیم دەبەر دابوو و یەکەم کەس لە تەیارەکەی دابەزیم و چووم بۆ دەرەوە، تەمەشام کرد عالەمێکی زۆر هرووژمیان بۆ هێنام و هەموو دەیانگوت شوکر بۆ خودا، خودا ڕەحمی پێ کردن و گوتم بۆ چ بووە؟ گوتیان سەعاتێک بوو ئەو تەیارە لەو ئاسمانەی نەیدەتوانی بنیشی، چەند جار ویستوویەتی بگەڕێتەو تاران و ئیسفەهان و خولاسە عالەمەکە هەموو زۆر ترسابوون کە تەیارەکەبکەوێ و منیش هەر ئاگا و خەبەرم لێ نەببوو، کە خەڵکەکە وایان کرد جا هیندێک ترسم ڕێ نیشت.

ئەو شەوەی لە شیراز لە هوتێلێک نوستم و بەیانی زوو ماشینێکم بەکرێ گرت و بۆ سەر سوبحگا گەێشتمە پادگانی جەهروم و سولەیمانیان بانگ کرد بۆ دیژبانی بەر دەرگا، کە منی دیت سەری سووڕ ما. دەیگوت دونێ ئێواری قسەمان کرد چۆن گەیشتوویە ئێرە؟ ( نیوان تاران و شیراز ٩٢٤ کیلوومیترە). داستانەکەم بۆ گێراوە و ئەو ڕۆژە تا ئیوارە بە یەکەوە بووین.

یەکەم شوێن کە چووین هۆڵێکی گەورەی وەرزیشی بوو کە دەوری پەنجا شەست بنەماڵەی بارزانیان دەباڵ یەک خزاندبوو، ئەوانە هەر ئەو خەڵکە بوون کە بەهۆی خەیانەتی شای ئیران شۆڕشەکەیان شکستی هێنابوو و بەسەر شارەکانی ئێران دا بڵاوەیان پێ کردبوون کە هەر وەک سەدان جاری دیکە لە مێژووی نەتەوەکەمان دا لە نێو خۆیان دا بیانتوێننەوە. کاتێک دەچوویە نێو هۆڵەکە سەرت سووڕ دەما کە ئەو خەڵکە فەقیر و لێقەوماوە چۆن لەم هۆڵە پیس و نیوە وێرانە دا دەژین!؟ خەڵکەکە بە پارچە و بەن و گوریس ژووریان بۆخۆیان سازکردبوو، توالێت و حەمامی هەموویان بەیەکەوە بوو، ئاشپەزخانەکەیان عەلادینێک بوو چێشتیان لەسەر ساز دەکرد، هەوایەکی ناخۆش، بێ ئیمکانات، بێ ئیش و پارە، گریانی منداڵی بێ دەرەتان، غەریب و دەربەدەر، دوور لە خاک و نیشتمان، بێ هیوا بە دواڕۆژ، قەڵس و تووڕە و دڵشکاو و لەوپەڕی خراپی ژیاندا، بەڵام بەو حاڵەش مەلا مستەفایان هەر خۆش دەویست و چووکە ئومێدێکیان هەر پێی هەبوو و دەیانگوت ئەگەر لە ئەمریکا چارەسەری نەخۆشییەکەی بکا، دەگەڕێتەوە و لەم وەزعەی ئێستا و لەم غەریبییە ڕزگارمان دەکات.

هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئێران، بەداخەو مەلا مستەفا بارزانی لە ئەمریکا بە هۆی نەخۆشی فەوتی کرد و تەرمەکەیان هێناوە و بە بەشداری خەڵکێکی زۆر لە شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاکیان ئەسپارد ( کاک محەمەدی حەسەنخاڵی، “سرووش خانی” فیلمی ئەم بەخاک ئەسپاردنەی گرتووە بە هەموو قسە و پەیامەکانەوە بەڵام پارتی ئامادە نییە فیلمەکەی بە پارەیەک لێ بکڕێتەوە و ئەویش بە خۆڕایی نایدا و هەقیشێتی).

ئێران هاوکات لەگەڵ هێرش بۆ گرتنەوەی جادەی خانێ سەردەشت تەرمی مەلا مستەفا بارزانی لە ناوچەی شنۆیە لە گۆرەکەی دەرهیناوە و بەسەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی داهێنا هەتا شەڕی کوردی باشوور و ڕۆژهەڵاتی پێ هەڵاییسێنێ و ئەوە قسەی پاسدارێکە کە ئێستا لە کانادا دەژی و لە وتووێژێک دا دانی بەوە داهێناوە کە ئەو لەگەڵ ئەو پاسدارانە بووە کە تەرمی مەلا مستەفایان لە شنۆیە لە گۆڕەکەی دەرهێناوەتەوە و لەوێ فڕێیان داوە بۆ ئەوەی شەڕی نێوان کوردی باشوور و ڕۆژهەڵاتی پێ هەڵائیسێنن و لەم پیلانەیان دا سەرکەوتووش بوون.

ئەو بارزانیانەی باسم کردن لە جەهروم و شارەکانی دیکەی ئێران، خەریکی ژیانی پڕ لە کوێرەوەری و بەدبەختیی خۆیان بوون مەگین لەبەر ڕووداوێکی ئاوا دەنا بە هیچ جۆر نەدەهاتنەوە بەرەی شەڕ و چەک هەڵبگرنەوە ئەویش لە دژی کوردی ڕۆژهەڵات.

لە نێو کوردی ڕۆژهەڵاتیش دا پێشینەیەکی ڕق و قینی کۆنی کوشتن و تەحویل دانەوەی سولەیمانی موعینی بەدەست مەلا مستەفای بارزانی بە ئێران، هەر مابوو کە چەپی فارس و کوردیش بەیەکەوە کاریان بۆ دەکرد و دوژمنایەتییەکەیان قووڵتر دەکردەوە.

لە بەشی داهاتوو هەر لەسەر ئەم بابەتە زیاتر دەڕۆم.

درێژەی هەیە