بەشی ٣٦

You are currently viewing بەشی ٣٦
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:2 mins read

حوسێن بەگ دەڵێ: کوڕینە گوێ بگرن لە نەعرەتەی کوڕانی یەزیدیخان لە چیای ژەنگارێ دەڵێی کەون دەقاسپێنن بەسەر لەشکەری دوژمندا.

هەژدە شەو و هەژدە ڕۆژان لەو گوند و چیا و بەندەنەی شەڕ بوو هەتا سوپای ئیرانیان تێک شکاند و ڕەپاڵیان دان بۆ پشتی چۆمی گادەری و سەربەرزانە گەڕانەوە چیای ژەنگارێ.

حوسێن بەگ لە کاتی گەڕانەوە دا لەسەر چیای ژەنگارەوە، کوڕە هەرە بچوکەکەی کە ناوی سەنان بوو، ناردەوە ماڵێ کە خەبەری کوژراو و برینداران لە عایشانی خێزانی بپرسێ کە داخوا چەند مەیتیان لە عەجەمستانێ ڕا بۆ گەڕاوەتەوە و چەند کەسیان لێ کووژراوە؟ سەنان دەچێتەوە ماڵ و لەگەڵ زولفانی خوشکی دەچنە لای دایکیان، عەیشانی دایکیان دەڵێ: ڕۆڵە بە باوکتان بڵێن، لە حەوت برایان سەنان ماوە، لە چل سواران چواریان ماوە، لە کوژراوی پیاوی یەزیدی خانیش حیساب نایە لە ئەژمارێ.

بەڵام گرینگ ئەوەیە بە سەربەرزی و سەرکەوتوویی گەڕاونەوە چیای ژەنگارێ، لەشکری عەجەمانیان تێک شکاندووە. پاشەکشەیان پێ کردوون بۆ عەجەمستانێ. سورمەمان نەداونەوە گڕی تێبەردەن بە قیل و نەوتێ. سورمەیان بردباوە سەرشۆڕی دنیا و قیامەتان دەبووین. سورمە پەنای هێناوە بۆ ئێمە و پەنادان و پاراستنی پەنابەر سەربەرزییە بۆ هەموومان.

حوسێن بەگ گەڕاوە ماڵ و سورمە هەر دەگریا و فرمێسکی دەباراند و تووک و دووعای لە خەلیل ئاغای بابی دەکرد کە ببووە هۆی دەربەدەری و ئاوارەیی ئەو و کوژڕانی شەش کوڕی حوسێن بەگ و ئەو هەمووە سوار و مێرخاسەی یەزیدی خان و داوای دەکرد ئیزنی بدەن بڕوا و ڕوو لە چۆل و بەندەنان بکاتەوە.

سەر لە بەیانی سورمە هەستا و چووە داوێنی چیای ژەنگارێ، گوی هەڵخستبوو لە قاسپەی کەو و چریکەی بولبولان و دەیگوت: کەو و کەوبارینە تکایە دەنگی خۆتان بڵیند مەکەن، دەزانم ئێوە بۆ دڵی خۆتان دەخوێنن و دەناڵێنن، منیش بۆ خورشیدی چاوبەخاڵی کوڕی مامی خۆم دەناڵێنم و لە وڵاتێ غەریبان فرمێسک دەبارێنم.

هەر بەدەم حەیرانانەوە دەچێتە ناو ڕەزی قەراخ چیایە، لە پەنا کانی و ئاوێک دادەنیشێ و سەری دەشوا و شانەی دەکا و بە خورشیدی هەڵدەڵێ و دەڵێ ئەوەی بەسەر ئێمە هاتووە بە سەر مەم و زینان نەهاتووە،

سەنانی کوڕەی حوسێن بەگی لە دوور ڕا گوێی لە دەنگی سورمە دەبێ و لە پشت ڕەزێک خۆی مات دەکا و سینگ و بەرۆکی سورمە بە ڕووتی دەبینێ و تەماح هەڵیدەگرێ و لە پشتەوە را پەلاماری سورمە دەدا و دەیەوێ بەزۆر لەگەڵی جووت بێ بەڵام سورمە ناهێڵێ و دەڵێ: سەنان ئەوە چ دەکەی؟ لەکنە خۆ تۆ کوڕی حوسێن بەگی میری یەزیدیخانی، منیش کچی خەلیل ئاغای سێرتێمە، من پەنام بۆ ماڵی ئێوە هێناوە و من و تۆ وەکوو خوشک و برایانین، لەبەر دەستی سەنان هەڵدێت و خۆی دەگەیەنێتەوە ماڵ بۆ لای حوسێن بەگ و شکایەت لە سەنان دەکا و دەڵێ: سەنان هاتووە و لە پشتەوە ڕا گرتوومی و ویستوویەتی خراپم بکات. حوسێن بەگ دەمی سورمە دەگرێ و دەڵێ: کیژی چاک بە مەقیژێنە با ئابڕووم نەچێ و ناوم سووک نەبێ لە لای دەروجیرانان.

بانگی سەنان دەکا و دەڵێ: سەنان کوڕم، ئەو كچە پەنای بۆ ماڵی ئێمە هێناوە چۆن چوویە زگی و حەیای من و خۆت و هەموو یەزیدیخانیش بەردووە؟ سەنان دەڵێ: بابە ئەوە درۆیە و بوختانە،

سورمە دەڵێ: بە قورئانێ، بە شێخێ، بە مەلەکە تاوسێ، سوێند بە سەری خورشیدێ، بە قەبرێ مەم و زینێ، بە جوانی یۆسف و زولەیخایە، بە خەجێ بە سیامەندێ ئەوە نە درۆیە و نە بوختانە،

میری بەحەدرێش هەڵدەکێشێتە خەنجەرێ و لە ملی سەنانی کوڕی دەنێ و دەیخاتە بەر پێی سورمە خانێ لە دیوانێ.

عایشانێ دایکی سەنانێ کە زانی ئاخرین کوڕیشی لەسەر سورمە کوژراوە ڕادەسپێرێ کە چی دیکە چاوی دیتنی سورمەی نەماوە و دەڵێ بزانن سورمە چی دەوێ لە زێر و ماڵی دنیایە بیدەنێ با بڕوا و لە ناو ژووری ماڵێ لەپێش چاوم نەیا و نەڕوا.

سورمە دەڵێ: من زێڕ و ماڵی دنیایەم ناوێ؟ من جامەدانەیکم دەوێ، ڕانکووچۆغە شڕەکەی شوانەکەم دەوێ و تفەنگ و فیشەکدانێکم دەوێ بڕۆمە سەر باب و برایە خۆم بۆ ئەوەی منیان ئاوا تووشی غەریبی و دەربەدەری و بەدبەختی کردووە.

سورمە ڕانک و چۆغەی دەبەر دەکا و تفەنگ و فیشەکدانی دەمل دەکا و دیسان ڕوو لە چیا و دەشت و چۆلان، دەچێتە سەر چیای سیپانێ و سێ مانگان بە تاقی تەنیا لەسەر چیایە هێندە دێت و دەچێ هەتا پێڵاوەکانی هەموو شڕ دەبن و پێخواس دەمێنێتەوە. ڕۆژێک ماندوو و برسی سەر وەبەردێک دەکا و ئاسکێکی ناسک دێ لە پەنای خەریکی خواردنی گەڵای دارێک دەبێ و سورمە دەست دەداتە تفەنگەکەی بیکووژێ و پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێ: هەر بە برسێتی و خورێنی بمێنمەوە باشترە لە وەی ئەم ئاسکە جوانە بکووژم، حەتمەن ئەویش وەک من دڵدارێکی هەیە لێی جودا بۆتەوە.

سورمە لە داوێنی ئەشکەوتێکی سەر چیایە سیپان بە غەریبی و تەنیایی دادەنیشێ و حەیرانان بەخۆی هەڵدەڵێ و فرمێسکی بە چاوان دا دێنە خوار و دەکەونە سەر مەمکەکانی شیر تێ نەگەڕاوی، بە هەنیسکانەوە لە داوێنی چیای سیپان دەڕوانێ و چاوی بە سوارێک دەکەوێ کە لەنگان لەنگان بە ڕێگە دا دەڕۆا و سورمە هەرای لێ دەکا لەتکە نانێکی لێ وەربگرێ. دەڵێ هۆی سوارێ ئیرە شوێنی پیاو خراپ و قاتڵ و مەحکوومی وەکوو منە تۆ چ دەکەی لەم دۆڵ و چیایە؟

سوار دەڵێ هۆی کاکی سەری چیایە سیپانێ، نازانم تۆ چی؟ شوانی؟ گاوانی؟ چاکی؟ یا خراپی؟ من ڕێبوارم و ڕێگام دوورە، دەچم بۆ شەڕی عەجەمان لە تاران و تەورێزێ، سورمە خانی کچێ مامم بە یەخسیری کەوتۆتە دەستی عەجەمان دەچم بیهێنمەوە، دەچم یان خۆ بەدەست عەجەمان بە کوشت دەدەم یان سورمەی لە وڵاتێ غەریبی ڕزگار دەکەم و دەهێنمەوە.

سورمە هاوارێ دەکا و دەڵێ: من سورمەی کچێ مام تۆمە، کچێ خەلیل ئاغای سێرتێمە و سێ مانگە لەسەر چیای سیپانێ غەریب و بێکەس و تەنیا ماومەوە.

خورشید هاوارێ دەکا و دەڵێ: وەرە خوارێ سورمێ، منیش دێمەسەرێ با لە نێو قەدی کێوێ سیپانێ بە یەک بگەینەوە،

خورشید هێدی هێدی بە چیای سیپانێ هەڵچوو و سورمەش نەختە نەختە هاتە خوار و لە نێو قەدی چیایە گەیشتنە یەک، لە خۆشیان هەردووک نوتقیان بەسترا، زمانیان گیرا و هیچیان قسەیان بۆ نەکرا. خورشید نێوقەدی سورمەی گرت و هێنای لە سەر زینی ئەسپەکەی خۆی دانا و چاوی لەسەر چاوی هەڵنەدەگرت. وردەوردە زمانیان کراوە. سورمە گوتی خورشید ڕەبی خودای تۆ ماڵی بابی من خراپ بکا، چۆن ئەو بابەم ژیانی من و تۆی شیواند، چۆن ئاوارەو و دەربەدەری کردین، چۆن منیان بە زۆری بردە تاران و تەورێزان، چۆن ناچار بووم لاوی دەوڵەت بکووژم، چۆن هەڵێم و پەنا بەرم بۆ میرێ یەزیدی خانێ و چۆن حوسێن بەگ حەت کوڕ و هەموو عەشیرەتی خۆی لەسەر من فەوتاند؟ ئەوە سێ مانگە دیسان بە غەریبی و برسێتی کەوتوومەتە کێوێ سیپانێ. خورشید گوتی خەمت نەبی سورمێ، پاشی تۆ تۆڵەی تۆم لە باب و براکەت کردەوە، دار و دیواری سێرتێم بە خوێن سوور هەڵگێڕا.

سوێندت بۆ دەخۆم بە خوداوەندی عەرز و ئاسمانێ، بە قەبری مەم و زینێ، بە یوسف و زولەیخایە، بە خەج و سیامەندێ، بە گەرنی زێڕ و چاوی بەڵەک و بەژنی باریک و چاوەجوانەکانی سورمە خانێ تازە مەرگیش نەتوانێ لێکمان بکا و جودامان بکاتەوە.

خورشید لغاوی ئەسپەکەی گرتبوو و دوو قەدەم دەڕۆیشت و دووجار ئاوڕی لە سورمەی دەداوە و هۆشی لێ نەبوو کە سورمە بە برسێتی هێزی تێدا نەماوە. کە ئاوڕی لێ داوە دیتی سورمە لەسەر ئەسپەکەی نەماوە و هەڵدێراوەتە داوێنی چیایە.

خورشید لە تاوان خۆی هەڵداشت و لە داوێنی چیای سیپانێ، لە تەنیشت سورمەی خۆی گرتەوە و سەریان وەسەری یەک نا و سورمە دەستی خورشیدی لەسەر دڵی خۆی دانا و وەک خەج و سیامەندێ ئەوانیش لە چیای سیپان گیانیان بەخت کرد و بوونە هەتاهەتایی.

کۆتایی داستانی سورمە و خورشید