بەشی ٣٤

You are currently viewing بەشی ٣٤
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:3 mins read

لە کاتێک دا کە حیزب لە ئەوپەڕی هێز و توانای خۆی دابوو و بەشی هەرە زۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان( جگە لە شارەکان) ئازاد و بەدەست پێشمەرگەوە بوو.

لە کاتێک دا کە حکوومەتێکی دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆ تازە هاتبووە سەرکار و هێشتا بە تەواوی سەقامگیر نەببوو و خەڵکی کورد یەکپارچە لە دژی ڕاوەستابوون و پشتیوانییان لە حیزب و پێشمەرگە دەکرد.

لە کاتێک دا کە چەک و تەقەمەنی حیزب و کۆمەڵانی خەڵک بە پای فیلان بوو و هەر ئانێک حیزب ئیرادەی کردبا و ویستبای بە دەیان هەزار هێزی بەرگری هەبوو کە ئامادە بوون چەک هەڵبگرن و پارێزگاری لە حیزب و لە خاکی نیشتمانەکەمان بکەن،

لە کاتێک دا کە پشتی جەبهەمان هەبوو و حیزب بە هاسانی دەیتوانی هاتووچۆی دەرەوە و ئوڕووپا بکات.

لە کاتێک دا کە سەرەرای ئەوەی حیزب بۆخۆی نەخۆشخانەی هەبوو و پزیشکانی بێ سنوور هاتبوون و یارمەتی حیزبیان دەدا، نەخۆشخانەکانی وڵاتی عیراقیش دەرگایان بۆ حیزب ئاوەڵڵا بوو بۆ چارەسەری نەخۆش و بریندارەکانی حیزب.

لە کاتێک دا کە هەرنەبێ دە میلیۆن دۆڵار پووڵی نەغدی بانکی میللی مەهاباد بەدەست حیزبەوە بوو، جگە لە داهاتەکانی دیکە و مەڕ و ماڵات و،،،،،،،

لە کاتێک دا کە ساڵانی زێڕینی هەستی شۆڕشگێڕی لاوانی کوردستان بوو و هیچ کەس بیری لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی نەدەکردەوە و هەر کەسە و شاخێک بوو لە ورە و بڕوا و هەموو گیانیان لەسەر بەری دەستیان دانابوو کە پێشکەشی گەل و نیشتمانەکەیانی بکەن.

لە کاتێک دا کە چ لە مەیدانەکانی شەڕی دژی داگیرکەرانی کوردستان و چ لە زیندانەکانی حکوومەتی پەت و سێدارەدا لاوەکانمان بە ورەی بەرز و پێکەنینەوە بەرەو مەرگ دەڕۆیشتن و دڵنیا بوون کە بە خوێنی سووری خۆیان گوڵی ئازادی ئاوپڕژێن دەکەن و میداڵی شانازی سەرکەوتن و ڕزگاری لە یەخەی دایکی نیشتمان دەدەن،

لە کاتێک دا کە حیزبەکانی سێ پارچەی تری کوردستان لە ناوچەی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژیان و پشتیان بە ڕۆژهەڵات بەستبوو،

حیزبێکی وا یەکپارچە و پڕ چەک و بەهێز و دەوڵەمەند، لە زستانی ساڵی ٦٠ (٨١) دا کۆنگرەی ٥ی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئیرانی گرت.

کۆنگرەکە لە گوندی شیوە جۆ بەڕێوە چوو و لە باکوورەوە تا باشوور، لە ئوڕووپاوە تا نێوخۆی شارەکانی کوردستان ئەندامی بە ورە و پڕ لە هەستی کوردایەتی هاتبوون بۆ شیوەجۆ بۆ بەشداری لە کۆنگرەکەدا، لەبیرمە لەلای کرماشانەوە جەماعەتێک هاتبوون هەموو دوو میتر باڵا، شەدە لەسەر و کەواوپاتۆڵی رەش دەبەر دا هەر جوان بوو چاو لە قەد و باڵا و هەیکەلیان بکەی.

من یەکەم جارم بوو کە وەک ئەندامی حیزبێکی سیاسی لە کۆبوونەوەیەکی گرینگی وەک کۆنگرە دا بەشداریم دەکرد و زۆر بەوە خۆشحاڵ بووم بەڵام زۆریش بەوەنارەحەت بووم کە کادرێکی وەکوو کاک کەریمی حیسامی کە لە کاتی کۆنگرەکە دا لە دۆڵی شیوەجۆیە دەژیا و لە ڕادیۆی حیزب کاری دەکرد، لەبنەوپاڵەوە مافی ئەوەی پێ نەدرابوو کە لە کۆنگرە دا بەشدار بێت و تەنانەت نامەیەکی نووسیبوو بۆ کۆنگرە نامەکەشیان نەهێشت بخوێندرێتەوە.

من ڕۆژانە کە لە کۆنگرە ڕا دەچوومەوە وەتاغەکەمان و کاک کەریمم دەدیت کە لە وەتاغەی خۆی دا بە تەنیا دانیشتووە شەرمم لە خۆم دەکرد کە چون دەبێ من کەهێشتا ساڵێک نەبوو چووبوومە نێو حیزب، مافی ئەوەم پێ درابوو کە لە کۆنگرەدا بەشدار بم، بەڵام کاک کەریم کە ٢٠ ساڵ بوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی حیزب بوو نەیانهێشتبوو بەشداری کۆنگرە بێت.

کاک کەریمێک کە لەشەڕی سێ مانگە دا لەگەڵ کاک مەلا رەسووڵی پێشنماز تەنیا کەسانێک بوون کە وەک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لە ناوچەی مەهاباد و دەورووبەر دا مابوونەوە و ناوچەکەیان بەجێ نەهێشتبوو.

کاک کەریمێک کە هەتا ئەو رۆژەی ژیا دەستی لە نووسین بۆ کۆرد هەڵنەگرت و دەیان کتێبی بیرەوەری و ڕۆژنامەی “سەردەم” و وەرگیڕانی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرد.

ئەوە بۆ من زۆر جێگای پرسیار بوو بەڵام کارەکەم و ژیانەکەم ئەوەندە پێخۆش بوو کە درێژەم بە کارەکەم دا و وردە وردە کاک کەریم ناچار کرا حیزب بەجی بهێڵێ و چۆوە بۆ بولغارستان.

ڕادیۆکەمان ترسی لە دڵی کۆماری تیرۆر و سێدارە هاویشتبوو و جگە لە خستنی پارازیتی بەردەوام لە کاتی بڵاو بوونەوەی بەرنامەکان دا دایم لە حەولی دیتنەوەی شوێنی ڕادیۆکە و هێرشی هەوایی بۆ سەر ئێمە و بێدەنگ کردنی ڕادیۆکە بوون و پاش ئەوەی هێلیکۆتێرێک لە سەرەوی شوێنی کارەکەی ئێمە بەدەست پێشمەرگەکان خرایە خوارەوە، ئیتر ناچاربووین ئه‌و دۆڵه‌ به‌جێ بهێلین و چووین بەرەو ئالییە مەڕان لە سەرەوەی دۆڵی خدراوێ. کاتێک دۆڵی دیمۆکڕاتمان بەجێ هێشت مریشک و کەڵەبابەکانم جگە لە ئەوانەی خۆمان و کوڕەکانی ئینتشارات و ڕیوێ خواردبوومانن ببوونە چل پەنجا دانە و ئیتر لەگەڵ خۆم نەمبردن و هەر لە دۆڵەکە بەجێم هێشتن. سه‌رچاوه‌ی دۆڵی خدراوێ شوێنێک بوو چڕ و ئاسته‌م، پێیان دەگوت ئالییەمەڕان و خودا نه‌بێ هیچ به‌شه‌رێکمان لێ دیار نه‌بوو، له‌وێ چادرمان لێ دابوو، له‌ ده‌ورووبه‌ری ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین به‌ ڕۆژ زۆر جار تووشی پیسایی ورچ ده‌بووین و بۆیه‌ به‌ شه‌وانه‌ که‌ ده‌بوو سه‌ره‌رای کاری رۆژانه‌ی ڕادیۆ کێشکیشمان دابا، کێشکەکەمان زۆرتر لە ترسی ورچ بوو هەتا پاسدار و ئەڕتەش. من و کاک بێهرووز دەبوایە بە جێگەی مرێمی خێزانم و خوشکە بەهاری هاوژینی کاک بێهروویس کێشکمان دابا چونکە ئەوان نه‌یانده‌وێرا شەوانە هەر لە چادرەکان سەر بهێنە دەرەوە. قەدەرێک لە‌وێ بووین و ئینجا ڕادیۆکه‌مان گوێزته‌وه‌ بۆ دۆڵه‌توو، له‌وێ بوو که‌ شه‌ڕی جاده‌ی خانێ سه‌رده‌شت ده‌ستی پێکرد و ئه‌و شه‌ڕه‌ خاڵێکی گرینگی تێدا بوو کە من قەتی لە یاد ناکەم‌. لەم شەڕە دا یه‌که‌م جار بوو کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له‌ سه‌نگه‌رێک دا ‌دژی دەوڵەتێکی ‌داگیرکه‌ر شه‌ریان ده‌کرد. حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە هەموو بەگشتی لەگەڵ بوون، مام جەلال هەموو هێزی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی هێنابوو بۆ شەڕی ئێران و ١٨پشمه‌رگه‌شیان بەداخەوە له‌و شه‌رانه‌دا شه‌هید بوو، حیزبی سوسیالیستی باکووری کوردستان‌ بوو که‌ دوو ساڵ بوو له‌ ده‌ورووبه‌ری ئێمه‌ ده‌ژیان و لە کۆنگرەی ٥ی حیزب شانۆیەکیشیان پێشکەش کرد و زۆر ئینسانی باش باش بوون، حێزبێکی ڕۆژاوای کوردستانیش به‌ ناوی( ئه‌لپارتی) و هه‌موو تێکڕا دژی په‌لاماری کۆماری ئیسلامی ئێران شه‌ریان دەکرد.

درێژەی هەیە

No photo description available.

All reactions:

225Jalal Naghshbandi, Jawhar Jalal and 223 others