بەهاری ساڵی ٦٠ لە دۆڵی خدراوێ بەشداریی کلاسی کادری حیزبیم کرد و مامۆستاکانمان شەهید قاسملوو و مامۆستا عەبدووڵڵا حەسەنزادە بوون. لە ماوەی حەوتوویەک دا بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب و مێژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان بە دەرس پێ گوتین.
بەبۆچوونی من کۆنگرەی یەک و دووی حیزب لەگەڵ کۆنگرەکانی دواتری حیزب فەرق و جیاوازی بنەڕەتییان هەبووە.
کونگرەی یەکەمی حیزب کە دەزانین لە دەورانی کۆمەڵەی ژێ کاف و کۆماری کوردستان دا گیراوە و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کۆماری کوردستانی ڕاگەیاندووە و باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان هەبووە و ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیش “ئێران” ی پێوە نەبووە.
کۆنگرەی دووش لە سونێ و لە ٢٨ی ٨ی ١٣٤٣ ( ١٩٦٤) گیراوە و ئەحمەد تۆفیق( عەبدوڵلا ئیسحاقی) یازدە ساڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی بەڕیوەبردووە و درووشمی ئەم دەورەیە، ( یەکییەتی خەبات و سەربەخۆیی و دێمۆکڕاتی) بووە و لەم یازدە ساڵەش دا وشەی ئێران بە حیزبەوە نەبووە و ناوی حیزب، “حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان” بووە.
لە کۆنگرەی ٣ی بەدواوە حیزب بوو بە خاوەنی بەرنامە و ئەساسنامەی تازە و دروشمی سه‌ره‌کی حیزبی دێمۆکرات بوو به دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان. ناوی حیزب گۆڕدرا بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و وشەی ئێران بە ناوی حیزبەوە لکێندرا.
چەپی نەتەوەی باڵادەست لە ئێران و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی پاوانخوازی فارس به‌یه‌که‌وه، پاش رووخانی کۆماری کوردستان بۆ سڕینەوەی بیری سەربەخۆیی خوازیی و نەهێشتنی مەترسی پارچەپارچەبوونی ئێران، هەموو حەولیان ئەوە بوو کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە نێو خۆیان دا بتوێننەوە و نەهێڵن حیزبێك بە بیری پێشەوا قازی محەمەدەوە سەرلەنوێ سەرهەڵبداتەوە و خۆی ڕێکبخاتەوە.
بیرێک کە ئێرانی لێ دابەش کردبوون، ئاڵای ئێرانی لێ هێنابوونە خوار، رۆژی ٢٦ی سەرماوەز ئاڵای کوردستانیان هەڵکردبوو و ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانیش جەمهووری کوردستانیان ڕاگەیاندبوو.
بۆ ئەوەی پێش بە دووپاتبوونەوەی دووبارەی ئەم ڕووداوانە بگرن، یەکەم ئەوەی کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیان کرد بە شاخەی ئیالەتی حیزبی توودەی ئێران و دەیانەویست حیزبی دێمۆکڕات نەهێڵن.
بە بڕوای من سەرەڕای ئەو زەربە گەورەی پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان وە حیزب کەوت و هەموو کەندووکۆسپەکانی سەرڕێگای خەبات دیسانیش حیزب توانی زۆر چاک خۆی بگرێتەوە و بە تایبەتی یەکێک لە هەنگاوە هەرە باش و ئەرێنییەکانی دوکتور قاسملووش ئەوە بوو کە حیزبی دیمۆکراتی لەژێر سەیتەرەی حیزبی توودە هێنادەر و کردێوە بە حیزبێکی سەربەخۆ،
دووهەم کاری چەپی نەتەوەی باڵادەست و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی پاوانخوازی فارس برەودانیی بیری ئێرانیی بوو کە بەداخەوە حیزب نەیتوانی خۆی لەوەیان ڕزگار بکات. ئەوان دەیانگوت: یه‌که‌م ئه‌وه که کورد ئێرانییه و له‌گه‌ڵ ئێرانه و ئێران وڵاتی خۆیه‌تی و به زه‌ره‌ری کورده ئەگەر له ئێران جودا بێته‌وه و کوردستانێکی ئاوا فه‌قیر و دواکه‌وتوو چۆن ده‌توانی خۆی به‌رێوه به‌رێ و شووتیان لەبن هەنگڵی دەناین که کورد له بنه‌ره‌ت ڕا ئێرانییه و ته‌نانه‌ت کوردی پارچه‌کانی تریش، ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌ش وڵاتی دایک واته ئێران و زۆر زیره‌کانه ده‌یانه‌ویست، دە مێشکمانی بهاوێن که ئێمه، به هۆی هه‌ستان و دانیشتن له‌گه‌ڵ فارس و ئێرانی، گۆڕدراوین و له‌گه‌ڵ کورده‌کانی دیکه جیاوازین.
ئه‌م بیره، کە هەمان بیری چەپی نەتەوەی سەردەستی ئێران و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی پاوانخوازی فارس بوو بەداخەوە برا دە مێشکی بەشێک لە خوێندەوار و ڕووناک‌بیری کوردەوە و ئێستاش کە ئێستایە داوێنی به‌رنەداوین.
هەر ئەو بیرە بوو کە بە دەیان خوێندکاری شۆڕشگێڕی کورد کە بە خوێنی جگەر حێزبێکی پاک و ڕێکووپێکی وەکوو کۆمەڵەیان ساز کرد، دوودەستی تەحویلی چەند کەسێکی ئێرانی وەکوو مەنسووری حیکمەتیان دا چونکە خۆیان بە ئێرانی دەزانی.
لە نیو حیزبی دێمۆکڕات دا بیری جۆراوجۆر هەبوو بەڵام دوو بیریان سەرەکی بوون.
یەکیان بیری نه‌ته‌وه‌یی بوو کە حه‌ولی کوردایه‌تییان ده‌دا و ده‌یانه‌ویست بیروباوه‌ڕی زه‌مانی کۆماری کوردستان، واته بیری سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستان ببوژێننه‌وه. ئەوانە دەیانگوت کورد مافی خۆیه‌تی وڵاتی موسته‌قیللی خۆی هه‌بێ و کوردیان وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌ڕوانیی و هه‌ر به‌و جۆره‌ی که کوردی باشوور، وه‌ختی خۆی هاتبوونه پاڵ کۆماری کوردستان و شه‌ڕیان کردبوو و شه‌هیدیان دابوو، ئه‌وانیش چووبوونه پاڵ شۆرشی کورد له باشووری کوردستان، وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی باشوور، دژی حکوومه‌تی داگیرکه‌ری عیراق شه‌ڕیان ده‌کرد و شه‌هیدیان ده‌دا و ئه‌وه له ڕاستییدا، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت که، کورد هەر کورده و فه‌رق ناکا له کام شوێنی کوردستان خه‌بات ده‌کا بۆ ڕزگاری کوردستان. ئاڵا هه‌ڵگری ئه‌م بیره ئەحمەد تۆفیق بوو کە بەداخەوە چونکە دەیەوەیست حیزبی دێمۆکڕات بەتەواوی بەرێتە ژێر سەیتەری پارتی دێمۆكڕات سەرنەکەوت و ئاخریش له زیندانی حکوومه‌تی به‌عسی عێراق دا، له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه شه‌هید کرا و که‌س ده‌نگی لێ نه‌بیسته‌وه و به هه‌ناسه ساردیی تێدا چوو.
لەبەرامبەر ئەو دا بیری به ئێرانیی کردنی پرسی کورد هەبوو و دەیانەویست حیزب لە ژێر سەیتەرەی پاڕتیش دا نەبێ و باسیان لە دێمۆکراتیزه کردنی ئێران و چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران دا دەکرد. و له ڕاستییدا بیری کوردستانیی و سه‌ربه‌خۆییخوازی زەمانی پێشەوا قازی محەمەد شکستی خوارد و بیری چەپی نەتەوەی سەردەست کە بیری پاراستنی خاکی ئێران بوو سەرکەوت و بردیان دە مێشکی ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە که مه‌سه‌له‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێ له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا چاره‌سه‌ر بکرێ و دەبێ ئێران دێمۆکراتیزه بکه‌ین و که‌س له ئێمە ئێرانی‌تر نییە و باس لە تێکدانی سنوورەکانی ئێران بوو بە بڤە.
چەپی نەتەوەی سەردەستی ئێران له راستی دا، له‌به‌ر قازانجی ئێران و یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، له بیری بردینه‌وه که ئێمه پرسێکی زۆر گه‌وره و گرینگمان هه‌ر وا به چاره‌سه‌ر نه‌کراوی ماوه‌ته‌وه و خاکه‌که‌مان داگیر و نه‌ته‌وه‌که‌مان دابه‌ش کراوه و میلله‌تێکی ژێر ده‌ستین و به بێ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی، ئێمه هه‌ر وا کۆیله و ده‌رجه دوو ده‌مێنینه‌وه.
درێژەی هەیە