کاتێک خەریکی نووسینی شیعری مەهاباد بووم و لەسەر ئێعدامی ٥٩ کەسەکەی شاری مەهاباد لێکۆڵینەوەم دەکرد، بۆم دەرکەوت کە لەماوەی ساڵێک دا، ٣٠٥ کەس لە شاری مەهاباد ناویان تۆمار کراوە کە لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئێعدام کراون. ئەو ٣٠٥ کەسە ئەوانە ناگرێتەوە کە لە شەڕ و پێکدادانەکان دا، یا بە تۆپ و خۆمپارە، یا لەبەر دەرگای ماڵ وەک ئامین کە داستانەکەم گێڕاوە کوژراون. ئەو ٣٠٥ کەسە ناویان لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دا تۆمار کراوە کە لە ماوەی یەک ساڵ دا بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێعدام کراون. ئەوە ئەفسانەی زوحاک نییە، ئەوە راستییەکە کە ئێمە ٤٠ ساڵە لەگەڵی ڕووبەڕووین. ٣٠٥ کەس لە یەک شار یانی ٣٦٠٠ کەس لە هەموو شارەکانی کوردستان، یانی هەموو ڕۆژێ گیانی دەیان مرۆڤی کوردیان کردۆتە قوربانی مانەوەی حکوومەتە غەدارەکەی خۆیان.
هەر یەک لەو ئینسانانەی ئیعدام کراون خاوەن دڵ بوون، خاوەن هەست و شعوور بوون، خاوەن خوشک و برا و دایک و باب و دەزگیران و هاوڕێ و کەسووکار بوون، خاوەن میژوو و ڕابردوو بوون.
هاوزیندانی ئەو کەسانەی ئیعدام کراون داستانی هیندێک لەو کەسانەیان بۆ گێڕاومەوە کە چۆن و بە چ شێوەیەک بەرەو مەیدانی ئێعدام ڕۆیشتوون و چۆن بە خوێندنەوەی سروود و دابەشکردنی شیرنی بە نێو زیندانییەکان دا بە پیشوازی مەرگەوە ڕۆیشتوون، بەڕاستی هەموو جارێ کە ئەم داستانانەم بیستووە فرمێسک بە چاوم دا هاتوونە خوار و لەبەرامبەر گەورەیی ئەوان دا سەری کڕنۆشم دانواندووە. هیوادارم کەسانێک کە بۆخۆیان لە زیندانی کۆماری ئیسلامی دابوون نەهێلن ئەو بەسەرهاتانە بفەوتێن و بیاننووسنەوە.
یەک لەو کەسانە کە زۆر زوو و لە هاوینی ساڵی ٦٠ (٨١) دا بەدەست حکوومەتی پەت و سێدارە لە زیندان دا تیرەبار کرا شەهید کەریمی بللووری بوو. کەریم کوڕێکی هونەرمەند، لاوێکی جوانچاک و شۆڕشگێر بوو کە لەگەڵ شەهید جەماڵی مفتی وەک دوانە وابوون و هەمیشە بە یەکەوە بوون و لە ڕاستیدا لە زۆربەی حەول و چالاکییە سیاسییەکانی ئەوکات دا بەیەکەوە بووین. کەریمیش لە یەکەم خۆپێشاندانی کوردی ڕۆژهەڵات دا دژی ڕێژیمی پاشایەتی، کە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک عەزیزی یۆسفی کرا بەشدار بوو، ئەویش گیرا و ماوی مانگ و نیوێک زیندانی کرا. ئەویش لە زۆربەی خۆپێشاندانەکانی دژی شا دا بەشدار بوو. ئەویش زۆر جار لەگەڵ ئێمە دەهاتە ماڵە مامۆستا شێخ عێزەالدین بۆ پارستنی مامۆستا، ئەویش لە یارمەتی سەرهەڵدانەوەی باشووری کوردستان دا دەستی هەبوو و لە یەکەم کۆنفرانسی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی یەکییەتی نیشتمانی دا لە تووژەڵە لەگەڵ جەماڵ و ناسر سروودی نەتەوەیی خوێندەوە. ئەویش هاوکات لەگەڵ هەموو کار و تێکۆشانی سیاسی خەریکی کارووباری هونەریی بوو و هەنگاوی بۆ دەهاویشت و هەر لەم ڕێگایش دا گیرا و سەری دانا و گیانی فیدا کرد.
من تازە لە گوندی شیوە جۆ نیشتەجێ ببووم کە کەریمیش لە گوندی نواوێ لەگەڵ کاک ئێقباڵی حاجبی، خوڵقێنەری سەمفۆنیای کابووکێ، خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ پێکهێنانی ئۆرکێسترێکی هونەری و قەراریان دانابوو کە بچێتەوە مەهاباد بۆ هێنانی کەلووپەل و ئالاتی مووسیقی. من زۆری لەبەر پاڕامەوە کە ئەو کارەی نەکا و دەمگوت کەریم گیان دەزانم تۆ لەخۆت ڕادەبینی و ئینسانێکی زیرەک و چوست و چالاکی بەڵام ئەو کارەی دەتەوێ بیکەی مەترسی زۆرە بەڵام کەریم سوور بوو لەسەر بڕیاری خۆی.
رۆژی سێزدهبهدهری ساڵی ١٣٦٠ ههتاوی لە نێو شاری مهاباد، ڕاپۆرتیان لە کەریم دابوو و هێزيکی زۆر پەلاماری ئەو گەڕەکەیان دابوو کە کەریمی لێ ببوو و کەریم گیرا. ماوەی سێ مانگ ئەشكهنجه و ئازاریان دا بەڵام تا ئاخرین هەناسەی ژیان وەفادار بە ئامانجەکانی ماوە و سەری بۆ داگیرکەرانی نیشتمانەکەی دانەنەواند.
کەریمیش بە خوێندنەوەی سروودی ئەی شەهیدان و دەڕۆم بەرەو ئاسۆ بەرەو ئاسۆی ڕوون، چووبوو بەرەو مەیدانی ئێعدام و ڕوو بە زیندانییەکان گوتبووی هەرکەس بۆم بگری گەردنی ئازاد ناکەم، دوای منیش ڕۆژ دەبێتەوە و شەو دادێتەوە و دڵنیام کە نەتەوەکەمان بە ڕزگاری دەگات.
ڕۆژی ٤ی پوشپهری ساڵی ١٣٦٠ههتاوی(١٩٨١ ی میلادی) کەریم لەگەڵ حەوت لاوی دیکەی شاری مهاباد، حامید مستەفا پوورئازهر( حامید شاریكهندی)، سەعید میكائیلی( تیتە)، مستەفا دێبۆكری، ڕەحمان شهنگهپوور، جەعفەری سیگاری، سەعد عەباسی و سمایل ئاقچه مەسجدی تیرەباران کرا و ناویان چوو لە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگار کوردستانەوە. هونەرمەند حوسين شەبەق هۆنراوەیەکی له سهر پهخشانێكی خوشكی شههید كهریم داناوە بە ناوی “سروودهكهی تۆ” و دەفەرموێ:
پرسیم له دهریـــــا، له ئاسمانی شهو، له چاو ئهستێـــره
له كانیــلهكــــــــان كه ڕوون بـــوونهوه به دهستت لێـــــره
پرسیم له شهماڵ، له ههناسهی شهو، له گوڵاڵەی سوور
له ڕێی باریكی ناو قــــــهدی شاخــــی پێچــــاوپێچی دوور
پرسیم له كوێستان، له هۆبه و ههوار، له ڕێبوار و شوان
له خۆشهویستت كه ســـــووتا دڵی و ئهســــرینی ڕژان
له هاوڕێیانت، پێشمهرگهی سهنگهر، لـــهوانهی كه تۆ
به گۆرانی و دهنگ هێنـــاتنه جۆش و گــــوور و جستوجۆ
پرسیم لــــه دایكی، پهنجــــاو و نـــۆ گوڵ كه درانه سینــه
كهتاكـــوو ئێستاش، داخیــــان له دڵمان، ســـــووره برینــه
له حاجیئالیكهند، له گلكـــۆی شههید، له تنۆكیخوێن
لهو خهمه سوورهی، بێپهسا ههردهم له چاومان دهڕژێن
پرسیم له حیزب و له پارت و گوروه، له نـــــــــاو كۆمهڵە
لهو دهنگخۆشانهی، قیبـــلهیان دایم، شۆرش و گـهله
ههواڵ گهرم و سوور، پشكۆ و ئاگر و سوتماكی دڵ بوو
دڵ و دهست و چاو، له ئهشكی خوێنین سهر ڕێژ و پڕ بوو
ههموو وتێان پێم، ئهی خوشكی شههید، بسڕەوە ئهسرین
شههیدی شۆڕش، دهبێ ڕێی بگرین، نابــێ بۆی بگـــرین
لهو ڕۆژەوە مــن، ئهشكم سڕێوه و گریـــــانم ڕانـــــــا
سروودهكهی تۆم به ڕێ و ڕێبازی داهاتـــــووم دانـــــا
یادی شەهید کەریم و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری بەرز و پیرۆز بێ
درێژەی هەیە