بەشی ٣١

You are currently viewing بەشی ٣١
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

کاتێک من هاتم بۆ نێو حیزب و لە ڕادیۆ دەستبەکار بووم، ڕادیۆ چوار شوێنی گۆڕیبوو جا گەیشتبووە دۆڵی شیوەجۆیە یا دۆڵی دێمۆکڕات. بۆ ئەوەی نووسینەکەم لەسەر دامەزراندنی ڕادیۆ بێ کەمووکووڕی بێت پێوەندیم بە کاک عومەری ئەمینی هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستمەوە گرت کە لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانی ڕادیۆوە واتە ١٥خەزەڵوەری ساڵی١٣٥٨ لە ڕادیۆ کاری کردووە.

کاک عومەر دەفەرموێ:

(من و موهەندیس ڕەزا خەیاتی، شۆڕشگێڕی نیشتیمانپه‌روه‌ری ئازەری زمان، دیاری کراین بۆ دامەزراندنی ڕادیۆ.

ڕادیۆکەمان یەکەم جار بە شان و پیلی خەڵکی گوندی سەرشاخان و پێشمەرگەکانی پارێزەری ڕادیۆ، لە گوندی (لگبن) ڕا بەدۆڵی بابەکراوێدا بردە گوندی (کێلێی سەرشاخان) و لەدۆڵی بابەکراوێ دە ئەشکەوتێک دا شاردمانەوە. من بەشانازییەوە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ یەکەم بەرنامەی تاقیکردنەوەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانم بە دەنگی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان کاک محەمەدی ماملێ بڵاو کردەوە.

سەرشاخان و دۆڵی بابەکراوێ جێگایەکی زۆر ئاستەم و سەخت بوو و هاتووچۆی زۆر لێ زەحمەت بوو و بەئاسانی تەداروکات و پێداویستیەکانی ڕادیۆمان بۆ جێبەجێ نەدەبوو. ئەگەر هاوکاری کاک سمایلی ئاغامەجید و فەرماندەی شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە نەبوایە بەڕاستی لەم دۆڵەدا ژیانمان بۆ نەدەکرا. بۆیە دوای دوو مانگ و نیو لە دۆڵی بابەکراوێ، بڕیاری گواستنەوەی ڕادیۆ درا.

دیسان خەڵکی زەحمەتکێش و بە ئەمەگی دۆڵی لگبن و سەرشاخان بەپەت‌ و گوریس و داری ئەستوور و درێژ کۆبوونەوە و تەواوی دەموودەزگای ڕادیۆیان بەشان و پیل و دەسبار و بەهێزی خۆیان بۆ گواستینەوە بۆ کەڵەکوکەی سەرێ، کە سەربە ناوچەی لاجانە. لەو ناوچەش دەگەڵ ئەوەی هێشتا هێز و تەشکیلاتی حیزب هەر لەشار و گوندەکان دابوو من و چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستم دوور لە ئاوەدانی، بەرنامەکانی تاقیکردنەوەی ڕادیۆمان بەوپەڕی شانازیەوە بڵاو دەکردەوە.

ئەوچەند مانگەی کە من لە شاخ خەریکی ئەرکی ڕاپەراندنی کاری رادیۆ بووم، کوردستان وەک بۆشکەی باڕووتی لێهاتبوو و ها ئەوڕۆ بتەقێتەوە و ها سبەی.

وردە وردە مەقەڕ و پێگە تەشکیلاتیەکانی حیزب بەرەو گوند و شوێنەکانی دوور لەشار دەگوێزرانەوە و وەزعەکە ئاڵۆز و نائارام دەبوو و دیسان بڕیاری گواستەنەوەی ڕادیۆ درا و دیسان هەموو دەموودەزگای ڕادیۆ کۆکراوە و بەرەو شوێنی سێهەم وەڕی کەوتین ئەمجارە نیوە بەشان، نیوە بە دەسبار و نیوەش بەماشێن.

ئەمجارە بەرەو کێوە سەربەرزەکانی ناوچەی قەڵاتی شای و دۆڵی شێخان، ڕوبەڕووی گوندی شێخان، لە بەرزایەکانی پشتی گوندی حەسەنچەپ، لەبن کێوێکی هەڵکۆڵدراوی، خانوو بەبەرد لێدرووستکراوی، دارەڕاکراوی، ویشکە کەڵەکی

ژێر زەوی دا جێگیر بووین و دەگەل مشک و مار و دووپشک بوین بەجیران.

ئەو جێگایانەی ڕادیۆمان دەبرد هەمو لەباری پاراستنەوە بەشێوەی ماڵی نهێنی درووست کرابوون و هەمووشیان بە سەلیقە و پشتکاری فەرماندەی قارەمان، هاوڕێی شەهیدمان سەید ڕەسووڵی بابی گەورە بوون. یادی بەخێرو ڕووحی شادبێت.

لێرە واتە لە دۆڵی شێخان وێدەچوو بۆماوەیەکی باش بمێنینەوە و لەوێ بە بەشداریی ڕێبەرانی شەهیدمان دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید و هەروەها کادر و پێشمەرگەکانی ڕادیۆ، لە ٢٧ی جۆزەردانی سالی ١٣٥٩ یەکەم بەرنامەی ئاسایی و ڕەسمی ڕادیۆمان بڵاو کردەوە و ناوی (ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانه‌)یان بۆ ڕادیۆکە دیاری کرد.

لە دۆڵی شێخان حەوت هەشت مانگ ماینەوە و دیسان بریار درا کە شوێنی رادیۆکەمان بگوێزینەوە و ئەمجارە هاتین بۆ دۆڵی شیوە جۆ، یا دۆڵی دێمۆکڕات.)

ئەوەی جێگای ئاماژەیە جەماعەتێک پێشمەرگەی ئازا و فیداکاری وەک عەلی شەم و

عومەر بەقایی کە هەر لە کۆنەوە لەگەڵ کاک سەید رەسووڵی بابی گەورەی حیزبایەتیان کردبوو لە هەموو ئەم ساڵانە دا کە ڕادیۆ دەنگی هاتووە پارێزەریان لە ڕادیۆ کردووە و نەیانهێشتووە ئەم دەنگە کە زمانی حاڵی پێشمەرگە و حیزب و نەتەوەکەمان بوو چووکترین سەدەمەی وێ بکەوێ. ئەوە لەحاڵێک دابوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوپەڕی حەول و تەقەلای خۆی داوە کە ئەم دەنگە بێدەنگ بکات و

ڕادیۆ هەمیشە مەترسی هێرشی هەوایی لەسەر بووە بەڵام لە سایە سەری ئەم پێشمەرگە قارەمانانەوە هەمیشە پارێزرا و قەت بێدەنگ نەکرا.

درێژەی هەیە