مرشکێک و کهڵهبابیکم کڕی و لهتهنیشت وهتاغهکهی خۆمان کولانهیهکم بۆساز کردن. چووم لە ڕەزی ماڵە پوورە ملووکیشم لە پاراستان دوو سەوەتەی گەورەیان ترێ ڕەشەی باش و دەرەجەیەک بۆ لێکردمەوە و هێنام دە دوو دەبەی گەورەم کردن و شەڕابێکی خەستووخۆڵم لێ سازکرد. من خۆم زۆر شەڕابخۆر نیم و شەڕابی چاک و خراپ ناناسم بەڵام دوکتور قاسملوو زۆربەی شەوان پێشمەگەی دەنارد و دەیگوت تامی شەڕابەکەت لە تامی شەڕابێکی زۆر بە ناوبابگی فەڕانسەوی دەچێ و زۆری پێخۆش بوو. مریشکەکەم دەستی کرد بە هێلکان و جووجکەی هەڵینان و دوو کولانەی گەورەی دیکەشم لەو دۆڵە ئاستەم و چڕە دا بۆ سازکردن و وردەوردە دەمتوانی هێلکەی تەواوی دۆڵەکە بدەم.
وەتاغی زەبتی ڕادیۆکەمان لە تەنیشت ژوورەکانی ئێمە بوو کە بەیانان پاش نان و چای بەیانی دەهاتین و سەرەتا بەشی کوردییەکەمان تۆمار دەکرد. هەواڵەکان کاک تەهای عەتیقی دەینووسی و ڕێکی دەخست و کاک ئەحمەدی شێربەگی دەیخوێندەوە. هەموو ڕۆژێ تەفسیری سیاسی ڕۆژمان هەبوو کە یەکێک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی دەیاننووسی و کاک بێهرووزی کوردئەحمەدی کە بەرپرسی بەشی فارسی بوو وەریدەگێڕاوە بۆ فارسی و بە کوردی و فارسیش خۆی تەفسیرەکەی دەخوێندەوە.
من ببوومە وتارنووس و حەوتووی سێ وتاریان بۆ دیاری کردبووم، دەمنووسین و وەرمدەگێڕانەوە و لە بەشی کوردی و فارسی دا دەمخوێندنەوە. کاک کەریمی حیسامی و مامەقالەی دەباغیش وتارنووسی ڕادیۆ بوون. خوشکە خەدیجەی مەعزووری، نەرمینی گادانی، خوشکە مەستانە، خوشکە مانی، خوشکە بەهار، شنەی هیدایەتی، پەروین خانمی هاوژینی کاک ئەبووبەکری هیدایەتی، خوشکە ئەسمەر و مەکۆ و مەجید و عەلی عەجەم، لەسەر یەک سەعاتێک بەرنامەی کوردی، سەعاتێک فارسی و نیوسەعات تورکیمان تۆمار دەکرد و چوار مرۆڤی فیداکار و لەخۆبووردوو هەبوون کە دەبوو شریتە تۆمارکراوەکان ببەن بۆ سەر شاخێکی بڵیند و لەوێ ڕا بڵاوی بکەنەوە. عومەری ئەمینی، سەید مارفی برای سەیدڕەسووڵی بابی گەوەرە، کاک سامان و عەلی یۆسفنژاد (بێسیمچی).
بەشی تۆمار کردنیش چوارکەس بوون، سولەیمانی محەمەد جانی، مەنسووری خوسرەوی، جەماڵی کەریمی و خوسرەوی کاشانی.
تیمێکی پازدە بیست کەسی بووین کە لە کەشووهەوایەکی زۆر دۆستانە و رەفیقانەدا بەرنامەکانی رادیۆمان تۆمار دەکرد و بلاومان ەکردەوە.
ئەو ڕادیۆیە ئەو کاتە تاقە دەنگ و یەکەم مێدیای کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە ژێر سایەی چەکی پێشمەرگە دا لە ئەشکەوت و کونەشاخان دا دەپارێزرا و دەنگی خەڵکی کوردی هەرچەند زۆر بەکەمی بەڵام بە گوێی خەڵکی دنیا دەگەیاند. یەکەم دەنگ بوو کە کۆمەڵکوژییەکانی سوپای پاسدارانی دڵڕەشتر لە داعەشی لە قاو دەدا و هەواڵی قارەمانەتی پێشمەرگەی بە گوێی خەڵک دەگەیاند. هەر ئەو دەنگە هەبوو کە ببوو بە دەنگی ڕزگاڕیخوازی گەلە چەوساوەکەمان و هیوا و ئومێدی دە دڵی خەڵک دەخست. هەر ئەو دەنگە بوو کە هاواری پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانی بە گوێی خەڵک دەگەیاند، بەڵام زۆر کز و لاواز بوو و هەر بەو کز و لاوازییەش کۆماری ئیسلامی زەندەقی لێی چووبوو و لە کاتی بڵاوبوونەوە دا پارازیتی دەخستە سەر و ئێمەش زووزوو دەبوو شوێنی بڵاوکردنەوەکە بگۆڕین و ئەوەش ببوو بە یەکی دیکە لە ئەرکەکانی ئێمە.
هەموو ئەوکەسانەی لەم دۆڵە دا دەژیان بە گیان و بەدڵ کاریان دەکرد. لە داوێنی ئهو چیایه دا ههموو بهیانان چاوت بە کۆمەڵێک ئینسانی شۆڕشگێر و خەباتگێر دەکەوت کە دەستیان لە هەموو خۆشییەکانی ژیانیان هەڵگرتبوو و گیانیان لەسەر بەری دەستیان دانابوو کە پێشکەشی گەل و نیشتمانەکەیانی بکەن. جۆگەی ئاوی کانیاوێکی ڕوون و خاوین بە بەر ماڵەکان دا کێشرابوو و لە هەر کونە ماڵێک ڕا کەسایەتێک بە خاولێکی چووکه به سەر شانەوە و قالبه سابوونێک و میسواکێک بهدهستهوه دەهاتە دەر و لە سهر جۆگهی ئاوی کانیاوەکە دهست و دهموچاوی دهشوشت و پاشان بهرچاییهک و ئیتر خهریکی نووسین و کاری ڕادیۆ و ڕۆژنامەی کوردستان و ئەرکەکانی تر دەبوون. بەڕاستی هەموو ئەو کەسانەی کە لەوێ کاریان دەکرد و بەداخەوە ئیستا زۆربەیان نەماون، شەو و ڕۆژیان نەدەناسی و هەموو بە دڵەوە و بە نانەزگی لە پێناو یەک ئامانج دا خەباتیان دەکرد، کە ڕزگاریی کورد و کوردستان بوو.
دەزگای پەخش یا فرستەندەی ڕادیۆکە کاتی خۆی لە گرتنی پادگانی مەهاباد وەدەست حیزبی دێمۆکڕات کەوتبوو و سەید ڕەسووڵی بابی گەورەی ڕایگوێستبوو بۆ لگبنێ، لەوێ ڕا بردبووی بۆ کەڵەکووکەی سەرێ و ئینجا بۆ باگردان و ئاخر شوێن بە دارەمەیت بردبوویان بۆ ئەشکەوتان.
سەید رەسووڵی بابی گەورە لەڕێگەی کاک سمایلی ئاغامەجیدەوە ئیستوارێکی ژاندارمەری کە ئازەری بوو و دەرسی بێسیم و ڕادیۆی لە ئەڕتەش دا خویندبوو بە ناوی موهەندیس ڕەزا خەییاتی دیبۆوە و موهەندیس خەییاتی ڕادیۆکەی وەڕێ خست و ماوەی ٣٣ ساڵ هەتا ئاخرین هەناسەکانی ژیانی خۆی، حیزب و ڕادیۆکەی بەجێ نەهێشت.
لەم دۆلە دا توالێت و حەمام و لوولەکێشی و میوانخانەیان ساز کردبوو و تاقە یەک قونچکە سیغاریشمان لە هیچ شوێنێک فڕێ نەدەدا. نانی نیوەڕۆمان بە یەکەوە دەخوارد و زۆر جار بەرپرسەکان لە میوانخانە قسەیان بۆ دەکردین و پێکەنین و جەفەنگ و قسەی خۆش بە پای فیلان بوو. کاک فەتتاحی کاویان هەمیشە قسەیەکی خۆشی تازەی هەبوو بۆ گێڕانەوە و پێکەنین.
بە ڕاشکاوی دەتوانیم بڵێم خۆشتری دەورانی ژیانم ئەم ماوە بوو کە بە بێ داگیرکەر لە داوێنی ئەم چییایانە دا بە ئازادی دەژیام.
ئەو شیعرەی مامۆستا هێمن کە دەفەرموێ:
(ناهێڵن ئاسوودە دانیشم لە داوێنی چیام، قاسپەیی کەو بێتە گوێم کوا گرمەیی مینم دەوێ)
شەرحی حاڵی ژیانی ئێمە بوو لەم سەرووبەندە دا.
٦ مانگ دوای ڕادیۆ حیزب، زستانی ٥٩ لە زێڕاندۆڵ ڕادیۆ کۆمەلەش وەڕێ کەوت و ئەم دوو دەنگە بوون بە دەنگ و هاواری کۆمەلانی زەحکمەتکێشی کوردستان و هەنگاوێکی گەورە بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە گوێی خەڵکی جیهان.
کۆنگرەی پێنجی حیزبت دێمۆکڕات بەڕێوە بوو. کاک فەتتاحی کاویان کە بەقەدرایە من و بگرە زیاتریش لە من بە شەهید بوونی سولەیمانی بللووری تێکچووبوو نامەیەکی زۆر جوانی ڕوو بە دایکی سولەیمان کە بن ئامۆزای کاکە فەتتاح بوو نووسی بە ناوی.
دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، ئەگەر نەمرم دەستێنم تۆڵە.
ئەوکاتە کاک حوسێنی ڕەهبەر و محەمەدی کەریمیش بۆ ماوەیەکی کورت هاوکاری ڕادیۆ حیزبیان کرد و من و محەمەد بڕیارمان دا بە یادی سولەیمان ئەو نووسراوەی کاک فەتتاح بە شێوەیەکی جوان تۆمار بکەین و پێشکەشی کۆنگرەی پێنجی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی بکەین. من لە زمان کەسێکەوە کە خەریکن دەیبەن بۆ ئێعدام شتێکم نووسی و دووبەدوو شریتەکەمان تۆمار کرد کە زۆر سەرکەوتوو بوو و زۆر دەنگی دایەوە.
درێژەی هەیە