یەکێک لەو کەسانەی کە لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی باشوور و هاتنەوەی یەکیەتی نیشتمانی پێوەندی بە ئەوانەوە گرت، شەهید جەماڵی مفتی بوو.
جەماڵ هونەرمەندێکی زۆر دەنگخۆش و شۆڕشگێر، هاوڕییەکی زۆر نێزیک و خۆشەویستی من بوو کە بەداخەوە زۆر زوو لە شەڕ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان دا شەهید بوو.
کلاسی چواری دەبیرەستان بووم، رۆژێک سەلاحی مەدەنی، کوڕێکی هیندێك لە خۆمان منداڵکارەتری هێنا بۆ ماڵی ئێمە و گوتی: ئەوە ناوی جەماڵە، برازای براژنمە و دەنگی زۆر خۆشە، دا جەماڵ گیان دەی، تێیهەلکەیە.
جەماڵیش تییهەڵکردێ،
نەمام نەمامە، نەمام زۆر جوانە، زولفی ڕیحانە، ئەی هاوار نەمام،،،،،،،،،
ئەو دەنگەی ئەوڕۆژە بیستم لەقەدەر ئەو قەڵافەت و ئەو تەمەنە نەبوو کە لەوێ دانیشتبوو، یەکجار بەرز و گیرا و بەسۆز بوو و ئەوە یەکەم رۆژی ئاشناییمان بوو و هەتا ئەو ڕۆژەی کە شەهید بوو لە نێزیکترین کەسەکانی من بوو. بۆ سەدان کۆڕ و کۆمەڵ و کار و تێکۆشان هەر بەیەکەوە بووین. لەبیرمە ڕۆژی دوای شەوکەی ماڵە سولەیمانی بلووری کە ناسر بۆ یەکەم جار هاتبوو بۆ مەهاباد. جەماڵمان دیت. کە گورانی گوت، ناسر واقی وڕ ما. بە ڕاشکاوی دەڵێم ئەگەر جەماڵ شەهید نەبووبا و مابا، هونەرمەندێکی وەکوو ناسری ڕەزازی و نەجمەی غوڵامی لێ دەهاتە دەر و ئەویش کەسێک بوو وەکوو ناسر و نەجمە زۆر زوو دەیان بەرهەمی هونەری تۆمار کرد و یەکێک لە ئاواتەکانی ئەوە بوو کە سنوورە دەستکردەکەی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڕیبا و لە سولەیمانی و هەولێر و کۆیە لەگەڵ تیپە مۆسیقاکانی ئەوێ گۆرانی و سروودی بۆ نەتەوەکەی گوتبا.
لە زۆربەی ئەو شەوانەی زەمانی شا دا کە لە مالە مامۆستا شێخ عیزەالدین بە چەکەوە کیشکمان دەدا لەگەڵ جەماڵ بەیەکەوە بووین، لە سەفەرەکانمان لەگەڵ مامۆستا بۆ سەقز و سنە و بانە هەر بە یەکەوە بووین. بۆ سەفەری تووژەڵە و بەشداری لە یەکەم کۆنفرانسی یەکییەتی نیشتمانی هەر بە یەکەوە بووین. کە لەوێ لەگەڵ کەریمی بللووری و ناسری ڕزازی جەند سروودی نەتەوەییان خوێندەوە. جەماڵ کوڕێکی زۆر نەترس بوو.
حەفتەیەک بەر لەوەی جەماڵی مفتی شەهید بێ، جەنگەی گەرمای نیوەڕۆی هاوینێکی گەرم، مانگی پووشپەڕ، لە باغی میراوێی قەراخ بۆکان، لە ژێر سێبەری دارێک دانیشتبووین و باسی خۆشەویسترین ڕەفیقی لەدەستچوومان ” سولەیمانی بللوری” مان دەکرد و بۆی دەگریاین. چوار پێنج مانگ بوو لێک هەڵبڕابووین و یەکترمان نەدیبووو.
دڵۆپێک فرمێسک بەسەر گۆنای پیاوانەی دا خزی و کەوتە سەر سمێلە رەشەکانی،
ئاخێک حەنجەرەی بزاوت و تێیهەڵکرد:
ئەژدەهاک زیندانت قەڵا قەڵایە، دیوارێ کۆنکرێت، دەرگای پۆڵایە
پشتیندە ژۆرژیتە قاوەییەکەی سولەیمانی لە پشتی جەماڵی دابوو، جارجار لکێکی پشتێندەکەی، دەردێنا و فرمیسکەکانی، پێ دەسڕێوە، پاش ئەژدەهاکی مامۆستا گۆران دیسان تێیهەڵکردەوە. ئەوجار ” وەی لە زاڵم نەمێنی، بەڵام کوڵی گریان نەیهێشت تەواوی بکا و بوخچەی دڵی پڕ لەخەمی کردەوە و بۆی هەڵڕشتم و دەستیپێکرد و گوتی:
خۆم بۆ ساغ نەدەبۆوە، بڕۆم بۆ ئورووپا و وەدوای دەرس و هونەر بکەوم یان چەک هەڵگرم و ببم بە پێشمەرگە. ئاخری بڕیارم دا بڕۆم و رێگەی یەکەم هەڵبژێرم.
هەرچی هەمبوو لە شریت و ئاڵبۆم و کتێب و شێعر و ئاهەنگی تازە کە ماوەیەکی زۆر کارم لەسەر کردبوون، لە توێی دوو جانتام ئاخنین و چووم بۆ تاران. پاسپۆرتم هەبوو، ویزای سوێدم وەرگرت و بڵیتی تەیارەم کڕێ و قەرار بوو بۆ سبەینەکەی هەڵفڕم و بڕۆم، بەداخەوە هەر ئەو ڕۆژە هەواڵی هێرش بۆ سەر کوردستانم بیست و قەڵەمی دەست و پێم شکا. دڵم بڕوایی نەدا بڕۆم، هەرچی کردم نەمتوانی خۆم قانع بکەم، کە خەڵکەکەم بەجی بهێڵم و بڕۆم. ئاخر من کوڕی ئەو خەڵکەم و بۆ ئەو خەڵکە دەژیم و بۆ ئەو خەڵکە گۆرانی دەڵێم و دەبێ هەر بۆ ئەو خەڵکەش بمرم. هونەری چی ئەگەر لە نێو خەڵک و خاک و نیشتمانی خۆم دا نەبم؟ بۆیە جانتا و مانتام بەجێهێشت و هەر بۆ سبەینی ڕا بە لای ورمێ دا خۆم گەیاندەوە سێڕای نەغەدە و بە لای خانەگێ و ئیندرقاش دا هاتمەوە نێو پێشمەرگەکان و چەکم هەڵگرت و بوومە پێشمەرگە.
هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی: لە ناو کۆمەڵە دا چەند کەسێک هەن بەداخەوە زۆرم عەزێت دەکەن. من لام وایە هەر کەس دەبێ کاری خۆی بدرێتێ، ماوەیەک لە لایەن یەکییەتی مامۆستایانی بۆکانەوە کلاسی سروود و گۆرانی و هونەرم بۆ مندالان دانابوو و دەرسم دەگوت. ئەوەش کارە و ئەوەش خزمەتە، خۆ شەرت نییە هەموو کەس چەک هەلبگرێ. گوتی سولەیمان فەوقی دیپڵۆمی زانستی ئازمایشگاهی هەبوو، بۆخۆی نیمچە دوکتورێک بوو، بۆ دەبێ چەکی بدەنێ و بینێرن بۆ شەڕ؟ بە شەڕەف من لە شەڕ ناترسم و ئەوەش سابیت دەکەم. ئێستا ئەوە دیسان دەسەریان کردووم بچمەوە ناوچەی مەهاباد، جا نازانم چم لێ دەکەن و بۆ کوێم بەڕێ دەکەن؟
ئەو ڕۆژە تا ئیوارەیەکی درەنگ، هەتا ئەوکاتەی ڕەشایی بەری ئاسمانی گرت لەو باغە دانیشتین و پاشان وردەوردە بەرەو شار بووینەوە. من دەبوایە بگەڕێمەوە ناوچەی سەدەشت و جەماڵم ماچ کرد و بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە جەماڵم بەجێ هێشت. خەم لە نیوچاوانی دەباری، بەداخەوە ئەوە ئاخرین دیدارمان بوو.
حەوتوویەک دوای ئەو دیدارەمان لە قزڵجەی دەوری مەهاباد ڕا پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەچنەوە بەرەو مەهاباد بۆ عەمەلیاتی نێوە شار. کاک سەعیدی سەرهەنگی دەیگوت لەگەڵ جەماڵ لە پەنا یەکتر دانیشتبووین کە بەرنامەی شەڕەکەیان بۆ باس دەکردین. جەماڵ دەراغەکانی هەموو دەرهێنابوو و دانەدانە فیشەکەکانی خاوێن دەکردنەوە و دە دەراغەکانی دەنانەوە و وادیار بوو خۆی بۆ شەڕێکی قورس ئامادە دەکرد،
دەیگوت لە ڕێگا کە دەڕۆیشتین بە دەنگی بەرز سروودی دەگوت و ئێمەش هەموو دەگەڵمان دەگوتەوە. دەیگوت شوێنی جەماڵ لە کووچەی مزگەوتی سوور بوو و پاسداریش دە بانکی سپا دابوون کە زۆر لە جەماڵ دوور نەبوون. هەر بۆیە لە شەڕێکی قارەمانانە دا بەداخەوە زۆر زوو جەماڵ شەهید بوو. ئەو شەوەی نەمامنتوانی تەرمەکەی شەهید جەماڵ لەگەڵ خۆمان بەرینە دەر و لە نێو مەهاباد شاردمانەوە و بۆ سبەی شەو ڕا چووین و هێنامانەوە و لە ناو ماشێنەکەدا هەمان سروودمان دەگوتەوە کە کاتی ڕۆیشتن جەماڵ دەیگوت و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی چاوبەفرمێسکی شاری بۆکان دا جەماڵمان لە گۆڕستانی بۆکان بە خاک ئەسپارد.
شێعرێکی جوانی بەڕێز و خۆشەویست کاک ناسری حیسامی
بۆ جهمالی مفتی
ئهوڕۆژهی تۆ له مهاباد گهڕایهوه،
ئهرێ كێ بوو ئهو ههواڵهی بۆ من هێنا؟
كێ بوو وتی:
«بولبولهدهنگخۆشهكهمان
به تهوژمی باڵی ههڵۆ ههڵفڕیوه»؟
كێ بوو وتی:
«له چوارچرا دهنگی دوایین سروودی زامداری جهمال
له هاوار و ناڵهی ههموو تفهنگهكان بهرزتر بوو»؟
ئهو شهوهی كه پێیان وتین بۆ بهیانی تۆ دێیهوه
قهڵای بۆكان وهكوو دایكت چاوهڕوان بوو
تا بهربهیان سهری كێشا و
دهیڕوانی
له شهقامه بێدهنگهكهی داوێنی خۆی.
كه هاتییهوه من لهوێ بووم.
لهم سهر تا ئهوسهری شهقام
ئهوانهی تۆیان خۆش دهویست
ئهوانهی خۆشت ویستبوون
وهك دارستان، ئهمبهرهوبهر ڕاوهستابوون
قامهتی تۆش چنارێكی ڕاكشاو بوو
به نێو داڵانی باغێكی پڕ له سڵاو و سروود دا
تێدهپهڕی.
خۆت بێدهنگ و
سروودهكهت له گهرووی شارێك دهبیسترا.
ئهو ڕۆژهی تۆ گهڕایهوه
بهژنت بۆنی نهعنهی كێویی لێدههات و
بۆنی خاكی بهر سوورهتاو؛
بۆنی دهغڵی دهشتی بهرینی شاروێران؛
بۆنی شنهی پاییزانی باغهبههێی ئاجیكهند و
بۆنی سهنگهری بهرباران.
ئێسته ههموو بیرت دهكهن؛
بیری خۆت و
ڕێژنهی دهنگت:
شۆڕهبییهكهی باغی سیسه و
منداڵه بێنازهكانی كۆڵانی تهسكی ههژاری و
دهسفرۆشه پیرهكانی بهر كڕێوهی ڕهنجهڕۆیی.
كیژهكانی دڵداری خۆر
به ڕهنگی گهشی نیگای تۆ
چاوی گوڵێكی تهونیان ڕشت
له قهراخی كانیاوی زۆر زوڵاڵی پێكهنینه ئهبهدییهكهت؛
كاتێك لێویان باری لێ نیشت
وهكوو پهردهی ڕهنگ پهمهیی نێو كۆڵانه سوورهكانی شاری ههنار.
كۆچت سهفهری سروود بوو
ئهی قهنارییه دهنگخۆشهكهی
ههڵفڕینت له فڕینی ههڵۆ دهچوو.
یادی هەزار جار بەخێر
لە بەڵای کڕۆنا بەدوور بن و تا ڕۆژی دووشەمبەی داهاتوو بۆ دریژەی داستانەکە ماڵتان ئاوا بێت