بەشی ٢٨

You are currently viewing بەشی ٢٨
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

لە مەهاباد را گەرامەوە بۆکان و چاوبەفرمێسک و تاسییەباری سولەیمان، لە فکری چوونەوەدا بووم بۆ شیوەجۆی لای سەردەشت؟

ئەگەر لەبیرتان بێت لە بەشی ٢٢ دا باسی کاک ئەحمەدی لبادیم کرد کە کەڵاشینکۆفێک و ماشینێکی لەندویری چریکەکانی دا بە من و گوتی ئێمە لێرە نامێنین ئەوانە لێرە بۆ تۆ بن باشترن و بەکارت دێن. هەر ئەو دەم تووشی ڕەفیقێکی کاک فەتتاحی کاویان بووم کە ئێستا نەماوە و ناوی نابەم و تکایە ڵێشم مەپرسن کێ بووە، مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتە تەنیا هیندێک ئاڵووگۆرە لە نووسینەکەم دا بۆ تام و چێژی تازە. ئەو برادەرە کە لەندویرەکەی بە من دیت

گوتی: کاک فەتتاح پێویستی بە ماشێنێکە و منی ڕاسپاردووە ماشێنێکی لەندوێری بۆ بکڕم.

منیش گوتم: کاکە پێویست ناکا ماشێنی بۆ بکڕی ها ئەو لەندوێرەی بۆ بەرە و پارەشی ناوی. سپاسی کردم و لەندوێرەکەم دایە و ڕۆیشت. کە من چووم بۆ دەفتەری سیاسی ڕۆژێک لە کاک فەتتاحم پرسی: ئەرێ کاک فەتتاح لەندوێرەکەت کوا؟

کاک فەتتاح گوتی: لەندوێری چی؟!

منیش جەریانەکەم بۆ گێڕاوە و ئەویش دەستبەجێ چوو بە بێسیم لەگەڵ تەشکیلاتی بۆکان قسەی کرد و کابرایان هێنا و کاک فەتتاح باسی لەندوێرەکەی لێ پرسی، و ئەویش لەوەڵام دا گوتبووی لەندوێرەکە لە لای میاندواوێ خۆمپارە لێی داوە و پێنج پێشمەرگەشی تێدا شەهید بووە و لەندوێرەکەش تەفرووتونا بووە و نەماوە.

من و کاک فەتتاح هەردووکمان زۆر نارەحەت بووین و ئیتر بێدەنگەمان لیکرد و زۆریش بە پەرۆش بووین بۆ پێشمەرگە شەهیدەکان.

ئەو سەفەرەی کە لە مەهاباد را گەرابوومەوە بۆکان و لە فکری چوونەوەدابووم بۆ شیوەجۆ، تەماشام کرد ئەوە لەندوێرەکە ساغ و سەلیم لە ژێر پێی کابرایەک دایە و بە شەقامی ئەسڵی بۆکان دا دەڕوا! بەغار بەدوای لەندوێرەکەدا هەڵاتم و لە سێڕایەک گرتمەوە و ماشینەکەم ڕاگرت.

کابرا گوتی: بەڵێ کاکە فەرموو کارت هەبوو؟

منیش گوتم: بەڵێ کاکە گیان ئەو لەندوێرە بۆ بە تۆیە ئەوە لەندوێری منە!

کابرا گوتی: کاکە ئەوە لەندوێری خۆمە و لە فڵانە کەسیم کڕیوە.

دەگوتم ئەگەر لە فڵانەکەست کڕیبێ، ئەوە ڕاست بۆخۆیەتی و لەندوێری منە. وەرە با بچینە حیزبێ جا ئەوکات کاک عومەری بابامیری بەرپرسی بەشی قەزایی حیزب بوو. چووین و جەریانەکەم بۆ گێڕاوە و گوتیان کاکە ها ئەوە کلیلی ماشێنی تۆ و ئەتۆ بڕۆ کارت بە فڵانی نەدابێ ئێمە دەزانین چی لێدەکەین. من چووم مرێمم سوار کرد و چووینەوە بۆ دەفتەر و کلیلی ماشێنەکەم دا بە کاک فەتتاح و قەزییەکەم بۆ ئەویش گێڕاوە جا کاک فەتتاح دەهری بوو و لەداخان خەنجەرت لێ دابا خوێنی لێ نەدەهات لەو درۆیانەی ئەو هاوڕێیەی کردبووی! جارێ بە بێسیم سەت جنێوی پێدا و قەدەرێکی زۆریش نەیدوواند.

چی وای پێنەچوو چوار وەتاغی خشپیلانەی چووکەی خۆشیان لە تەنیش ڕادیۆکە ساز کرد یەکیان دا بە ئێمە، یەکیان دا بە کاک ئەبووبەکری هیدایەتی و پەروین خانمی هاوژینی، یەکیان دا بە کاک کەریمی حیسامی و یەکیان دا بە مامەقالەی دەباغی و هەموویان لە ڕادیۆ کاریان دەکرد. ئەم وەتاغانە وەک ئەوانی دی لە نێو شاخ هەڵنەقەندرابوون بەڵام بە بەرقەدی شاخێکەوە نووسابوون و بە تۆڕی ئیستتار داپۆشرابوون کە لە ئاسمان را نەبیندرێن.

پێش ئه‌وه‌ی کاک که‌ریمی حیسامی بناسم دووکه‌س بۆمن مه‌زهه‌ری کوردایه‌تی بوون یه‌کیان میردی پوورم بوو، ئاغای عبدالرحمن ئیمامی و دووهەمیش حه‌مه‌دی ئاغای لاچینی بوو کە پێشتر باسی هەردووکیانم بۆ کردن. کەسی سێهه‌میش، کە وەک ئەوان هەستیار به‌ وشه‌ی کورد بوو و کوردی به‌ دڵ خۆشی ده‌ویست، کاک که‌ریمی حیسامی بوو که‌ بۆ ماوەی سێ ساڵ لەم کێو و شاخانە هاوسا و هاوکار بووین و له‌ ڕادیۆی ده‌نگی کوردستانی ئێران بە یەکه‌وه‌ کارمان کرد. له‌ داوێنی ئه‌و چیایه‌ هه‌موو به‌یانان که‌ له‌ خه‌وی هه‌ڵده‌ستام کاک که‌ریمم ده‌دیت هیندێکی وه‌رزیش و نه‌رمیش ده‌کرد. پاشان خاولێکی چووکه‌ی به‌ شانیی داده‌دا و قالبه‌ سابوونێک و میسواکێک به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌چوه‌ سه‌ر جۆگه‌ی ئاوی کانیاوێکی پاک که‌ به‌ په‌نا ژوورەکانمان داده‌هات و ده‌ست و ده‌موچاوی ده‌شوشت و پاشان به‌رچاییه‌ک و ئیتر خه‌ریکی نووسین ده‌بوو بۆ ڕادیۆ. بیجگه‌ له‌ نووسینی وتار بۆ ڕادیۆ ڕۆژ ژمێرێکی گه‌وره‌ و ده‌فته‌رێکشی پێ بوو و هه‌موو ڕۆژی هه‌رچی کرابا و قه‌ومابا و گوترابا ده‌ینووسی که‌ پاشان هه‌ر ئه‌و ورکه‌ شتانه‌ بوونه‌ ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی کاک که‌ریمی حیسامی و ئێستا بوونه‌ به‌شێک له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان. له‌کاتی فه‌ڕاغه‌ت دا پێکه‌وه‌ ته‌خته‌ نه‌رد و شه‌تره‌نجمان ده‌کرد و ده‌شمان بژارد هه‌تا بزانیین کێ زیاتری ده‌باته‌وه‌ هه‌تا چل په‌نجا ده‌ستمان ده‌بژاردو و پاشان سه‌رله‌نوێ تازه‌مان ده‌کرده‌وه‌ به‌ دۆڕاندنی من قه‌ڵس نه‌بوو به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ مرێمی خێزانمی ده‌دۆڕاند خودای له‌کن نه‌ده‌ما. ئه‌وه‌ی ‌من به‌ نیسبه‌ت کاک که‌ریمه‌وه‌ پێم سه‌یر بوو ئه‌وه‌بوو هه‌ر ڕۆژێکی نامه‌ی بۆ هاتبا پێش ئه‌وه‌ی نامه‌که‌ی به‌ده‌ستی بگا ده‌یگوت ئه‌ها ئه‌وه‌ چاوم په‌ڕی، ئه‌وڕۆ نامه‌م بۆ دێ ڕاستیشی ده‌کرد هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ نامه‌ی بۆ ده‌هات. من کاک که‌ریمم زۆر خۆش ده‌ویست و بۆ من که‌سێک بوو وه‌ک ئه‌و دوونه‌فه‌ره‌ی ناوم هێنان. زۆر کورد بوو و له‌سه‌ر کوردایه‌تی له‌گه‌ل که‌س شۆخی نه‌بوو و له‌ که‌سیشی قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ریشی تێدا چووبا. ‌من کارم به‌ کێشه ‌و گرفته‌کانی کاک که‌ریم و هیندێک له‌ جه‌ماعه‌تی ڕێبه‌رایه‌تی حیزب نه‌بوو و له‌ ڕاستی دا کاک که‌ریم وه‌ک بایکۆت، بایکۆت کرابوو و زۆر که‌س نه‌یده‌وێرا خۆی لێدا و هات و چۆی بکا، به‌ڵام من ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی هاوکار بووین قه‌ت پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ نه‌پساند، ئه‌گه‌ر نه‌خۆش ده‌که‌وت ئاگام لێ ده‌بوو ده‌چووم ده‌مشێلا، فرووجاو و نیسک و ماشم بۆ سازده‌کرد و به‌ته‌نیا به‌جێم نه‌ده‌هێشت بۆیه‌ش ئه‌منی قه‌ت له‌ بییر نه‌چوو و زۆری خۆشده‌ویستم و له‌ ئاخرین ڕۆژه‌کانی ژیانی دا له‌ نه‌خۆشخانه‌ ڕۆژێکی من و ناسر و مه‌رزیه‌ چووین بۆ لای، ئه‌وانی نه‌ناسێوه‌ و هه‌ر ‌منی به‌خێر هاتن کرد و گووتی: ئای پۆلا گیان ئه‌وه‌ هاتی، به‌خێربێی. یانی وه‌ک کابرایەکی ئه‌مه‌گ ناس ئه‌و نه‌خته‌ چاکه‌ی منی (ئه‌گه‌ر ناوی بنێین چاکه‌) هه‌تا ئاخریین ساته‌کانی ژیانی هه‌ر له‌ چاو دا مابوو. کاک که‌ریم وه‌سێتی کابرایه‌کی بێستانچی که‌ له‌کاتی مردن دا بۆ منداڵه‌کانی کردبوو، کردبووه‌ سه‌رمه‌شقی ژیانی خۆی، کابرا به‌ منداڵه‌کانی گوتبوو ڕۆڵه ‌گیان ‌من هیچم نییه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامان بۆ ئێوەی به‌جێ بهێڵم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌تان پێده‌ڵێم: هه‌تا ده‌مرن هه‌ر چه‌ققه‌ی بکه‌ن، چه‌ققه‌ شتێکی هه‌ر لێ په‌یدا ده‌بی، کاک که‌ریمیش هه‌تا ژیا هه‌ر بۆ کورد چه‌ققه‌ی کرد و ساتێک له‌ نووسین ڕانه‌وه‌ستا، ‌منیش ئه‌وه‌ له‌و ئاخری و ئۆخرێی ژیانم دا ده‌ستم کردوه‌ به‌ سیاسه‌تی چه‌ققه ‌و نووسین بۆ کورد، هیوادارم ئەو چەققەی منیش دەیکەم خێرێکی هەبی بۆ کورد.

یادی کاک که‌ریمی حیسامی و کاک دوکتور و مامە قالەی دەباغی به‌رز و به‌ڕێز بێ

درێژەی هەیە