بەشی ٢٧

You are currently viewing بەشی ٢٧
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

من بووم بە وێژەری بەشی کوردی و فارسی و وتارنووس و وەرگێری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران.

سەرەتا لە گوندی شیوەجۆ وەتاغێکیان داینێ و گوتیان تا ژوورێکتان لە دەفتەر بۆ ساز دەکەین لێرە بن.

ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ئەوکاتە تاقە دەنگ و یەکەم مێدیای کوردی بوو کە لەژێر سایەی چەکی پێشمەرگە دا لە ئەشکەوت و کونەشاخان دا دەپارێزرا و هاوار و دەنگی کوردی ڕۆژهەڵاتی دەگوێی کپی خەڵکی دنیا دەچرپاند. یەکەم دەنگ بوو کە کۆمەڵکوژییەکانی سوپای پاسدارانی دڵڕەشتر لە داعەشی لەقاو دەدا و هەواڵی قارەمانەتیی پێشمەرگەکانی کوردستانی بە گوێێ خەڵک دەگەیاند. هەرئەو دەنگە هەبوو کە ببوو بە دەنگی ڕزگاریخوازیی گەلە چەوساوەکەمان و هیوا و ئۆمیدی دە دڵی نەتەوەکەمان دەخست. لەم دۆلە و لە داوێنی ئه‌و چیایه دا‌ هه‌موو به‌یانان چاوت بە کۆمەڵێک ئینسانی شۆڕشگێر و خەباتگێر دەکەوت کە دەستیان لە هەموو خۆشییەکانی ژیانیان هەڵگرتبوو و گیانیان لەسەر بەری دەستیان دانابوو کە پێشکەشی نیشتمانەکەیانی بکەن. سەید رەسووڵی بابی گەورەی جۆگەی ئاوی کانیاوێکی روون و خاوینی بە بەر ماڵەکان دا کێشابوو و لە هەر کونە ماڵێک ڕا کەسایەتێک بە خاولێکی چووکه‌ به‌ سەر شانەوە و قالبه‌ سابوونێک و میسواکێک به‌ده‌سته‌وه‌ دەهاتە دەر و لە‌ سه‌ر جۆگه‌‌ی ئاوی کانیاوەکە ده‌ست و ده‌موچاوی ده‌شوشت و پاشان به‌رچاییه‌ک و ئیتر خه‌ریکی نووسین و کاری ڕادیۆ و ڕۆژنامەی کوردستان و ئەرکەکانی تر دەبوون. بەڕاستی هەموو ئەو کەسانەی کە لەوێ کاریان دەکرد و بەداخەوە ئیستا زۆربەیان نەماون، شەو و ڕۆژیان نەدەناسی و هەموو بە دڵەوە و بە نانەزگی لە پێناو یەک ئامانج دا خەباتیان دەکرد، کە ڕزگاریی کورد و کوردستان بوو.

باسێکی چووکی وەتاغەکەی خۆمتان لە شیوەجۆیە بۆ بکەم.

دەزانن کە ئەوکاتە بەرق یا کارەبا لە زۆربەی گوندەکانی کوردستان و لە شیوەجۆش هەر نەبوو. خەبەری وەم هەیە کە ئێستاش کە ئێستایە ڕیگای ئیسفاڵت و قییلەتاو نەگەیشتۆتە شیوەجۆ و نواوێ و پاراستان. شەوێک لە دیوەکەی خۆم دانیشتبووم و لەبەر چرای گڕسۆز خەریکی نووسینی وتار بووم بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان، لەپڕ دیتم هۆڵەپەزەیەکی رەش هات بەرەو چراکە و منیش حەوت هەشت کتێبم لە پەنابوو پڕمدا کتێبەکان و بەسەر هۆڵەپەزەکەم دادا و پانم کردەوە. گوتم مرێم ڕاوەستە ئەوانە هەمیشە دوودوو دەگەڕێن ڕاوەستە با ئەوی دیکەش بێ بیکووژین. هۆڵەپەزەیەکی رەشی دیکەش هات و بەپەلە بە دیواری هەڵچوو و چوو دە میچی ژوورەکەمانەوە کە دارەرا بوو و بە قامیش و چرپی داپۆشرابوو. چراگازم لە میچەکەی گرتبوو و لە هۆڵەپەزەکەی دەگەرام گۆچانێکی درێژم پێبوو هەروا لەمیچەکەم دەکوتا لەپڕ شتێکی وەک سفرە و نایلوونی جووڵاوە کە گۆچانەکم تێکوتا دیتم بەرزگی مارێکی قەف ئەستوورە نەک سفرە و نایلوون کە خوشی و لە میچەکەی دا خۆی ون کرد. نە هۆڵەپەزەکەم دیتەوە و نە مارەکە و دوومانگی تریش لەو ژوورەی دا خەوتین کە ئەو مارە ئەستوورەی تیدا بوو.

تازە گەرم داهاتبووم لە کاری رادیۆی کە هەواڵی شەهیدبوونی سولەیمانی بللووری تاساندمی.

ڕۆژی ٣ێ ڕێبەندانی سالی ٥٩ بەداخێکی گرانەوە خۆشەویستترین هاوڕێی ژیانم، سولەیمانی بللووری کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو و لە عەمەلیاتێک دا، کە بەبۆنەی دووی ڕیبەندان لە مەیدانی چوارچرا شاری مەهاباد بەڕیوەچووبوو، هه‌ر له‌و شوێنه‌ی پێشه‌وا قازی مه‌حه‌مه‌د له‌ سێداره‌ درابوو، سوله‌یمان به‌ده‌ست سوپای داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران شه‌هید کرا و گیانی فیدای ڕزگاری کورد و کوردستان کرد.

خۆم بۆ ڕانەگیرا و سەرلەنوێ گەڕامەوە بۆکان و مرێمم لە بۆکان لە ماڵە خوشکەکانی دانا و بە جادەی قەمتەرێ دا خۆم گەیاندەوە مەهاباد. سولەیمان لە حەساری مزگەوتی دارۆغەی بە ئەمانت ناشترابوو و لەبەر شەڕ و تەقەی مەودا نەببوو بیبەن و لە قەبرستانی شار بینێژن. کە من چوومەوە تەرمەکەمان پاشی دوازدە رۆژان لە حەساری مزگەوتێ دەرهێناوە و هێشتا برینەکەی هەر خوێنی لێ دەهات و هەرچی کردم نەیانهێشت من لە گەڵی بچم بۆ سەر قەبران و ئەوە دوایین مالئاواییم بوو لە سولەیمان.

لە سەرەتای بیرەوەرییەکانم دا باسی سولەیمانم بۆ کردن کە هەم خزم بووین، هەم رەفیقی گیانی گیانی، هەم هاو بیرووباوەر، هەم هاوکلاس، هەم هاومەنزل لە تاران و دەساڵ لە خۆشترین ساڵەکانی ژیانم لەگەڵ سولەیمان تێپەڕ کردبوو. هەزاران بیرەوەری خۆشم لێی هەبوو و لەوکاتەوە کە شەهید بووە و نەماوە بەسەدان جار خەونم پێوە دیوە و سولەیمان یەکێک لە قارەمانە زیندووکانی بیرەوەرییەکانی منە و بۆ هەمیشەش زیندوو دەمێنێتەوە.

میرزا مینه‌ی بابی سولەیمان دوای شه‌هید بوونی ئه‌و کوره‌ نازدار و خۆشه‌ویسته‌ی چی وا نه‌ژیا و ئه‌ویش کۆچی دوایی کرد. ‌سوله‌یمان پاش ئه‌وه‌ی ده‌رسه‌که‌ی ته‌واو کرد له‌ تاران هاته‌وه‌ مه‌هاباد و وه‌ک تێکنیسیه‌نی به‌شی ئازمایشگا له‌ بێهداری شاری مه‌هاباد دامه‌زرا و ورده‌ ورده‌ خه‌ریک بوو ئه‌و ئاواته‌ی بێته‌ دی که‌ ده‌یه‌ویست ببیته‌ دارده‌ست و یارمه‌تی ده‌ری کاک مینه‌ی بابی و هیندێکیش وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ی زه‌حمه‌ته‌کانی کاک جه‌عفه‌ری زاوایان و کاک وه‌هابی برا گه‌وره‌ی خۆی بێ که‌ ‌من ئاگادار بووم له‌ کاتی خوێندن دا زۆریان یارمه‌تی سوله‌یمان کردبوو و‌ به‌داخه‌وه‌ سوله‌یمان به‌و ئاواته‌شی نه‌گه‌یشت که‌ تۆڵه‌یان بۆ بکاته‌وه‌ وشه‌هید بوو.

با ئه‌و گله‌ییه‌ش له‌ کۆمه‌ڵه‌ی بکه‌م که‌ ئه‌گه‌رچی مرۆڤەکان هه‌موو به‌رابه‌رن و که‌س له‌که‌س زیاتر نیه‌ و هیچ مه‌سئه‌له‌یه‌ک بایخی ئه‌وه‌ی نیه‌ که لووتی که‌سی له‌سه‌ر له‌ خوێن بێ چ بگا به‌ ئه‌وه‌ی‌ که‌ ئینسانێکی له‌سه‌ر بکوژری، به‌لام که‌سێکی وه‌ک سوله‌یمان ده‌بوایه‌ کاری یارمه‌تی نه‌خۆش و بریندارانی پێ سپێردرابا بەجێگەی ئه‌وه‌ی چه‌کی بدریته‌ ده‌ست و بنێردرێ بۆ مه‌یدانی شه‌ڕ. سوله‌یمان‌ بۆخۆی نیوه‌ دوکتورێک بوو و ده‌یتوانی له‌ ئیشی خۆیدا زۆر کارامه‌ تر بێ و خزمەتی زیاتر بکا، گله‌یی دووهه‌میشم له‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستانه‌ که‌ وه‌ختی خۆی و له‌کاتی ته‌نگانه‌دا ماڵه‌ سوله‌یمانیان کردبوو بە‌ قۆمڕغانه‌ی خۆیان و ئیستا که‌ به‌ دەستەڵات گه‌یشتوون جارێک ئاوڕیکیان له‌ دایه‌ به‌توولی دایکی شەهید سوله‌یمان نەداوە و جارێک بە ده‌سکه‌ گوڵێک دڵداری ئه‌و دایکه‌ شه‌هیده‌یان نەداوە و دڵییان خۆش نەکرد کە بە هەناسە ساردی سەری نەناباوە. قەدەرێک لەمەوبەر بەڕێز مەلا بەختیار لە وتووێژێک دا لەسەر کوردی ڕۆژهەڵات بەجێگەی سپاس و قەدر زانین لە سولەیمانەکان و دایە بەتوولەکان و تۆڵەی ئەو زەحمەت و یارمەتیانەی لەلایەن کوردی ڕۆژهەڵاتەوە لە یەکیەتی نیشتمانی کرا، قەزییەکەی تەواو ئاوەژوو کردەوە و دەیگوت ئێمە وەک هێزی پشتیوان چووینە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یارمەتی کوردی ڕۆژهەڵاتمان کردووە و پاسگا و پادگانەکانمان بۆ چەک کردوون! با ئەوەی بڵیم کە لە شەڕی جادەی خانێ سەردەشت دا مەلا بەختیار ڕاست دەفەرموێ و لە بەشەکانی داهاتوودا بەوردی باسی دەکەم کە بەداخەوە ١٨ پێشمەرگەشیان شەهید بوو بەڵام لەسەرەتای دەستپێکردنەوە و سەرهەڵدانەوەکەیان ئەوان پەنایان بۆ کوردی ڕۆژهەڵات هێنا و ئێمە یارمەتی و پشتیوانی ئەوانمان کرد و هەرچی چەک و تەقەمەنی پاسگا و پادگانەکانی ئێران وەگیرمان کەوت دوودەستی پێشکەشی ئەوانمان کرد. من لە مەهاباد کە لە گرتنەوەی پێنج بنکەی نیزامی ڕێژیمی شا دا یەکەم کەس بووم و لە گرتنەوەی پادگانی مەهابادیش دا بە تەواوی ئاگادارم یەک دانە پێشمەرگەی یەکییەتی نیشتمانیشمان لە گەڵ نەبووە و شارەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاگادار نیم. بەڕێز مەلا بەختیار لەبیری چۆتەوە کە کاک ئەبووبەکری برای شەهید سولەیمان هاوڕێ دەگەڵ کاک نەجۆ و کاک دلێری سەید مەجید و ئەبوو شەهاب لە سنووری تورکییەوە چەک و تەقەمەنی بار دەکردوو و بە نێو هێزەکانی ئێران دا دەیگەیاندە خرێ ناوزەنگان بۆ یەکییەتی نیشتمانی، کێ پشتیوانی کێ بووە؟ لەبیری چۆتەوە کە ڕوناک خانمی خێزانی و لاڤەی کچی کە ئێستا بووکی مام جەڵالە وەک ماڵە خۆیان لە ماڵە شەهید سولەیمان دەمانەوە و دەپاراێزران، کێ پشتیوانی کێ بووە؟ دایە بەتوول و میرزا مینەکان و سولەیمانەکان بوون کە به‌ ساڵ و به‌ مانگ میوانداریان لە ئەوان دەکرد کە ئێستا پێیان دەڵێن شۆڕشگێڕ نەماون! ماڵیان ئاوەدان بێ و زۆر سپاس لەم وەڵام دانەوەیان.

درێژەی هەیە