لە سەرەتای ساڵی ٥٧، پیش ڕووخانی شا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و لە مەهاباد بە تایبەتی، دوو دەستە کار و چالاکی سیاسی‌یان هەبوو لە پیوەندی لەگەڵ یەکییەتی نیشتمانی دا. دیارە حەتمەن لە شارەکانی دیکەش دەستەی دیکە هەبوون بەڵام من نەمناسیون.
دەستەی یەکەم
کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی، عەبدوڵڵای موهتەدی، حەمە حوسێنی کەریمی، ساعیدی وەتەندووست، برایمی عەلیزادە، عومەری ئیلخانیزادە، شوعەیبی زەکریایی، ئیرەجی فەرزاد، سەدیقی کەمانگەر، چاوە و موسلیحی شێخەلئیسلامی و یەدی بیگلەری بوون کە خۆیان دەڵێن یەکەم شانەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵەیان ساڵی ٤٨ پێکهێناوە بەڵام هەتا ٢٦ ی ڕێبەندانی ساڵی ٥٧ تێکۆشانی ئاشکرایان نەبوو.
دەستەی دووهەم لە مەهاباد ئێمە بووین
کەریمی دانشیار، سولەیمان و ئەبووبەکر و کەریمی بللووری، خالیدی چالاکی، زاگرۆسی خوسرەوی، تەهای کەرباسی، جەمالی مفتی، کەریمی ئەفسەردلێر، سەلاحی کوڕی مامۆستا هێمن، جەعفەری شێخەلئیسلامی، مەنسووری محەمەدجانی، هوشیاری ئیمامی، هەڵمەتی ئەحمەدیان، عەلی جیهانی، جەعفەری مرادی، عەلی و حوسێن و عەباسی کەریمی و دەیان کەسی دیکەش کە لە نێوخۆی وڵاتن و ناویان نابەم و ئەم دەستەمان ناڕێکخراو بووین و بە هۆی لەمەیدان نەبوونی تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکرات و نائاشکرابوونی تێکۆشانی کۆمەڵە، ئیمە یارمەتی یەکیەتی نیشتمانیمان دەکرد.
ئەو جبەخانەی ئێمە لە ماڵە کەریمی ئەفسەردلێر کە لە گرتنی پاسگای گوێچکەدەرێ و بنکەکانی نێو شاری مەهاباد کۆمانکردبۆوە هەموومان دا بە یەکییەتی نیشتمانی کوردستان.
جارێکیان دلێری سەید مەجیدی نامەیەکی کاک نەوشیروان مستەفای هینابوو کە نامەکە بەرنامە و ئەساسنامە بوو و داوای کردبوو کە بە پێی ئەم بەرنامە و ئەساسنامە خۆمان ڕێکبخەین. ئێمە ئەوکارەمان نەکرد بەڵام کاک عەبدوڵلای موهتەدی و هاوڕێکانی بەدڵنیاییەوە کەڵکیان لەم ڕێنویانەی کاک نەوشیروان و یەکیەتی نیشتمانی وەرگرت و لە ڕێگەی جەمعییەتەکانەوە کە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان دایانمەزراندبوو توانیان زۆربەی جەوان و توێژی خوێندەواری شارەکان بۆلای کۆمەڵە ڕابکێشن و تەشکیلاتێک ساز بکەن کە لە بەرامبەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا ڕابوەستێ و بڵێ ئێمەش هەین.
لە جەماعەتی ئێمە واتە دەستەی دووهەم زۆربەیان چوون بۆلای کۆمەڵە ئەگەرچی کەسێکی وەک شەهید سولەیمانی بللووری لایەنگری دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان بوو نەک حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، و باوەڕی قووڵی بە کوردستانی گەورە هەبوو و هەر لەسەر ئەم باوەڕەش بوو کە یارمەتی یەکییەتی نیشتمانی کوردستانی دەکرد.
پێش ئەوەی کە فارس و کۆمۆنیستی ئیرانیی دە کۆمەڵە بخزێن، کۆمەڵە ڕێکخراوێکی تێکەڵاو لە نەتەوەیی و چەپ بوو. کۆمەڵە ڕۆژی دووی رێبەندانی ساڵی ٥٨ یەکەم جەژنی دووی ڕێبەندانی، لە مەدرەسەیەکی نێو شاری بۆکان ڕێک خست کە لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار کەس لەم جەژنە دا بەشداریان کرد. شەهید جەماڵی مفتی چەندین سروودی شۆڕشگیرانەی پێشکەش کرد لەوانە شیعری دووی ڕێبەندانی سوارەی ئیلخانیزادە کە بە سروود خوێندیەوە.
کۆمەڵەیەک کە ساڵی ٥٨ بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی دووی ڕێبەندان ئاهەنگی ڕێکدەخست، دووساڵ دواتر باسی دووی ڕێبەندان لە نێو کۆمەڵە دا ئیتر بڤە بوو.
من نازانم دامه‌زرێنه‌رانی کۆمەڵە کە هه‌موو خوێندکاری لاوی کوردی شۆڕشگێر بوون بە پێشینەی زیندانی سیاسی و تاقه یه‌ک غه‌یره کوردیشیان له‌گه‌ڵ نه‌بوو، بۆ ئەو ڕێکخراوە چەپە، شۆڕشگێڕە نەتەوەیەی خۆیان دوودەستی پێشکەشی چوار ئێرانیی کۆمۆنیستی وەک مەنسووری حیکمەت کرد و ئەوانیش کۆمەڵەیان لەبەر یەک هەڵوەشاند و بە لەت و پەتی و هەڵوەشاوەیی تەحویلی دامەزرێنەرەکانی کۆمەڵەیان داوە؟
ئاخر ئیرانی بوون چ سەروەرییەکی هەیە بە سەر کوردستانی بوون دا کە هیندێک لە ئێمە ئاوا خۆی بۆ دەکوتین؟
ئێران، به دریژایی مێژوو له حه‌ولی ئه‌وه دابووه، کە به سه‌رکوتی نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ورووبه‌ری خۆی، سنووری ده‌سته‌ڵاتی خۆی په‌ره پێ بدا. ئه‌و بیری مه‌زنیخوازیی ئێرانیی و ئیرانی گه‌وره، له‌م ماوه دوور و درێژه دا، به‌داخه‌وه نه‌ک هه‌ر له ناو نه‌چووه، به‌ڵکوو له نێو نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ریی زاڵ له ئێران دا، په‌ره‌شی ئه‌ستاندووه. لای ئه‌وان ته‌مامییه‌تی ئه‌رزی ئێران، ئه‌و خاکه‌ی به زۆری کوشتار و قه‌ڵاچۆ کردن، له نه‌ته‌وه‌کانی کورد، ئازه‌ری، تورکمه‌ن، به‌لووچ و عه‌ره‌بیان داگیر کردووه، بۆیان بۆته گه‌وهه‌ری شه‌وچرا و ئایه‌ی قورئان و شتێکی نه‌گۆڕ و ئه‌به‌دیی. ده‌سته‌واژه‌ی ئێران، که ئیستا ئاوا له لای ئێرانییه‌کان، گه‌وره و پیرۆزه و به‌داخه‌وه داوێنی زۆربه‌ی حیزبه سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی گرتۆته‌وه، هه‌تا ٢٠٠سال له‌مه‌وبه‌ر، له هیچ شوێنێکی مێژوویی دا، نه‌بووه و ساڵی ١٩٣٥ ڕه‌زاشا به‌و مانا سیاسی و جوغرافیایی که ئێستا به‌کار ده‌بردرێ، له لای کۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌کان تۆماری کرد. یانی به ره‌سمی ناسینی “ئێران” وه‌ک چه‌مکێکی سیاسی، وه‌ک ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه ده ساڵ له دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، که ساڵی ١٩٤٥ ڕاگه‌یه‌ندرا، کۆنتره.
کۆمەڵە ئەو حیزبه جوان و خشپیلانه‌ی خۆی کە بە زەحمەت و فیداکاریی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان پێک هات بۆ ئاوا به خڕ و پتوونی پێشکه‌ش به چەند نەفەر ئێرانی کرد؟
بە بڕوای من ئەوە سەرچاوە لە هەڵەیەکی دیکەی گەورەی ئێمەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێ کە خۆمان پێ ئێرانییە نەک کوردستانی.
درێژەی هەیە