کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازییەکیان لە نێوان خۆیان و کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نەدەدیت، بەتایبەتی بەهۆی نێزیکی زاراوەیی لەگەڵ کوردی باشوور خۆیان لەگەڵ ئەوان بە یەک ماڵ دەزانی. ئەم دیو و ئەو دیو، کوێستان و گەرمێن، بەجێگەی ڕۆژهەڵات و باشوور بەکار دەهێنرا و ئەوەندەی من لە بیرم بێت سێ جار کوردی باشوور بەهۆی جووڵانەوەکانی خۆیان لە کاتی تەنگانە و هێڕشی حکوومەتەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و هەرسێک جاریش بەگەرمی وەرگیراون، ڕێزیان لێ گیراوە، هاودەردیان لەگەڵ کراوە و فرمێسکیان بۆ هەڵوەراوە.
لە شکستەکەی شۆڕشی ئەیلوول دا کە بە هۆی ڕێککەوتنی شای ئێران و سەددام لە ئەلجەزایر ڕووی دا، ساڵی ١٩٧٥ کە ئەوکاتە من ٢٠ ساڵە بووم و لە تاران دەژیام لەسەر ئەو باوەڕە بووم کە ئەگەر بەجێگەی چەک دانان و قەبووڵی شکستەکە بڕیاری بەربەرەکانی و درێژەی خەبات درابا، کوردی رۆژهەڵات ئەو وزەیەی تێداهەبوو و ئەوەی تێدا دەبیندرا کە یەکپارچە ڕاپەڕن و پشتی باشوور بگرن و بەدژی شای ئێران و ئەم ڕێککەوتنە شوومەی ئەلجەزایر، جووڵانەوەیەکیش لەم دیوەی کوردستان سازببێ و چارەنووسی کورد لەم دوو بەشەی کوردستان یەکڵایی بووباوە.
بەداخەوە ئەو کاتە ئەوە نەکرا، بەڵام چی وای پێنەچوو کە بیستمان بەشێک لە کوردەکانی باشوور کە وەک ئێمە بیریان لە سەرهەڵدانەوە و بەربەرەکانی کردبۆوە خەریکی بووژاندنەوەی شۆڕشن و ناوی جەلال تاڵەبانیمان دەبیست و زۆرمان پیخۆش بوو و بڕیارمان دا یارمەتیان بکەین.
کاتێک دەڵێم ئێمە، من خۆم و شەهید سولەیمانی بلووری دەڵێم کە لە تاران بەیەکەوە دەژیاین و دەرسمان دەخوێند.
هاوکات لەگەڵ ئێمە بە دڵنیاییەوە لە زۆربەی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەسانی وەک ئێمە هەبوون کە بە گیان و بەدڵ پێیان خۆش بوو کە یارمەتی بووژاندنەوەی شۆڕش و سەرهەڵدانەوەی باشوور بکەن، لەوانە گرووپێکی خوێندکاری لە تاران کە بریتیبوون لە فوئادی مستەفا سوڵتانی، عەبدوڵڵای موهتەدی، ساعیدی وەتەن دووست و حەمە حوسێنی کەریمی کە ئەوانیش وەک ئێمە لایەنگری هەڵگیرسانەوەی شۆڕش هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژهەڵات بوون و پشتی مام جەلالیان دەگرت. من و سولەیمان و هاوڕێکانی دەورووبەری خۆمان هووشیاری ئیمامی و کەریمی ئەفسەردلێر و تەهای کەرباسی و جەماڵی مفتی و کەریمی بلووری لەگەڵ کاک کەریمی دانشیار گەورەترین یارمەتیدەری ئەم بزووتنەوە تازەی مام جەلال بووین بەڵام ڕێکخراو نەبووین.
من لەبیرمە جارێکی زەمانی شای، ئەبووبەکری بلووری و کۆڕێکی خەڵکی باکوور بە ناوی نەجۆ و دوو ئەندامی یەکیەتی نیشتمانی ،ئەبوو شەهاب و دلێری سەید مەجید بە دوو ماشێنان، پەیکانێک و وانێتێک ،لە لای قتوور ڕا لە سنووری نێوان باکوور و ڕۆژهەڵات، وانێتێکی پڕی چەک و تەقەمەنیان هێنا بۆ مەهاباد و لەوێ ڕا بۆ سەردەشت و بە ڕێگەی نشکۆڵان دا بردیان بۆ خڕێ ناوزەنگ، بۆ لای جەلال تاڵەبانی.
کاک عەبدووڵڵای موهتەدی و کاک فوئاد و ئەوان ڕێکخراوانە کاریان دەکرد و لەگەڵ چەند خوێندکاری کوردی دیکەی وەک برایمی عەلیزادە، عومەری ئیلخانیزادە، جەعفەری شەفیعی و شوعەیبی زەکەریایی، سەدیقی کەمانگەر، یەدی بیگلەری و کەسانی زەحمەتکێشی وەک جەعفەری مرادی پێوەندیان گرتبوو و ئەوانیشیان هێنابووە نێو ڕێکخراوە بێ ناوەکەی خۆیان. کاتێک هاوڕێکانی ئێمە، هووشی و تەهای کەرباسی و کەریمی ئەفسەردلێر و مەنسووری محەمەد جانی چوون بۆلای مام جەلال، دوکتور جەعفەری شەفیعی و کاک ساعیدی وەتەندووست(مامۆستا برایم) یش لە لای مام جەلال ببوون.
ئێمە جەماعەتێکی زۆر لە مەهاباد و سنەوە سازبووین و بۆ یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی نێو یەکییەتی نیشتمانی کە لە تووژەڵە لە سەر چیایەکی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات گیرا بەشدار بووین. ئەوانەی من لەبیرم ماوە بریتی بوون لە:
جەعفەری مرادی، جەماڵی مفتی، کەریم و سولەیمان و وەهاب و ئەبووی بللووری، عەلی جیهانی، هەڵمەتی ئەحمەدیان، ناسری رەزازی، نەبی زەندی، عەلی و حوسێنی کەریمی و لوقمان و من.
ماڵە سولەیمان و باجەڕەخشەندەی بللووری وەک مەقەڕی یەکییەتی نیشتمانی لێهاتبوو، هەر یەک دەهات و یەک دەڕۆیی. ئەبوو شەهاب کە لە ئەندامانی سەرەوەی یەکییەتی بوو هەر بەدایم لە ماڵە سولەیمان بوو و لەوێ ڕا هاتووچووەکانی یەکیەتی ڕێک دەخست.
ئەوەی ئێمە دەمانکرد تەنیا یارمەتی بوو بەڵام کاک عەبدوڵڵای موهتەدی و هاوڕیکانی وێڕای یارمەتی و هاوکاری یەکییەتی خۆشیان ڕێکدەخست و یەکییەتیش یارمەتی ڕێکخستنی ئەوانی دەدا. لە پاش گرتنی شارەبانی و بنکەکانی دیکەی شاری مەهاباد بنکەیەکیان لە مەهاباد دامەزراند بە ناوی (جەمعییەتی ڕێگای ڕزگاری زەحمەتکێشان) و چەند جەمعییەتێکی دیکەشیان بەناوی شووڕای هەماهەنگی جەمعیەتەکان لە سەقز و سنە و نەغەدە و بۆکان و شارەکانی دیکەی کوردستان دامەزراند و هەمووشیان بەیەکەوە پێوەندیان هەبوو. یەکەم ڕۆژی هێرش بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیم لە سەقز لە ٢٢ی ڕێبەندان، یەک لەو چوارکەسەی باسم کرد، حەمەحوسێنی کەریمی لە سەقز بریندار بوو و پاشی چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانەی سەقز شەهید بوو و ئەو ڕۆژەیان کرد بە ڕۆژی ئاشکرا بوونی ڕێکخراوەکەیان و ٢٦ ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ تێکۆشانی ئاشکرای کۆمەڵەیان ڕاگەیاند و ناویان نا، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحکمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
تا ئیرە نە هیچ فارسێک، نە هیچ ئێرانییەکی کۆمۆنیست نە ئاگای لە کۆمەڵە هەبووە نە پێوەندی پێیانەوە هەبووە و نە بەشداریی هەبووە لە دامەزراندنی کۆمەڵە دا. تەنیا ئەم چەند کەسە خوێندکارە کوردە بوون کە زۆربەیان زیندانی سیاسیان کێشابوو و یەکییەتی نیشتمانی کوردستان کە ئەوانیش هەموو هەر کورد بوون.
من لەسەر ئەو باوڕەم کە ئەگەر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و شەخسی دوکتور قاسملوو هیندیک زووتر دەستبەکار بووبان و وەک شەوەکەی ماڵە مامە غەنی کە خۆیان لە ئێمە ئاشکرا نەکرد، پێوەندیان بە چوار کەسی وەک کەریمی دانشیار و عەبدوڵڵای موهتەدێوە گرتبا، لەوانەبوو نە کۆمەڵە ساز بووبا و نە ئەوهەمووە لاوە باش و شۆڕشگێڕەی چوون دەباڵ چریک و ڕێکخراوەکانی دیکەی ئێرانێوە ئاوا پەرەوازە بووبان و حیزبی دێمۆکڕات دەبوو بە تاقە حیزبی هەڵسووڕی کوردستان و چارەنووسی جووڵانەوکەشمان شتێکی دیکەی لەوە دەبوو کە بوو. دوکتور قاسملوو کەسێکی زۆر سەرووزمان خۆش و جەفەنگ باز و ئەهلی شێعر و ئەدەبیات و قسەخۆش بوو و دەیتوانی بە دووجار دانیشتن لەگەڵ ئەوان، هەم ئەوان هەم جەماعەتێکی زۆری دەوری ئەوان بۆ لای حیزب ڕابکێشی.
کۆمەڵە بۆیە ساز بوو کە حیزب لە مەیدان دا نەبوو. زاگرۆسی خوسرەوی کە لە سەرەتای سالی ٥٧ پاشی ٥ ساڵ و نیو زیندانی سیاسی هاتەوە مەهاباد پرسیاری لە من کرد و
گوتی: ئەرێ حیزب و هەڵسووڕانی سیاسی چ لە گۆڕی دایە؟
گوتم: وەڵا هیچ. جارێ هەر یەکییەتی نیشتمانی هەیە و ئەوانیش تازە هاتوونەوە شاخی و جارێ هەر یارمەتی ئەوان دەدەین.
یەکەم ڕاگەیەندراوی حیزب کاک عومەری قازی دای بە من بۆیان چاپ بکەم، پێش ڕێبەندانی ٥٧ لە وەتاغەکەی ماڵە کەریمی ئەفسەردلێر بۆمان چاپ کردن.
درێژەی هەیە.