ڕاستیی ئەوەیە کە لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ دا ئێمە هەر هەموومان بە چەپ و ڕاستەوە هەڵەی زۆر گەورەمان کرد، جا یەکمان زۆرتر و ئەوی دیکەمان کەمتر.
خەباتی ئێمەی کورد لە کوردستان دەبوایە بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی بووایە کە مێژوویەکی دووروودرێژی پڕ لە سەروەری و شانازیشمان بە دەستەوە بوو لە پێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی و ئیستقڵالی کوردستان و لووتکەکەشی کۆماری کوردستان بوو و ئەو بەڵگە و ڕابردووە بەهێزە بە دەست حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە بوو کە بەداخەوە کەڵکی پێویستی لێ وەرنەگرت.
حیزب دەیتوانی بە زیندووکردنەوەی ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییە و گرتنە بەری دووبارەی ڕیگای پێشەوا قازی محەمەد و گەشەپێدانی خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی و دامەزراندنەوەی کۆمارێکی تازەی کوردستان، هەرچی هێزی جەوان و خوێندەواری کورد بوو کە کەمیش نەبوون بۆلای خۆی ڕابکێشی، بەداخەوە ئەوەشی نەکرد.
حیزبی دێمۆکڕات خەباتێکی چەکداری زۆر لە سیاهکەلی چریکەکان گەورەتری بەدەستەوە بوو هی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧، کە کەڵکی پێویستی بۆ ڕاکێشانی لایەنگرانی خەباتی چەکداری لێ وەرنەگرت.
چەپ بە توودەیی و غەیری توودەییەوە بە چووک و گەورەوە، بە کۆمەڵە و پەیکار و ڕەزمەندەگان و ئیتحادییەی کۆمۆنیستانەوە ئامانجیان وەلانانی خەباتی نەتەوەیی و لەناوبردنی حیزبی دێمۆکڕات بوو. بەڵام بۆ؟
چەپ دەیانگوت ئهگهرچی مافی دیاری کردنیی چارهنووس، مافی ههموو نهتهوهیهکه، بهڵام لهبهر ئهوهی که مهترسییهکی گهورهی وهک ئیمپیالیزمی جیهانی، ههڕهشه له پرۆلیتاریا و گهلانی بن دهستی جیهان دهکا، باشتر وایه نهتهوه ژێر دهستهکان و لهوانه نهتهوهی کورد، لهبهر قازانجی پرۆلیتاریای جیهانیی، واز له قازانجی خۆیان بهێنن و لهگهڵ چینی کرێکاری وڵاتی خۆیان، ڕێک بکهون و حهول بدهن بۆ دابین کردنی دێمۆکراسی و دێمۆکراتیزه کردنی، ئهو وڵاتانهی تێیدا دهژین.
چەپ دهیانگوت ئەگەر کێشەی چینایەتی چارەسەر بکرێ و چینی کرێکار و پرۆلیتاریا لە خەباتی خۆیان دا سەرکەوتوو بن کێشەی نەتەوایەتیش خۆبەخۆ چارەسەر دەبێ!
چەپ دەیانگوت ئهگهر ئیمپریالیزم بڕووخێ و سهرمایهداری نەمێنێ و پرۆلیتاریا سهربکهوی، دێمۆکراسی دادهمهزرێ، کرێکار و زهحمهتکێش به مافی خۆیان دهگهن مافی نهتهوەیی نەتەوە ژێر دهستهکان دابین دەبێ، کۆیلهتی و دیلیی نامێنێ و دنیا دهبێته بهههشتی بەرین.
و هەر بۆیە چەپ دەیانگوت پێویست ناکا هێزێکی ناسیۆنالیستی کوردی هەبێ و خەبات بکا بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد.
هەر بۆیە دژی ناسیۆنالیزم بوون و هەر بۆیەش هەموویان نووکی حەملەیان لە حیزبی دێمۆکڕات بوو و حیزبیان وەک هێزیکی ناسیۆنالیستی کوردی دەدیت و سیاسەتی وەلانانی حیزبیان گرتبووە بەر جا یا بە هەڵوەشاندن و ئینشعاب تێخستن، وەک حیزبی توودە، یا بە چەک و شەڕ پێفرۆشتن وەک کۆمەڵە و پەیکار و ئەوانی دیکە.
هەڵەکە ئەوە بوو کە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتییان بە چارەنووسی پرۆلیتاریاوە گرێ دابۆوە و ئیستاش کە ئێستایە بە هەموو چەپی کوردستان و ئێرانەوە هەر ئەو هەڵەی دەکەن و بە هەموویان کەسێکی وەک ئیسماعیل بێشکچی تورکیان تێدا هەڵنەکەوتووە کە بە ڕاشکاوی بڵێ کۆرد مافی خۆیەتی لە ئێران جودابیتەوە و وڵاتی سەربەخۆی کوردستان پێک بهێنێ.
زۆربهی ههره زۆری بەناو رووناکبیر و سیاسی ئێرانی، چ دهستهڵات دار و چ ئۆپۆزیسیون، کاتێک باس له کورد و مافهکانی دهکرێ، به تایبهت مافی دیاریکردنی چارهنووس و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، بۆ دژایهتی کردنی کورد، پاڵ وێک دهدهن و مهلا و کومۆنیست، ئامادهن به دژی میللهتی کورد، بچن ده سهنگهرێکهوه. زۆر لهو ئێرانیانهی له دهرهوه دهژین و خۆیان به ئازادییخواز، مارکسیست، کۆمۆنیست و پێشکهوتنخواز دهزانن و له دژی کۆماری ئیسلامی ئێران خهبات دهکهن، ڕایانگهیاندووه که ئهگهر ڕۆژێک، کورد بیههوێ له ئیران جودا بێتهوه، دهچنهوه پاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و له دژی کورد چهک ههڵدهگرن.
بەیەکەوە گرێدانی چارەنووسی پرپلیتاریا و نەتەوەی کورد هەڵەێەکی گەورە بوو کە چەپ لە کوردستان کردی و زۆر لە شکستەکانی بەسەر جووڵانەوەکەمان هاتن سەرچاوە بنەرەتییەکەی ئەم هەڵە تیئۆری و ئیدئۆلۆژییە بوو و پشکی هەرە زۆری هەڵەکەش دەگەڕێتەوە بۆ حیزبی توودەی ئێران .
لە لایەکی تریشەوە حیزب ئەگەرچی خاوەن مێژوویەکی وەک کۆماری کوردستان بوو بەڵام لە کۆنەوە و لە ساڵانی ٣٢ەوە حیزبی توودە ڕەخنەی تێدا کردبوو و ریشەی چەپایەتیی تێدا دامەزراندبوو و بەداخەوە حیزبیش دەیەویست لە چەپایەتیی دا لە هێزەکانی دیکە جێ نەمێنێ و خۆی پێ سۆسیالیست و دژی ئیمپریالیست و سۆسیال دێمۆکرات و شتی وابوو و بەجێگەی خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و درێژەدانی ڕێگای پێشەوا قازی و حەول بۆ دامەزراندنەوەی کۆمارێکی تازەی کوردستان لە داوی چەپی کەم ئەزموون کەوت و خۆی لەم شەڕە ئیدئۆلۆژییەدا کە سەرەنجامەکەی بوو بە شەڕی فیزیکی و براکوژی کە شکستی جووڵانەوەکەی بەدوادا هات.
دوو ڕێکخراوی سیاسی گەورە هەبوون لە ئێران دا، یەکیان چریک بوو کە ئەو کاتە ١٨٠ هەزار ئەندامیان هەبوو و یەکیان حیزبی دیمۆکڕات بوو لە کوردستان کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان پشتیوانیان لێ دەکرد بەڵام بەداخەوە حیزبی توودە ئینشعابی لە هەردووکیان خست و زەربەی گەورەی لێدان.
ئەوەی پێوەندی بە منەوە هەیە، ساڵی ٥٩ پێش ئەوەی ئینشعاب لە چریکاندا بکری من لە ڕێگەی کاک ئەمیری ئیمامێ وە ئاگادار کرام و هەڵاتم بۆ گوندی پاراستان و دەستم کرد بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر چەپ و ئەوەی کتێبی مارکس و لێنین و ئیستالین و شتی لەم بابەتە وەگیردەکەوت هەموویانم وشەبەوشە خوێندەوە و بەرهەمەکەی بوو بە جوزوەیەکی ٣٣ لاپەڕی بە ناوی، نامەی لایەنگرێکی جووڵانەوەی بەرگری ڕوو بە چەپ ڕەویی و ڕاست ڕەوی هێزەکان سەبارەت بە حیزبی دێمۆکرات ( نامە یک هوادار جنبش مقاومت بە چپ روی و راست روی نیروها در مورد حزب دمکرات) و ١٩ ی مانگی ١٠ی ساڵی ٥٩ بە نامەکەمەوە گەڕامەوە بۆکان کە ئەوکاتە هێشتا بەدەست پێشمەرگەوە بوو.
یەکەم شوێن چوومە ماڵە کاک عومەری حەمیدی کە لە کادرەکانی سەرەوەی چریکەکان بوو و کاتی خۆی لە زیندانی ورمێ زۆری دەرسی مارکسیستی پێ گوتبووم و زۆر لێک نێزیک بووین. چووم لەدەرگای ماڵەکەیانم دا و بابی کاک عومەر ، هەمزئاغا دەرگای لێ کردمەوە و سڵاوم کرد و گوتم:
کاک عومەر لەماڵە؟
بە حاڵەتێکی سەرسووڕمانەوە چاوی لێکرم و گوتی:
ئەوە لە کوێ بووی؟
گوتم: لە پاراستان، لە ناوچەی گەورکایەتی لای سەردەشتێ.
گوتی: وەرە ژوورێ.
چووم لە ژوورێ دانیشتم و چایێکیان لە پێش دانام و هەمزئاغا دەستیکرد بە جنێودان بە عومەری کوڕی.
گوتی: ئەو فڵان فڵانان بووانە چەکیان داناوە و چوونە پاڵ حکوومەتەوە! چۆن ئەتۆ ئاگات لێ نییە؟ منیش داستانی خۆم بۆ گێڕاوە و زۆری پێخۆش بوو کە من ڕەگەڵ ئەوان نەکەوتبووم.
لە ناو شاری بۆکان تووشی کاک ئەحمەدی لبادی بووم، ئەویش هەر لە کادرە باش و خوێندەوارەکانی چریکان بوو و ماڵێکی لە بۆکان گرتبوو و پێنج شەش کەس بە چەکەوە لە کادر و پێشمەگەکانی چریکان لەوێ دەژیان.
نووسراوەکەی خۆم پیشان دان و باسێکی تیر و تەسەلمان لەسەر کرد و ئەویش باسی لەوەکرد کە تاقە یەک چەکیشمان نەداوەتەوە بە دەوڵەت، یا لە کوردستان شاردوومانەتەوە یا تەحویلی حیزبێکی دۆستی باشووری کوردستانمان داوە و کەڵاشینکۆفێک و ماشێنێکی لەندوێریشیان دا بەمن چونکە ئەوانیش دەیانەویست لە کوردستان نەمێنن.
نووسراوەکەم دا بە حیزب لە بۆکان و دەستبەجێ چاپ و بڵاویان کردەوە کە بەداخەوە خۆم نەمماوە. بەڵام نوسخە ئەسڵێکە بە خەتتی خۆم ماوە کە ئەویش دوولاپەڕەی ون بووە و وێنەی لاپەڕەکانی دیکەم گرتووە و لەگەڵ ئەم بەشە بڵاوی دەکەوەمەوە.
درێژەی هەیە