ماوەی مانگێک نەمهێشت حەسەن لە ماڵ وەدەرکەوێ و دەرزی و دەرمانەکان وردەوردە تەواو بوون و ڕەنگ و ڕووی بە تەواوی گۆڕابوو. حەسەن پێشتر کاراتەباز بوو و چووم لە ماڵە خۆیان ڕا هیندێک زنجیر و کەرەستە و لیباسی کاراتەی هەبوو بۆم هێنا ماڵە خۆمان و ڕۆژێ سێ چوار سەعاتی تەمرین و وەرزیش دەکرد و ئیتر بە تەواوی هاتبۆوە سەرەخۆ و هیچ چەشنە مادەهۆشبەرێکیشم ڕێگە نەدابوو کە بەدەستی بگات.
بردم دەستێکم کەواو پانتۆلی جوان لە کن وەستا ئەحمەدی عەزیز بۆکانی بۆ بەدروون دا و تفەنگ و فیشەکدانم دەملی کرد و لەگەڵ خۆم هێنامە نێو شار. هەرکەس دەیدیت سەری سووڕ دەما کە ئەو کوڕەی لە قەراخ خەیابانان دەکەوت چی لێ بەسەر هاتووە و چۆن زیندوو بۆتەوە. ئەوجار بۆ ئەوەی لە دۆستەکانی پێشووی دووری بخەمەوە بردمە یەکێک لە مەقەڕەکانی مامۆستا شێخ عێزالدینی لە نێو مەنگوڕان و لەوێش ڕامئەسپارد کە بەهیچ جۆر ئیجازەی نییە بچێت بۆ شار.
بۆ ئاگاداریتان کاتێک لە سەربازی ڕا گەڕامەوە ماوەی دوو حەوتوو میوانی کەریمی ئەفسەردلێر بووم لە گاگەشی نێو مەنگوڕان. نەخۆش کەوتم و پێویستم بە هیندێک حەب و دەرمان بوو. تەواوی دێهاتی ئەم ناوچەیە گەڕاین تاقە یەک دانە ئاسپرینیشمان وەگیر نەکەوت. یەک دەرمانخانە، یەک دانە دوکتور، یەک نەخۆشخانە هەر هیچ شتێک لەو ناوچە دا نەبوو. هیچ چەشنە خزمەتگوزارییەکی دەرمانی، پزشکی، کارەبا، لوولە کێشی ئاو، حەمام، جادەی قیلەتاو و هیچ شتێک نەبوو و ناوچەیەک بوو بە تەواوی لەبیر کراو.
جا حەسەنم کە بردە نێو مەنگوڕان، کوڕێکی زیرەک و بەهۆش بوو و لە دێهاتی وردەوردە ببوو بە یاریدەدەری خەڵک و یارمەتی نەخۆش و خەڵکی فەقیر و هەژاری ناوچەکەی دەدا، دەرزی لێدەدان، دەرمانی دەدانێ و وردەنەخۆشییەکانی خەڵکی چارەسەر دەکرد.
من ئیتر بە هۆی کارووباری سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆم هۆشم لە حەسەن بڕا و پاشان بیستمەوە کە لەو دەرمانانەی لەبەردەستی داببوو کەڵکی وەرگرتبوو و لە ڕێگەی دەرمانخواردنەوە فێری هێرۆئین ببۆوە. ئیتر من قەتم نەدیتەوە و چاوم بە چاوی نەکەوتەوە کە بەڵێنەکەی بە منی دابوو وەبیری بهێنمەوە. گۆیا هەر بەو دەردەشەوە و بە موعتادی تێدا چووە و نەماوە.
ئاخر مانگی زستان ساڵی ٥٨ ، یەکەم هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای میللی ئێران بوو. کە نوێنەری حیزب مامە غەنی بللوریان بوو و نوێنەری کۆمەڵە و چریکەکانیش مەلا ڕەحیمی مەحموودی بوو کە کەسێکی زەحمەتکێش و هەڵقوڵاو لە کۆمەڵی کوردەواری بوو. لە لایەن سازمانی چریکانەوە من و کاک عەزیزی ئەفسەردلێر دیاری کراین کە بچین بۆ نێو دێهاتی مەنگوڕ و گەورکان بۆ تەبلیغ و کۆکردنەوەی دەنگ.
ماشێنێکی وانێتیان داینێ و یەکەم شوێن بەرەو گوندی سوێناس ڕۆیشتین کە دەمانزانی لەوێ دوو لایەنگری چریکانی لێ بوو. بەفر هێشتا لەسەر عەرزی مابوو، لە نێزیک گوندی کاوڵانێ لەسەر جادەی مەهاباد سەردەشت، جادەیەکی باریک بوو کە بە نێو چۆمیکی بێ پرد دا دەچوو بەرەو سوێناس. بەیانە بوو و ئاوی چۆمی کەم بوو بەڵام بەفرێکی زۆر لەسەر جادە باریکەکەی کەوتبوو و زۆر بە زەحمەت پاشی دووسێ جار لە بەفر گیران گەیشتینە سوێناسێ. خەڵکمان لە مزگەوتێ کۆ کردەوە و من دەستم کرد بە قسەکردن و باسی کاک ڕەحیمی مەحموودیم بۆ کردن کە کەسێکی زەحمەتکێشە و لە خۆتانە و دەرد و ئازاری ئێوە باش دەزانێ، هەروەک ئێوە ئارەقەی ڕشتووە، کرێکاری کردووە، هەروەک وەک ئێوە دەستی قەلەشیوە و هیندێک شیعری مامۆستا هێمنم بۆ خوێندنەوە
من جووتیارم من جووتیارم
من لەگەڵ هەتاو هاوکارم
من بە عارەق و ئەو بە تین
دامان ڕشتووە بناغەی ژین
و،،،، لەو قسانە دابووم کە کابرایەکی پیر پاڵی وەکۆڵەکەی مزگەوتێ دابوو و کوتی جا چاوەکەم، ئەودەستە قەڵشیوانەی من کۆا بۆ مەجلیسێ دەبێ؟ مەجلیس دەستێکی دەوێ شوش و باریک بێ، کە قەڵەمێ بگرێ و بزانێ بنووسێ و بە نووسین و بە قسە دەرەقەت حەجەمان بێت و ئەوانن لەکۆڵ بکاتەوە.
ئەوکاتە ئەمن لە قسەی ئەو پیاوە پیرە حاڵی نەبووم بەڵام ئێستا دەزانم قسەکەی فەلسەفە و دنیایەک ڕاستی تێدا بووە. ئێستا دەزانم کە ئێمە پێویستمان بە کەسانی خوێندەوار و یاسازانی، کوردخۆشهویستی، ههڵسووڕی ، شێلگیری بڕوابه خۆ ههیه که له ڕێگهی خوێندن و یاسا و قانوونهوه و له ڕێگهی ڕێکخراوی نهتهوهیهکگرتوهکانهوه و له رێگهی یاساکانی نێونهتهوهیهوه داگیرکهرانی کوردستان، بهێننه پای مێزی مهحاکهمه. پیویستە به چهکی قەڵەم و یاسا برۆینه شهڕی دوژمنانی میللهتهکهمان، پیویستە ههزاران سهنهد و بهڵگهی زیندووی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له کوردستان کۆ بکرێتەوە و ببرێتە، دادگاکانی نێونهتهوهیی و به یاسا داگیرکهرانی کوردستان مهحکووم بکرێ، لە ڕێگەی یاساوە مافە پێشێلکراوەکانی ژن و پیاو و منداڵ و گهوره و بچووکی کورد له کوردستان بپارێزرێ. بە قانوون و یاسا و بەڵگە خهڵکی جیهان ئاگادار بکەین که به چوار دهوڵهتی داگیرکهر، به درێژایی سهدهی بیست و بیستوویەک خهریکی لهناوبردن و تواندنهوه و ژنۆسایدی نهتهوهی کورد بوون و ئهم ماف پێشێل کردنه ئێستاش له زۆربهی خاکی کوردستان دا ههر بهردهوامه، پهروهندهی تهواوی جینایهتهکان و کۆمهڵکوژییهکان و غهدرهکان و زۆلم و زۆرییهکان له دادگاکانی نیونهتهوهیی دا به سینگی داگیرکهرانی کوردستان دابدهین و حهول بدەین له ڕێگهی یاسا و قانوونهوه، نهتهوهی کورد به ئازادی بگا و لهو ههمووه مهینهتهی تا ئێستا به دهست داگیرکهرانهوه کیشاوێتی ڕزگاریی بێ و بەدەستی قەڵشیو و لاقی سواو ئەوە جێبەجێ نابێ.
لای ئێوارێ وەڕێ کەوتین کە بگەڕیینەوە بەرەو مەهاباد. دیسان یەک دووجار لە بەفری گیراین و بە هەزار زەحمەت خۆمان گەیاندەوە چۆمەکەی. بەفری چیاکان ئەو ڕۆژەی زۆر توابۆوە و ئاوی چۆمەکەی زۆر ببوو و بە هەمان شوێنی بەیانی دا خەریکی پەڕینەوە بووین کە ئاو گەیشتە نێو ماشێنەکەی و وردەوردە ماشێنەکە وە بن ئاوێ کەوت و ئێمە بەزەحمەت بە پەنجەرەی دا هاتینە دەر و خۆمان گەیاندە قەراخ چۆمەکەی. هەموو گیانمان تەڕتەڕ ببوو، عەزیز بەغار چوو لە کاوڵانێ ڕا تراکتۆڕێکی هێنا و بەو سەرمایەی خۆی ڕووت کردەوە و چوو دەبن بەفراوەکەی دا سیم بۆکسێرەکەی لە وانێتەکەی قایم کرد و ماشێنمان هەتا کاوڵانێ ڕاکێشا و ئاو و ڕۆنی تێکەڵ کردبوو و بۆ هەڵکردن نەدەبوو. لیباس و جل و بەرگەکەمان لەبەر کوورەی قاوەخانەکەی هەڵاوەسی و ئەو شەوەی لە قاوەخانەی کاوڵانێ ماینەوە و سبەینەکەی بە هەزار زەحمەت ڕۆنی ماشێنمان گۆڕی، شەم و دیلکۆمان ویشک کردەوە و هاتینەوە مەهاباد. کە هەڵبژاردن کرا و دەنگەکان دیاری کران لە سوێناسێ دوو دەنگمان هێنابۆوە کە یا ئی لایەنگرەکانی چریکان بوو یا ئی چاوەدێرەکانی سەر سندووقەکان کە یەکی کۆمەڵە و یەکی چریکانیشیان لەگەڵ بوو ( بەزیاد نەبێ!)
درێژەی هەیە

All reactions:
195Raza Mostafa Soltani, Jawhar Jalal and 193 others