بەشی ١٧

You are currently viewing بەشی ١٧
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

ڕۆژی دواتر شتوومەکەکانمان لە قەڵادزێ ڕا هێناوە سونێ و لەویڕا بە سواری ئێستران هێنامانەوە خرێ ناوزەنگ و ئیتر هەموو پێداویستییەکانی یەک دانە مەقەڕم بە زیادەوە هێنابوو و مەقەڕمان کۆک و پۆشتە کرد.

ئەو ترس و لەرز و هەڵات هەڵاتەی وە عاڵەمێ کەوتبوو هەر لە سێ چوار ڕۆژی یەکەمی دوای گرتنەوەی شاری مەهاباد دا، وردەوردە ڕەوینەوە و باسی قارەمانەتیی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات کە یەکێک لە فەرماندەکانیان کەریم خاڵدار بوو، لە هەموو شوێنێک دەنگی دابووە. خەبەر دەهات کە پێشمەرگەکانی حیزب لە نێو شاری مەهاباد تانکیان گرتووە و حەولەوەلایان وە سپای داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران خستووە و ئیتر ئێمەش لە خڕێ ناوزەنگ وە جمووجۆڵ کەوتین بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەی مەهاباد و بۆکان، بەڵام بەر لە ئەوەی باسی خۆمان بکەم کە چمان کرد باسێکتان لەسەر پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی مەهاباد پێشکەش دەکەم کە من کاتی خۆی هێشتا لە کوردستان نەهاتبوومەدەر بۆ ئوڕووپا، دەیان شریتم لە کەریم خاڵدار تۆمار کردبوو کە زۆر بە وردی باسی شەڕی سێ مانگەی بۆ گێڕابوومەوە و ئێستا کاتی خۆیەتی کە لە زمان کاک کەریمەوە کە ئەوکات هێشتا زانیارییەکان زۆر تازە بوون باسی ئەو شەڕانە بکەم.

((دوای ئەوەی زۆربەی شارەکانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە داگیر کرانەوە، تەنیا مەهاباد مابوو و دەوڵەت بۆی زەحمەت بوو بیگرێتەوە. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە چەکدارەکانی دەوڵەت کە تازە بە دەستەڵات گەیشتبوون، ئەزموونی زۆریان نەبوو بۆ شەڕ، بەڵام وردەوردە توانیبوویان لە پسپورانی نێزامی ڕێژیمی پەهڵەوی چ لەباری نێزامی و چ لەباری کۆکڕدنەوەی زانیارێوە کەڵک وەربگڕن و ئیتر هێرش بۆ سەر مەهاباد دەستیپێکرد.

هێرش بۆ سەر مەهاباد لە دوو ڵاوە کرا، جادەی مەهاباد ورمێ و جادەی میاندواو مەهاباد. ئێمەش ئەو کاتە ئەزمۆنێکی ئەوتۆمان نەبوو، بەڵام بە پشتیوانی خەڵک لە چەندین جێگا پێشمان پێگرتن و بەرەنگاریان بووینەوە. ئەو کاتە من لە جەبهەی مەهاباد میاندواو بووم. لە ڕێگای میاندواو ئێمە دوو تانکمان بە ئارپیجی شکاند و گوللە ئارپێیجمان تەواو بوو. من زور بە پەڵە خۆم گەیاندە پادگان لە شاری مەهاباد بەڵام بەداخەوە بەسەر هەواری خاڵیدا کەوتم. پادگانیان بە زۆر کەلووپەلی سەربازێوە هەروا جێهێشتبوو و کەسی تێدا نەمابوو. بەدەستی بەتاڵ گەرامەوە جەبهە و لە نێزیک دۆستاڵی بەسەر ستونی ئەرتەش داکەوتم و بە زەحمەتێکی زور و تەقەکردن توانیم خۆم ڕزگار بکەم و بچم بو زگدڕاو. دیار بوو پێشمەرگەکان ناچار ببوون ئەو جبهەیە بەجێ بهێڵن و چۆلی بکەن و من ڕۆژی دواتر لە گوێچکەدەرێ پێشمەگەکانم دیتەوە و یەکمان گرتەوە. بۆ شەوێرا هێندیک لە بەرپرسانی حێزب و پێشمەرگەیەکی زور لە گوێچکەدەرێ کۆببوونەوە. لە کوبونەوەکە دا بەرپرسەکان باسیان لە خۆدەربازکردن دەکرد هەر بۆیە من زور بە تۆندی بە گژیاندا چووم و کوبونەوەکەم بەجێ هێشت. ئەوکاتە من جەماعەتێک پێشمەرگەی زۆر ئازا و لەخۆبووردووم لەگەڵ بوو کە ماوەیەکی زۆر بوو بەیەکەوە بووین و زۆر عەمەلیاتمان بەیەکەوە کردبوو. لەگەڵیان دانیشتم و باسی کۆبوونەوەی بەرپرسەکانم بۆ کردن و گوتم ئەوان دەیانەوێ بڕۆن. داوام لە ئێوە ئەوەیە کە بەبێ شەرم بریاری خۆتان بدەن دەمێننەوە یان دەڕۆن؟! گوتم من ناڕۆم و ڕێگای دوورم ئێرە دەبێ و بەخۆشێەوە هەر هەموویان کە ١٥ کەس بوون بە ورەیەکی بەرزەوە بەڵێنیان دا کە ناوچەی مەهاباد بە جێ ناهێڵن و بەرنگاری دوژمن ببنەوە. ئەو شەوە بەردەرکی پاسگای گوێچکەدەرێ دەرزیت هەڵاویشتبا وەعەرزی نەدەکەوت. ئێمە خەوتێن، بەیانی کە ڵە خەو هەستاین بەسەر هەواری خاڵی داکەوتین و تەنیا سەرگورد عەباسی لەوێ بەجێ مابوو و ئەویش هەر وەک من زۆر تووڕە بوو. من بە کاک سەرگوردم گوت کاکە گیان ئێمە ١٥ پێشمەرگەین و ئەگەر بە برا چووکەی خۆتمان قەبووڵ بکەی زۆرمان پێ خۆش دەبێ و ئەویش قەبوڵی کڕد و هەتا گرتنەوەی شاری مەهاباد هەر بەیەکەوە بووین. ناوی ئەو پێشمەگانە بەمجۆرە بووکە دیارە پاشان وردەوردە پێمانەوە زیاد بوون و بووین بە دەوری پەنجا کەسێک،، ئەوانەی شەهید بوون و نەماون، شەهیدان، چرچەی بارام میرزای، محەمەد زەنگەنە، حەسەن بێکەس، برایم بێکەس، کەماڵ ڕەزمان، ئەحمەد ئارپیجی، مستەفا قاڕنی، قادری خاوەری، وەستا محەمەدی هیندوەش، شوانە، حوسێن هەللاجی، عەلی ئەحمەدی، مستەفا ئارپیجی، ڕەحمان ڕەنگین، عەبدوللا ئەمینی، یۆسفی سازواری، کەریم ئەرسەنگ، حەسەن گوڵە جەوانی، بەهار خانم و کۆچکردووان ئەحمەد ژیگۆل و ئەحمەد ستوودە. جەعفەری کەهرووبی کە بەداخەوە لەگەڵ براکەی عەلی کە پێشمەرگەش نەبووکرێکارێکی سادە بوو لە ماڵە خۆیان دا تێرۆر کران. ئەوانە ماویشن، بریتی بوون لە کەریم خاڵدار، ناسری پیرانی، سەلاح شەشە، یۆسفی ئەفراسیابی، ئەمیری نەەری، فەتتاحی کەریمی، زێنەبە ڕەش، و چەندین کەسی دیکە کە لە ناوەوەن و ناوەکانیان پارێزراوە.

پێویستە باسی شەهید سولەیمانی بللوریش بکەین کە لەگەڵ ڕێکخراوی کۆمەڵە بوو و زۆر یارمەتی ئێمەی دا. یادیان بەخێر و ڕووحیان شاد بێ.

هەر ئەو ڕۆژە من و شەهید محەمەد زەنگەنە بۆ ئێوارەکەی ڕا بە تۆپی ١٠٦ ڵە سەددی مەهاباد نێزیک بووینەوە و تانکەکانی بەرزایی تاقەدار و باغی میکایلمان ئاور باران کرد و بە سڵامەتی گەڕاینەوە بنکەکانی خۆمان لە گوێچکەدەرێ. بۆ ڕۆژی دوایی پێشمەرگەکانم دابەش کرد. بەشێکمان لە گۆێچکەدەرێ ماینەوە و بەشەکەی دیکەش پاسگای بەیرەممان ئاوەدان کردەوە. چەند ڕۆژ دواتر دیسان چۆینەوە نێو شاری مەهاباد و مەقەری سپای پاسدارانمان لە خانەی جەوانان ئاورباران کرد و زۆرمان لێ کوشتن و بریندار کردن و پاش شەڕەکە هاتین بۆ چوارڕێی ئازادی و خەڵکێکی زۆرمان لێ کوبونەوە و منێش بە پێ توانای خۆم قسەم بۆ خەڵک کرد و زۆرم دڵخۆشی دانەوە و گوتم ئەوە دەسپێکە و ڕێگا نادەین دوژمن هەروا بە ئاسانی بحەسێەتەوە. ئەو رۆژە چەند لاوی مەهابادی بە ئێمە پەیوەست بوون و گەڕاینەوە بنکەی خۆمان لە بەیرەم. بۆ ڕۆژی دوایی چەند ڵاوی دیکەش لە مەهاباد ڕا هاتن و خەبەری پێگەکانی دوژمنیان بۆهێناین و لە دوای قسە و باس ئەو لاوانەم وەک شانەی نێو شار دیاری کردن و لە دوای تاقیکردەنەوەی دەمانچە و نارنجۆک و فێر کردنیان، بە دەمانچە و نارنجۆکەوە بۆ عەمەلیاتی ڕۆژانە و کوشتنی پاسدار و بەسیج و کۆکردنەوەی زانیاری ڵە سەر پێگەکانی دوژمن بەڕێمکردنەوە شار بۆ ئەرکی پێ ئەسپێردراو. دەسپێکی ئەو عەمەلیاتە بە تەواوی ورەی خەڵکی بەرز کردەوە و بۆ ڕۆژەکانی دوایی خەڵک بە ڕێکخستنی خۆپێشاندان و چەسپاندنی وینەی مەڵا شێخ عێزالدین لە تانکەکانی دوژمن ناڕەزایەتی خۆیان لە هاتنی هێزی داگیرکەر بۆ شاری مەهاباد دەربڕی و ئێمەش بێ پسانەوە هەموو شەوێ بە ماشێن هەتا نێزیک قەبران دەهاتین و پێگەکانی دوژمنمان وەبەر دەسڕێژان دەدا و ئۆقرەمان لە دوژمن هەڵگرتبوو. ئەو ماشێنانەی کە خۆاردەمەنیان بۆ پێگەکانی دوژمن دەبرد لە نێو شار بە نارنجۆک تێکمان دەشکاندن و هەر لەو زنجیرە عەمەلیاتانە دا بوو کە جارێکیان بە ڕۆژی ڕووناک پێشمەرگەکان سادقی زیباکەڵامیان کە یەکیک لە مۆرەکانی سەرەکی ڕێژیم بوو بە دیل گرت و هێنایان بۆ ڵایی ئێمە.

دیارە زوربەی ئەو عەمەلیاتانە لە ژێر بەرپرسایەتی من دەکران و هەر خۆشم بەرنامەی شەڕەکانم دادەڕشت. هەتا ئێرە بەرپرسانی حیزبی هیچ چەشنە ئاگادارێکیان لە ئێمە نەبوو و ئەگەر خەڵکی مەهاباد یارمەتی ئێمەیان نەکردبا ئێمە لە باری تەقەمەنیەوە بە تایبەتی فێشەکی ژ۳ وە زۆر لە مەزیقە دادەبووین. ئەوە لە کاتێک دابوو کە زۆربەی تەقەمەنی پادگان کەوتبووە دەست حیزب و کەس نەیزانی ئەو هەمووە تەقەمەنییە چییان لێهات. ئەو چاڵاکیانە بۆ ماوەی پتر لە دوو مانگ درێژەیان هەبوو و ئەو خەبەرانەش لە ئاشی پشکاوێ بە گۆی بەرپرسانی حیزب گەیشتبۆوە و ئیتر پاش ئەو ماوەیە کاک کەریمی حیسامیان وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد ناردەوە ناوچە و لە کوبۆنەوەیەک دا کە لە چوارگا گیرا هێندێک ڕێنوینی تازەی کردین و داوای لێ کردین بۆ ماوەی دوو حەوتوو لە چوونەوە بۆ نێو شار خۆ بپارێزین. منێش لە وەڵام دا پێم ڕاگەیاند باشە ئێمە دەست ڕادەگڕین بەڵام ئەگر خەبەرمان بۆ بێنن کە پاسدار خەڵکی ئازار داوە جوابی هێچ کەس نادەینەوە و کاری خۆمان درێژە پێ دەدەین. چەند رۆژێک لە چوونەوە بۆ نێو شار و لێدانی پێگەکانی دوژمن خۆمان پاراست هەتا ڕۆژێک خەبەریان داینێ کە پاسدار چوونە قوتابخانەی کچان و بێحوڕمەتیان بە قوتابییەکان کردووە و منێش بە بێ پرس و ڕا پێوەندیم بە شانەکانی نێۆ شارەوە گرت و پێم ڕاگەیاندن کە شەوێ دێینەوە و ئەو جار بە ڕۆژ لە نێو شار دا لە هێزەکانی دوژمن دەدەین. پیویسته بڵێم تا ئەو کاتە شانەکانی نێو شار زور جار ماشێنەکانی دوژمنیان ئاور تێبەردابوو و دوژمن چاری نەمابوو کە بە تانک خواردەمەنی بۆ پێگەکانی بەرێت. بۆ شەوێ ڕا چۆینەوە نێو شار و تا سەعات ٤ بەیانی لە زۆربەی پێگەکانی دوژمنمان دا و لە پاشان پێشمەرگەکانم دابەش کرد و لە سەر ڕێگای تانکەکان لە ماڵان دا داممەزراندن و شانەکانم ڕاسپارد کە شوێنی حاوانەوەی پێشمەرگەکان چاوەدێری بکەن و کاتی هاتنی تانکەکان بە پێشمەرگەکان ڕابگەینن و خۆشم لە چوارڕێی مەوڵەوی بە ئارپیجی و چەند پێشمەرگەیەک لە ماڵێک دا خۆمان حەشار دا. شانەکانی نێو شار ئەوکاتە ڕۆڵێکی یەکجار سەرەکییان هەبوو و لە ڕێگەی ئەوانەوە ڕێنوینی پێویستم بۆ پێشمەرگەکانی دیکە دەنارد. سەعات دوازدەی نێوەروی ئەو ڕۆژە لە لایەن شانەکانەوە ئاگادار کراین کە تانکەکان لە پادگان هاتنەدەر. لە بەر دەرگای ماڵە کاک محەمەدی ماملی سێ بۆشکە قیلی لێ بوو و لە گەڵ شەهید ئەحمەد ئارپێجی یادی بەخێر سەنگەرمان لە تانکەکان گرت و کاک ئەحمەد ئارپیجێکی پێوەنان و بەداخەوە نەی هەنگاوتن. زۆری پێ نەچوو خەبەریان هێنا کە تانکەکان گەڕانەوە و دیسان لە جێگەی پێشوومان سەنگەرمان گرتەوە و ئەو جار شەهید ئەحمەد زور ئازایانە ئارپیجییەکی لە تانکەکە دا و تێکی شکاند و کەلاکی تانکەکە لە نێزیک مەیدانی تۆپی پێ بەجێ ما و چووینە سەری چەکە سووکەکان و تەقەمەنی زۆرمان لێ دەستکەوت. خەدەمەی تانکەکە زوربەیان کوژرابوون و چەند برینداریشیان هەبوو کە هەڵاتن بەرەو پادگان. ئەوە یەکەم جار بوو کە پێشمەرگە بە ئارپیجی ئاوا لە نێزیکەوە تانک بشکێنی و بوو بە هاوار هاوار کە پێشمەرگە تانکی شکاندووە و ئیتر زۆربەی خەڵکی مەهاباد لە مەیدانی حەیوانان کۆ بوونەوە و لە خۆشیان ڕەشبەڵکیان گرتبوو و هەڵدەپەڕین و شادیان دەکرد. ئێمە ئامادە بووین و چاوەڕوانی جموجۆڵی دوژمن بۆین کە شانەکان خەبەریان هێنا دوو تانکی دیکە هاتوون و دیانەوی ئەو تانکە شکاوە بەرنەوە. ئیتر زۆر بە پەلە ئارپیجیەکەم لە شەهید ئەحمەد وەرگرت و یەکیک لە تانکەکانم شکاند و تانکێکیش بە ساغی بەجێما و خەدەمەی تانکەکان بەرەو پادگان هەڵاتن و ئێمەش وە شوێنیان کەوتین و تاقە یەک نەفەر نەبێ کە خۆی گەیاندەوە پادگان ئەوانی دیکەمان هەموو کوشتن و چەکەکانیشمان بە غەنیمەت گرتن. لەم شەڕە دا یادی بە خێر شەهید سولەیمانی بللوریش بەشدار بوو و هەتا دوژمنمان لە پادگان و خانەی جەوانان کڕدنەوە هەر لەگەڵمان بوو. هەر ئەو ڕۆژە پێشمەرگەکانی شۆینەکانی دیکەش لە خوار گۆمرگ و لە شەقامی زەند دوو تانک و چەندین زیلی ئەرتەشییان تێک شکاند و دەستکەوتی زۆر وەدەست پێشمەرگەکان کەوت و هەموو پێشمەرگەکانیش سەلامەت بوون. تەنیا تەلەفاتێک کە لەو شەڕانەی ئەو ڕۆژە دا دامان ئەوە بوو کە بەداخەوە لە لای چوارڕێی مەولەوی بەهۆی گڕگرتنی ئەو تانکە شکاوانە و تەقینەوەی تەقەمەنییەکانی ناویان، ڵاویک شەهید و یەکیش بریندار بوو. ئەو ڕۆژە ڵاوانی مەهاباد مێژویان بۆ جیلی داهاتوو تۆمار کڕد، ئەو ڕۆژە هەڵپەرکی و شادی و خۆشی و گریان هەموو تێکەڵ بە یەک ببوون. ئەو ڕۆژە کوڕێکی ڵاڵ لە خۆشیان زبانی کراوە، ئەو روژە بە هۆی فێداکاری خەڵک و پێشمەرگە دوژمن بە چۆک داهات و هانای بۆ وتوویژ هێنا و ئەو روژە ڕۆژی سەرکەوتنی پێشمەرگە و خەڵک بوو. من هەرچەند ئەزموونی ڵێخوڕینی تانکم نەبوو بەڵام ئەو ڕۆژە بە یارمەتی سمایلە کوردە توانیم تانکەکە بهێنمەدەر و لە مەیدانی حەیوانان خەڵک شایی و سەمایان دەکرد و لە کاتی بردنە دەری تانکەکە لە پشتی پادگان ڕا بە تۆپان دایان گرتین بەڵام توانیمان بە سڵامەت بۆی دەربچین و لە بەرزایەکانی وزندەرێ ڕا بە توپی تانکەکە ئێمەش پادگانمان ئاورباران کرد. بەرەو بەیرەم دەڕۆیشتین کە لە ڕێگایە تووشی ڕەفیقێکمان بووین بە ناوی تاهیر،،،، کە لە بەیرەم ڕا بە ماشین دەگەراوە نێو شار. لە نێوان وزندەری و گردەبەردان بەسەر ئەو تانکەی دا کەوت کە بە ئێمە بوو لە ماشێن دابەزی و دەیەویست هەڵی بەڵام لە سەر عەرز ڕامکشاند و بۆ ماوەی ٥ خوڵەک هەروا ڕامگرت بێچارە زور پیس ترسابوو دوایی کە خۆم لێ ئاشکرا کرد هەزار قسەی پێ گوتم و فەقیرە بە هێچ جوریک نەدەهاتەوە سەرخۆ. تانکەکەم بردەوە بەیرەم و بە پەلە گەرامەوە نێو شار و کونتروڵی شارمان گرتەەوە دەست و ماڵە شێخ محەمەد مەعسوومان ئاوەدان کردەوە. ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستانەی خۆی، چەندین جار هێرشی هێنا کە هەموو جارێ بە دانی کوژراو و بریندار پاشەکشەمان پێ دەکردن. لە پاش بە دەستەوەگرتنی شار پەیاممان بۆ هات کە بچین بۆ ئاشی پشکاوێ. من لە گەڵ دوو پێشمەرگە ساز بووم و بۆ یەکەم جار لە سەر سنور چاوم بە دوکتور قاسملوو کەوت و پاشی هێندیک قسە و باس و پرسیار لەسەر چۆنیەتیی شەڕەکان و دەستخوشی لە ئێمە دەمانچەیکی پێشکەش کردم. پاشی سەردانی حیزب، سەردانی مامۆستا شێخ عیزالدینمان کرد و پاشی دوو ڕۆژ گەڕاینەوە مەهاباد و ئیتر ئاگر بەس و پەیامی خۆمینی بەدوادا هات و بەرپرسەکان گەڕانەوە مەهاباد بۆ بڕیاردان لەسەر شێوەی کاری پێشمەرگە و دامەزراندنی پەل و لک و هێزی پێشمەرگە!))

درێژەی هەیە