بەشی ١٥

You are currently viewing بەشی ١٥
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

کاتێک فانتۆمەکانی دەوڵەتی خومەینی بۆ ترساندنی خەڵک و لە کاتی وتووێژەکەی سنە دا لە سەر ئاسمانی شاری سنە دیواری سەوتییان شکاند و قسە بەنرخەکانی کاک سەدیقی کەمانگەر و کاک سەلاحی موهتەدی کران، مامۆستا شێخ عێزالدین لە نوێنەرەکانی دەوڵەت تووڕە بوو و گوتی هەوەڵێ بڕۆن ئەو فانتۆمانەتان بنێرنەوە تاران جا پاشان وەرنەوە بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێمە و ئیتر کۆبوونەوەکەی بەجێ هێشت و وەڕێکەوتینەوە بەرەو مەهاباد، لەلای سەدی سنەی کەریم خاڵدار بەپەلە خۆی گەیاندە سەیارەکانی ئێمە و بە مامۆستای گوت کە منیان ناردووە کە پێتان بڵێم بگەڕێنەوە سنەی و هەیئەتی دەوڵەت پەشیمان بوونەوە لەو کارەی کردوویانە بەڵام مامۆستا جوابی نەدانەوە و چووینەوە مەهاباد.

شەڕی نەورۆزی خوێناوی سنە کۆتایی پێهات، بەڵام هەلوومەرجێکی زۆر ئالۆز و شەڕواویی لە ناوچەتێکەڵاوەکانی نیوان کورد و ئازەری دا بەرقەرار بوو و دەوڵەت بەتەواوی خەریکی ئاژاوەگێڕی و سازکردنی شەڕی نێوان کورد و ئازەری بوو. ڕۆژی ٣١ی خاکەلێوەی ساڵی ٥٨ لە میتینگێکی گەورەی سیاسی کە لە لایەن حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە لە ستادیۆمی وەرزیشی شاری نەغەدە پێکهێنرابوو و ئامانج لە پێکهێنانی ئەم میتینگە، پێداگرتنەوە لەسەر پێوەندیی برایانەی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری بوو و یەکییەتی کورد و ئازەری لە ڕاستیدا دەیتوانێ پشتی هەر حکوومەتێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر لە تاران بشکێنێ. بەڵام مێشکە ناسیۆنالیستە ڕەگەزپەرەستەکانی ئێرانی کە لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا لە پشتی پەردەوە کۆماری ئیسڵامی ئێرانیان بەڕیوە بردووە ئەوەیان زۆر بە باشی دەزانی کە کورد و ئازەری نابێ لە پشتی یەک بن، هەر بۆیە، بە پێی بەرنامەیەکی لەپێشدا داڕێژراو لە چەند لاوە میتینگی هێمنانەی حیزبی دێمۆکراتیان وەبەر دەستڕێژان دا و شەڕێکی خوێناویان بەسەر حیزب و خەڵکی شاری نەغەدەدا سەپاند و ئەو شەڕە شەش ڕۆژان درێژەی هەیبوو.

لەم شەڕە پیس و نەخوازراوە دا بەسەدان ژن و منداڵ، بە سەدان پیر و پەکەوتە، بەسەدان کوڕ و کچی لاو، لە هەردوو لا کوژران و بریندار بوون. زۆربەی هەرە زۆری کوردەکان لە شاری خۆیان نەغەدە هەڵقەندران و ئاوارەی شار و گوندەکانی دەورووبەر بوون.

ئاسەواری هەرە گەورە و ناخۆشی ئەم شەڕە نگریس و نەخوازراوە، زیانێکی گەورە بوو کە وه‌ پێوه‌ندیی‌ برایانه ‌‌و له‌مێژینه‌ی‌ رۆڵه‌كانی‌ دوو گه‌لی‌ كورد ‌و ئازه‌ری‌ کەوت. ده‌سته‌ڵاتدارانی‌ ڕێژیمی‌ كۆنه‌په‌رستی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ كه‌ بۆخۆیان نه‌خشێكی‌ بنه‌ڕه‌تییان له‌ هه‌ڵگیرساندن ‌و قووڵ‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌دا هه‌بوو، له‌ ئاكامه‌ زیانباره‌كانی‌ ئه‌و شه‌ڕه ‌‌و كه‌لێنی‌ پێكهاتوو له‌ به‌ینی‌ رۆڵه‌كانی‌ كورد ‌و ئازه‌ری ‌‌دا به‌ قازانجی‌ مه‌به‌سته‌ چه‌په‌ڵه‌كانی‌ خۆیان كه‌ڵكیان وه‌رگرت. ‌دنه‌ی‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌‌و ئایینیی‌ خوشک و برا ئازەرییەکانیان دەدا بە دژی کوردەکان كه ‌له ‌مێژ ساڵ‌ بوو پێكه‌وه‌ به‌ ته‌بایی ‌‌و برایه‌تیی ژیابوون، هێزێكی‌ زۆریان بۆ سه‌ركوت ‌و په‌لاماربردنه‌ سه‌ر كورده‌كان‌ كۆ كرده‌وه ‌‌و له‌ ژێر پشتیوانیی‌ ئه‌رته‌ش‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌ تازه‌ پێكهاتووه‌كان‌دا، هەزاران مرۆڤی کوردیان کوشت و لە ناویان بردن.

ئەوانەی من لە بیرم ماون کە لەم شەڕە بێهوودە دا شەهید بوون تەهای کەرباسی و وەستا ڕەحیمی ڕیحانی بوون کە لە باشترین کوڕەکانی شاری مەهاباد بوون و لەناو ماشێن دا لە لای سێڕای نەغەدە لێیان دابوون و کوشتبوویانن. تەهامان لە حەساری مزگەوتی هەباس ئاغای لە سەر تاتان شوشت. تەها بەڕاستی کوڕێکی تاقانە بوو، بە تەنیا دەچوو بە حەوتوو لە شاخان و لە نێو ئەشکەوتان دا دەماوە و دەخەوت. هەتا بڵێی کوڕێکی شۆخ و جوان و چوارشانە و لەسەر دڵان و ئازا بوو، کە یەکییەتی نیشتمانی پاش نسکۆکەی شۆڕشی ئەیلوول تازە دەستی بە تێکۆشان کردبۆوە، تەها یەک دوومانگان ون بوو و چووبوو بۆ لای ئەوان، کە هاتەوە من لە ماڵە کاک کەریمی دانشیار دیتم، باسی مام جەلال و یەکییەتی نیشتمانی بۆ دەگێڕاینەوە و ئێمە زۆر بە تامەزرۆیی گوێمان دەدایە کە بزانین یەکییەتی چییە و چ دەکەن و بەدوای ئەودا من و هووشی وکەریم وشەهید تەها وشەهید مەنسووری محەمەد جانی بڕیارمان دا بچین بۆ لای یەکییەتی نیشتمانی. لە کاتی ڕۆیشتن دا بیستمان کە کاک خانەی موعینی لە ڕێگای بەرەو ئەوان دا شەهید کراوە هەر بۆیە من گوتم هەتا ئەوەم لێ روون نەبێتەوە کە کاک خانە بۆ کوژراوە من نایەم، بەڵام هووشی و تەها و کەریم و مەنسووربە یارمەتی کاک مرادی قادری کە دۆستی کاک کەریمی دانشیار و خەتی پێوەندی یەکییەتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو چوون بۆ لای یەکییەتی و لەوێ لەگەڵ کاک ساعدی وەتەندووست و دوکتور جەعفەری شەفیعی ش ئاشنا ببوون. زۆر زوو کەریم و مەنسووریان ناردەوە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و دەرمان. دوو پێشمەرگەی بریندایشیان ڕەگەڵ خستبوون بە ناوەکانی کاک ئەنوەر و کاک توانا بۆ چارەسەر و موداوا کە ڕادەستی کاک کەریمیان کردن. بریندارەکان سەرەتا لەماڵە کەریمی ئەفسەردلێر بوون و پاشان ماڵە سولەیمانی بللووری بوو بە شوێنی مانەوە و حەسانەوە و هاتووچۆی پێشمەرگە و بریندارەکانی یەکییەتی نیشتمانی. مام جەلال بە کەریم و مەنسوور دا نامەی ناردبوو بۆ کاک کەریمی دانشیار، کاک جەلیلی گادانی و مامە غەنی و ئێمە وەک تیممێک لە مەهاباد بووینە پشتیوان و یارمەتیدەری یەکییەتی نیشتمانی کوردستان.

لە شەڕەکەی نەغەدە ئەوەی لەبیرم ماوە، ماڵە مامی دایکم بوو، حاجی وەهابی حەبیب پەنا، کە پاسدار لێیان وەژوور کەوتبوون و سێ کوڕ و زاوایەکی تورکیان بەناوی ئاغای فەتین کە ڕەئیسی بانکیش بوو وەبەر دەستڕێژان دابوو، زاواکەیان و دوو کوڕیان بە ناوەکانی حەبیب و فەریدوون دەستبەجێ و هەر لە حەساری ماڵێ دا کوژرابوون و کوڕێکیشیان بریندار ببوو و لەژێر مەیتی ئەوانی دیکەدا زیندوو مابۆوە بە ناوی کاک فارووق کە هیوادارم هەر ساغ و سڵامەت و سەرکەوتوو بێت.

من مرێمی هاوژینم بۆ یەکەم جار پاش شەڕی نەغەدەی لە مەهاباد و لە لای دووکانی ماڵە تەهای کەرباسی، ڕووبەڕووی گاراژی مەیدانی ئاردی چاو پێکەوت و لە گەڵ ژنێکی چارشێو بەسەر بوو کە پێموابوو دایکێتی، بەڵام باجە کاڵێی خوشکی بوو کە بەداخەوە پاش دووساڵان لەسەر شاخی داشامەجیدی ڕا بە قەنناسەی لە سەریان دا و کوشتیان. من پاشان کە مرێمم ناسی زانیم کە ئەوان لە شەڕی نەغەدەی هەڵنەهاتبوون بەڵکوو لە میاندواێ ڕا هەڵاتبوون و هاتبوونە مەهاباد، چونکە برایەکی شۆخ و شەنگیان بەدەست دەستهەڵاتدارەکانی میاندواویی کوژرابوو و ئەوانیش ماڵ و ژیانیان لە میاندواو بەجێ هێشتبوو و هاتبوونە مەهاباد.

ئەو رۆژەی کە مرێم و خوشکەکەی بەپەنامان دا ڕابواردن من لەگەڵ کەریم بووم و یەکسەر بە کەریمم گوت کەریم گیان وەڵا ئەمن ئەوە ژنی خۆم دیتەوە!! کەریم گوتی کوا کوا پۆڵا گیان گوتم ئەوەی ئێستا بە پەنامان دا ڕۆیشت، هەتا بڕیارمان دا بگەڕێینەوە بەدوایان دا ئەوان گەیشتنە حەمامی زەند و چوون دە حەمامێوە و ئیتر فایدەی نەبوو ڕاوەستان چونکە دەبوو یەک دوو سەعات چاوەڕێ بین و ئەوەش بە ئێمە نەدەکرا.

زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو کە دەوڵەت بەتەواوی هێزەوە خەریکی خۆ ئامادەکردن بوو بۆ پەلاماری سەر شاری مەهاباد. لە لای کەڵکی بەگزادان، لە قەراخ شاری مەهاباد ئامادە ڕاوەستابوون، بڕیار درا مامۆستا له‌ شار به‌رینه‌ ده‌ر و ڕایگوێزین بۆ ماله‌ شێخ جه‌لالی حوسێنی برای مامۆستا لە شاری بانە. سێ ڕۆژنامه‌نووسی فەرانسەوی، ئەو ڕۆژە لە مەهاباد و له‌ ماڵه‌ مامۆستا بوون و دەبوو ئەوانیش لەگەڵ خۆمان لە شار بەرین بۆ دەرەوە. من ئاهوویه‌کی شینی شیرکه‌تی واوانی تارانم له‌ لابوو کە له‌ شانسی خراپم ئه‌و رۆژه‌ له‌ ڕێگای سه‌دی مەهاباد له‌ تەنیشت گوندی به‌یتاس دووته‌گه‌ری بەجارێک په‌نچه‌ر بوو ئیتر نه‌متوانی ماشێنەکە بجووڵێنمەوە و هه‌ر له‌وێ به‌جێم هێشت. خەڵک له‌ ترسی هێرشی دەوڵەت دووکان و بازاریان داخستبوو و خەریک بوون شار بەجێ بهێڵن. له‌ ماڵه‌ مامۆستا ڕا زۆر ته‌له‌یفوون کرا که‌ ماشێنێک به‌ قه‌رز وه‌رگرن ‌و مامۆستا و ڕۆژنامه‌نووسەکانی پێ ڕاگوێزین بەداخەوە جێبەجێ نەبوو. بریار درا لەو سەیارە ده‌وڵه‌تییانە ماشێنێک بێنین و مامۆستا و ڕۆژنامەنووسەکانی پێ ڕزگار بکەین. لە شیرکه‌تی کشتووکاڵی شاری مه‌هاباد له‌نده‌وێرێکمان هێنا. کاک سه‌ددیقی شێخانی له‌ندوێرێکی جێبه‌جێ کرد و سەیارەیەکی تری شووڕای شاری مەهابادیش درابوو بە مامۆستا. بەو سێ ماشێنە، مامۆستا و ڕۆژنامه‌نووسەکانمان سوار کرد و به‌ جاده‌ی سه‌ده‌شتێ دا بە شەو به‌ره‌و بانه‌ وه‌ڕێ که‌وتین. شەو نەخەوتبووین. ڕۆژنامە نووسەکان لەگەڵ کاک سەدیقی شێخانی سوار ببوون. لای به‌یانی، زه‌رده‌ی تاو لە چاوی کاک سەدیقی دابوو و له‌ نیزیک شاری بانه‌ خەونووچکە بردبوویەوە و لەندوێرەکەی وه‌رگێڕابوو. ڕۆژنامەنووسی بەستەزمان هه‌ر یه‌که‌ی له‌ لایه‌ک که‌وتبوون و یه‌کیان قامکێکی ده‌ستی په‌ڕیبوو. زۆر زوو گەیشتینە سەریان و گه‌یاندمانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی بانه‌ و لەوێ ڕۆژنامەنووسەکەیان دەرمان کرد و شێخ جه‌لال هاتە نه‌خۆشخانه‌ و هەموومانی برده‌وه‌ ماڵه‌ خۆیان. من و که‌ریم و جه‌ماڵ چه‌ند رۆژێک له‌ بانه‌ ماینه‌وه‌ و له‌ سه‌ر کێوی ئاڕبابا و له‌ نێو دارستانه‌کانی بانه‌ جه‌ماڵ تێیهه‌ڵده‌کردە مه‌قام و گۆرانیه‌کانی تاهیرتۆفیق، یادی بەخێر بەڕاست دەنگێکی ڕەسەن و بەهێز و دڵگیری هەبوو. که‌ریم چەند ڕۆژ دواتر لە سەردەشت له‌ندوێره‌که‌ی دابۆوە بە نوێنەری ئیدارەی کشتووکاڵی مەهاباد و داستانه‌که‌شی بۆ گێڕابۆوه‌ که‌ مامۆستا و رۆژنامەنووسە فەڕانسەوییەکانمان پێ ڕزگار کردبوو و کابراش گوتبووی زۆر کاری چاکتان کردوه. شیخ جه‌لال ئەو داستانەی بیست و جیبێکی شه‌هبازی سه‌رئاوه‌ڵای داینێ کە به‌ڕاستی ماشێنی چاک بوو و وه‌ک ئاسکه‌ کێوی بە سه‌ر کێواندا ده‌ڕۆیشت. ئەو ماشێنەشمان ئاخر جار لەسەر بەرزاییەکانی گوندی دوڵەتوو بەجێهێشت. لەسەر دوندی چیاکان تەیارەمان هاتە سەر و ئیتر جیبی شەهبازمان بەجێ هێشت و بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم سەیارە ببوە نیشانەی تەیارە و هێلیکۆپتێڕان و هەر فرۆکەیەک بەو ناوەدا هەڵفڕیبا تەققەیەکی لەو سەیارە بەدبەختە دەکرد.

درێژەی هەیە