بەشی ١٤

You are currently viewing بەشی ١٤
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

ئەو کاتە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان خاوەن پێشینەیەکی ٣٥ ساڵەی خەبات بۆ ڕزگاری کوردستان بوو. کۆماری کوردستانی تاقانەی بەدەستەوە بوو، جووڵانەوەیەکی چەکداری ساڵانی ٤٦ و ٤٧ ی گەورەتر لە سیاهکەلی چریکە فیدائییەکانی خەڵکی ئێرانی بە پشتەوە بوو، بەڵام لە شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ٥٧ دا هەم زۆر درەنگ وەخۆ کەوت، هەم پێشێنە زێڕینەکەی خۆی کە پێکهێنانی دەوڵەتی جەمهووری کوردستان بوو لەبیر کرد و بە دروشمی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان نەیتوانی بەرەی خوێندەوار و تازە پێگەیشتوو کە مۆتۆری سەرەکی بەرەوپێشبردنی هەر شۆڕش و سەرهەڵدانێکی ڕزگاریخوازین بەرەو خۆی ڕابکێشێ و جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی وەڕێ بخا کە نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو ڕزگاری بەرێت. دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان ئەوە نەبوو کە لاوە خوێندەوارەکانی کوردستانی پی قانع بێ کە زۆربەیان خۆیان پێ چەپ و مارکسیست بوو.

چەپ و مارکسیستیش لایەکی حیزبی توودە و سەر بە شووڕەی بوو و لایەکیشی خەتی ٣ بوو کە وەدوای مائۆ و ترۆتسکی کەوتبوون و هەر هەموومان خراپ لە مارکسیست و چەپ و بورژوازی و مەسەلەی نەتەوایەتی حاڵی ببووین و هەرکەسەی بە پێوانەی خۆمان هەموو ئەوانی دیکەمان پێ خراپ و بۆرژوازی و فێئۆداڵ بوو و کەسمان خەتی کەسمانی نەدەخوێندەوە. سەرمایەی تەواوی ناوچەی مەنگوڕ و گەورکایەتی کوردستانت بە دوڵار حیساب کردبا نیو میلیۆن دوڵار نەدەبوو و هەموویان یا وەک کاکەڵڵاغای ‌هەمزاوایە بەرخێکێان نەبوو کە بۆخۆیان بیخۆن یا ئەگەر هەیانبا ڕادەوەستان میوانێکیان بێت و بیدەن بە میوانەکیان بیخوا و خۆی پێ ڕانێن کە ئاغان و دەستیان دەڕوا! و لە ڕاستیدا سەرمایەی ئاغایەتیان نەبوو بەڵام فەرهەنگی ئاغایەتیی و فێئۆداڵیان هەبوو کە خۆیان پێ لەکەس کەمتر نەبوو.

مینەی کاکەسواری کوڕی کاکەسواری بوو، کاکە سوار کەسێک بوو کە خاڵۆ قوربان، قاتڵی میرزا کوچک خانی جەنگەڵی کوشتبوو و مێژوویەکی شۆڕشگێری بۆخۆی تۆمار کردبوو، زۆر حەیف بوو کە ئێمە مینەی کاکە سواریمان قانگ دا و لە بەرەی شۆڕش دا ڕاماننەگرت. ئەگەر ئێمە پاڵمان پێوە نەنابا بەرەو دوژمنەکانمان، دەکرا مینەی کاکە سواری گەورەترین فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی لێ هاتبا دەر و ببا بە هەمزئاغایەکی مەنگوڕی دیکە.

ئێستا خۆ زۆر بەچاکی وەک پەردەی سینەما دەتوانین هەموو دیمەنەکان ببینین و بە دروستی لێکی بدەینەوە، بەڵێ دەوڵەت بەتەواوی هێزەوە خەریکی ئاژاوە نانەوە و دووبەرەکی سازکردن بوو، بەڵێ لەژێرەو چووە ژێر ئاغا مەنگوڕەکان و چەکی دانێ و ڕای کێشان بۆ لای خۆی، بەڵێ شەڕی کورد و عەجەمی لە نەغەدەی ساز کرد، کە بەداخەوە باشترین ڕۆڵەکانی گەلەکەمانی تێدا شەهید بوو ڕۆڵەی وەک تەهای کەرباسی و دووکوڕی ماڵە حاجی وەهابی حەبیب پەنا کە مامی دایکم بوو بە ناوەکانی حەبیب و فەریدوون . بەڵێ کە هاوکات لە گەڵ هێرش کردن بۆ سەر کوردستان و کوشتاری خەڵکەکەمان لە حەولی ئەوەش دا بوو، هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد لێک بڵاو بکاتەوە و بە جێگەی قسەکردن لەگەڵ ‌ئەوان، ئەحمەدی مفتیزادەی لە سنە هێنا مەیدان و پاشان ئەویشی گرت و لە زیندان دا زۆر ئەشکەنجە کرا و ئیتر کە ئازادیان کر زۆر نەژیا و مرد، بەڵێ جارێک لەگەڵ مەلاکانی شاری سەقز دانیشت بۆ وتووێژ و چەند ساڵ دواتریش توانیان دوکتور قاسملوو بە تەنیا وەگیر بخەن و بەناوی وتووێژەوە، زۆر نامرۆڤانە تێرۆری بکەن.

ئەو پەرشووبڵاوێیەی ئێمە بە درێژایی مێژوو بۆتە هۆی ئەوە کە دەژمنەکانمان زەفەرمان پێ بەرن و هەر ئەو تێئۆرییە هەڵانە بوو کە لایەنێک بە لایەنەکەی دیکەی دەگوت بورژوا و ئەویش ئەوانی پێ هەو نەبوو و دەیگوت ئەوانە هیچ نین و بەقابڵەمە دۆڵمەیەک تێر دەخۆن و پێی وابوو دەتوانێ بەشەڕ کۆتاییان پێ بهێنێ و لە شەڕێکی براکوژی بێهوودە دا بە هەزاران ڕۆڵەی کوردمان شەهید و بریندار بوو.

باشترین هاوڕێکانی دەورانی دەبیرستانم وەک ڕەحیمی قادری و سوڵەیمانی ڕەحیمی

لە شەڕی براکوژی دا کوژران بۆ؟ ئایا نەماندەتوانی کەسایەتیەکی وەک مەلا کەریمی شاریکەندی کە خۆی مامۆستا شێخ عێزەالدینێک بوو تێرۆر نەکەین؟ ئایا نەماندەتوانی مستەفای شاروێرانی کە کوڕێکی کەم ئەندامی فەقیرۆکەی هەژاری بێچارە بوو لەسەر بیرووباوەڕی توودەیی بەدەستی خۆمان تێرۆر نەکەین؟ کاک جەعفەری مرادی، جەعفەری کەهرووبی، سەلاحی شەمسی بورهان، ئاغای زوبەیری، کەماڵی ئیسماعیلزادە و ژنە دووگیانەکەی و دەیانی دیکە چۆن و بۆ تێرۆر کران و کوژران؟ ئایا نەماندەتوانی گەورەترین شاعیری نەتەوەییمان مامۆستا هێمن بە جاش ناو نەبەین و نەیگرین و زیندانی نەکەین. چوار بێگانەی وەک ڕەفیق فڵان و ڕەفیق فیسار چکارە بوون تاهیربەگیان لێ گرتین و ئیعدامیان کرد بۆ؟ بۆ؟ بۆ؟ و هەزار بۆی ئاوامان هەیە کە هیچ کامێکمان وەڵامێکمان نییە بۆ ئەو هەڵانەی کردوومانە.

ئیمه‌ کە زەمانێک له‌ قه‌زوێن و کرماشان و لۆڕستانه‌وه‌ هه‌تا سه‌ر سنووره‌ ده‌ستکرده‌کانی عێراق و تورکیامان بەدەستەوە بوو و هه‌ست و هێزیکی له‌ بن نه‌هاتووی کوردایه‌تیمان هەبوو،‌ خەڵک و پێشمەرگە ئاماده‌ بوون بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ فیداکاریی و قوربانیی دانێک. بەڵام به‌داخه‌وه به‌ جێگه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م هه‌ست و هێزه‌ پاکه‌ کوردانه‌‌ که‌ خه‌ڵک هه‌یبوو بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و وه‌دیهاتنی ئاواته‌ له‌مێژینه‌کانی نەتەوە‌‌که‌مان، به‌جێگه‌ی درێژه‌دانی ڕێبازی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بۆ پێکهێنانی کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆی تازه‌ی کوردستان‌، به‌ دروشمی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستانەوە نووساین و بەجێگه‌ی یه‌کیه‌تی و ته‌بایی له‌گه‌ڵ یه‌کتر دەستمان کرد بە شەڕی براکوژی لە نێو خۆمان دا، پشتمان بە موجاهیدین و مەنسووری حیکمەت و ڕەفیق مەمەد و ڕەفیق جەڵالەوە به‌ست و وەدوای کڵاوی خوار کەوتین، دەستمان کرد به‌ شه‌ڕ و کێشه‌ و دووبه‌ره‌کیی و ئیش له‌ دژی یه‌کتر و به‌داخه‌وه‌ هێز و تواناکانمان بە فیرۆ دا و تێکشکاین و هه‌ره‌سمان هێنا و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ پتر له‌ سه‌د هه‌زار پێشمه‌رگه‌ و هێزی به‌رگریمان هه‌بوو، دەیان پادگان و شارەبانی و بنکەی نیزامیمان چەک کردبوو و چەکمان هەبوو، پارەمان هەبوو، پاش چوار پێنج ساڵ خه‌بات و شەڕ بۆ خودموختاری، وه‌ک له‌شکری شکاو له‌ ناوچه‌یه‌ک کراین کە پێیان دەگوت مەنتەقەی موحەرەمە. (ساڵی ٧٥، شا و سه‌ددام له‌ گرێبه‌ست و په‌یمانی شوومی جه‌زایردا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێکهاتبوون که‌ کوردستان به‌ درێژایی سنووری نێوان ئیران و عێراق و به‌ قووڵایی ٢٠ کیلوومیتر له‌ ژینه‌وه‌ر چۆل بکه‌ن. سه‌ددام ئه‌م پڕۆژه‌ی ده‌ست پێ کرد و خه‌ریکی وێرانکردنی شار و دێهاته‌کانی کوردستان بوو. بەڵام شای ئێران پێڕانه‌گه‌یشت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ بەرێ) ئێمە لەم ناوچەیە کراین که‌ سه‌ددام شوێنه‌واری ژینی لێ بڕیبوو و دێهاته‌کانی هه‌موو وێران کردبوو، کانیاوه‌کانی هه‌موو ته‌قاندبۆوه‌، دار و جه‌نگه‌ڵ و لێڕه‌واره‌کانی هه‌موو سووتاندبوو و میلیۆنها مینی له‌ زه‌وی و مه‌زراکاندا چاندبوو‌، ئێمە بەچەپ و ڕاست و حیزب و کۆمه‌ڵه‌ و چریک و خەبات و مامۆستا و هەر هەموومانەوە له‌ گوندێکی وێرانکراوی ئه‌م ناوچه‌یه‌ کراین به‌ ناوی گه‌ڵاڵه‌ و له‌ په‌نا یه‌کتر گیرساینه‌وه‌‌ و هەموومان لە کانیاوێکمان دەخواردەوە کە لە تەقینەوەی مبالی مزگەوتی گەڵاڵەوە دەهاتە دەر و هەموومان تووشی زگچوونو ڕشانەوە ببوین و لەو هەلوومەجە ناخۆش و ئاستەم و هەرەس هێنانەش دا به‌ جێگەی یه‌کیه‌تی و ته‌بایی و یەکڕیزیی، دەستمان لە شەڕی براکوژیی هەڵنەگرت و هێندەی دیکە پەرەمان پێ دا. یەکێک لە هەڵە هەرە گەورەکانی دیکەمان ئەوە بوو کە بە گشتی ساغ نەبووین لەسەر ئەوەی چیمان دەوێ! چەپ و مارکسیستی ئێرانی بە گشتی باس لە دروشمی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکەن بەڵام تاقە یەک کەسیشیان تێدا نییە کە وەک ئیسماعیل بێشکچی بە ڕاشکاوی پشتیوانی لە سەربەخۆیی و ئیستقلالی کوردستان بکا و هەموویان ئامادەن بۆ تەمامییەتی ئەرزی ئێران لەگەڵ پاسداری جەمهووری ئیسلامی چەک هەڵگرن و بێنە شەڕی نەتەوەکەمان. ئێمەی کورد ئێستاش کە ئێستایە بە گەورەترین تێئۆریسیەنەکانیشمانەوە ساغ نین لەسەر ئەوەی چیمان دەوێ. ئێمە کەسی وەک کاک عەبباسی وەلی مان هەیە کە پرۆفسۆرە لە زانستە سیاسیەکان دا، بەڵام بەداخەوە بە ڕاشکاوی ناڵێ کە کورد دەبێ داوای چ بکا. خودموختاری و فێدراڵی و ئۆتۆنۆمی ڕەد دەکاتەوە بەڵام بە ڕاشکاوی ناڵێ سەربەخۆیی و ئیستقلال تاقە ڕێگەی چارەسەری نەتەوەیی میلەتەکەمانە. (بڕوانە یەکەم کۆمێنت)

درێژەی هەیە و سبەینێ دەگەڕێمەوە بۆ لای شەڕی سێ مانگە