یەکێک لە هەڵەکانی ئێمەی خاو و کەم ئەزموون ئەوە بوو کە، چوار غەیرە کوردی بەناو ڕەفیق و مارکسیستمان، کە لە تەورێزەوە خۆیان بە ئێمە هەڵاوەسی و هێنامانن بۆ مەهاباد و خەریک بووین یارمەتیمان دەکردن و مەقەڕمان بۆ دادەمەزراندن و ستادمان بۆ ئاوەدان دەکردنەوە و کەسێکی وەک مینەی کاکە سواری کە هەروەک ئێمە لە زەمانی شادا لە سەفی پێشەوەی هەموو خۆپێشاندانەکان بوو و ئێمە بە چەکی ئەو و لەگەڵ ئەو، ئەو چەند شوێنە نیزامییەی شارمان گرتبوو، هاتبوو لەگەڵ ئێمە گەسکی لێدەدا و پێنج شەش ڕۆژان هاتووچۆی چریکە فیدائییەکانی خەڵکی ئێرانی کرد ئاخری دەنگیان دا و گوتیان مەیە ئێرە تۆ فێئۆداڵی!
پێویستە لێرە بیرەووەرییەکتان بۆ بگێڕمەوە بۆ ڕوون بوونەوەی ئەوەی کە ئێمە چەندە ناشارەزا بووین لەسەر کۆمەڵی کوردەواری خۆمان و چەندە هەڵەی گەورەمان کردووە.
هێشتا شا مابوو و نەڕووخابوو کە لەگەڵ کاک کەریمی دانشیار، کاک کەریمی قادری، برایمی شێخانی و کەریمی ئەفسەر دلێر، بە سواری لەندەوێرێک، سەفەریکی دەوری نەغەدە، شنۆ، خانێ، سەردەشتمان کرد و لە ڕێگایە وێنەی زۆر جوانی هونەریم لە خەڵکی گوند و دێهاتەکان کێشا و بەشێک لە وێنەکان وەختی خۆی گەورەکرابوونەوە و لەدووکانی کاک برایمی خاتەمی لە مەهاباد دەفرۆشران. لە زۆر گوندان لاماندابوو و لەوانە پاراستان و هەمزاوای لای قالوێ زەندان کە لە هەمزئاوایە چووینە ماڵە کاکەڵلاغای مامی کەریمی ئەفسەردلێر، کە ئێستا نەماوە و یادی هەزار جار بەخێر بێ. لە زەمانی شادا، زۆربەی مەنگوڕ و گەورک پشت و پەنای پێشمەرگە بوون و زۆربەشیان لەسەر پێشمەرگە گیرابوون و زیندانی کرابوون، کاکەڵلاغا لەکاتی شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦، ٤٧ ی سمایلی شەریفزادە و موعینیەکان دا، هەشت ساڵی زیندانی سیاسی کێشابوو.
کە ئێمە چووینە ماڵە کاکەڵڵاغای، ماڵێکی فەقیرانەی تەنگ و تاریک، بەڕەیەکی دڕاو، چایان بۆ هێناین و کاکەڵڵاغا زۆر بە گەرمووگوڕی بەخێر هاتنی کردین و بانگی حەسەنی کوڕی کرد و گوتی: حەسەن، گوتی: بەڵێ بابە، گوتی: هەڕوو بەرخێکی وەکووژە. حەسەنیش گوتێ بەڵی بەچاوان بابەگیان و ڕۆیشت. پاش تاوێکی هاتەوە و سرتەیەکی لە بن گوێی بابی کردو و کاکەڵڵاغا بەدەنگێکی بڵند گوتی: ئەی هەڕوو قەرز کە، حەسەنیش بە دەنگێکی بەرز گوتی ئاخر بابە گیان وێن نادەن، کاکەڵلاغا گوتی: دە هەڕوو یەک دووفڕووجان بکووژەوە، حەسەن گوتی بابە گیان نیمانە! و وێشمان نادەن! دەگوتی خۆ پەنیر وڕۆن و ماستن هەیە. ئەویش گوتی بەڵێ هەمانە و چوو لەسەر دوو مەجۆعمان نان و پەنیر و ماست و ڕۆنیان هێنا و زۆریش لە بەرخ و فڕووجەکەی خۆشتر بوو و ئێستا ئاواتەخوازی ئەوەم جارێکی دیکە لە وڵاتی خۆمان ئەو پەنیر و ماستەی بخۆمەوە. سازمانی چریکەکان یەکێک لەو ڕێکخراوە سیاسیانە بوو کە پاش ڕووخانی شا پەلاماری کاکەڵڵاغایان دابوو بە ناوی فێئۆداڵ و ڕێی کەوتبوون و ئەویش لە عەینی هەڵاتندا بە سواری، گەیشتبووە کۆمەڵێک وەرزێڕ کە خەریکی کار ببوون و لە دووڕ ڕا هەرای لێ کردبوون و گوتبووی هۆی دایەو ،،،،،،، ئەوە بۆ کارێ دەکەن؟ نازانن ئەمن فێئۆداڵم ئەوە وەدوام کەوتوون بمگرن! وەرن وەرن ئێوەش وەدوام کەون!
بوون بە جاش و پاڵ وەدەوڵەت دان و چەک هەڵگرتن ڕوو بە نەتەوەی خۆمان هیچ پاساوێکی ناوێ و نابێ ببێ و خەیانەتە بە گەل و خاک و نیشتمانەکەمان. بەڵام دەبێ پێ لەو ڕاستییەش بنێین کە ئێمە دەستمان هەبوو لە پاڵ پێوەنانی بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەمان بەرەو دوژمنێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران.
هیوادارم جیلی نوێ لە داهاتوو دا وشیار بن و بیر لە یەکڕیزیی نەتەوەکەمان بکەنەوە و دوژمن بۆخۆمان ساز نەکەن.
من هاوکات لەگەڵ ئەوەی یارمەتی چریکەکانم دەدا، مامۆستاشم بەجێ نەهێشتبوو و لە یەکەم نەورۆزی خوێناوی سنە دا کە ڕێک ٤٠ رۆژ پاش ٢٢ی ڕێبەندان و سەرکەوتنی بەناو شۆشی ئێران قەوما لە خزمەت مامۆستا دا و لەگەڵ زاگروس و کەریم و مینەی کاکەسواری و خالیدی ئەنوەری و مستەفای ئیسلامی و مەنسووری بللوری و چەند کەسێکی دیکە کەهیوادارم وەبیرم بهێننەوە ناوەکانیان بنووسم، سەرەتا چووین بۆ سەقز و کۆبوونەوەیک هەبوو لە سەقز کە کاک ئەحمەدی مفتیزادەش بەشداری ئەو کۆبوونەوە بوو و لە سنە ڕا کاک ئەحمەدیان ئاگادار کردەوە کە شەڕ دەستی پێکردووە و ئیتر لە سەقز ڕا نەگەڕاینەوە مەهابد و چووین چووین بۆ سنە و لە ماڵە ئاغای داداش پوور لامان دا.( تکایە ئەگەر کەسێک وێنەی وتووێژەکەی نەورۆزی خوێناوی سنەی هەیە بۆم بنێرێ هەتا کارەکەمان زۆرتر بە دۆکۆمێنت بکرێ. سپاس)
لە ئاخر مانگی ساڵی ٥٧ دا هەیئەتێک پێک هات لە نوێنەرانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد و ئەم هەیئەتە سەرۆکەکەی مامۆستا بوو و دوکتور قاسملووش وتەبێژی هەیئەتەکە بوو کە جارێک لە قوم و دووجار لە مەهاباد و جارێکیش لە سنە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژیان کرد و بۆ وتووێژەکەی سنە منیش وەک پێشمەرگەیەکی بادیگارد، نەک وەک نوێنەر، شانازی ئەوەم پێدرا کە لە خزمەت مامۆستا دا بەشداری کۆبوونەوە و وتووێژەکە بم. لە کاتی وتووێژەکەدا فانتۆمەکانی ئێران لەسەر شاری سنە دیواری سەوتیان شکاند و قەتم لەبیر ناچێ کە کاک سەدیقی کەمانگەر کە پاشان بەدەست سیخوڕە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تێرۆر کرا لە کۆبوونەوەکەدا بەسەر نوێنەرانی تارانی دا گوڕڕاند و گوتی: ئێمە بەو دەنگ و مانۆڕانە ناترسین و هەتا وەدی هاتنی مافەکانی خەڵکەکەمان بە خەباتی خۆمان درێژە دەدەین. قسەکانی کاک سەڵاحی موهتەدیش لەم دانیشتنەدا مێژوویی بوون و لەبیر من ناچنەوە کە زۆر چاکی قسە کرد. هەر پاش ئەم وتووێژە بوو کە شەری خویناوی شاری سنە دەستی پێکردەوە و خومەینی فەرمانی جههادی له دژی میللهتی موسوڵمانی کورد دەرکرد و لە زەوی و ئاسمانەوە سەرلەنوێ هێرشیان هێناوە بۆ کوردستان. هەر وەک پێشتر باسم کرد، لەم شەڕە دا لە سنە پتر لە ٢٠٥ کەس شەهید و پتر لە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون و موهەندیس سولەیمانی تیکان تەپە کە تازە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو و یەکێک لە قارەمانە خۆشەویستەکانی ناو زیندانیانی سیاسی زەمانی شا بوو، بەداخەوە لە شەڕی نەورۆزی خوێناوی سنە دا، لە کاتی پەلامار بردنە سەر پادگان، گیانی شیرینی لە پێناو ڕزگاری کوردستان دا بەخت کرد و هەموو سنە و ئێمە بۆی داخدار بووین. من لە کاتی سەربازی دا لە سنە، لەگەڵ دوو ئامۆزای کاک سولەیمان، سەلاح و حەسەن کە ئەوانیش خەڵکی تیکان تەپە و کوڕی کاک عومەر و کاک عەلی تیکانتەپە بوون زۆر هاوڕێ بووین و چەندین جار هاتووچۆی تیکان تەپەم کردبوو و کەسایەتی کاک سولەیمانم باش دەناسی. پێویستە ئەوەش بڵێم کە کاک سولەیمان یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ناو سەیارەکەی ڕێوڕەسمی بەخاک ئەسپاردنی کاک عەزیزی یۆسفیش دا وتارێکی ئاگرینی پێشکەش کرد. یادی کاک سولەیمان و هەموو شەهیدەکانی سنە و کوردستان بەرز و پیرۆز بێت.
درێژەی هەیە.





All reactions:
232Asmar Daneshyar, Raza Mostafa Soltani and 230 others