٨ ڕۆژ پاش گرتنی شارەبانی مەهاباد، من و کەریم و زاگرۆس و مەحموود ئاغای سەیفی قازی لە لایەن شووڕای ئینقلابی شاری مەهابادەوە ڕاسپێردراین کە بچین بۆ تەورێز و دوو نەفەر ساواکی مەهابادی بگرین و بیانهێنینەوە بۆ مەهاباد. (ناوی ئەو دووکەسە نابەم چونکە بە پێویستی نازانم). نامەیەکیان بە ناوی شووڕای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بۆ مۆر و ئیمزا کردین و وەڕێ کەوتین بەرەو تەورێز. لە چەند شاری سەر ڕێگا وەک میاندواو و بناو و مەلیکەندی و مەراغە ڕایانگرتین، کە نامەکەمان پێشان دەدان ڕێگەیان دەداین برۆین و بەرگرییان لێ نەدەکردین. ئێمە هەموومان لیباسی کوردیمان دەبەر دابوو و چوار جۆرە چەکیشمان پێ بوو. ژێ سێ یەک، یووزییەک، سمیرنۆفێک و کەڵاشینکۆفێک. گەیشتینە تەورێز، چووین بۆ دانیشگای تەورێز، خوێندکارەکان کە ئێمەیان بە لیباسی کوردی و چەک و فیشەکدانەوە دیت هەموو لێمان کۆ بونەوە و زۆریان قەدر گرتین و پێمان گوتن کە ئێمە بۆچی هاتووین و ئەوان گوتیان ئێمە یارمەتیتان دەکەین و دەچین شناسایی ماڵی ئەم دووکەسە دەکەین و ئێوەش هەتا لیرەن شێوەی کردنەوە و داخستنەوەی ئەو چەکانەمان فێر بکەن. نانی نیوەڕۆمان لەگەڵ ئەوان خوارد و پاشان خەڵکەکەمان تێهاڵا و خەریکی کردنەوە و بەستنەوەی چەکەکان بووین کە ڕادیۆ ڕایگەیاند پادگانی مەهاباد لەلایەن خەڵکی مەهابادەوە دەستی بەسەرداگیراوە. یانی رۆژی ٣٠ ڕیبەندان، بۆیە لە گرتنی پادگانی شاری مەهاباد دا نە ئاگام لێ بووە و نە لەوێش بووم. یەکێک لەو کەسانەی چووبووین بیگرین لە مەهاباد ڕا خەبەرداریان کردبوو و لە تەورێز نەمابوو بەڵام نەفەری دووهەممان بە تفەنگێکی ئێم یەک و دەمانچەیەکی تۆپگەرەوە گرت و ئامادە بووین بۆ هاتنەوەی مەهاباد کە چەند نەفەر لە خوێندکارەکان گوتیان ئێمە ڕێکخراوی چریکە فیدائییەکانی خەڵکی ئێرانین و ئەگەر ئێوە یارمەتیمان بکەن پێمانخۆشە بێین بۆ مەهاباد. گوتمان چ یارمەتێکتان دەوێ؟ گوتیان: هیندێک چەک وچۆڵ و مۆر و شمەکی خۆمانمان هەیە کە لە مەهاباد پێویستمان پێیان دەبێ و ناوێرین لەبەر ڕێگا لەگەڵ خۆمان هەڵیانگرین وبیانهێنین، ئێوە کە نامەی شووڕای ئینقلابی مەهابادتان پێیە، ئەو شتانەمان بۆ هەڵگرن و ئێمەش خۆمان بە سەیارەی خۆمان بەدەستی بەتاڵ بەدواتان دا دێین و لە مەهاباد یەکتر دەگرینەوە. چریکی فیدایی ڕێکخراوێکی خۆشناو و شۆڕشگێڕی ئێرانی بوون و ئێمەش داواکەی ئەوانمان قەبووڵ کرد و شمەکەکانمان بۆ هەڵگرتن و هاتینەوە بۆ مەهاباد. چووینە شووڕای ئینقلابی مەهاباد و کابرای گیراومان تەحویل دا و لە مەهاباد لەگەڵ چریکەکان یەکترمان گرتەوە. ئەگەر هەڵە نەبم چوار کەس بوون، مەمەد، کەریم، جەلال و جەواد، کە لە کادری سەرەوە و ناوەندی چریکەکان بوون.
بۆ ڕۆژی دواتر چووینە خزمەت مامۆستا شێخ عێزالدین و نەقڵەکەمان بۆ گێڕاوە و گوتمان چریکەکان دەیانەوێ لە مەهاباد بمێننەوە و مەقەر دابنێن. ئەویش گوتی جا بۆخۆتان لە هەموو کەس باشتر دەتوانن یارمەتیان بکەن پێتان خۆشە بچن ستادیان بۆ ئاوەدان بکەنەوە و با لەوێ بن و ئێمەش ئەو کارەمان بۆ کردن. ستاد ئەو شوێنە بوو کە لە تەنیشت چوارچرای مەهاباد و سەرەتای خەیابانی شێرووخورشید هەڵکەوتبوو.
من خۆم هیچ پێوەندییەکم بە چریکانەوە نەبوو و هەتا ئەو کاتە هەر ناوم بیستبوون. ئەوان ئەندام و لایەنگری خۆیان هەبوو لە مەهاباد بەڵام نەک زۆر و پێویستیان بە کەسێکی وەک من هەبوو کە ئەوکاتە لە مەهاباد دەستم چاک دەڕۆیشت. حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە هێشتا هیچ کامیان هەڵسووڕانی ئاشکرایان دەستپێنەکردبوو. ئیتر من لەسەر پێشنیاری مامۆستا بووم بە یارمەتیدەری ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران، هەتا ئەو ڕۆژەی کە خەریک بوون بەرەو کۆماری ئیسلامی بخزێن لەگەڵیان بووم بەڵام ئەندامیان نەبووم. ئەوە دەوری ساڵێکی خایاند. ڕۆژێک کاک ئەمیری ئیمامی پوورزام، برا گەورەی هووشی و مستەفا، کە ئەو کاتە بەخاتری هووشی یارمەتی چریکانی دەکرد، یادی بەخێر، هاتە بن گوێم و گوتی پۆڵا من لە پشت دەرگاوە گوێم لە قسەکانیان بووە و لە کۆبوونەوە دا باسی ئەوەیان دەکرد کە چەک دابنێن و بچنەوە پاڵ کۆماری ئیسلامی! دەزانم ئەتۆ شتی وا ناکەی بڕۆ خۆت نەجات بدە دەنا لەوانەیە چەکت بکەن، منیش بەقسەی کاک ئەمیرم کرد و تازەشم ژن هێنابوو، دەستی مرێمی خێزانم گرت و چوومەوە بەرەو پاراستانەکەی جارانم. لەوێ پوورم وەتاغێکی لە ژێر زەمینەکەی دیواخانی کاکەللاغای دامێ و دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئاساری مارکس و لێنین و ئەو کتێبە تێئۆری و شۆڕشگێرانەی ئەوکات دەست دەکەوتن. لەوەی دەگەڕام کە ئایا ئەوەی چریک دەیڵێن لە هیچ کوێ دا نووسراوە کە دەوڵەتێک وەبەر تۆپ و خۆمپارانت بدا و بتکووژێ ئەتۆش لە وەڵام دا رەخنەی لێ بگری؟! جارێک چوومە لای حیزبی شیووعی عێراق لە زەلێ، لە نێزیک خرێ ناوزەنگ بۆ پرس لەسەر ئەوەی چریک دەیانەویست بیکەن و ئەوەش بۆخۆی داستانێکە کە پاشان دەیگێڕمەوە. بەرهەمی ئەو کتێب خوێندنەوە و لێکۆڵینەوانەم، نووسراوەیەکی سی و سێ لاپەڕەیی بوو کە ئەوکاتە نووسیم و حیزب لە بۆکان چاپ و بڵاوی کردەوە بە ناوی ” نامەی لایەنگرێکی جووڵانەوەی بەرگری کوردستان لەسەر چەپڕەوی و ڕاستڕەوی هێزەکان سەبارەت بە حیزبی دێمۆکرات” بوو. ئیتر لەو ماوەدا کە لە پاراستان بووم جەماعەتی حیزبی زۆریان سەردان دەکردم و هەر یەک دەهات و یەک دەڕۆیی چونکە مەقەری دەفتەری سیاسی حیزبیش لە شیوە جۆ لە نێزیک پاراستان بوو و بووم بە حیزبی و لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەستم بە کار کرد.
بەڵام پێش ئەوەی باسی نێو حیزب و کار لە ڕادیۆ دا بکەم دەبێ باسی ئەو یەک ساڵە بکەم کە چ قەوما لە کوردستان. ڕێک ٤٠ ڕۆژ پاش سەرکەوتنی بەناو شۆڕشی ئیسلامی، لە یەکەم نەورۆزی بەهاری ئازادی دا ساڵی٧٩ (٥٨) دەوڵەتی تازەی تاران، پەلامارێکی دڕندانەی هێنا بۆ سەر شاری سنە و بەربەرەکانیەکی قارەمانانەش کرا لە لایەن خەڵکی سنەەوە کە بە نەورۆزی خوێناوی سنە ناودێر کراوە. لەم پەلامارە دا پتر لە ٢٠٥ کەس لە خەڵکی شارە جوانەکەی سنە شەهید و پتر لە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون. هەروەها لە ماوەی ئەم ساڵە دا شەڕی سێ مانگە قەوما کە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، ژن هێنان و پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیشم هەر لەم ساڵە دا بوو کە بە هۆیەکی تایبەتی دەمەوێ باسی بکەم.
لە تەورێز کە گەڕاینەوە لە ڕاستیدا پادگانیش گیرابوو و ئیتر مەهاباد بە تەواوی ئازاد کرابوو و هیچ بنکەیەکی نیزامی دەوڵەتی شا لە مەهاباد دا نەمابوو. من کە لەم ماوەیەدا کەڵاشینکۆفی کاک کەریمی دانشیارم بە قەرز پێ بوو کە چاوم لە خۆم کرد، هەموو عالەم چەکدار ببوو و من کە خۆم یەکێک لە دەستپێشخەرانی هێرش بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی شا بووم بێ چەک مابوومەوە. تەنیا دەماچە تۆپگەڕەکەی لە تەورێز گرتبوومان وەبەر من کەوتبوو و ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ. بازاڕی ئەسلەحە ساز بوو و خەڵک چەکی دەکڕی و دیفرۆشت و منیش بێ چەک. چ بکەم چ نەکەم، چووینە سەر جبەخانەکەمان لە ماڵە کەریم و ئەوەی هێنابوومان لە پاسگای گوێچکەدەرێ هەمووی سندووقە فیشەک و نارنجۆک و چەند سندووق فیشەکی ئەستووری زەلام بوون کە وەشک کەوتم دەبێ هی ئەو چەکە بن کە کابرای خەڵکی گوێچکەدەرێ دابوویمێ و لە پشتی سەیارەکەم هاویشبوو. چووم چەکەکەم هێنا و فیشەکێکم تێنا پڕ بە خۆی بوو. کوتم کەریم با بچین ئەو چەکەی تاقی بکەینەوە بزانین چییە؟ سواری ماتۆرسیکلێتێکی بووین و لەگەڵ کەریم چووینە ئەو دۆڵەێ پشت سەدی مەهابادێ کە دەچێ بەرەو کانێ شێخان. من دەمگوت من دەیهاوێم و کەریمیش دەیگوت دڵم نایە نەوەک تۆ شتێکت لێ بێ خۆ دڵم دەتۆقێ لە تاوانت. منیش دەمگوت نا کەریم گیان من لەتۆ بەخۆوەترم و نەوەک تەکانەکەی شانت بشکێنێ و فڕێتبدا. ئاخری پێکهاتین کە من بیهاوێم و کەریمیش بمگرێ! سیلەم لە گاشەبەردێکی زەلام گرت و لە دوور را پلانپیتکەکەم کێشا، لەلای خۆمان پڵتەیەکی چووکەی لێهات و زرمەیەکی لە گاشەبەردەکە هێنا و چەند لەتی کرد. ئای کوتم دالاچۆ کەریم خۆ تەکانی نەبوو! فیشەکێکی دیکەم دەبەر نا و هاویشتم ئەوجار زانیم کە چ چەکێکی گرینگمان دەست کەوتووە، کەریم پێنج شەش فیشەکی تەقاند و منیش سێ چوار فیشەکی دیکەم هاویشت و ئیتر کوتم کاکە ئەوەش کەلاشینکۆفی من بەخودای چەکی دیکەم ناوێ ئەوە دەمانچە و ئەوەش نارنجۆک هاوێژ.
درێژەی هەیە


All reactions:
269Jalal Naghshbandi, Asmar Daneshyar and 267 others