کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیوی مەهاباد دەستیان بەسەر شارەبانی داگرت و من و کەریم و عەزیز و قەرەنی ئەفسەردڵێر ڕۆیشتین بەرەو چوارچرا کە ستادی ئەرتشی فسفسۆکەی شاهەنشاهی لێ بوو. لە ستاد ڕا تەقەیان لێ کردین و لەوێ ئیتر زۆر بە هەست و ئیحتیاتەوە لە ستاد نێزیک بووینەوە و ماوەیەکی خایاند هەتا خۆمان بە ژووری ستاد داکرد، بە چ کونێکی دا هەڵاتبوون نازانم بەڵام کەسی تێدا نەمابوو و ئەوێش لە ڕاستیدا گیرا. ڕۆیشتین بەرەو کەڵانتەری کە لە بلواری مەحموودکان بوو. دەورووبەری کەڵانتەری خەڵکی لێ بوو بەڵام کەس نەچووبوو بۆ ژوورەوە. لەوێ زۆر بەبێ ئیحتیاتی خۆمان بە ژووری ڕەئیسی کەڵانتەری داکرد. ڕەئیسی کەڵانتەری ئەفسەرێکی کورد بوو بە ناوی ئاغای داودی. لەبەرمان هەستا و سڵاوی لێکردین و بەخێرهاتنی کردین و یەکەم قسەی ئەوە بوو: ئاغای نانەوازادە پاسپۆرتەکەت ئامادەیە ئەوتا. ئەو پاسپۆرتەی دووساڵم سەربازی بۆ کردبوو لەم کات و ساتە هەستیارەدا کە ئەوەی بیرم لێ نەدەکردەوە پاسپۆرت بوو لەسەر میزەکەی ئامادە داینابوو و دایە دەستم. منیش سپاسم کرد و باسی گرتنی هێمنانەی شارەبانی و ستادمان بۆ کرد و ئەویش قەبووڵی کرد و لە ڕاستییدا کەڵانتەریش ئاوا بە بێ تەققە تەسلیم بوو و چەکەکانی وەدەست خەڵک کەوتن. هەر ئەو چەند کەسەمان هاتینە دەر و دەستمان هەڵێنا لە تاکسی بوو یا سەیارەی دیکە نازانم سواریان کردین و چووین بەرەو هەنگی ژاندەرمەری کە ڕووبەڕووی کووی فەڕەح بوو لە نیزیک پادگانی مەهاباد. خەڵکێکی زۆر لە سەری خەیابانی وەرهرام ڕووبەڕووی کووی فەرح خۆیان مات کردبوو و دەیانگوت لە پادگان ڕا تەقەی دەکەن. ئێمە بە خزەخز، بە قەراخ دیوارەکان دا، بە وشیاری چووینە ناو هەنگ و هەموو ژوور و سەربانەکان گەڕاین یەک بەشەری تێدا نەبوو، دیارە پێشتر چۆلیان کردبوو و هەڵاتبوون. خەڵک لەسەر سێڕاکە چاوەڕێ ئێمە بوون. هاتین دەر و بە خەڵکمان گوت کەسی تێدا نییە و خەڵک پەلاماری ئەوێشیان دا و لە هەنگ هەم پووڵ و هەم چەک و تەقەمەنییەکی زۆر وەدەست خەڵک کەوتبوو. ئێمە ئیتر بەرەو پادگان نەڕۆیشتین و بەپەلە گەڕاینەوە بەرەو ماڵە مامۆستا شێخ عێزەلدین. من بە پێی قسەکەی مامە غەنی پێموابوو ئێستا کە ئێمە پەلاماری بنکە نیزامییەکانی ڕێژیممان داوە پادگان بە تانک و تۆپ پەلاماری شار دەدا و ئێمە دەبێ ئامادە بین. هەربۆیە چووین لەسەر بانی ماڵی مامۆستا سەنگەرمان گرت بەڵام بەخۆشییەوە پاش سەعاتێک بینیمان هەر خەڵکە و بە ژێ سێ و ئەنواعی جۆراوجۆری چەک و چۆڵەوە، لارەلار بە شەقامی وەرەهرام دا دێنە خوارێ و ئیتر کە زانیمان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چەکدار بوون و هیچ مەترسی نەماوە چووینەوە ماڵە کەریم و نانی نیوەڕۆمان خوارد و بڕیارمان دا بچین بۆ گرتنی پاسگای گوێچکەدەرێ کە لە نێوان مەهاباد و سەردەشت و دەوری دەکیلوومیترێک لە ماهاباد دوور بوو.
بۆ گرتنی پاسگای گوێچکەدرێ، من، کەریم و عەزیز و قەرەنی ئەفسەردڵێر و مینەی کاکەسواری بووین و لای ئێوارێ دەوری پاسگامان دا و لە ڕەئیسی پاسگاکەمان ڕاسپارد کە بنەکە نیزامییەکانی شاری مەهابادمان هەموو چەک کردوون و ئەگەر چەک دابنێن و تەسلیم بن ناهێڵین هیچ سەرباز و ژاندارمێک کەپۆی لە خوێن بێت. مەلای ئاوەدانی وابزانم باوکی کاک ئەحمەدی مودەرسی بوو، سێ چوار جار هاتە لای ئێمە و چۆوە لای ڕەئیس پاسگاکە و هەتا ڕەئیس پاسگا بڕیاری تەسلیم بوونی دا شەو داهات و وڵات تاریک بوو.
ئێمە چووین کە چەک و تەقەمەنییەکانی پاسگاکە تەحویل وەربگرین، گوڵاوی ئاغای گوێچکەدەرێ پێشی پێ گرتین و سوێندی لێ خواردین و گوتی چەند ساڵە تەماحم لە دەمانچەی بەرقەدی ئەو ڕەئیس پاسگایە کردووە و هەتا ئەو دەمانچەم وێنەدەن ناهێڵم بڕۆن! ژاندارمەکان لە گۆشەیەک کۆببوونەوە و من ترسی ئەوەم هەبوو کە لە ترسی گیانی خۆیان نارجۆکێمان دەباڵ هاوێن و ئەگەر ئەوەیان کردبا تاقمان دەرنەدەچووین چونکە هەموو لێک کۆببووینەوە و کەس هۆشی لەو ژاندارمانە نەمابوو، باس باسی دەمانچەی بەرقەدی ڕەئیس پاسگا بوو. ئیتر دەمانچەکەمان دا بە گوڵاوی ئاغا و ئەوەی بۆمان هات لە پاسگاکە کۆمان کردەوە و هاتینەوە بەرەو مەهاباد و وەتاغەکەی ماڵە کەریممان ئەوجار پڕ کرد لە سندووقی نارنجۆک و تەقەمەنی پاسگا و وەتاغی ئینتشاراتەکەمان ئەوجار بوو بە جبەخانەش.
ئەوەی کە چوار بنکەی نیزامیی شار و پاسگایەکی ژاندەرمەریمان وا بە هاسانی و لە یەک ڕۆژ دا گرت، نیشانەی ئازایەتیی ئێمە نەبوو بەڵکوو نیشانەی ترسەنۆکی و بێ لیاقەتیی ئەرتەشی شاهەنشاهی بوو، دەنا ئەگەر تاقە یەک پاسەبان یا سەرباز تەقەی لێ کردباین ئێمەی وا خاو و بێ ئەزموون لە شەڕدا، تاقمان دەرنەدەچووین، هۆێەکی دیکەشی ئەوە بوو کە لە کات و ساتی خۆیدا بوو، بەهەر حال زۆرمان شانس هێنا کە ئەو ڕٶژەی نەکوژراین.
هەر ئەو ڕۆژە دوای ئەوەی لە هەنگی ژاندەرمەری چەک و تەقەمەنیەکی زۆر وەدەست خەڵک کەوتبوو و ئێمە گەڕابووینەوە بەرەو ماڵە مامۆستا خەڵک چووبوون بەرەو پادگان و لە پادگانەوە تەقەیان لێ کردبوون و بەداخەوە عەبدووڵای مەدەنی، کوڕی کاکە نووری و برازای کاک حوسێن و کاوە و سەلاحی مەدەنی وەبەر هاتبوو و کوژرابوو کە ئێستاش قەڵافەتی هەر لەپێش چاومە، کوڕێکی زۆر جوان و خوێنشیرن بوو.
سبەینەی ئەم ڕۆژە چووم بۆ شارەبانی، ئیتر خەڵک خۆیان دەستیان بەسەر شارەبانی داگرتبوو، کاک کەریمی دانشیار هەر دوای گرتنی شارەبانی پاسەبانەکانی تەحویلی کاک یۆسفی قازی دابوو کە بەسڵامەتی لە شاری مەهاباد بیانباتە دەرەوە و ڕەوانەی شارەکانی خۆیان بکاتەوە و ئەویش یادی بەخێر ئەوکارەی کردبوو. زیندانییەکانیان ئازاد کردبوو، شووڕایەکیان دامەزراندبوو و خۆیان ببونە خاوەن دەستهەڵات.
من لە شارەبانی بووم کە کابرایەکی خەڵکی گوێچکەدەرێ هاتبوو بۆ شکایەت. کە منی ناسێوە هاتە لام و گوتی دوێنێ شەوێ ئەگەر ئێوە ڕۆیشتن لەسەر چەک و تەقەمەنی پاسگایە كێشەمان لێ پەیدا بوو و نارنجۆک هاوێژێکی بەدەستەوە بوو و گوتی دوێنێ شەوێ ئەو لوولە کوورەشم دیوەتەوە لە قەراخ پاسگایە هێناومە بیدەمەوە بە خۆتان. منیش ئەو چەکەم قەت نەدیبوو و نەمدەناسی و نەمدەزانی چییە و لە پشتی سەیارەکەم هاویشت و هەتا قەدەرێکی هەر لە پشتی سەیارەکەم دابوو جا پاشان نەقڵەکەتان بۆ دەگێڕمەوە ئەو نارنجۆک هاێژە چ بوو و چۆنم دەفریا هات.
درێژەی هەی