بەشی ١٠

You are currently viewing بەشی ١٠
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

مامۆستا شێخ عێزەددینی حوسێنی لە ماوەی ئەم ٦ مانگە دا کە ئێمە لە زیندان بووین وێڕای خەڵک بۆ ئازاد کردنی ئێمە، حەولی زۆری دابوو، هەر بۆیە دوای گەڕانەوەم لە زیندان بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی کە پاڕێزگاری لە مامۆستا بکەم و تۆڵەی ئەو زەحمەتانەی لە پێناو ئازاد کردنی ئێمەدا کێشابووی بکەمەوە. ئێمەی لاوی هەڵسووڕی شەقامی شاری مەهاباد چەند مامۆستای فیداکار و لەخۆبووردووی وەک کاک کەریمی دانشیارمان دەناسی کە پرسمان پێ دەکردن و یارمەتی ئێمەیان دەدا. ماڵە کەریمی ئەفسەردڵێر کە لە دەرگای دەرەوەڕا دەچوویە ژوورێ پێش حەسارەکەیان داڵانێکی دووروودرێژ بوو و وەتاغێکی چووکەشیان هەر لە نێزیک دەرگای دەرەوە هەبوو ئەو وەتاغەمان پڕ کردبوو لە دەزگای کۆپی و ماشێنی تایپ و کاغەز و جەوهەر و دوو چەکیشی لێ بوو کەڵاشینکۆفێک و سمیرنۆفێک، کە یەکیان هی کاک کەریمی دانیشیار بوو و ئەوی تریان هی مینەی کاکە سواری.

یەکەم ڕاگەیەندراوی حیزبی دێمۆکرات لە مەهاباد ئێمە لەو وەتاغەدا بۆمان چاپ و بڵاو کردنەوە.

حکوومەتی شا هێشتا نەڕووخابوو و هەر مابوو و ئێمە هیندێک هاوڕێ لەوانە زاگرۆسی خوسرەوی، کەریمی ئەفسەردلێر، شەهید جەماڵی مفتی، بەو دوو چاکانەوە شەوانە دوودوو دەچووینە ماڵە مەلا شێخ عێزەالدین و کێشکی مامۆستامان دەکێشا و بەڕۆژیش ئەگەر بۆ شوێنێک ڕۆیشتبا وەک بادیگارد چەکەکانمان لەژێر باڵتۆ و جل و بەرگی کوردی دا دەشاردەوە و ئاگامان لە مامۆستا دەبوو.

خۆپێشاندانەکان هەروا بەردەوام بوون و وردەوردە ڕێژیم شلی دەکرد و ئێمەش بەگوڕتر دەبووین.

٤١ ساڵ لەمەوبەر، ڕۆژێک بەر لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧، لە تاران خەڵک پەلاماری بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی شایان دا و ئێمەش دەبوایە لە مەهاباد کارێکمان کردبا. ئێمە لیپاولیپ بووین لە هەستی کوردایەتیی بەڵام خاو و کەم ئەزموون، ئەو ڕۆژەش پەنامان بۆ کاک کەریمی دانشیار برد و گوتمان هەتا درەنگ نەبووە دەبێ ئێمەش لە کوردستان کارێک بکەین. مامە غەنی بلووریان، ئەویش وەک کاک عەزیزی یۆسفی ٢٥ ساڵی زیندانی سیاسی کێشابوو و تازە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو و کاک کەریم گوتی باشتر وایە بچین پرس بە مامە غەنی بکەین. من و هووشی و کەریم و زاگرۆس،( ئەوانەی لەبیرم بن) لەگەڵ کاک کەریمی دانشیار چووینە ماڵە مامەغەنی بلووریان. مامەغەنی چەند میوانێکی خزمی خۆی لا بوو. ئێمە چووبووین پرسی ئەوەی پێ بکەین کە: ئەوڕۆ کە لە تاران ڕاپەڕین کراوە و خەڵک پەلاماری بنکە نیزامییەکانی شایان داوە، ئێمەش دەبێ دەستپێبکەین و لە تاران و باقی شارەکانی ئێران جێ نەمێنین. ئێمە ئاگاداری ئەوە نەبووین کە هاوکات لە گەڵ ئێمە دوکتور قاسملوو و مامۆستا عەبدووڵڵا حەسەن زادەش هەر ئەو شەوە لە ژوورێکی دیکە لەماڵە مامە غەنی بوون و خۆیان لە ئێمە ئاشکرا نەکردبوو ( مامۆستا چەند ساڵ پاشان لە نێو حیزب دا ئەوەی بۆ گێڕامەوە)، مامە غەنی هەر هاتووچۆی دەکرد لە نێوان ئێمە و ئەوان دا و تا درەنگانێکی شەو ئێمەی ڕاگرت و دەیگوت ئەگەر ئێمە پەلاماری شارەبانی و بنکە نیزامییەکانی نێوشار، بدەین پادگان بە تانک و تۆپ هێرش دەکاتە سەر شار و خاپووری دەکا و درەنگانێکی شەو بە نائومێدیی لە ماڵە مامە غەنی هاتینە دەر، بەڵام قەرارمان دانا کە بەیانی زوو لەبەر دەرگای ماڵە مامۆستا شێخ عێزەالدیینی حوسێنی دیسان یەک بگرینەوە.

بەیانەی ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان لەبەر دەرگای ماڵە مامۆستا کۆبووینەوە. من کەڵاشینکۆفی کاک کەریمی دانشیارم پێ بوو، کەریمی ئەفسەردڵێر سمیرنۆفەکەی مینەی کاکە سواری پێ بوو، کاک کەریمی دانشیار خۆی دەمانچەیەکی پێ بوو، مینەی کاکە سواری کەڵاشینکۆفی پێ بوو. حەمەدەمینی مێهرەبانی و شەهید محەمەدی پوورڕەشید (گووگە) هەردووکیان چەکیان پێ بوو و لەوانەیە کەسی دیکەش هەبووبێ کە چەکی پێ بووبێ بەڵام من هەر ئەوندەم دیون و لەبیرن. باسمان لەوە دەکرد کە چ بکەین و چۆن بچین و لەکوێ را دەست پێبکەین. بیستمان لە مزگەوتی قوبڵەی جەماعەتێک خەریکی کۆبوونەوە و خۆ سازکردنن بۆ پەلامار بە شارەبانی. من، کاک کەریمی دانشیار، کەریمی ئەفسەردلێر، زاگرۆسی خوسرەوی، و مینەی کاکە سواری چووین بۆ مزگەوتی قوبڵە. ئەوانەی لە مزگەوتی قوبڵە خەریکی کۆبوونەوەبوون، بریتی بوون لە شەهید خەلیلی بلووریان، ئەحمەدی لبادی، هوشیاری ئیمامی، سولەیمانی حوسێنی،ئەبووبەکر و سولەیمان و فارووقی مودەرسی، عەلی موتەهەری، یۆسفی شێخ محەمەدی(خاڵە) و حەوت هەشت کەسی دیکە، کە ئێستا لە ئێران دەژین و ناویان ناهێنم. گوتمان باشترین کار ئەویە کۆمیتەیەکی سیاسی و کۆمیتەیەکی نیزامی دابمەزرێنین. دیارە مەبەستی ئێمە دڵخۆشکردن و قانع کردن و شەرعیەت دان بە کارەکەمان بوو. بەپەلە ئەو دوو کۆمیتەمان ساز کرد و بڕیارمان دا و هەستابووین بڕۆین کە لەبەر دەرگا مامە غەنی بلووریان لێمان وەژوور کەوت و گوتی دروود بۆ ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران! بۆ وای گوت؟ دوایە زانیم کە ئەو کۆمەڵە خەڵکە ئەندام و لایەنگری ڕێکخراوی چریکە فیدائییەکانی خەڵکی ئێران بوون و من نەمدەزانی. ئێمە ئەزموونی دوێنێ شەومان هەبوو و دەمانزانی مامە غەنی هاتووە مەحتەلمان بکا و بەرمان پێ بگرێ کە نەڕۆین، هەربۆیە گوتمان مامە غەنی گیان ئەو چەند کەسەی لەوێ دانیشتوون، ئەوانە کۆمیتەی سیاسی ئێمەن، بریاریان داوە ئێمە بڕۆین، جەنابت فەرموو لەگەڵ ئەوان قسان بکە و ئێمە دەڕۆین. مامە غەنی دەمانچەیەکی پێ بوو و فەرمووی ئێوە بڕۆن منیش دێم. گوتمان دێی بەخێر بێی وەرە سەر چاوان و وەڕێ کەوتین بەرەو شارەبانی. مامە غەنی خۆی سەیارەی پێ بوو و ئێمەش لە نێزیک مزگەوتی قوبڵە لە بەر دەرگای ماڵە ئاغای سەید نژادیان برادەرێک کە ناوی ناهێنم ماشێنێکی پێ بوو و داوامان لێکرد هەتا نێزیک شارەبانیمان بەرێ و سواری کردین و لە مەیدانی ئاردی دایبەزاندین. لە دەوری شارەبانی خۆپێشاندان بوو، ئێمەی بێ ئەزموون، بە بێ سڵەمینەوە بە نێو خەڵکەکە دا بێ ئەوەی بزانین ئایا تەقەمان لێ دەکەن یا نایکەن، بەچەکەوە لە شارەبانی وەژوور کەوتین. من و کەریمی دانشیار و کەریمی ئەفسەر دڵێر چووینە ژووری ڕەئیسی شارەبانی، کە چەکی بەدەست ئێمەوە دیت ڕەنگی سپی هەڵگەرا و کێشووی میزەکەی کێشا و موسەلسەلێکی یووزی تێدا بوو گوتی ها ئەو چەکەی هەڵگرن و مەمکووژن. کاک کەریم یووزێکە و کلیلی زیندان و ئەسلەحەخانەکەی لێ وەرگرت و قەولی پێدا کە ناهێڵی نە خۆی و نە پاسەبانەکان هیچ کامیان خوێنیان لە کەپۆی بێت و هەر واش کرا. مینەی کاکە سواری، زاگرۆس، هووشی، مامە غەنی یەکەم کەسانێک بوون کە لەگەڵ ئێمە هاتنە نێو شارەبانی و شارەبانی بە بێ تەققە گیرا.خەڵکانێکی دیکە کە لە شارەبانی بەرچاو بوون و هاتبوونە ژوورەوە، بەڕێزان سەدیقی جیهانی، کەماڵی دەبباغی، حەسەنی حاتەمی، سمکۆ عیسا زادە، خەلیلی بلووریان و سەدیقی شێخانی بوون. قەرەنی برای کەریم یەکەم کەس بوو کە بە بێ چەک خۆی بە پاسەبانێکی دادا و یووزێکی پێ بوو لێی وەرگرت. پاسەبانەکان بە بێ بەربەرەکانی کردن هەموویان تەسلیم بوون و من و کەریم دەورێکمان بە نێو شارەبانی دا لێ دا و چووینە سەر بانی شارەبانی.( گۆیا تلویزیۆنی مەهاباد فیلمی ئێمەی هەیە کە لەسەر بانی شارەبانی بەچەکەوە هاتووچۆ دەکەین و چەند جار لە ساڵوەگەڕی ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان دا نیشانیان داوە. من خۆم نەمدیوە) ئەو خەڵکەی لە دەرەوەی شارەبانی خەریکی خۆپێشاندان بوون کە ئێمەیان بە لیباسی کوردی و چەک و فیشەکدانەوە لەسەر بانی شارەبانی دیت ورەیان گرت و پەلاماری شارەبانیان دا و مێژووی گرتنی شارەبانی مەهاباد وەک کۆماری کوردستان دیسان دووپات بۆوە. ئیتر پاش ئێمە کێ هاتۆتە نێو شارەبانی و چی کردووە و چۆن زێندانییەکان ئازاد کراون، بە دڵنیاییەوە هەزاران کەس ئەم داستانەیان لەبیرە و خۆیانی تێدا دەبیننەوە و من و کەریم و قەرەنی بە هەڵاتن چووین بەرەو چوارچرای مەهاباد بۆ گرتنی ستادی ئەرتەشی شاهەنشاهی و کەڵانتەری لە بڵواری مەحموودکان و هەنگی ژاندەرمەری لە ڕووبەڕووی کووی فەڕەح و نێزیک پادگانێ.

درێژەی هەیە