خەبەری چالاکییەکانی پێشمەرگەکانی حیزب لە مەهاباد، وردەوردە ورەی خەڵک و حیزبەکانی بەرز کرەوە و سازمانی چریکەکانیش بڕیاریان دا بگەڕێنە ناوچەی بۆکان و مەهاباد. من لە گەڵ دەستەیەکی ٥٠ کەسی بە سەرپەرەستی ڕەفیق جەواد و کاک سەعیدی شەمس، بەرەو ناوچەی موکریان وەڕێ کەوتین. دە ڕۆژ بەڕێوە بووین. پیشمەرگەی سازمانی چریکەکان لە نێو شاری بۆکان چالاکی چاکیان دەستیپێکردبوو و ئێمە کاتێک گەیشتینەوە لای شیلاناوێ لە ناوچەی موکریان، پێشمەرگەی حیزب ئەرتەش و پاسداریان دە پادگان و پایگاکانی نێو شاری مەهاباد کردبۆوە و شار نیوە ئازاد بوو. لە شیلاناوێ من و کاک سەعیدی شەمس و کاک حوسێنی دێبۆکری چووینە ماڵە مامۆستا هێمن و میوانی ئەوان بووین. کاک سەعید خوشکەزای مامۆستا هێمنە و پێی دەگوت خاڵە، هەر بۆیە زۆر بە گەرمووگوڕی و وەک کوڕی خۆیان ئێمەیان وەرگرت. مامۆستا هێمن برێک لەگەڵ منیش خزمە و هاوڕێ و دۆستی نێزیکی بابم و مامم بوو و کاتی خۆی پێش ئەوەی مامۆستا هێمن بچی بۆ ناو شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦، ٤٧ زۆرم لە دووکانی بابم دیتبوو و پاش گەڕانەوشی لە باشوورەوە و لە سەرووبەندی شۆڕشی ٥٧ دا زۆر جار بە خزمەتی گەیشتبووم و منیشی باش دەناسی. سفرەیەکی جوان و ڕازاوەیان بە مۆدی مەهاباد ڕاخستبوو، قابە شۆرباو و نانی تازە و گۆشت و سەبزی و جگە لەم سفرە جوان و ڕازاوەیە سفرەی دڵی خۆشی بۆ کردینەوە و گلەیی زۆری کرد لە ٣ کەسایەتیی نێو حیزب کە دوویان نەماون و لە سێهەمێکەشی دەگەڕێم و باسی ناکەم. بەڵام هەر ئەو قسانەی مامۆستا هێمن بەرچاوڕوونییەکی باش بوون بۆ من بۆ ناسینی کەسایەتییەکانی نێو حیزبی دێمۆکڕات کە پاشان چوار ساڵ و نیو کارم لەگەڵ کردن. ئەو چوار ساڵەی لە ڕادیۆ کارم کرد نەیانهێشت تاقە یەک شێعری مامۆستا هێمنیش بڵاو بکەینەوە و ئیتر دەمزانی بۆ؟
لە شیلاناوێ ڕا چووین بەرەو گوندی لاچین کە لە نێوان مەهاباد و شیلاناوێ هەڵکەوتووە و لەوێ دەمانەویست بچینە ماڵە کاک ساڵەی کوڕی حەمەدی ئاغای لاچینی و ڕەفیق جەواد نەیهێشت! گوتی بچینە مزگەوت باشترە با نەڵێن چوونە ماڵە فێئۆداڵان.!
لێرە ناچارم بوەستم و هیندێک شت باس بکەم کە پێوەندی بە حەمەدی ئاغای لاچینەوە هەیە.
لە ژیانی مندا ٣ کەس مەزهەر و نموونە و سەرمەشقی کوردایەتیی بوون.
عەبدولرەحمانی ئیمامی، حەمەدی ئاغای لاچین و کەریمی حیسامی.
ئاغای ئیمامی، میردی پوورە خانمۆڵم بوو و بە منداڵی کە هاتووچۆی ماڵە ئەوانم دەکرد، تەنیا شتێک لەم ماڵەدا دەمدیت و دەمبیست، باسی کورد و کوردایەتیی و کوردستان بوو. دەنگی محەمەد عارف جەزراوی، تاهیر تۆفیق، ئایشی شان، عەلی مەردان و حەسەن جەزراوی بە دایم لە ڕادیۆ کوردی بەغداوە دەهات و ئاغای ئیمامی هەمیشە چاوەڕیی خەبەرێک بوو کە لەسەر کوردستان بڵاو ببێتەوە. وێنەیەکی مەلا مستەفای بارزانی هەبوو کە دەستی لەسەر خەنجەرەکەیەتی، ئەوە بە دیواری ژوورەکەیان هەڵاوەسرابوو و زۆرم پێ جوان بوو. ڕۆژنامەکانی ئێرانی، کەیهان و ئیتلاعات هەمیشە بە وڵاتی وەرببوون و ئاغای ئیمامی دەگەڕا لە وشەی کورد بە نێو ڕۆژنامەکان دا و وشەی “کورد” بە فارسی “کرد” دەنووسرێ و هەموو ڕستەیەکی ڕۆژنامەکە “کرد”ێکی هەر تێدا بوو جابۆیە لە تاقە وشەیەکی “کرد”یش چاوپۆشی نەدەکرد دەیگوت نەوەک “کورد” بێت. ئاغای ئیمامی ٦٨ ساڵ لەمەوەبەر لە تاران ناوی کچەکەی نابوو “کوردستان”. من پاشان زانیم کە ئاغای ئیمامی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف بووە و ئیتر ئەو کابرایە لە کوردایەتییدا بەڕاستی توابووە.
کەسێکی کوردتر لە ئاغای ئیمامی حەمەدی ئاغای لاچینی بوو کە من لە دەورانی دەبیرستان دا زۆر دەچوومە لاچینی و هەمووجارێ حەمەدی ئاغام دەدیت، پیاوێکی پیری لەبەر هەتاو ڕەشهەڵگەڕاوی، پێمەڕە لەسەر شانی زەحمەتکێش کە خەریکی ئاوداشتنی ئەو دار و بیستانانەی دەورووبەری لاچینی بوو و دەهاتە لامان هەڵدەترووشکا، کە باسی کوردمان دەکرد فرمێسکەکانی بە چاوانی دا دەهاتنە خوارێ و لە گریان واوەتر چی بۆ نەدەکوترا. ئەو فرمێسکانە بۆ من هەزاران داستان و حەدیس بوون و هەن. کاک ساڵەی کوڕی حەمەدی ئاغاش هەر نموونەیەک بوو لە بابی بۆ زەحمەتکێشی و کوردایەتیی و جارێکیش لە زەماوەندی ماڵە حەمەدی ئاغای ببووم و گۆرانی و هەستان و دانیشتن و حەڕەکەتەکانی کاک مەحەمەدی ماملێم هەر لە بیرە کە چ عیشق و خۆشەویستییەک لە نێو ئەوو خەڵکانێک دا لەو زەماوەندە هەبوو و مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەم من ئەو بنەماڵەم چاک دەناسی هەم کاک سەعیدی شەمس کە هەر خزمی ئەوان بوو.
باسی کاک کەریم حیسامیش بە وردی لە داهاتوودا دەکەم.
جا ئەوەی کە ڕەفیق جەواد نەیهێشت ئێمە بچینە ماڵە کاک ساڵە و چووینە مزگەوتێ. چی وای نەکێشا کاک ساڵەمان لە مزگەوتێ لێ وەژوور کەوت.
ڕووی لە عالەمی نێو مزگەوتەکەی کرد و گوتی: بابم، خەڵکینە. من ئەو کوڕانە دەناسم و دەشزانم بۆ نەهاتوونە ماڵی من پێیان وایە من فیئۆداڵم.
ئەوەیان کاک سەعیدی شەمسەدینی نەوەی شێخی بورهانە و هەموو کوردستان دەیانناسن و لە گەورەترین تایفە و بنەمالەی دەوڵەمەندی شێخانن،
ئەوەیان کاک حوسێنی دێبۆکری و کوڕی عومەر ئاغای قۆڵغەتەپەیە ئێمە بە نیو دانگی ئەوانە نە دەوڵەمەندین و نە فێئۆدال.
ئەوەیان کاک پۆڵایە و کوڕی حاجی هاشمی نانەوایە و بابی دەتوانێ لاچینی بە خرووپتوونی بکڕێ،
بابم خەڵکینە ئێوە قەزاوەتێکن لە نێودا بکەن. هەمووتان من دەناسن، و دەزانن کە ئەگەر نانێکی لەو بێستانەی پەیدا نەکەم هیچم نابێ و نانی شەوم نابێ بیخۆم ؟ من دەوڵەمەند و فێئۆداڵ و سەرمایەدارم یا ئەوانە؟
خولاسە کاک ساڵە ئابرووی پێوە نەهێشتین و لەنگانلەنگان چووینەوە بەرەو مەهاباد.
درێژەی هەیە.