لە ماوەی ئەم دوو ساڵە دا کە من سەربازیم دەکرد، تێکۆشەرێکی قارەمان و نەبەزی زیندانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی بە ناوی عەزیزی یۆسفی، کە ماوەی ٢٥ ساڵ لە بەندیخانەکانی ئێران دا بە سەربڵیندی ژیابوو و ئامادە نەببوو بۆ ئازادی خۆی داوای لێبووردن لە شا بکا، لە ژێر زەختی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و ئەمنێستیدا ئازاد کرا. کاک عەزیزی یۆسفی ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و خەڵکی مەهاباد بوو. کاک عەزیز کەسێکی جێگەی باوەڕی خەڵک بوو و من لە سەردانەکانمدا بۆ مەهاباد، چەند جارێک بە خزمەت کاک عەزیزی یۆسفی گەیشتبووم و پلانی خۆم بۆ باس کردبوو کە من بۆیە چوومە سەربازی هەتا بتوانم پاسپۆرتی وەربگرم و بۆ کار و تێکۆشانی سیاسی بڕۆم بۆ دەرەوە. کاک عەزیز قەولی پێدابووم کە هەر کاتێک ویستم بڕۆم ئەو پێوەندییکەم بۆ ڕێک دەخا لەگەڵ بەرپرسانی حیزب لە ئوڕووپا.
ئەو گوردانەی من خزمەتم تێدا دەکرد لە سنە بەرپرسەکەی کابرایەکی کورتەباڵای تورک بوو بەناوی سەرهەنگ ئەسەدی. سەرهەنگ ئەسەدی نازانم چ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ من هەبوو هەتا دیتبامی عەیبێکی لێ دەدیتمەوە و سێ چوار ڕۆژی لە زیندان دەکردم. جارێکی شای ئێران دەهات بۆ پادگانی سنە و ئەو پادگانە مانگێک بوو ئامادەکاریی دەکرد بۆ هاتنی شا. منیش لە هەستیارترین شوێنی پادگان بووم واتە دیژبانی و بەردەرگای پادگان. ئەو ڕۆژەی کە شا دەهات کەڵ بە موو بەند بوو. ئەزقەزا ڕۆژەکێشکی منیش بوو. بەیانە بوو و من لەسەر پۆستی خۆم ڕاوەستابووم، کاک موحسینی حەسەنپووری زاوام کە موهەندیسی نەوت بوو و ئەوکاتە لە شیرکەتی نەوتی کرماشان کاری دەکرد بە ماشێنێکی سەواری سەوز ڕەنگی زۆر جوان هات و گوتی بەتەمام بەلای مەریوان و بانە و سەردەشت و ئەوانە دا بڕۆمەوە بۆ مەهاباد نایەی بڕۆین؟ کورە گوتم چۆن نایەم بەڕێوەڵلا گۆڕی بابی شای ،،،،،،،،،، بێ ئەوەی بەکەس بڵێم و ئیزن وەرگرم، پۆستەکەم بەجێ هێشت و لەگەڵی سوار بووم، چووینە ماڵەکەی من لیباسەکانم گۆڕی و لیباسی کوردیم دەبەرکرد و پشتی سەیارەمان پڕ کرد لە بیرەی سارد و بەرەو مەریوان وەڕێ کەوتین. زرێباری مەریوان گۆلێکی گەورەی ئاوی شیرنی سرووشتییە کە جوانییەکی تایبەتی بەخشیوە بە شاری مەریوان. لە زرێبار دا مەلەیەکی چاکمان کرد و بە ڕیگایەکی شاخاوی دا بەرەو سەقز وەڕێ کەوتین. ئەوەی بۆ من جێگای سەرنج بوو ئەم چالاوە نەوتییانە بوون کە لەم ڕێگایەدا تووشیان دەبووین و کاک موحسین دەیگوت ئەوە بە هۆی گرانی ترانسپۆرت لەم ناوچە شاخاویانەدا سەریان ناونەوە و هەڵیاننائێنجن دەنا ئەوە هەموو چاڵاوە نەوتن و ئەم ناوچەیە نەوتێکی زۆری تێدایە. بە دووکاسێتی تازەی گۆرانی ناسر و یەکی نەجمە ئەو ڕێگایەمان بڕی و چووینە سەقز و بانە و سەردەشت و لە دوو قاوەخانان لامان دا بۆ نان خواردن یەکەمیان قاوەخانەی حەسەن زیرەک بوو لە نێزیک شاری بانە و دووهەمیان قاوەخانەی زمزیران لە نیوان سەردەشت و ماهاباد. لای ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە سەدی مەهاباد. لەوێ ڕامانگرت و سەیارەکەمان جوان شوشت و پاشان چووینەوە ماڵەکانی خۆمان.
چەند ڕۆژێک لە مەهاباد بووین و لە گەڕانەوە دا دەمزانی دەبێ بڕۆم بۆ زیندان. کتێبی ئینجە مەمەدی یاشار کەماڵ و پەتوویەکی سەربازیم هەڵگرت و لە زیندان بە ئیشتیا پاڵم لێ داوە و خوێندمەوە. دە ڕۆژیان زیندانی کردم و پاشان سەرهەنگ ئەسەدی بانگی کردم و گوتی ژنەکەم فڵانە بێ ئەگەر لە شەش مانگ کەمتر ئیزافە خزمەتت بۆ نەنووسم.
دوو ساڵەکەم بەرەو تەوا بوون بوو. مۆتۆرسیکلێتێکی ئیژم لە مەهاباد بە ئەمانەت وەرگرتبوو و ئەزقەزا سولەیمانیش لە لام بوو لە سنە. شەوێک پێش تەوا بوونی سەربازی، بوترێکم ویسکی کڕی و چووم لە دەرگای ماڵە سەرهەنگ ئەسەدیم دا کە هەر لە نێو پادگان دابوو. ئەو کابرایەی هێندە ڕقی لە من بوو و جنێوی بەخۆی دابوو کە شەش مانگم زیادی ڕاگرێ، کە بوترە ویسکێکەی دیت بە فارسی کوتی وەر ژوورێ کوڕم. دەرگای یەخچاڵەکەی کردەوە و کۆلایەکی ساردی دامێ و گوتی سبەینێ کارتەکت بۆ واژۆ دەکەم و بەم جۆرە لە سەربازی ڕزگاریم هات و کارتی تەواکردنی سەربازیم وەرگرت.
بەو لغاو و بەرسینگ و شمەکانەی لە ماڵێ هەڵم ئاوەسیبوون، مۆتۆڕەکەم وەک ئەسپی ڕازاندەوە، سولەیمان لە پشت سەرم سوار بوو و بە ئەدای ئەوەی کە سواری ئەسپ بووین، لەسەر مۆتۆڕەکە بە هەڵبەزین و گۆرانی گوتن هاتینەوە بەرەو مەهاباد. هەر ماشێنێک بەپەنامان دا ڕادەبرد دووسێ خولک بە تەنیشتمان دا دەڕۆیی و پێمان پێ دەکەنی. گەیشتینەو مەهاباد.
بۆ سبەینێ ڕا لیباسەکانم دانا دایکم بۆم بشوا و بۆخۆم لە ماڵێ وەدەرکەوتم کە بچم بۆ ماڵە کاک عەزیزی یۆسفی. هەتا سەری کووچەی هاتم وەبیرم هاتەوە کە کارتی پایان خزمەتەکەم کە دوو ساڵم حەول بۆ دابوو لە گیرفانی کراسەکەم دایە. بەغار هەڵاتمەوە بۆ ماڵێ بەڵام درەنگ ببوو. دایکم کراسەکەی دە ماشێنی جلشۆرێ هاویشتبوو و کارتەکەم بەکار نەمابوو و ئەو کراس شوشتنە چارەنووس و ژیانی منی گۆڕی.
درێژەی هەیە