بەشی ١٩

You are currently viewing بەشی ١٩
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

ئەو سێ مانگەی کە لە مەهاباد دوور کەوتبوومە، ڕوخساری ئەو کچەی دیتبووم هەر بەبەر چاوم دا دەهات و دەچوو و زۆر جار لە خەڵوەتی شەوانەی خۆم دا بیرم لێ دەکردەوە کە بڵێێ جارێکی دیکەش بیبینمەوە. ئاخر مانگی پاییز بوو کە ئێمە گەڕاینەوە مەهاباد، هاوکات لەگەڵ هەڵسووڕانی سیاسی و دامەزراندەوەی مەقەری سازمانی چریکان لە خەیابانی جامی جەمی مەهاباد چاوێکم هەر دەگیڕا بەشکەم جارێکی تریش ئەو کچە بیبینمەوە. وردەوردە بێ هیوا ببووم و دەمگوت حەتمەن موسافیر بوون و جارێک ڕێیان لە مەهاباد کەوتووە و چوونەوە شار و مەملەکەتی خۆیان. لەپڕ ڕۆژێک لە تەنیشت عەکاسی جینا ڕووبەڕووی مسافیرخانەی خوسرەوی کچەکەم دیتەوە و هەر لەگەڵ ژنە چارشێو بەسەرەکەش بوو و منیش هەر لەگەڵ کەریم بووم. ئیتر ئەمجارەیان دووراودوور وەدوایان کەوتین هەتا چوونە نێو ماڵێک لەسەر گردەکەی ئاشی مام ئەحمەدی و ماڵەکەیانم پێ زانی.

من کاتی خۆی لەگەڵ شەهید سولەیمانی بلووری بڕیارێکمان دابوو کە له‌ سابڵاغ و له‌ نێو میلله‌تی خۆمان دا وه‌دوای هیچ کچێک نه‌که‌و‌ین و هه‌موو ژن و کچی شاره‌که‌مان وه‌کوو دایک و خوشکی خۆمان چاو لێ بکه‌ین و به‌ڕاستی بریاره‌که‌شمان بردبووه‌ سه‌ر. هەربۆیە هیچ چەشنە ئەزموونێکی ڕابرووم نەبوو کە ئێستا کە کچێکم دیوەتەوە و خۆشم دەوێ و دەمەوێ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ پێک بێنم دەبێ چ بکەم. خۆم زۆرم پێم عەیب بوو بچم لە دەرکی ماڵە کابرای بدەم و زۆریشم پێ شوورەیی بوو وەدوای بکەوم و قسەی لەگەڵ بکەم. نامەیەکم نووسی و پێچامەوە و ئەوەشم پێ عەیب بوو کە خۆم بچم بیدەمێ. کەریم گوتی کوڕێکی منداڵکارەی زۆر زیرەک هەیە بەناوی ڕەحمانی ئایرەملوو، کە لە ئوردوویکار کار دەکا، من تێی ڕادەبینم ئەو کارەت بۆ بکا. ئایرەملوومان بانگ کرد و کچەکەمان پێشان دا و نامەکەمان دایە، گوتی: بەشەرتێک ئەو کارەی دەکەم کە دەستێکم کەواپاتۆڵی جوان بۆ بکڕی. منیش قەولم پێ دا و ئایرەملوو یەکسەر چوو پێشی بە کچەی گرت و قسەی لەگەڵ کرد و لە دوور ڕا دەستی بۆ لای من ڕادەداشت کە ئەوە نامەی ئەو کوڕەیە و کچەش گوتی من نامە وەرناگرم و ئەو ڕێگەمان سەری نەگرت.

بۆ ڕۆژی دواتر چوومە دووکانی سەلاحی مەدەنی. سەلاح دووکانێکی چووکەی هەبوو لە سەرەتای کووچەی هەشت میتری کە لە بابی شەهید جەماڵی مفتی بەکرێی گرتبوو و لە سەر ڕێگەی مەدرەسەی کچان بوو. لە دووکانەکەی دانیشتم. کە کچەکان بەیانی لە مەدرەسەی ڕا دەهاتنەوە، لە دوور ڕا کچەم نیشانی سەلاحی دا و سەلاح کچەکەی بانگ کردە لای دووکانەکەی و سڵاوی لێ کرد و کچە گوتی: بەڵێ کاکە گیان ئەمرێکت هەبوو؟ سەلاحیش گوتی وەڵلا باجە گیان دەمەوێ بتدەم بەو کوڕە جوانەی دەستی بۆ من ڕاداشت و دیسان کچە هیچ جوابی نەداوە و ڕۆیشت. بۆ نیوەڕۆیە کە کچان دیسان دەچوونەوە مەدرەسەی، لە گەڵ سەلاحی بە سواری ماشێنێکی لەندوێر لە سێ ئاشان ڕا هەتا دەبیرەستانی کچان، لە خەیابانی فەڕەح، دووهەزار دەورمان بە دەوری کچە و دووڕەفیقی کچی دیکەی دا کە بەیەکەوە دەچوونەوە مەدرەسەی لێدا، لەبەر دەرگای دەبیرستانی کچان و لەبەر چاوی سەدان کچە قوتابی دیکە کچەکە دەستی لەماشێنەکەی هەڵێناین و ڕامانیگرت کە قسەمان لەگەڵ بکا و منیش لە شەرمان گوتم سەلاح گیان هەستە هەستە بچۆ من ناتوانم قسەی لەگەڵ بکەم، بڕۆ بزانە دەڵێ چی.؟ سەلاح دابەزی و کچەکە گوتی چییە کاکە گیان ئەوە بۆ ئاوا دەورمان بە دەور دا لێ دەدەن؟ سەلاحیش گوتی: باجە گیان بەیانیش پێم گوتی ئەو کوڕە جوانە ئاشقت بووە و دەمەوێ مێردی پێ بکەی. کچەش گوتی من ئەهلی ئەو شتانە نیم، ئەگەر دەتانەوێ بچن لەگەڵ کاکم، ناوی ئەبووبەکرە و لە نێزیک دووکانەکەی خۆت لە لای کاک عەبدوڵلای دانشیار، کار دەکا قسە بکەن و تکایە ئیتر وەدوام مەکەون.

ئێمەش یەکسەر چووین بەرەو دووکانی کاک عەبڵای دانشیار و سەلاح چوو لەگەڵ کاک ئەبووبەکری برای کچەکەی قسەی کرد و ئەویش گوتبووی با بچمەوە ماڵێ شەوێ لەگەڵ خوشکم قسان بکەم، سبەینێ وەڵامتان دەدەمەوە.

ئەو سەرووبەندەی من کۆنە ڕەفیقێکی دەورانی دەبیرەستانم بە ناوی حەسەنی عەبدی لە ماڵە خۆمان خستبوو و خەریکی چارەسەر و دەرمانکردنی بووم کە زۆر پیس موعتاد ببوو و لە قەراخ جۆگەی خەیابانان دەکەوت و داوای لە خەڵک دەکرد کە یارمەتی بکەن و پارەیەک پەیدا بکا بۆ کێشانی هێرۆئینەکەی. جارێک داوای پارەی لە من کرد و منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو چونکە حەسەنم زۆرم خۆشدەویست. پێمگوت: حەسەن گیان ئەتۆ دەزانی وەختی خۆی چ قارەمانێک بووی. وەڵڵاهی من حەسوودیم پێ دەکردی! چۆن ئێستا ئیجازە بەخۆت دەدەی ئاوا لە قەراخ خەیابانان بکەوی و دەست بۆ خەڵک درێژ بکەی کە خێرت پێ بکەن؟!

حەسەن گوتی: کەس نییە یارمەتیم بکا دەنا تەرکی دەکەم. گوتم ئەگەر من یارمەتیت بکەم. تەرکی دەکەی؟ قەول و بەڵێنی پێدام. چوومە لای دوکتور موللازادەگان و داستانەکەم بۆ گێڕاوە و ئەویش بە پێی حیساباتێک کە کردی کە چەند ساڵە موعتادە و چەندی کێشاوە، نوسخەیەکی بۆ نووسیم کە سێ کارتۆنی گەورەی دەوا و دەرمان و سێڕۆم بوو. چووم لە دارووخانەی کڕیمن و بردمەوە لە ماڵێ دامنان. لەگەڵ کاک کەریمی دانشیار و کەریم ئەفسەردلێر بە سواری لەندوێری چووین هیندێکی لێ گەڕاین و لە کەلاوەیەکی پشتی حەمامی بلوور، لە چوارچرایە بەر لەوەی دەست بە کێشان بکا دیتمانەوە و دەستیم گرت و هێنامەوە ماڵە خۆمان.

بردەمە حەمامێ، ڕووتم کردەوە هەرچی هێرۆئینی پێی بوو لە پێش چاوی خۆی لە مبالێم هاویشت و جوان ڕدێن و مدێنیم تاشی و هێنام لە سەر جێگایەکیی دایکم بۆی ڕاخستبوو ڕامکێشا و بە پێی ڕێنوێنییەکانی دوکتور دەستم کرد بە موداوای حەسەنی.

ئەو شەوەی کاک ئەبووبەکر چووبۆوە ماڵێ و پرسی بە خوشکی کردبوو و لە دۆست و ڕەفیق و ناسیاوەکانی خۆشی پرسیاری کردبوو سەبارەت بە من و هەموو هەر جوابی ئەرێنیان دابۆوە و بۆ سبەینەکەی ڕا گوتی زۆر باشە و پێتان خۆشە تەشریف بێنن و ئیشاڵڵا مبارەک دەبێ.

ڕۆژێک دواتر هەرچی ڕەفیقی هەمبوو قەرارم لەگەڵ دانان کە شەو بێن بۆ ماڵی ئێمە و لەوێ را بچن بۆ خوازبێنی، لە کاک کەریمی دانشیارەوە بگرە هەتا سولەیمانی بللووری و کەریم و خالید سمێڵ و و مستەفا سوور و سەلاح و هووشی و کێ و کێ، هەمووی سمێڵ زەلام و چەک و فیشەکدان بە شان، ئەوان بەڵێنیان پێ دام جا چوومە دووکانی بابم.

گوتم بابە گیان دەمەوێ ژن بێنم. دەی کوتی مبارەکە، ڕۆڵە گیان، کێیە کچەکە؟ ناوی چییە؟ کچی ماڵە کێێە؟ لە کێهە بنەماڵە و تاییفەیە؟ کوتم وەڵا بابە گیان هەر ئەوەندەی دەزانم ناوی براکەی ئەبووبەکرە و هیچی دیکەش! بەخودای ناوی کچەکەش نازانم چییە.!

بابم گوتی ئەخر ڕۆڵە گیان چۆن ئاوا دەبێ چۆن ناوی کچەی نازانی دەیهێنی؟ کوتم وەڵڵا بابە گیان ئاوایە ئەوشۆش ڕەفیقەکانم قەراریان داوە بچن بۆ خوازبێنی و ئەتۆش هیوادارم بچی! بابم گوتی وەڵا ڕۆڵە گیان ئەمن هەروا ناچم بۆ خوازبێنی ماڵێکی نەیانناسم و منیش گوتم ئیختیار بە خۆتە بابە گیان و چوومەوە لای ڕەفیقەکانم.

ئێوارێ ئەگەر بابم هاتەوە ماڵێ ماڵەکەمان پڕ بوو لە ڕەفیق و دایکم چێشتێکی خۆشی بۆ ساز کردبووین و پاش نان خواردنێ هەموویان هەستانە حەوا و گوتیان حاجی ئاغا گیان ئێمە ئەوە دەڕۆین و زۆریشمان پێخۆشە جەنابتان لەگەڵمان بی. بابیشم گوتی بەڵی زۆر باشە و منیش دێم.

من و حەسەن لە ماڵێ ماینەوە و ئەوانیش هەموو وێكڕا بە دووسێ ماشێنان وەڕێ کەوتن و ڕۆیشتن.

پاشی یەک دوو سەعاتان عالەمەکە بە گۆرانی گوتن هاتنەوە و هەموو تەعریفی بابمیان دەکرد کە چەندە بە ڕاستبێژی لە گەڵ ماڵە بووکێ قسەی کردبوو و گوتبووی ئەو کوڕەی من پێشمەرگەیە، خودا دەزانێ چی بەسەر دێت لەوانەیە بکوژرێ، بگیرێ، دەربەدەر بێ و ژیانێکی نادیار چاوەڕوانی دەکا. کاک ئەبووبەکری براشی گوتبووی هەر بە خاتری ئەوەی کە پێشمەرگەیە ئێمەش قەبووڵمانە و ئیتر ڕۆژی مارەکردنیان دیاری کردبوو و بە چەپڵەڕێزان گەڕانەوە ماڵە خۆمان.

درێژەی هەیە