بۆ بژێوی ژیان لە تاران من جگە لەوەی دەرسم دەخوێند کاکە تاهیری موڵڵازادەگان، خاڵی سولەیمان، کاری بۆ دیبوومەوە و لە مەدرەسەیەکی سەرەتایی لە باشووری تاران لە لای ڕێگای ئاسن، دایمەزراندبووم و دەرسم بە منداڵان دەگوت و ئەوە خۆی ئەزموونێکی باش بوو بۆ ژیانم. تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵکی فەقیر و هەژاری تاران و ژیان لە نێو ئەوانیش دا لە شوێنێک وەک ئەو ماڵەی ئێمەی تێدا بووین کە وەک کەشتی نووح لە هەموو چین و توێژ و رەگەزێکی تێخزا بوو، خۆی ئەزموونێکی تر بوو لە ژیانم دا.
ئەو کاتە مامم عەزیزی ژیان، رەئیسی دەبیرخانەی دانیشکەدەی ئەدەبیاتی دانیشگای تاران بوو و من هەر لە منداڵێوە زۆر جاران چووبوومە ماڵی مامم و هەم خۆی و هەم خێزانەکەی کە ناوی مەعسووم خانم بوو زۆریان خۆشدەویستم و لەو هاتووچۆیانەی تاران دا فارسێکی جوان و بێ لەهجەش فێرببووم. ماڵە کاک فەتتاحی کاویانیش ئەو کاتە لە تاران بوو و هەم خۆی و هەم باجە ئامینی کاویان زۆریان محەبەت لەگەڵ من و سولەیمان هەبوو. لە تاران باشگایەکی مامۆستایانی لێ بوو لە ڕاستیدا ڕەستووران بوو و زۆربەی کوردەکانی دانیشتووی تاران هاتووچۆی ئەوێان دەکرد کە بەرپرسەکەی کاک قادر شەهابی بوو. ڕۆژانی هەینی لەگەڵ بەڕێزان جەلیلی گادانی، حوسێن مەدەنی، جەعفەری نەوزاد، سولەیمانی بلووری، عەزیزی ماملێ، محەمەد نەبەوی، جەماڵی مەدەنی و ……. دەچووینە شاخەوانی لە چیاکانی ئەلبورزی تاران و جەوێکی زۆر دۆستانەمان هەبوو.
کوردی باشوور پاش ئەو شکست و نسکۆیەی بەسەریان هاتبوو، خەڵکێکی زۆریان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژیان و جارێک کە بۆ سەردان چووبوومەوە مەهاباد لەگەڵ شاعیرێکی هەست ناسک و کوردپەروەری خەڵکی کۆیە ئاشنا بووم کە لە مەهاباد لە ماڵە پوورە خانمۆڵم لەگەڕەکی خڕی دەژیا بە ناوی مەجید ئاسنگەر. کاک مه‌جید ڕۆژی ٩ ی ئاپریلی ساڵی ٢٠١٢ له ته‌مه‌نی ٨٠ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد و ئێستا ئیتر لە ناوماندا نەماوە.
کاک مه‌جید ڕۆژێک له مه‌هاباد گوتی: حه‌زم لێیه تاران ببینم. من هه‌له‌که‌م قۆسته‌وه و گوتم: کاک مه‌جید گیان ئێمه له تاران ماڵمان هه‌یه و به شانازییه‌وه ده‌توانین له خزمه‌تتدا بین. کاک مه‌جید له‌گه‌ل ژنبراکەی، کاک نه‌ژاد، کوری مامۆستا عه‌ونی کە ئەویش شاعێرێکی پایەبەرزی خەڵکی کۆیە بوو، ساز بوون و چووین بۆ تاران و له‌وێ سێ چوار مانگ میوانمان بوون و نه‌مان هێشت بگه‌ڕێنه‌وه مه‌هاباد. کاک مه‌جید چاوی به زۆربه‌ی کورده‌کانی دانیشتووی تاران که‌وت و له‌گه‌ڵ زۆر که‌سان دۆستایه‌تی نیزیکی پێکهێنا. کاک مه‌جید شۆڕشی دیبوو، زیندان و دوورخستنه‌وه و ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی چێشتبوو و ده‌ریایه‌ک بوو له ئه‌زموون و ئێمە له دانیشتن له‌گه‌ڵ ئەو تێر نه‌ده‌بووین. کاک مه‌جید دەستی باڵای هەبوو لە سەرکەوتنی کۆنگری مامۆستایان و یەکییەتیی نووسرانی کورد دا له ده‌وره‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و وه‌ک نوێنه‌ری پارتی دێمۆکراتی کوردستان ژێر ڕێککه‌تنه‌کانی کۆنگره‌کانی مامۆستایانی کۆماری عێراقی واژۆ کردبوو. ئەو وه‌ک پیشه، خۆی مامۆستای زمانی ئینگلیسی بوو و زۆر لاوی کوردی پێگه‌یاندبوو.
کاک مه‌جید هاوته‌مه‌ن، هاوشاریی، هاوپۆل ( هاوکلاسی) و هاوڕێی جه‌لال تاڵه‌بانی بوو. مام جه‌لال له به‌شێک له پرسه‌نامه‌که‌ی دا بۆ بنه‌ماڵه و که‌س و کاری کاک مه‌جید ئاوای نووسیوه:
(مامۆستا مه‌جید ئاسنگه‌ری نه‌مر هه‌ر له سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه وه‌ك تێكۆشه‌رێكی خه‌مخۆری گه‌له‌كه‌ی و كوردستانه‌كه‌ی هاتووه‌ته كۆری تێكۆشانه‌وه و به‌رده‌وام له سه‌نگه‌ری پڕ سه‌روه‌ری كوردایه‌تیدا به سه‌خاوه‌ته‌وه خه‌باتی كردووه و هه‌موو هه‌ست و نه‌ستی بۆ خزمه‌تكردنی میللـه‌ته‌كه‌ی و كێشه ڕه‌واكه‌ی خستووه‌ته‌گه‌ر… نووسه‌رو ئه‌دیب و وه‌رگێرو شاعیرێكی هه‌ست ناسك و كوردپه‌روه‌ری ئه‌وتۆش بوو كه هه‌موو خولیا و خه‌ونێكی بۆ ئه‌وه بوو تێكۆشان و كۆستی گه‌له‌كه‌مان بگاته ئامانج و كوردیش وه‌ك میللـه‌تانی دونیا به مافه‌كانی خۆی شاد بێت… تێكۆشه‌رێكی ماندوو نه‌ناس و پشوو درێژی رێگای رزگاری كورد‌و كوردستانیش بوو…. كۆچكردنه‌كه‌ی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره بوو بۆ كاروانی تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان و دنیای په‌روه‌رده و نووسین و شیعر و داهێنان)
لەو شێعرانەی کاک مەجید کە ئەوکات کرابوون بە گۆرانی یەکێکیان ئەم هەڵبەستە بوو کە نەمر تاهیر تۆفیق گوتوویەتی.
کورده ئه‌م هه‌له‌ی میژوو داویه پێت
له‌ده‌ستی نه‌ده‌ی لا نه‌ده‌ی له ڕێت
هەلێکە و ئەشێ ڕوونەداتەوە
مەردە ئەو گەلەی گۆ دەباتەوە
یەکیتریان ئەمیرەکەم بوو بە دەنگە خۆشەکەی فوئاد ئەحمەد
ئه‌میره‌که‌م، دڵگیره‌که‌م،
به‌هارت لێ شه‌رمه‌زاره،
گوڵی گیانه یه‌خسیره‌که‌م،
تیرت له دڵ سه‌دهه‌زاره
هەروەها زۆر سروود و بەستە و مەقامی دیکە وەک:
من که ڕۆڵه‌ی کوردستانم،
په‌روه‌رده‌ی به‌فری زستانم،
ڕۆڵه‌ی شاخ و دارستانم
***
بۆ گه‌لى كوردى قاره‌مان
سوێندم به خاكى نيشتمان
به‌سه‌ر لوتكه‌ى كێوى بارزان
به ئه‌شكه‌وت و جێى نه‌به‌زان
يا كوردستان ياخود نه‌مان
ئەوکاتە زاراوەی کۆیی و هەولێری کە پیتی “ڵ” یان بە “ر” دەگوت زۆر بۆ ئێمە تازە بوو، شەهید سوله‌یمان، یادی به‌خێر، کوڕێکی زۆر شۆخ و لەسەر دڵان بوو و ڕۆژێ دووسه‌د جار کاک نه‌ژادی بانگ ده‌کرد و له‌پڕ ده‌یگوت: کاک نه‌ژاد. ئه‌ویش ده‌یگوت: “به‌رێ” ده‌ستمان ده‌کرد به پێکه‌نین و قاقا لێدان. دیسانیش ده‌یگوته‌وه کاک نه‌ژاد، سه‌رله‌نوێ ده‌یکوته‌وه “به‌رێ”، ئه‌و ماوه‌ی له مه‌هاباد و تاران له خزمه‌ت کاک مه‌جید دا بۆ ئێمه وه‌ک قوتابخانه‌یه‌ک وابوو، ئێمە مامۆستا و ئه‌دیبێکی گه‌وره و به ئه‌زموونمان وه‌گیر که‌وتبوو و ده‌رسی ژیان و خه‌بات و کوردایه‌تی لێ فێر ده‌بووین. ئەو ده‌ریایه‌ک بوو له زانست و هونه‌ر، خوێنده‌وار، شاعیر، پیشمه‌رگه، ڕووناکبیر، شارەزا لە باری سیاسی، کوردییزان، زمانه‌وان و له‌به‌ردڵان و ڕوح‌سووک و پڕ بوو لە هه‌ست و خۆشه‌ویستیی و هەر دەبوو شتی لێ فێر بین.
خه‌یانه‌تی شای ئیران به بارزانی و شۆڕشی ئه‌یلوول، هه‌له‌که‌ی لێ تێک داین. به داخه‌وه شۆڕشێکی مه‌زنی لێ تێك شکاندین که هه‌موو کورد به هومێده‌وه چاوی تێ‌بڕیبوو، پتر له سه‌ت هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی تێدا به‌شدار بوو. خه‌ڵکێکی زۆر ئاواره‌ی شاره‌کانی ئێران بوون و له ئه‌وپه‌ڕی ناخۆشی و بێئیمکانیی و بێده‌ره‌تانیی دا ده‌ژیان. زۆر که‌س له تاو ئەم شکستە خۆیان کوشت. کاک مه‌جید و کاک نه‌ژاد چوونه‌وه به‌ره‌و باشووری کوردستان و ئیتر نه‌مزانی چی‌یان لێ به‌سه‌ر هات و خه‌به‌رم لێیان نه‌ما هەتا دە ساڵان. پاشان بۆتان دەگێڕمە کە چۆن و لە کوێ کاک مەجید و کاک نژادم دیتنەوە.
یەکێک لە دەسکەوتەکانی دیکەی ژیانم لەو ماڵە دا ناسینی کەریمی ئەفسەردلێر بوو کە ئەوکاتی لەگەڵ ئەبووبەکری برای سولەیمان و کاک ڕزگاری پایەندە، سەرباز بوون و هاتووچۆی ماڵی ئێمەیان دەکرد. کەریم خەڵکی گوندی گاگەشی نێو مەنگوڕان بوو. کوڕێکی زیت و زیرەک و لەبەر دڵان کە هێندەم خۆشدەویست دەمتوانی سەر و ماڵمی پێ بسپێرم و لە درێژەی بیرەوەرییەکانم دا زۆری باس دەکەم چونکە یەکێک لە قارەمانەکانی داستانی ژیانی منە.
ئەو ماوەی ئێمە لە تاران بووین کاک جەعفەری عەزیمی مێردی باجە ڕەخشەندەی خوشکی سولەیمان زۆر یارمەتی سولەیمانی دەکرد و سولەیمان بەپەلە بوو کە زوو دەرسەکەی تەواو بکا و ببێتە یارمەتیدەری باوکی کە بەتەمەندا چووبوو و هەروەها تۆڵەی یارمەتییەکانی کاک جەعفەر بکاتەوە.
سولەیمان دەرسەکەی درێژە پێدا و تەواوی کرد. بەڵام من بڕیارم دا بۆ دەرس خوێندن و کار و چالاکی سیاسی بڕۆم بەرەو ئوڕووپا و بۆ ئەم مەبەستە دەبوو دوو ساڵ سەربازێ بکەم تا بتوانم پاسپۆرتی وەربگرم و بڕۆم.
بۆ سەربازی ٣ مانگ لە پادگانی لەشکەرەکی تاران بووم، ٣ مانگ لە پادگانی تەورێز و ١٨ مانگیش بووم بە دیژبانی بەر دەرگای پادگانی سنە.
درێژەی هەیە