بەشی ١٦

You are currently viewing بەشی ١٦
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

لە شەڕی نەغەدەوە هەتا دەستپێکی شەڕی سێ مانگە، پێنج مانگی خایاند،( لە ٣١ی ١ی ٥٨ ەوە هەتا ١٢ی ٦ی ٥٨) لەم ماوەدا زۆر شەڕ و کارەساتی مرۆڤی گەورە قەومان. جەبهەیەکی گەورە بە پانایی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان لەسنە و پاوە و بانە و سەقز و بۆکانەوە بگرە هەتا مەهاباد و نەغەدە خەریکی هێرش و پەلامار بوون، لەو گوندانەی پێشمەرگەیان لێ نەبوو کوشتار و قەڵاچۆ دەکرا و داروودەستەی وەک مەلاحەسەنی سازببوون کە بێڕەحمانە کوردیان دەکوشت. کاریان بەوەی نەدابوو کە ژنە، منداڵە، پێرە، جحێڵە هەرچی وەبەر دەستیان هاتبا و کورد با دەیانکوشت. ئەوەی خومەینی و مەلا دەستەڵاتدارەکانی ئێران لەو ماوەدا کردیان زۆر لە هی داعەش گەورەتر و دڕندانەتر بوو بەڵام ئەوکاتە ئینترنێت و مێدیایەک نەبوو کە دەنگی ئەو خەڵکە هەژارە بە گوێی خەڵکی جیهان بگەیەنێت. من پێشمەرگەی ڕەسمی و دائیمی نە مامۆستا بووم و نە هی چریکان، من ئاگام لە هەلوومەرجی حیزبەکان و دەوڵەت بوو و دەمدیت کە مەترسی چەندە نێزکەو و ئیتر لە کاتی تەنگانەدا خۆم دەگەیاندە مامۆستا و ئەو شوێنانەی لەگەڵ مامۆستا دەچووم لە ڕاستیدا شەڕی لێ نەبوو و ئێمە دەمانەویست مامۆستا بپارێزین بۆیە من لەو شەڕانەی لە سنە و پاوە و سەقز و بۆکان و نەغەدە و تەنانەت مەهابادیش دا ڕوویان دا بەشدار نەبووم و دووراودوور ئاگام لێیان هەبووە. من ناتوانم مێژووی ئەو شەڕانە بەو جۆرەی کە بووە باس بکەم. ئەوەی من دەینووسم بیرەوەرییەکانی خۆمن بۆ ئەو شتانەی لەگەڵ بووم و ئاگاداریان بووم. مێژوو نووسین کاری مێژوونووسی پسپۆرە کە دەرسی مێژووی خوێندبێ و پسپۆر بێت لە کاری خۆیدا و دەوڵەت یا شوێنێکی فەرهەنگی و مێژوویی پشتی بگرێت و یارمەتی بدات لە باری ماڵی و ئیمکاناتی ترەوە و لە کۆی دەیان بیرەوەری نووسراو شتێک ساغ بکاتەوە و کرچ و کاڵی و خراپ و ڕزیوەکانی لێ فڕێ بدا و کاکڵێکی جوان و ساغی لێ دەربهێنێ و بیدا بە نەوەی دواڕۆژ، بۆ ئەوەی حکوومەتە داگیرکەرەکان و داروودەستە بەکرێگیراوەکانی ئەوان مێژووی درۆمان بۆ نەنووسنەوە.

هەروەک گوتیشم کوردستان بەرەیەکی پان و بەرینی شەڕ بوو و کەس بە تەنیا ئاگای لە هەموو شەڕەکان نەبووە. هیچ حیزبێک بەتەنیا ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە نەبووە و نییە. حیزب ئاگای لە شەڕەکانی کۆمەڵە نییە، کۆمەڵە ئاگای لە شەڕەکانی حیزب نییە، باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگای لە ناوەند و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە و پێچەوانەکەشی هەر بەم شێوە بووە. من داستانی ژیانی خۆم دەگێڕمەوە و بەدڵنیاییەوە ئاگام لە زۆر ڕووداو و کارەسات نییە کە لە کوردستان قەوماون. ئەگەر جارووبار بۆچوونێکی خۆشم دەنووسم مەبەستم ئەوە نییە کە لە خەباتی هیچ کەس و لایەن و حیزبێک کەم بکەمەوە، دەمەوێ بەرچاوڕوونییەک بدەم بە نەوەی داهاتوومان و لە ڕوانگەی خۆمەوە قامک لەسەر ئەو هەڵانەی من و ئێمە کردوومانە دابنێم کە نەوەی داهاتوو نەیکەنەوە و تووشی نەبنەوە. شەڕی براکوژی، شەڕی خۆکوژیی بوو و دەبێ ببێتە خەتتی سوور و کەس پێیدا تێپەڕ نەبێتەوە. جاشییەتی و چەک بۆ دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان هەڵگرتن خەیانەتە بە گەل و نیشتمانەکەمان و دەبێ خەتی سوور بێ و کەس لە هیچ هەلوومەرجێک دا نەیکاتەوە. دەبێ ئێمەی کورد لەگەڵ خۆمان سیاسەت نەکەین، لەگەڵ دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەمان سیاسەت بکەین. لەگەڵ خۆمان ڕاست و ڕەوان بین. چاڵ بۆیەکتر هەڵنەقەنین، لەژێر پێی یەکتر نەدەین، یەکترمان خۆش بوێ، پشتی یەک بگرین و ڕووبەڕووی دوژمنە سەرەکییەکانمان کە داگیرکەرانی کوردستانن بوەستین.

کاتێک مامۆستامان برد بۆ ماڵە مامۆستا شێخ جەلالی برای، خۆمان گەڕاینەوە بۆ مەهاباد و دەماندیت کە دەوڵەت لە هەموو لایەکەوە خەریکی ئابڵۆقەی مەهابادە و خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرش و گرتنەوەی شاری مەهاباد. حیزب جگە لە چەند بەرپرسێکی هەموو لە شار چووبوونە دەر و لە نێو دێهات و ناوچە شاخاوییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات، لە دەورووبەری خڕێ ناوزەنگ جێگیر ببوون. فانتۆمەکانی ئێران لەسەر شاری مەهاباد مانۆڕیان دەدا و دیواری سەوتیان دەشکاند و دەرووبەری شار و پادگان و شاخی خەزائییان دەڕشاند. کۆمەڵە و چریک و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەش خەریکی خۆدەربازکردن بوون و بە قەولی کاک فەتتاحی کاویان گۆڵە سەگ وەپێش تاجی کەوتبوو بۆ هەڵاتن و خۆدەربازکردن. خەڵکی دێهاتی نێو مەنگوڕ و گەورکایەتی و تەنانەت سەر سنوورەکانیش لە ترسی هێرشی دەوڵەت دێهاتەکانیان چۆل کردبوو و کەس نەبوو نانی بکات. نان وەگیر نەدەکەوت. هیچ شوێنێک نەبوو کە نانت لێ کڕیبا. ئێمە حەوت هەشت کەس لە ڕەفیقە نێزیکەکان کە هیوادارم ناوکانم بێر بێتەوە چووبووین بۆ پاراستانی ماڵە پوورم و لەوێ را بەو جیبەی شێخ جەلال دابووینی وەڕێ کەوتین بۆ لای سنوور و هەروەک باسم کرد لەسەر بەرزاییەکانی دوڵەتوو تەیارەمان هاتە سەر و ئیتر جیبی شەهبازمان بەجێ هێشت و بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم سەیارە ببوە نیشانەی تەیارە و هێلیکۆپتێڕان و هەر فرۆکەیەک بەو ناوەدا هەڵفڕیبا تەققەیەکی لەو سەیارە بەدبەختە دەکرد.

کە گەیشتینە خڕێ ناوزەنگ، سازمانی چریکانیش یەکێک لەو ڕێکخراوە سیاسییانە بوو کە بە خڕوپتوونی لەوێ گیرسابوونەوە و نە نانیان هەبوو نە قابڵەمە و کەتری و نە پێداویستییەکانی مەقەڕ و نە هیچ شتێک. ترێی ڕەزی ئەو شاخانەیان لێ دەکردەوە و دەیانخوارد. گوتم پارە و دوو ئێسترم بدەنێ لەگەڵ لیستەیەک لەو کەل و پەلانەی پێویستتانە دەچم لە قەڵادزێ دەیانکڕم و دەیهێنمەوە بۆتان. باوڕیان نەدەکرد کە شتێکی ئاوا ئیمکانی هەبێ. زۆر لە ناوی عێراق و سەر بە عێراق و ئیمپریالیست بوون دەترسان چونکە زۆر بە دژی کوردان تەبلیغ کرابوو کە سەر بە عێراق و سەڵتەنەتخواز و ئیمپریالیست و شتی وان. بە ترس و لەرز و بێ باوڕێوە پارە و ئێستریان دامێ و لێی سوار بووم بەرەو عێراق!! گەیشتمە گوندی سونێ مەقەڕی حیزبی دێمۆکڕاتی لێ بوو و کوڕێکی مەهابدی بەناوجەعفەری سیگاری کە پاشان بەداخەو شەهیدیش بوو لە مەقەڕی حیزب بوو و گوتی بۆ کوێ دەچی؟ گوتم دەچمە قەڵادزێ. گوتی باشە ئێسترەکانت لێرە بەجێ هێڵە و ئەوەتا تراکتۆر سوار بە و بڕۆ. کە چووم بۆ لای تراکتۆڕەکە ئەزقەزای ڕەببانی کەریمی ئەفسەر دلێر و برایمی شێخانی و عەبدوڵڵای جەراحیانیش لەوێ بوون و بەتەما بوون بچن بۆ قەڵادزێ. شەو داهاتبوو و وڵات تاریک ببوو، ئێمە چوار کەسی لەگەڵ شوفێری تڕاکتۆر سوار بووین و گەیشتینە قەڵادزێ. کابرا گوتی لە کوێتان دابەزێنم؟ گوتمان لە بەر دەرگای هۆتێلێک دامانبەزێنە کە کابرا بە هۆتێلی دەگوت، فندق!!. هەروا کە بەنێو شاری قەڵادزێ دا دەڕۆیشت بەبەر شوێنێک دا ڕۆیشت حەسارێکی گەورە بوو کە چرای سوور و شینی تێدا هەڵکرابوو و پرسیمان ئیرە چییە؟ کابرای شوفیر گوتی ئیرە نادی یە، گوتمان نادی چییە؟ گوتی مەیخانەیە و خواردن و بیرە و ئارەق و مارەقی تێدا دەخۆنەوە. یەکسەر گوتمان کاکە لیرە ڕامانگرە دوایە فندقی دەبینینەوە. چووینە ژوری نادی بۆنی کەباب و ماسی حەساری داگرتبوو، ئێمەی وا قەدەرێکی زۆر بوو نانی ڕووتیمان وەگیر نردەکەوت و هەر بەری ڕەز و داری جەنگەڵیمان خواردبوو، کەوتبووینە نێو بۆنی کەباب و ماسی و بیرەی و وەک لە ئاسمانێ بەربینەوە ئاوا بوو. لە حەساری نادێکە شێرەی ئاوی لێ بوو. جامەدانە و زەنگاڵ و پشتێندمان لە خۆ کردەوە، خۆمان تەکاند و تۆز و خۆڵی ڕیگامان دەحەوای کرد و سەر و لاق و ملمان وەبەر ئاوێ دا و جوان خۆمان شوشتەوە و عالەمیش ئەوە بە سەرسووڕمانەوە چاومان لێ دەکەن. پاشان لە دەوری میزێک دانیشتین و گوتمان لە هەرچی هەتانە سەر و جێگەیەکمان بۆ بێنە. دەستمان کرد بە خواردن و خواردنەوە و گورانی گوتن و مشتەری نادییەکەمان هەموو لێ هاڵان و ئەوانیش لەگەڵ ئێمە دەستیان کرد بە گۆرانی گوتن و جێگەتان خاڵی شەوێکی زۆر خۆش و لەبیر نەکراومان ڕابوارد. شەو درەنگانێکی نادی داخرا و خەڵکەکە نەیانهێشت بچین بۆ فندق و بردیانینەوە ماڵی خۆیان و ئەو شەوەی لە ماڵە خەڵک خەوتین و من دەمەویست بەیانی هەستم خڕیدەکەم بکەم و بگەڕێمەوە خرێ ناوزەنگ. ئەزقەزا ئەو رۆژەی تووشی کەماڵی هەورامی بووم لە قەڵادزێ و جیبێکی سپی پێ بوو و زۆری یارمەتی کردم بۆ شت کڕینەکە. خڕیدەکەم بە تەواوی کرد و لیستەکەی بۆیان نووسیبووم هەمووییم کڕیبوو و بۆ شەوێ ڕا دەمانتوانی بگەڕێمەوە بەڵام لەگەڵ کەریم بڕیارمان دا ئەوشەویش لە قەڵادزێ بمێنینەوە و شەوێکی تریش لە قەڵادزێ ڕابوێرین و هەر واشمان کرد.

درێژەی هەیە