بەشی ٣

You are currently viewing بەشی ٣
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

دایکم پێش من دوو کچی ببوو و بابم هەڕەشەی لێکردبوو کە ئەگەر منداڵی سێهەمیشی کچ بێ تەڵاقی بدا و ژنی بەسەر بێنێ. ئەو کاتە و لە شاری مەهاباد سیستمی پزیشکی ئەوندە پێشکەوتوو نەبووە کە وەک ئێستا بەڕاحەتی ڕەگەزی منداڵ و تەنانەت نەخۆشی و کەمووکوورییەکانی دڵ و دەست و لاق و فەلەجیش ببینن، بۆیە کاتێک من وەزگی دایکم کەوتووم، دایکم لە ترسی ئەوەی کە مەبادا منیش کچ بم زۆری حەول داوە کە من لەبەر خۆی بەرێ! دەیگوت دووعا و نوشتەی زۆرم کرد، حەب و دەرمانی زۆرم خوارد، زۆرم بەڵا بەسەر زگم هێنا، بازدم دەدا، هەڵدەبەزیم، دادەبەزیم، بە بەردی گۆشتی لە زگم ڕادەکێشا! کە نەبی! ڕۆڵە گیان هەر بووی و بۆیەش ناومان نای پۆڵا. بوونی من وەک کوڕ، ببوو بە مایەی ئاشتی و ئارامی نێو بنەماڵەکەمان، هەر بۆیە هەم دایکم کە بە بوونی من شیرازەی ماڵەکەی تێکنەچووبوو و هەم بابم کە بەئاواتی دڵی خۆی گەیشتبوو و کوڕێکی ببوو، زۆریان خۆش دەویستم.

ئەم وێنەی دامناوە، بابم بۆ ئەوەی نەیبەنە سەربازییە، باجە ئامینی کاویانی لەباوەش کردووە، پەروینی خوشکیشم بە باوەشی دایکمەوە، پوورە زبێدی دایکی باجە ئامینیشی هێناوە، وێکرا وێنەیەکیان گرتووە و ناردوویەتی بۆ دەوڵەتێ و گووتوویەتی من ئەوە فەعلەم و سەرپەرەستی دایکم و خێزانم و دوو کچانم، بەوەی خۆی لە سەربازی ڕزگار کردووە.

بابم بۆ بژێوی ژیان، لە شاگرد ناڵبەندیی ڕا دەستیپێکردبوو و پاشان خوانچەی دانابوو و ئینجا کردبوویە دووکانی عەتتاری و لە دواساڵەکانی ژیانی دا بەززاز بوو و لەسەریەک توانیبووی زۆر بە باشی خۆی و ژن و منداڵەکانی بەخێو بکات. بابم شاعیر بوو و دووکانەکەی مەکۆی شاعیر و گورانیبێژ و خەڵکی کوردیزان و قسەخۆشی ناوچەی موکریان بوو. بۆنی چای زەنجەفیل و عەتری گوڵی دووکانی بابم قەت لە یادم ناچێ و دەنگی قاقا و پێکەنینەکانم ئێستاش هەر لەبن گوێ دا دەزرینگێنەوە. ماملێ بە ورتەورتی ئاهەنگی گۆرانێکەوە سەری دە دووکانی بابم ڕادەکرد. مامۆستا هێمن لە گوندی شیلاناوێ ڕا دەهاتە مەهاباد و دووکانی بابمی دەکردە قەلەمندار. خەلیلی سەدیقی شەڕەپارووی لەگەڵ بابم دەکرد. حەسەن زیرەک، بۆ شێعری گورانی دەهاتە دووکانەکەی بابم چونکە بیستبوویەوە زۆربەی گۆرانییە خۆشەکانی ماملێ هی بابمن. هاشمی فیدایی، حەسەنی ماملێ، برایمی قادری، عەبڵای سنجانێ، فیزیزادە و زۆربەی گۆرانیبێژە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمە پێیەکیان هەر لە دووکانی بابم بوو هەم بۆ قسەی خۆش و هەم بۆ شێعری گورانی.

مشتەرییەکانی بابم زۆربەیان خەڵکی دێهات و گوندەکانی دەورووبەری شاری مەهاباد بوون کە بابم بە چاکەی ئەو کاتەی لە نێو ئەواندا خۆی حەشار دابوو و پاراستبوویان، شمەک و جلووبەرگی بە وەعدەی سەری خەرمان و بە بێ سوود، بە قەرز دەدانێ. بابم بە پێی باوەڕی ئیسلامی سوودی پێ حەرام بوو و قەت پەنابادێکی لەسەر قەرزدارەکان زیاد نەدەکرد و تەنانەت پووڵی لە بانکیش دانەدەنا دەیگوت سوودی دێتە سەر و حەرام دەبێ. ئەوانیش لە چاکەی خۆیانەوە یا قەرزەکەیان دەداوە یا نەیاندەداوە و لە نێو دەفتەری قەرزان دا بە نەدراوی دەماوە و حەواڵەی خودا دەکرا.

دووکانی بابم لە سەرای شافیعی لە سەری قەیسەرێ بوو، ئەوکات بە گوزەریان دەگوت قەیسەر. من کە منداڵ بووم، بابم لە بەر دووکانەکەی خوانچەیەکی چووکەی بۆ دادەنام و فێری کاسبی دەکردم. زۆر جار کە بابم لە دووکان نەدەبوو دووکانەکەم بۆ هەڵدەسووڕاند و مشتەرییەکانیم بۆ بەڕێ دەکرد. خەڵکی دێهاتی موکریان، کە مشتەری سەرەکی بابم بوون خاوەن زبانێکی کوردی ڕەوان و پاراو بوون و کوردیەکەیان پاک و دەست لێنەدراو بوو و زبانەکەیان وشەی فارسی و تورکی و عەڕەبی تێنەخزابوو. من ئەگەر نەختە کوردییەک بزانم هی ئەوانە و لە ئەوان فێر بووم. جگە لە ئەوان من کوڕە پوورێکیشم هەیە لە لایەن دایکمەوە بە ناوی بایز، خەڵکی گوندی پاراستانی لای سەردەشت کە لە گوندەکەیان مەدرەسە نەبوو، بۆیە ساڵانە بۆ خوێندن دەهاتە مەهاباد و لە ماڵە بابی دایکم( میرزا فەتتاحی حەبیب پەنا) دەژیا و زۆریش زیرەک بوو. من و بایز هاوتەمەن و هاو پۆل بووین. پۆلی یەکەم من شاگرد یەکەمی کلاس بووم و بایز نەفەری شەشەم بوو. هەموو ساڵێ من دەرەجەیەک تەمبەڵتر دەبووم و بایز زیرەکتر دەبوو و هەتا کلاسی شەشەم کە ئەو شاگرد یەکەمی کلاس بوو و من شاگرد شەشەمی کلاس. لەگەڵ بایز هاوینان وێکڕا دەچووینەوە گوندەکەی ئەوان و پوورە ملووکم زۆر لە دایکم زیاتر مەحەبەتی پێدەکردم و خۆشی دەویستم. خەوی سەر ڕانی پوورە ملووکم ئارامییەکی بێنەهایەتی پێ دەبەخشیم. زۆرجار کە سەرم وەسەر ڕانی پوورم دەکرد، بەسەرهاتی خۆی بۆ دەگێڕامەوە کە چۆن وەک کچێکی شارستانی بەبووک هاتبوو بۆ قووڵایی دێهاتەکانی نێو گەورکان و لە نێو لێڕەوارەکانی لای زمزیران لە گوندی پاراستان ببوو بە خانمی ئاغای. پوورم ژنێکی زۆر بە دین و ئیمان بوو و ئەوەی بۆ منی دەگێڕاوە وەک دیاردەیەکی خراپ باسی دەکرد و ده‌یگوت شه‌رم و مەرم له‌گوڕێ دا نه‌بوو و کچ و کوڕ به‌ ئازادی و بە بێ شەرم کردن لە پێش چاوی من یه‌کتریان ماچ ده‌کرد، ده‌ست بازیان ده‌کرد. باسی ژیانی خەڵکی پاراستانی ده‌کرد که‌ خه‌ڵک له‌وێ چۆن ژیابوون و ئه‌و جۆره‌ی ئه‌و ده‌یگێراوه‌ پێموانیه‌ له‌ ئوڕووپا‌ش ئه‌و ئازادییه‌ بۆ کوڕ و کچ هه‌بووبێ که‌ له‌وێ هه‌بوه‌. ئەوەی پوورم دەیگێڕاوە من خۆشم بەشێکی زۆرم بە کردەوە بینی. من خۆشم لە گەڵ کوڕ و کچەکانی هاوتەمەنی خۆم لە پاراستان ده‌چوومه‌ که‌نگران، ده‌چووینه‌ مه‌ڕی، ده‌چووینه‌ ڕێواسان، شه‌وانه‌ کوڕ و کچ لێک کۆ ده‌بووینه‌وه‌ بۆ گوره‌بازی و گه‌ڕه‌ڵاوژه‌ وهه‌ڵپه‌ڕین و گۆرانی و جه‌فه‌نگ و خۆشی و پێکه‌نین. من شەرمم دەکرد بەڵام ئەوان بۆخۆیان لەپێش چاوی ئیمە ژوان و ده‌ست بزێوێ و ماچ ماچێنیان دەکرد، په‌چه‌ و ڕووبه‌ند و چارشێو نەبوو. ژن به‌رهه‌ڵبێنه‌یه‌کی به‌ خۆی هه‌ڵداوه‌سی و وه‌ک پیاوان ده‌هاتوو ده‌چوو و خه‌ریکی کاری ماڵ و مه‌ر و ماڵات دەبوو و زۆر له‌ پیاوی زیاتر هه‌ڵده‌سووڕا. ژن و پیاو هیچ فه‌رقیان نه‌بوو. ته‌واوی دێهاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ گه‌ڕابای بێجگه‌ له‌ چارشێوی پوورم که‌ له‌ مەهاباد ڕا فێرببو به‌سه‌ری داده‌دا چارشێوێکت نه‌ده‌دیت. خه‌لکی شاره‌کان، حه‌تمه‌ن هه‌موو له‌بییریانه‌ کاتێک کچ و ژن له‌ دێهاتی ڕا ده‌هاتن بۆ شار، بۆ په‌نیر و ماست و گیا و گۆڵ فرۆشتن، که‌س چارشێوی به‌ سه‌ره‌وه‌ نه‌بوو؟ کراسێکی سوور بوو و به‌رهه‌ڵبێنه‌یه‌ک‌، که‌وابوو چارشێو ئی شاره‌ و شاریش له‌ داگیرکه‌رانی کوردستانی وه‌رگرتوه‌ که‌ زووتر له‌ شار خزاون. کەس‌ له‌سه‌ر بێ چارشێویی و بێ حیجابی نەدەگیرا و زیندانی نەدەکرا، له‌ شه‌قام و کۆڵانان ئه‌سییدیان به‌ ده‌موو چاوی دانەدەکردن. له‌سه‌ر ماچێک ژنیان به‌رده‌باران نەدەکرد. هه‌ر ئێستاش ئه‌گه‌ر شاره‌کانی کوردستان له‌گه‌ڵ تاران و ته‌ورێز و ئیسفه‌هان و قوم و کاشان بە یەکه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنن ده‌بینن شاره‌کانی کوردستان له‌باری ئازادی بۆ ژنه‌وه‌ به‌ نیسبه‌ت شاره‌کانی تری ئێران و عێراق زۆر ئازادترن .کاتێک بییر له‌و کاتی ده‌که‌مه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئێستا هه‌ڵی ده‌سه‌نگێنم، بییر له ‌قه‌در و قوتبێک ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ پوورم وه‌ک ژن له‌ نێو خه‌ڵک داهه‌یبوو، بییر له‌ تایفه‌کانی مه‌نگوڕان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ پێنجیان به‌ ناوی ژنه‌وه‌ بووه‌،‌ تایفه‌ی زێڕنێ،‌ تایفه‌ی شه‌مێ، تایفه‌ی ئامانێ،‌ تایفەی زێنێ،تایفه‌ی مرۆتێ‌، و‌ تاقە یەکیان بەناوی پیاو بوو، تایفەی خدری، کاتێک دەبیندرا له‌ بنه‌ماڵه‌دا رۆڵی بنه‌ڕه‌تی به ده‌ست ‌ژنه‌وه‌ بووه و‌ کچ و ژن به‌ئازادی و بێ قه‌ید و به‌ند هات و چۆی دەکرد و له‌گه‌ڵ پیاو بێ جیاوازی هه‌ڵدەستا و دادەنیشت‌ و ته‌نانه‌ت له‌ زۆر باره‌وه‌ له‌ پیاویش ئازادتر بوه‌، ،ئاخ ده‌مکووژێ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان له‌و باره‌‌شه‌وه‌ چ زه‌برێکیان له‌م نه‌ته‌وه‌ لێقه‌و‌ماوه‌ی ئێمه‌ داوه.‌ توند و تیژی له‌ نێو کورد دا، دیارده‌یه‌کی تازه‌ و نامۆیه‌ و له‌ فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ دا نه‌بووه‌‌. توند و تیژی له‌گه‌ڵ ژن، ئاسه‌واری دواکه‌وتوانه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ که‌ به‌ر له‌ ١٤٠٠ ساڵ کاتێک کچیان ده‌بوو زینده‌ به‌چاڵیان ده‌کرد. کورد قه‌ت شتی وای نه‌کردوه‌. ژن له‌ کورده‌واریدا زۆر جێگای ڕێز و ئیحتیرام بوه‌ و ئه‌و قه‌در و خۆشه‌ویستییەی دایک هه‌یبوه‌، ژن و خوشک و کچیش هه‌ر بوویانه‌.

درێژەی هەیە