(ئەو شتانەی من دەیاننووسم بیرەوەری نیو سەدە پێشترن بە دڵنیایەوە زۆر شتم لەوانەیە لەبیر چووبێتەوە تکا و داوام لە هەموو ئێوەی ئازیز ئەوەیە ئەگەر هەڵەیەکتان وەبەر چاوی کەوت بۆم بنووسن چونکە بەتەمام پاشان لە پێشەکی دیوانی شێعرەکانم دا چاپیان بکەم. زۆر سپاس)
جارێ بەرلە هەموو شتێک با گللەییەک لە خۆم و باب و باپیرانم بکەم کە لە سەدەی ڕابردوو دا کە بە سەدەی ڕزگاری نەتەوە ژێردەستەکانی جیهان ناودێر کرابوو و زۆربەی هەرەزۆری نەتەوەکانی جیهان توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، ئێمە نەمانتوانی ئەو کارەی بکەین. ئەگەر ئەوان و ئێمە بڕیک وردتر ڕووداوەکانی دەورانی خۆمان لێکداباوە و هیندێک سوورتر بووباین لەسەر ویست و مافەکانی خۆمان، ئێستا بە شانازییەوە بە نەوەی پاش خۆمان دەگوت: فەرموون ئەوە کوردستانێکی ئازاد و ڕزگار و پێشکەوتوو و ئێوەش بە ئاسوودەیی تێیدا بژین و بیپارێزن. بەڵام بەداخەوە نە باب و باپیرانی ئێمە و نە بەرەی ئێمە ئەوەمان نەکرد و هیوادارم جیلی تازە کە بە خۆشییەوە خوێندەواری زۆریان تێدا هەڵکەوتووە، نەهێڵن بکەونە نێو ئەم بازنە داخراوەی ئێمە و باب و باپیرانمان تێیکەوتبووین.
ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێمە ساغ نەبووین لەسەر ویستەکانمان و نەماندەزانی چیمان دەوێ. من لە بیرەوەرییەکانم دا حەول دەدەم بە وردی و لە قالبی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی خۆم دا، وەک تاکێکی کورد لە نێو گەلێکی زۆرلێکراو دا، قامک لە سەر خاڵە لاوازەکانی ژیانی خۆم دابنێم. من دڵنیام کە ژیانی من و زۆربەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ئەگەر بە قەڵەمێکی توانا بنووسرێنەوە، ڕۆمانی گەورە و سەرکەوتوویان لێ بەرهەم دێت چونکە هیچکام لە ئێمە ژیانێکی ئاساییمان نەبووە کە وەک خەڵکانی وڵاتانی دیکە بە ئارامی لەدایک بین، کایە بکەین، گەورە بین، بچینە مەدەرەسە، دەرس بخوێنین، ژیانی هاوسەریی پێک بێنین، لەگەڵ بنەماڵە و کەسووکار و دۆست و هاوڕێکانمان، لە شار و زێد و وڵاتی خۆمان دا ژیانێکی ئارامی شیاوی مرۆڤایەتییمان هەبێ. ئێمە ڕاهاتووین بە چەرمەسەریی و دەربەدەریی و دەردەسەریی. بۆ گیران و زیندان و ئاوارەیی، هیوادارم بتوانم ئەوەی لە دڵم دا بیهێنمە سەر کاغەز.




بابم ناوی هاشم بوو کوڕی میرزا ساڵح. میرزا ساڵح تاجرێکی دەوڵەمەندی، دەستڕۆیشتووی، سەخی و خۆشناوی کوردی خەڵکی مەهاباد بووە و لەگەڵ دوو برای خۆی بە ناوەکانی میرزا حەسەن و حاجی مستەفا ( بابە حاجی) بەر لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، تەورێز، هەمەدان، نەغەدە و باکۆ حوجرەی تیجاڕەتیان هەبووە و بازرگانییان کردووە. ڕۆڵی سەرەکی ئەم مەعامەلاتە بەدەست میرزا ساڵحی باپیرم بووە و دوای مەرگی ئەو کە زۆر زوو و لە تەمەنی چل ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، کار و کاسبی و تیجاڕەتەکەیان لەبەر یەک هەڵوەشاوە. وەکی دەگێڕنەوە میرزا ساڵح زۆر یارمەتی برا و خزم و کەسووکاری خۆی داوە، دایمەزراندوون، کاری داونێ و تەنانەت بەشێکیشی بەخێو کردوون. لە ماڵێ نۆکەر و مەیتەر و کاردار و وڵاغ و حەیوانیان هەبووە. من خۆم وەبیرم دێت کە دەربەندی ماڵی نانەوای دەروازەیەکی گەورەی تێدا بوو و وەک دەروازەی قەیسەری مەهاباد کاتێک دادەخرا دەبوو بە کونێکی چووکەدا هاتووچۆ کرابا. لەم دەربەندە میوانداری لە پیاوی گەورە و ناوداری وەک شێخ عوبەیدیللای شەمزینی و هەمزاغای مەنگوڕ کراوە. بۆ ئەوەی دیمەنێکی مێژوویی بێنینە بەر چاوی خۆمان و بزانین ئێمە لە کوێی ئەم دیمەنە داین، دەمەوێ باسێکی کورتی سەردەمی باپیرم بکەم کە ئەو لە چ دەورانێک دا ژیاوە. باپیرم لە سەرووبەندی شەڕی یەکەمی جیهانی دا واتە ١٩١٤ کە ڕووداوی زۆر گەورە لە جیهان و کوردستان دا قەوماوە، پیاوێکی بیست و چەند ساڵە بووە. ڕووداوی وەک ژێنۆسایدی پتر لە یەک میلیۆن و نیو نەفەر هەرمەنی بەدەست عوسمانییەکان، هاتنی هێزەکانی عوسمانی بۆ مەهاباد، سەرهەڵدانی سمایل ئاغای سمکۆ، ڕاپەڕینی سەید تەهای گەیلانی، ئێعدامی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و……ئەوانە بووە، کەوابێ دەبێ حەوت هەشت ساڵێک دوای سەرهەڵدانی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی و هەمزئاغای مەنگوڕ، یانی لە دواساڵەکانی ١٨٩٠ لە دایک بووبێت. بابم ساڵی شەڕی مەلا خەلیلی واتە ساڵی ١٩٢٩ی میلادی لە دایک بووە (من بۆ ئەوەی سەر لە خوێنەر نەشێوێنم ساڵەکان هوموو بە میلادی دەنووسم و هەرکەس پێی خۆشە ساڵەکەی بە هەتاوی بزانێ ٦٢١ ساڵی لێ کەم بکاتەوە دەبێتە هەتاوی بۆ وێنە ١٩٢٩ میلادی دەبێتە ١٣٠٨ی هەتاوی). لەو ساڵە دا جووڵانەوەیەک لە دژی سیاسەتی بەتۆپزی گۆڕینی لیباسی کوردی لەلایەن ڕەزا شای پەهلەوێوە بەڕێوە چووە، کە بە ساڵی شەڕی مەلا خەلیلی بەناوبانگە و جووڵانەوەکە دژ بە قەدەغە کردنی جل و بەرگی کوردی بووە و باپیرم ئەو ساڵەی لەسەر بەرگ و لیباسی کوردی کە ئامادە نەبووە بە زۆری بیگۆڕێ گیراوە و زیندانی کراوە. میرزا ساڵحی باپیرم کاتێک لە تەمەنی چل و چەند ساڵی دا فەوتی کردووە ٥ منداڵی هەبووە. منداڵی هەرە چووکەیان یەک ساڵە بووە بە ناوی ئاسکۆڵ،( دایکی سەید محەمەد، قادر، عەبدوللا، عەلی، جەعفەر، جەمیلە و نەسرینی سەمەدی کە ئێستا هەر کام لە ئەوان کەسایەتییکی ئەدەبی و هونەری و کۆمەڵایەتی ناوداری کوردی خەڵکی مەهابادن) منداڵی هەرە گەورەشی ناوی خانمۆڵ و ١١ ساڵانە بووە( پوورە خانمۆڵم زۆر بە جحێڵی مێردی بە عەبدولرەحمانی ئیمامی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژی کاف کردووە. پوورم یەکێک لەو چەند ژنە خوێندەوارەی دەورانی کۆماری کوردستان بوو کە ئەو کاتە هەڵسووڕی بواری ژنان بووە و لە کۆبوونەوەی یایان دا وتاری خوێندۆتەوە و نوتقەکەی لە ڕۆژنامەی کوردستانی دەورانی کۆمار دا چاپ کراوە). کاتێک باپیرم فەوتی کردووە ئیتر منداڵەکانی نازیان شێواوە و تووشی کار و کاسبی و خۆبەخێوکردن بوون و نەنکیشم مێردی کردۆتەوە بە کاکە وەهاب ی کوڕی حاجی مستەفای برای باپیرم( مامی عەلی نانەوازادەی شاعیر و نووسەری خزمی خۆمان). مامە متەلیبم هەر لەو ساڵانەدا بەمنداڵی بەهۆی نەخۆشی فەوتی کردووە. مامە عەزیزم لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا چۆتە لای پێشەوا قازی محەمەد و داوای کاری لێکردووە و ئەویش کە باپیرمی ناسیوە و ڕێز و حوڕمەتێکی زۆری بۆی هەبووە، هەم ماممی دامەزراندووە لە چاپخانەی کوردستان، هەم بابمی کە ئەو کاتە ١٧ ساڵە بووە، لەگەڵ سەت لاوی دیکەی کورد ناردووە بۆ باکۆی ئازەربایجانی شووڕەوی بۆ خوێندن. بابم لە ماوەیەکی کەم دا هەتا ڕووخانی کۆماری کوردستان جگە لە فێربوونی کاری نیزامی و ئەفسەریی، خۆی فێری ددانسازی و کاریکاتۆر کێشانەوەش کردبوو. کۆماری کوردستان بەداخەوە تەمەنی یازدە مانگ بوو و کاتێک ڕووخا، بەشێکی زۆری ئەم لاوانەی ناردرابوونە باکۆ، گەڕانەوە کوردستان و بەشێکیش لەوێ مانەوە و درێژەیان بە ژیان و خوێندن دا. بابم لەوانەبوو کە گەڕابۆوە مەهاباد، بەڵام لەترسی گیران و بە مەبەستی خۆ شاردنەوە ڕووی لە دێهاتی نێو مەنگور و گەورکان کردووە و قەدەرێک لە ماڵە شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە خۆی حەشار داوە و کە وەزعەکە ئارام بۆتەوە گەڕاوەتەوە مەهاباد و ویستوویەتی بەپەلە ژن بێنێ و ببێتە خاوەن منداڵ هەتا بەسەرباز نەگیرێ. بۆیە سەرەتا ناردوویەتە سەر کچێک کە خۆشی ویستووە، بەڵام چونکە بێکار و بێ پووڵ بووە کچەکەیان نەنداوەتێ و ئیتر دایکی منی هێناوە و دەستی کردووە بە منداڵ سازکردن.
درێژەی هەیە