بەشی ٧

You are currently viewing بەشی ٧
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:1 mins read

کاتێک چووم بۆ سنە، سەرەتا لە تەک دوو هاوڕێی خۆشەیستی سابڵاغیم سەلاحی مەدەنی و رەزا سیراجی کە لە خەیابانی سیرووسی سنە لە خوارەوەی بازار لە نێزیک پردی بان کارێزی مووساییان دەژیان بوومە هاوماڵ. ڕەزا زۆر زوو خوێندنەکەی تەواو بوو و من و سلاح ماینەوە و پاش قەدەرێکی وەتاغێکمان دیتەوە لە ئەسڵ چوار لە نێزیک پادگانی سنە و بووینە کڕێگرتەی کا ساڵە. ئێواران کە لە پادگان ڕا دەهاتمەوە ماڵ، لیباسی کوردیم دە بەر دەکرد و جامەدانەم دە سەر دەنا و دەچوومە ڕاوەکوردی باش. ئەودەم ڕاستێیکەی جلی کوردی لە سنەی زۆر باو نەبوو و ئەوەی دەبەری دابا وەک گوندی و دێهاتی و دەمەقۆپان لەپێ سەیر دەکرا. بەڵام من دەبەرم دەکرد کە کوڕە کوردە باشەکانی سنەی پێ بدۆزمەوە و بیانکەم بە هاوڕێ و ڕەفیقی خۆم و لەم کارەشم دا سەرکەوتوو بووم. یەکەم هاوڕێی سنەییم، کۆچکردوو کاک نەبی زەندی بوو کە هەتا خودا حەز بکا کوڕی چاک و کورد و نیشتمانپەروەر بوو. نەبی لە کاتی شۆڕشی ئەیلوول دا بە قاچاخی چووبوو بۆ باشووری کوردستان و لەوێ پێشمەرگایەتی کردبوو و پاش شکستەکە گەڕابۆوە سنە و بە سەرباز گیرابوو و لە پادگان یەکترمان ناسی و بوینە هاوڕێ. نەبی زۆربەی کوڕە خاسەکانی سنەی دەناسی و وردەوردە منی بە زۆربەیان ناساند. ئا ساڵەی خاوەن ماڵەکەی من، دووکانێکی بەقاڵی چکۆلەی لە بەر دەرگای ماڵەکەی هەبوو و خۆی و ژنەکەی و کچەکەی کاریان تێ دا دەکرد. وەتاغەکەی من هەر سواغ بوو و سپی نەکرابۆوە و پشتی بە تەپکەیەکەوە بوو و وابزانم ئەم تەپۆڵکە شارە دووپشک بوو و ئەو دووپشکانەی کە لەوێ پێیان دەگوت دمارەکۆڵ و لە وەتاغەکەی من دا بوون، هێندە زەلام و گەورە بوون دەبوو ببرێنە باغی وەحش بۆ تەماشای خەڵک. من لە وەتاغەکەی خۆمدا ویستبووم دێکۆڕێکی کوردانە ساز بکەم و لە لغاو و بەرسینگ و زین و ڕەشمەی ئەسپەوە بگرە هەتا تاوڵەمەو و تەلیس و قەرتاڵە و بەرماڵ و جاجم، هەمووم بە دار و دیوارەکەی هەڵاوەسیبوو و یەک دوودانە بڵیندگۆم لە ژێر تەلیس و قەرتاڵەکان دا شاردبۆوە و دەنگی مامۆستا تاهیر تۆفیق، ساڵح دیلان، محمەد عارف جەزراوی، عەلی مەردان، حەسەن زیرەک، ماملێ و شارۆخ هەمیشە هەر دەهات و ئەو ماڵەمان کردبووە قۆمرغانە و ماڵی شێعر و گۆرانی و بەناو کوردایەتی.

ناسر تازە یەکەم کاسێتی بڵاو ببۆوە و لە سنە دا دەنگی دابووە، چونکە هەم دەنگێکی کوردانەی ڕەسەن و خۆشی هەبوو. هەم شێعری چاکی هەڵبژاردبوو، هەم مووزیکەکەی تازە بوو و تا ئەو کاتە پیانۆ و کیبورد و درام لە مووزیکی کوردی دا بەکار نەهێنرابوو، نەبی ناسری دەناسی و هاوڕێی بوو و ڕۆژێک لە خەیابانی سیرووسی سنە، لە ناو قەرەباڵغی بازار و گاراژ و هەرا و گرمە دا، کوڕێکی پانتۆڵ لەبەریی، ڕەشتاڵەی خاڵکووبی کراوی گرت و کوتی ئەوە “ناسر”ە. ناسر جگە لە دەنگخۆشی، کوڕێکی چاک و لەسەر دڵان، کورد پەروەر، قسەخۆش و جەفەنگ باز، خاکی و بێ دەعێش بوو و ئەزقەزا لە گەڕەکی ئەسڵ چوار، جیران ماڵیش بووین. ناسر لە ماڵێ دا ١١ کەس بوون، دایک و باوک و چوار برا و پێنج خوشک و مامی ناسریش کە سڵامەتێکەی زۆر باش نەبوو هەر لەگەڵ ئەوان دەژیا. ناسر کە هات و ماڵەکەی ئێمەی بینی و حەزی منی سەبارەت بە شێعر و گۆرانی و کوردایەتیی بینی ئیتر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە بووین بە هاوڕێی نیزیک و بۆ دووهەم کاسێتی ناسر کە لە کاخی جەوانانی سنە پڕی کردەوە ( ئای چەندەم خۆش دەوێی) منیشی لەگەڵ بووم و هەموو ئۆرکێسترەکەی دوو کەس بوون، فەروخی ڕەیاحی و بێهزادی هومایوونڕووز کە بە پیانۆ و کیبورد و درام شریتەکەیان بۆ تۆمار کرد. هەر ئەو ڕۆژە کاک نەجمەی غوڵامیشم ناسی کە خەریکی پڕ کردنەوەی یەکەم کاسێتی بوو و لە کاسێتەکەی کاک نەجمە دا هیندێک جێگا بەتاڵ مابۆوە و من شێعرە بەناوبانگەکەی ‘فاتمە’ی ئەحمەد هەردیم تێدا خوێندەوە. کاک نەجمە داوای شێعری گۆرانی دەسماڵێ دەسماڵێی کاک محەمەدی ماملێی کرد کە بۆم نووسییەوە و هەر لەم یەکەم کاسێتەدا گوتی. ئەوە سەرەتای ئاشنایەتی من و کاک نەجمەش بوو کە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە.

دووهەم کاسێتی ناسر سنووری شارەکەی خۆی و تەنانەت سنوورە دەسکردکەی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتیشی بەزاند و من کە ناسرم هێنا بۆ مەهاباد و لە ماڵە شەهید سولەیمانی بلووری کۆبووینەوە، بۆ سبەینەکەی ڕا ئیتر پۆلێک هاوڕیی تازە و ئەهلی ئەدەب و هونەر هاتنە نێو ژیانی ناسر و بەردەوام بوون لە دۆستایەتیی و کاری هونەری، لەوانە کاک کەریمی دانشیار، نەمر مەحەمەدی ماملێ و کاک کەریمی چیڕە کە شریت فرۆشی هەبوو و زۆر کوڕێکی لەسەر دڵانە تاکوو ئێستاش.

کاک نەبی زەندی نەققاشێکی باش بوو و هاتوو چۆی ماڵی ئەوانم دەکرد لە سنە و دایک و بابێکی پیر و خوشکێک و دوو برای لە خۆی چووکتری هەبوو و زۆر ئارام و فەقیرانە دەژیان. نەبی جگە لە نەققاشی پەیکەرتاشیشی دەکرد و لەم بوارەش دا دەستێکی هونەرمەندانەی هەبوو و فرە کارجوان بوو.

من لە منداڵێوە زۆرم حەز لە نەققاشی بوو و زۆر تابڵۆی نەققاشی جوان جوانم کێشابۆونەوە و لە دەورانی خوێندنی ناوەندی دا لە مەهاباد، چوار ساڵان لە کێبڕکێی نەققاشی دا بەشداریم کردبوو و سێ ساڵان هەڵبژێردابووم وەک براوە و چووبوومە ورمێ و ساڵی ئاخر زوڵمیان لێ کردم و ئیتر وازم هێنا لە نەققاشی کێشانەوە هەتا هاتمە سوێد.

ئەو کاتەی من لە سنە بووم و میوانی هاوڕێکی سنەیی دەبووم هەموو بنەماڵەکە بە دایک و باوک و خوشک و براوە لەگەڵ میوانەکەیان وێکڕا لەسەر سفرەیەک دادەنیشتن کە لە مەهاباد وا نەبوو. من لە مەهاباد ئەگەر میوانمان دەهات خۆم لەگەڵ میوانەکەم دادەنیشتم و ئیتر دایک و باب و خوشکەکانم نەدەهاتنە سەر سفرەی میوانەکانم. لە سنە وا نەبوو هەموو وێکڕا دادەنیشتین و لەسەر سفرەیەک نانمان دەخوارد و لەم بارەوە زۆر لە مەهاباد کراوەتر بوون.

من لە سنە لەوزەم عەمەل کرد، پێنج شەش ڕۆژان لە ماڵە کاک عەلای بەهرامی کەوتم و هەتا چاک بوومەوە وەک کوڕی خۆیان ئاگایان لێم بوو و هەموو ڕۆژێ بەستەنی و خواردنی ساردیان بۆ ئامادە دەکردم هەتا گەرووم چاک بۆوە.

لە سنە بەڕاستی هەستم بە غەریبی نەدەکرد و وەک شاری خۆم لەگەڵ خەڵکەکەی ڕاهاتبووم و لە شایی و زەماوەند و پرسە و سەرەخۆشییەکانیان دا بەشداریم دەکرد و ئارەزوومە جارێکی دیکەش بە ئازادی بگەڕیمە سنە و سەر ئاوییەر.

ئەو کوڕە باشانەی من لە سنە لەگەڵیان ئاشنا بووم زۆربەیان نەماون و بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێعدام کراون. بۆ وێنە براکانی نەبی کە ناویان سەدیق و ئەشڕەف بوو و هەردووکیان بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دران و شەهید کران. دایک و باوک و خۆشکەکەی نەبی لە تاو ئەو دووکوڕە جوان و نازدارە دڵیان تۆقی و تێدا چوون. نەبی خۆی پاشان بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە و بەداخەوە دەستی ڕاستەی لە تەقینەوەیەک دا لەدەست دابوو و لە سوێد دەژیا بەڵام بەداخێکی گرانەوە، ٥ ساڵ لەمەوبەر لە ٣٠ی دێسامبری ٢٠١٥، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا، ئەویش لە شاری ستۆکهۆڵمی سوێد، ماڵئاوایی لە ژیانی پڕ لە شانازی خۆی کرد و دنیایەک خەم و پەژارەی بۆ هاوڕێی و دوست و ژن و منداڵەکانی و ئێمە جێهێشت. کاتێک نەبی فەوتی کرد جگە لە شەمسی خانمی خێزانی و منداڵەکانی مێدیا و مانا و ئارێز دوو خوشکەزای لە سنە هەبوو ئیتر لە سنە هیچ خزم و کەسی نەمابوو کە سەرەخۆشییان لێبکەم بۆیە من سەرخۆشیم لە هەموو شاری سنە و هەموو خەڵکی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد.

یادی ئەو ڕۆلە پاک و نیشتمانپەروەرانە هەر بەرز و بەڕێز بێت

درێژەی هەیە