بەشی ٢٠

You are currently viewing بەشی ٢٠
  • Post category:بیرەوەری
  • Reading time:5 mins read

لەو کاتەوە کە مرێمی هاوژینم مارە کرد هەتا گوێستنەوە و زەماوەندەکەمان دەوری مانگێکی خایاند. لەم ماوەدا هەموو ڕۆژێ بەیانەو نێوەڕۆ مرێمم دەبردەوە مەدرەسە و دەمگەیاندەوە ماڵ. مرێم دوو هاوڕێی کچی هەبوو “ئامین” و “ئەفسەر” کە جیرانە ماڵ بوون و ئەوانیشم جار جارە سوار دەکرد و دەمگەیاندنەوە. ڕۆژێک مرێم باسی “ئامین”ی بۆ کردم و گوتی: ئامین کوڕێکی زۆر خۆش دەوێ کە ناوی “قاسم” ە و گوتی کاتێک بە بەر ماڵە “قاسم” دا تێدەپەڕین هەر خۆی بە قوربان و سەدەقەی دار و بەرد و دیوار و دەرگا و پەنجەرە و خاکی بەر دەم کووچەکەیان دەکا.

قاسم هاوڕێ و هاوپۆلی من بوو و ئەوکاتە ئەویش پێشمەرگە بوو. لە نێو کوردەواریدا بەداخەوە ڕەسم نییە کە کچ بە کوڕ بڵێ خۆشمدەوێی. بەڵام هەستی خۆشەویستیی و تینی ئەوینی دڵی ئامین هێندە گەورە و بە سۆز بوو کە ئاخری خۆی پێ ڕانەگیرابوو و بڕیاری دابوو ئەم دابە بشکینێ و هەستی خۆشەویستی و ئەوینی خۆی بە قاسم ڕابگەیەنێ و سفرەی دڵی خۆی بۆ بکاتەوە و پێی بڵێ کە، خۆشم دەوێی.

من و قاسم هاوڕێیەکی زۆر خۆشەویستمان هەبوو بە ناوی سولەیمانی رەحیمی کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو و بەداخەوە لە شەڕی نگریسی براکوژی نێوان حیزب و کۆمەڵە دا شەهید بوو.

سولەیمان جیرانی ماڵە ئامین بوو و ڕۆژێک ئامین بە سولەیمان دەڵێ: کاک سولەیمان گیان دەتوانم داوایەکت لێ بکەم؟ ئەویش دەڵێ: فەرموو ئامین خانم،

ئامین دەڵێ، من هاوڕێیەکی تۆم زۆر خۆش دەوێ، دەمەوێ کارێک بکەی یەکتر ببینین.

ئەویش ناوەکەی دەپرسێ و کە دەزانێ قاسمی هاوڕێی خۆیەتی دەڵێ بەچاوان. لەگەڵ قاسم قسان دەکا و قەراری لەگەڵ دادەنێ کە بچێتە ماڵە سولەیمان و لەوێ ئامین ببینێ.

قاسم هەتا بڵێی کوڕێکی ئارام، لەسەرخۆ، مەرد و ڕەند و مەند بوو و هەیە. کاتێک قاسم چاوی بە ئامین دەکەوێ و ئەو هەستە پاک و پڕ لە ئەوین و خۆشەویستییە لە دیمەنی جوانی ئەودا دەبینێ، وەڵامی هەستی خۆشەویستیی ئامین بە خۆشەویستی دەداتەوە و پێی دەڵێ: تۆ کچێکی وا جوان و خوێنشیرن و خانوومان جا چ لەوەی باشتر. منیش قەولت پێ دەدەم لە یەکەم هەل دا کە هەڵبکەوێ، کەس بنێرم بۆ خوازبێنیت و ئیشاڵڵا بە تەقەی دەهۆڵ و زوڕنا شایی و زەماوەند دەکەین و بەیەک دەگەین.

بەڵام خۆ خۆت هەلوومەرجەکەی ئێستامان چاک دبینی.

دەبینی کە هەر ئان لەوانەیە شەڕ دەستپێبکاتەوە و ڕێژیم پەلاماری شارەکەمان بداتەوە.

دەبینی کە چارەنووسمان نادیارە و ئاسۆشمان زۆر روون نییە.

دەبێ هیندێک چاوەڕێ بین و بزانین چ دەقەومێ

ئامین پێی دەڵێ: قاسم گیان من تۆم خۆش دەوێ و بە هەموو جۆرێک ئامادەم لەگەڵت بژیم.

‌من به هه‌موو شتێکی تۆ رازیم و شه‌ڕت بێ تا ئاخری عومرم بێ‌وه‌فاییت پێ نه‌که‌م. ‌من چم له تۆ ناوی، من هه‌ر ‌تۆم خۆش ده‌وێ و ‌تۆم ده‌وێ و هیچی دیکە. بۆ هه‌رکوێ بچی له گه‌ڵت دەبم، بۆ هه‌ر چی بتهه‌وێ یارمه‌تیت ده‌که‌م و دڵنیابە قه‌ت گڕی بلێسه‌ی خۆشه‌ویستی تۆ له دڵی من دا خامۆش نابێ.

قاسم به ته‌واوی هه‌ست به گه‌وره‌یی و پاکی رووحی ئامین ده‌کا. بۆی ده‌ردەکه‌وێ کە ئامین هه‌موو وجودی خۆشه‌ویستییە. به عیشق و خۆشه‌ویستی ئامین ئیمان دێنێ، به‌ڵام قاسم هەلوومەرجی کوردستان زۆر ناجوور و ئاڵۆز دەبینێ و وەک من خۆ بەدەریا دانادا و ئامین لە چاوەڕوانی دا دەهێڵێتەوە. قاسم دەیگوت کاتێک ئەو قسانەم لەگەڵ ئامین کرد، ره‌نگی به ته‌واوی گۆڕا و قسه‌ی بۆ نه‌‌کرا و قسەکانم وه‌ک نوکی خه‌نجه‌ر، له جه‌رگی ڕۆ‌چوون و ئه‌نجن ئه‌نجنی ‌کرد. چاوه‌کانی پڕ ببوون لە فرمێسک و به بێ ده‌نگی ده‌یه‌ویست من تێیبگه‌یه‌نێ که بڕیاری ئاوا نه‌دەم. بەڵام من ترسم لە چارەنووسێکی نادیار بوو و نەمتوانی بڕیارێکی دیکە بدەم.

من تا ئێرە ئاگام لەو عیشقە بوو و ئیتر ئاگام لێیان بڕا و پاشی ساڵ و نیوێک لە شیوەجۆ کاتێک لە ڕادیۆی حیزب کارم دەکرد قاسمم دیتەوە کە بۆ کارێکی حیزبی هاتبووە دەفتەری سیاسی حیزب. ئێمە وەتاغێکی چکۆلەی خشپیلانەمان هەبوو و قاسم هات بۆ لامان و داستان و بەسەرهاتی ئامینی بۆ گێڕاینەوە کە دەیزانی ئامین هاوڕێی نێزیکی مرێمی هاوژینی من بوو.

قاسم بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەسەرهاتەکەی بۆ دەگێڕاینەوە.

گوتی پاش ئەوەی یەکترمان دیت و قەول و قەرارمان دانا منیش بەتەواوی هەستم بە عەشقێکی پاک و بێ گەردی لە چەشنی ئامین کرد و هەمیشە هۆش و خەیاڵم لای ئەو بوو و بیرەم لەوە دەکردەوە کە چۆن و کەی بنێرمە خوازبێنی و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ دەستپێبکەم. لەو بیرانە دابووم کە سوپای داگیرکەری ئێران درندانەتر لە جاران پەلاماری هێناوە بۆ شار و مەهابادی گرتەوە و ئێمەی پەڕیوەی گوندەکانی دەورووبەری شاری مەهاباد کرد. قەدەرێک بوو خەریکی کار و چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتی بووم کە نامەیەکم بەدەست گەیشت.

کە کردمەوە نامەی ئەفسەر بوو، باسی شەهید بوونی ئامین و وەسییەتی ئامینی کردبوو و وێنەیەکی ئامینی بۆ ناردبووم و لە پشتی وێنەکەش نووسیبووی پێشکه‌ش به ئاشنای بێ وه‌فا.

نامەکەم چەند جار خوێندەوە. غه‌مێکی گران هەموو وجوودی داگرتم. دنیا لەبەر چاوم وەک شەوی تار و ئه‌نگوسته‌چاوی لێهاتبوو. ده‌تگوت هه‌موو دنیا به سه‌رم دا ڕووخاوە. هەستم بە خنکان دەکرد. هه‌ناسه‌م بۆ هه‌ڵنەدەکێشرا. گوێم هەرلە لوورەلووری سەگان دەبوو. هەتا چه‌ند رۆژان هەر وڕ و کاس و گێژ بووم. خه‌مێکی گران هەموو له‌شی داگرتبووم. جارجارە لە خۆم بێزار دەبووم که بەرم به‌و ئه‌وین و خۆشه‌وێستی‌یه پاک و بێگه‌رده‌ گرتبوو و خۆم به خه‌تابار ده‌زانی و نەفره‌تم له خۆم ده‌کرد. جارجارەش دڵنه‌وایی خۆم ده‌داوه و له به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت لەم هەلوومەرجە نالەبارەی کوردستان دا، بەو هەمووە شه‌ڕ و ماڵ وێرانییە. بۆ که‌سێکی وەک من که له شاخم و و هه‌ر رۆژەێ له مه‌قه‌ڕێک و له شوێنێک و ڕۆژێ سه‌دان شه‌ڕ و پێکدادانی خوێناوی دەبینم کوا ئیمکانی زه‌مـاوه‌ندم هه‌یە؟

پاشی دەڕۆژ شەڕی دەروونی خۆم بڕیارم دا بچمە لای ئەفسەر خانم کە لە گوندێک مامۆستای مەدرەسەی منداڵان بوو.

سواری مینیبووسیێکی پڕ لە خەڵک بووم لە ڕێگای قەمتەرێ و لەسەر تا گەنمێک دانیشتم ئەگەر سەرم هەڵینا ئەفسەر خانم لەسەر سەندەلێکەی پەنا من دانیشتبوو و چۆکمان بە یەکەوە نووسابوو. سڵاوم لێ کرد زۆر بە ساردی وەڵامی دامەوە کوتی: نامەکەی منت پێ گەیشت گوتم بەڵێ.

ئه‌فسه‌ر گوتی: ده‌مزانی.

گوتم: چۆنت ده‌زانی؟

ئیتر دەستیپێکرد و

گوتی: کاتێک شەڕ دەستیپێکردەوە و ئێوە چوونە شاخی، شەوانە کە دەهاتنەوە نێو شاری بۆ عەمەلیات، ئامینیش دەهاتە دەر و یارمەتی پێشمەرگە بریندارەکانی دەکرد و بەشی هەرە زۆریشی بۆ ئەوەی بوو کە لەوانەیە تۆشیان لەگەڵ بی و بتبینێ. هه‌روه‌ک به کورتی له نامه‌که‌دا نوسیبووم، دومانگ به‌ر له‌وه‌ی شه‌ڕی سێ ئاشان روو بدا، رۆژێک پێکه‌وه له به‌ر ده‌رگا‌ی ماڵێ دانیشتبووین، ڕووی له من کرد و گوتی: ئه‌فسه‌ر!

گوتم: ده‌ڵێی چی؟

گوتی :ده‌توانی شتێکم به قسه بکه‌ی؟

حاڵه‌ته‌که‌ی جۆرێک بوو. ڕووم تێکرد و گوتم: چت به قسه بکه‌م؟

گوتی: وه‌سیه‌تێ ده‌که‌م.

من تووڕه بووم و گوتم وه‌سیه‌تی چی؟ ‌تۆ ده‌زانی ده‌ڵێی چی؟

ئامین گوتی: تۆ خودا ئه‌فسه‌ر قه‌ولم پێ‌بده.

گوتم: قه‌ولی چیت پێ‌بده‌م، وه‌سیه‌تی چی؟

ئامین گوتی ده‌زانم ده‌مرم، به‌ڵام قه‌ولم پێ‌بده ئه‌گه‌ر مردم راسپاردەیەکم هەیە بە قاسمی ڕابگەیەنە!

گوتم: کچێ مردنی چی و وه‌سیه‌تی چی؟ ‌تۆ ده‌زانی ده‌ڵێی چی؟ ئەوە تێکچووی؟ خۆ ئه‌و کوڕه جارێکیش لە تۆی ‌نەپرسیوە.

گوتی: تۆ خودا ئه‌فسه‌ر قه‌ولم پێ بده.

ئیتر وردەوردە خەریک بوو توڕڕه بم، هه‌ستام بڕۆم. پەشیمان بوومەوە و دانیشتمەوە و گوتم باشه بڵێ بزانم ده‌ڵێی چی؟

گوتی: ئەگەر مردم لە قاسمی ڕاسپێرە کە کاتێک کوردستان ئازاد بوو و هاتنەوە مەهاباد جارێک بێتە سەر قەبرەکەم.

ئەفسەر بە چاوی فرمێسکاوێوە

گوتی: ڕووداوێکی زۆر ناخۆش و له ڕاده‌به‌ده‌ر دڵته‌زێن بوو. نه‌مده‌ویست نامه‌ت بۆ بنووسم، به‌ڵام قەولم بە ئامین دابوو و پاش شەهید بوونی هه‌موو شه‌وێ ده‌هاته خه‌ونم و له کۆڵم نه‌ده‌بۆوه و ده‌یگوت تۆ خودا ئه‌فسه‌ر وه‌سیه‌ته‌که‌م به جێ‌بگه‌یه‌نه. ئه‌و ماوه‌یه که نیزیک به یه‌ک مانگه، هه‌موو شه‌وێ ‌خه‌ونم پێوه دیوه به‌ڵام ئه‌وکاته‌‌ی که نامه‌که به‌ده‌ستی تۆ گه‌یشت، ئێدێ نه‌هاته‌وه ده‌خه‌ونم.

بەوەی ڕا زانیبووم کە نامەکەمت بەدەست گەیشتووە.

ئه‌فسه‌ر هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و گوتی: ‌تۆ بۆ ئامین زۆر بێوه‌فا و خراپ بووی. ئامین زۆر شۆخ و جوان ‌بوو، خوازبێنی زۆری هەبوو. به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ‌تۆی خۆش ده‌ویست. زۆرجار داوای لێکردم که له گه‌ڵی بێمه ‌لات و ده‌یهه‌ویست قسه‌ت له گه‌ڵ بکا و بزانێ ده‌ڵێی چی و چی جواب ده‌ده‌یه‌وه. به‌ڵام کۆێرایم‌ گاتێ له گه‌ڵی نه‌هاتم و به قسه‌م نه‌کرد. نه‌مزانی ئاوای لێدێ و هه‌موو شت هه‌ر خراپ که‌وت و هه‌موو له گه‌ڵی خراپ بووین.

چاوه‌کانی ئه‌فسه‌ر پڕ ببوون له فرمێسک و به گۆناکانی‌دا دەهاتنه خوارێ و له‌گه‌ڵ هه‌نیسکان گوتی: ئه‌دی بۆ قه‌ت لێتنه‌پرسی؟

من سه‌رم به‌رداوه ‌و مات‌بووم. هیچم پێ نەگوترا و ئاخێکم هەڵکێشا و دەنگم نەکرد.

ئه‌فسه‌ر گوتی: ئاخر ئه‌و خۆ هیچی له ‌تۆ نه‌ده‌ویست و ئه‌و به هه‌موو شتێکی تۆ ڕازی بوو، ئه‌و هه‌ر ئه‌تۆی هه‌بایه به‌سی بوو.

ئه‌فسه‌ر بە چاوی فرمێسکاوێوە دیسان درێژه‌ی به قسان‌دا و گوتی: زۆری پێنه‌چوو پێشمه‌رگه‌ دیسان هاتنه‌وه‌ شاری بۆ عەمەلیات و ئامین چوو بۆ یارمەتی ئەوان، تەققەکە زۆر توند دەبێ و ئامین ناتوانێ شەوێ بگەڕێتە ماڵی، بۆ بەیانی ڕا کە دەچێتەوە ماڵی لە بەر دەرگای ماڵە خۆیان پاسدار تەققەی لێ دەکەن و ئامین بریندار دەبێ و دەکەوێتە سەر عەرز. دایکی ئامین بە گریان و هاوار و ڕۆڕۆ دێتە دەر و ئامینی بە برینداری دەبینێ کە هەموو گیانی خوێناوییە و لە باوەشی دەکا و ئامین لەو کاتەدا کە ئاخرین هەناسەکانی ژیانی هەڵدەکێشێ بە دایکی دەڵێ: دایەگیان بە ئەفسەری بڵێ وەسیەتەکەی منی لەبیر نەچێ! و گیانی دەردەچێ.

قاسم دەیگوت کە ئەفسەر ئەو داستانەی بۆ گێڕامەوە ئیتر خۆم بۆ ڕانەگیرا و بە مینیبووسەکەم گوت ڕایگرێ و دابەزیم و چووم لەسەر گردێکی بە دەنگی بەرز هاوارم دەکرد و دەگریام.

قاسم کە ئەو داستانەی بۆ دەگێڕاینەوە، هەنیسکی دەدا و من و مرێمیش فرمێسکمان بە چاواندا دەهاتە خوار.

من شاعیر نەبووم و ئێستاش خۆم بە شاعیر نازانم بەڵام داستان و بەسەرهاتی ئامین وای کار تێکردبووم کە دەمەویست قەڵەم هەڵگرم و ئەم تراژێدییە ئەویندارییە بکەمە داستانێکی هەتاهەتایی. هەر بۆیە حەولم دا لە توێی شێعرێکی مەسنووی دووروودرێژی ١٤٠ بەیتی دا بە ناوی مەهاباد، ئامین لە زەینی ڕێبوارانی ڕێگەی عەشق و ئازادی دا بکەمە ماندگار و جاویدانی.

کاتێک شێعری مەهاباد ئامادە بوو، دەساڵ لەمەوبەر، پێش ئەوەی بڵاوی بکەمەوە

داوام لە مرێمی هاوژینم کرد کە لە ڕێگەی خوشکەکانێوە لە مەهاباد وێنەیەکی ئامینم بۆ پەیدا بکا و لە گەڵ شێعرەکە بڵاوی بکەمەوە. مرێم داوای لە خوشکی کردبوو کە بچێتە ماڵە ئامین کە ئێستاش هەر جیرانە ماڵن، بۆ وەرگرتنی وێنەیەکی ئامین. کاتێک دەچێ و لە دەرگای ماڵە ئامین دەدا، خوشکی ئامین دەرگای لێ دەکاتەوە و کە خوشکی مرێم دەبینێ، بە سەر سووڕمانەوە پێی دەڵێ دوێنێ شەوێ ئامین هاتووە دە خەونی منەوە و گوتوویەتی ئەوەی مرێم داوای دەکا بۆی جێبەجێ بکە. ئیتر خوشکی مرێم ئەوەی بۆ مرێم گێڕابۆوە و مرێمیش بۆ منی گێڕاوە و وێنەی ئامین و ئەفسەریان بۆ ناردبووم بەڵام بابی ئامین ڕازی نەبوو کە بڵاوی بکەمەوە و منیش نەمکرد و ئێستاش نایکەم.

هیوادارم توانیبێتم داستانی ئامین کە لەناو شیعرەکەدا بە ئامە و ئەمین ناوم بردوون بەو جۆرەی کە هەبووە بگوێزمەوە بۆ ناو نەتەوە غەدر لێکراوەکەم،

درێژەی داستان دووشەمبەی داهاتوو

،،،،،،،،،،،،،،،،،،

“ئامه‌” کیژێکی ڕه‌زا سووک و چاک

مه‌ست و خولیای ئه‌وینێکی پاك

کچه‌ کوردێکی هه‌ژاری شه‌رمین

شێت و شه‌یدای کوڕێ ناوی”ئه‌مین”

کاتێ سفره‌ی دڵی لات کرباوه‌

دڵی وه‌ک به‌ردی له‌ تاو ده‌تواوه‌

دڵه‌ هه‌ر واز له‌ کچه‌ی ناهێنێ

‌تاکو جارێکی کوڕه‌ی ده‌دوێنێ

پێی ده‌ڵێ ده‌ردی دڵ و ڕازی دڵ

له‌ ئه‌وین و دڵ و ئازاری دڵ

کوڕه‌که‌ش بوو به‌ گرفتاری ئه‌م

که‌وته نێو داوی دڵ و باری خه‌م

دوو ئه‌ویندار سه‌ره‌تای دڵداری

ئاره‌قه‌ی شه‌رمی یه‌که‌م دیداری

ئێستێ هه‌ر ماوه‌ له‌ سه‌ر ڕوخساری

به‌ په‌لامارێ له‌ پڕ بۆ شاری

تۆپ و خۆمپاره ‌ده‌بن به‌ دیاری

کۆشکی ئاوات ده‌ڕمێن یه‌ک جاری

دوژمنی دڕ چ وڵات ناهێڵێ

کوڕ به‌ناچاری کچه‌ی جێدێڵێ

ده‌ستی داگیرکه‌ری زاڵم دیسان

کاره‌ساتێکی له شار هه‌ڵگیرسان

“ئامه‌” بێچاره‌ له‌ به‌ر ده‌رگایه‌

که‌وته‌ به‌ر گوللەیی “ساروڵڵایە”

به‌ برینداری له‌ سه‌ر گیاندانێ

دوا وته‌ی نارده‌ چیا و کوێستانێ

بۆ “ئه‌مین” خزمه‌تی ده‌زگیرانێ

پاشی سه‌ربه‌ستیی له‌ کوردستانێ

تاقه‌ جارێکی له‌ گۆڕستانێ

بێته‌ سه‌ر خاکی له بۆ سه‌ردانێ !

له‌ مه‌ کوژرا به‌ هه‌زارانی وا

که‌س هه‌بوو ئاوڕێ به‌ خێرمان وێد‌ا ؟