پاش چاپ و بڵاو بوونەوەی نووسراوەکەم لە لایەن تەشکیلاتی حیزبەوە لە بۆکان کە ئەوکاتە کاک حوسێنی مەدەنی بەرپرسی تەشکیلاتی بۆکان بوو گەڕامەوە پارستان و کاک فەتتاحی کاویان هات بۆ لام و گوتی:
پێویستیمان پیتە لە ڕادیۆی حیزب. شتوومەکەکانت خڕ کەوە و دەچین بۆ لای ئێمە و لەوێ دەست بە کار بکە.
منیش گوتم: بەسەر چاو کاک فەتتاح گیان.
ئیتر لەگەڵ مرێمی خیزانم چووین بۆ مەقەڕی دەفتەری سیاسی حیزب لە تەنیشت گوندی شیوەجۆ و یەک دوو ڕۆژ میوانی ژوورەکەی کاک فەتتاح بووین.
دۆڵی شیوەجۆیە ئەو شوێنەی ڕادیۆی حیزبی لێ بوو دۆڵێک بوو له تهنیشت گوندی شیوه جۆی ناوچهی سهردهشت، بە ناوی “خڕێ ڕەزگەی” کە موڵکی مام وسێنی شیوەجۆیە بوو و شەهید سهید ڕهسووڵی بابی گهوره، دیتبوویەوە و دەستنیشانی کردبوو بۆ بنکەی دەفتەری سیاسی حیزب و رادیۆ و ئینتشارات. سەید ڕەسووڵی بابی گەورە بە یارمەتی نەمران کاک خەلیل و کاک محەمەدی گادانی و کاک محەمەد وەیسی، بهرقهدی شاخێکیان دڕیبوو، پازده بیست هۆدهی چووکهیان به بڵاویی لێ ساز کردبوو، سەرەکانیان لەبەر هێرشی هەوایی بە تۆڕی گەڵا ئیستتار کردبوو کە له ئاسمان ڕا نەبیندرێن، چهند وەتاغیان دابوو بە ئهندامانی دهفتهری سیاسی و کوڕەکانی ئینتشارات و چەند هۆدەی چووکەشیان دابوو به ئەوانەی لەم ڕادیۆیە کاریان دەکرد
کاتێک دەڵێم ژوورەکەی کاک فەتتاح، پێتان وانەبی وەتاغێکی گەورەی، مۆبڵەی، پڕ لە فەڕش و بەردی مەڕمەڕ و کاغەزدیواری و شۆفاژ و چراخان و گەرمووگوڕ و توالێت و حەمامی هەبوو، ژوورەکەی کونێکی تەنگ و تاریکی، نمداری، سارد و سڕی لاشاخ بوو کە ئەگەر لە سەر بانەکەی ڕاوەستابای نەتدەزانی کە ژێر پێت وەتاغە! چوار پێنج میتر ئەولای وەتاغەکەی، بەرقەدی شاخێکیان درێبوو ئەوەندەی ئینسانێک تێوەی بچێ، دوو میتر ڕێک دەڕۆیشتی و پاشان باتدەداوە بۆ لای چەپ، داڵانێک کە نیومیتر پانایی و سێ میتر درێژایی بوو و سەرەکەشی داپۆشرابوو بە گڵ و دار و بەرد جا دەگەیشتێ ژوورەکەی کاک فەتاحی. من دڵنیام ئەگەر ورچ بەو گەرەکەی دا هاتبا حەتمەن دەهاتە ژوورەکەی چونکە پێیوادەبوو کونەوەرچێکی زۆر باش و ڕێکووپێکی وەگیرکەوتووە و مرۆڤ لێیان داگیر کردووە. من وەتاغەکەی کاک فەتتاحم بە نموونە هێناوە دەنا تەوای ژوورەکان لە ژووری دوکتور قاسملۆوە بگرە هەتا پێشمەرگەیەکی سادە هەموو هەر بەم شیوە بوون.
ئەم شوێنە ئاستەمە، کە بە شارەزایی تەواوی نیزامی دیاری کرابوو و نەقشەکێش و موهەندیسەکەشی، هەر سەیدڕەسووڵی بابی گەورە بوو کە پێشمەرگەیەکی کۆنی حیزبی دێمۆکرات بووە و لە کۆنگرەی دوو و کۆنفرانسی سیهەمی حیزبەوە لەگەڵ بووە و یەکێک لەو کەسانە بووە کە پاش ڕاپەرینی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ حیزبیان زیندوو کردەوە. سەید رەسووڵی بابی گەورە زۆربەی تەمەنی پڕ لە شانازی خۆی لە پێناو ڕزگاری کورد و کوردستان دا بەختکردبوو. خۆی لە گوندێکی پڕ لە قوڕووچڵپاو و بێ ئیمکان لەدایک ببوو و گەورە ببوو. شوانیی کردبوو، دەرسی خوێندبوو، زیندانی سیاسی کێشابوو، دەربەدەریی و ئاوارەیی دیبوو و لە تەواوی ژیانیدا گەیشتبووە هەر گوندێکی حەوز و کانیاوی بۆ ساز کردبوون، ئەگەر حەوز و کانیاویان بووبێ بۆی پاک کردبۆونەوە و بۆی خۆش کردبوون، پلووسک و جۆگەی ئاوی بۆ سازکربوون، ڕێگاوبانی بۆ هەڵوێژاردبوون، پرد و پردەبازدی بۆ سازکردبوون و لەکاتی پێویستیشدا لەبەر بێ دوکتور و دەرمانیی چارەسەری نەخۆشیشی بۆ کردبوون بێ ئەوەی چاوەڕێی پاداش و بارەقەللا پێگوتنی کەسێک بووبێت. کەسێکی تا بڵیی فیداکار و نەترس و لەخۆبووردوو بوو. ماڵەکەیان لە کەڵەکۆکەی سەرێ بوو و لە پاش کۆماری کوردستانەوە هەمیشە پەناگا و حەشارگەی لاوە سیاسی و شۆرشگێرەکانی مەهابادی بووە و لە عەبدووڵای ئیسحاقێ وە ەوە بگرە تا عەزیزی یۆسفی، سەدیقی خاتەمی، عەلی ڕۆستەم پوور، هاشمی ئەقەلوتولاب( هەق تەلەب)، قادری ڕەحمەتووڵایی، خەلیلی سەدیقی، بابم هاشمی نانەوازادە، ئەسعەدی خودایار، سمایلی نمەشیری، حەمەدەمینی ڕاتبی کە کاتێک لە دەست ژاندارم و ساواک هەڵاتبوون بە مانگ و بە ساڵ لەماڵی ئەوان ژیابوون و پەنا درابوون. سەید رەسووڵی بابی گەورە کەسێک بوو لیپاولیپی کوردایەتیی و مەردایەتیی و ئازایەتیی و لەخۆبووردوویی و خەڵک لە ناوچەی سەرشاخان، حیزبی دێمۆکراتیان لە ئەودا دەدیت و حیزب بە ئەوەوە دەناسرا. سەید رەسووڵی بابی گەورەی لە یەکەم کاسانێک بوو کە لەسەرووبەندی ساڵی ٥٧ دا هاتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوکتور قاسملوو لەژێر چاودیری و بادیگاردی ئەودا هاتەوە و هاتووچۆی دەکرد. سەید ڕەسووڵی بابی گەورەی کاری گەورەی لەدەست دەهات. ئەو بوو کە فەرماندیی عەمەلیاتێکی گەورەی کرد و دەستی بالای هەبوو لە هێنانی ٨٠ میلیۆن تمەنە بەناوبانگەکەی، چل ساڵ لەمەوبەری بانکی میڵلی مەهاباد و بێ ئەوەی قڕانێکی ئەوبەر ئەوبەر بێ تەحویلی حیزبی دا و لە دیواری ژوورەکەی دوکتور قاسملوو دا، لە سەرەوەی ژوورەکەی کاک فەتتاح، کە هەر بۆخۆی سازی کردبوو شاردبوویەوە و دیوارەکەی سواغ کردبۆوە و دەوڵەتی کۆماری پەت و سێدارە ئەگەر هاتبا نێو ژوورەکەش پوولەکەی نەدەدیتەوە. سەید رەسوولی بابی گەورە ئەو پووڵەی بۆیە هینا کە کوردستانی پێ ڕزگار بێ و لە پێناو ڕزگاری نەتەوەی کورد دا خەرج بکرێ.
سەید ڕەسووڵی بابی گەورەی جگە لەو زیرەکی و تیژبینییەی هەیبوو کەسێکی نەتەوەیی، سیاسی، خاوەن هەلوێستی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و هاوکات فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ناوچەی پیرانشاریش بوو کە هەمووجارێ زەربەی گورچووبڕی لە دوژمن دەدا و دەستکەوتی گەورەشی وەدەست دەهێنا.
نەوەک مەودا نەبێ لە ئاخری ئەم بیرەوەریانەم دا نەگەمەوە سەر باسی سەیدڕەسووڵی بابی گەورە بۆیە با سەرەنجامەکەشی بڵێم کە چی لێ بەسەر هات.
سەید رەسووڵ پاشی ٣٢ ساڵ ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئیران دا، بە هۆی ناڕازیبوون لە سیاسەتی گشتی حیزب، لە ڕێکەوتی ٦ی مانگی حەوتی ساڵی ٦٤ دەستی لەکار کیشاوە و لە گەرەکی هەوارەبەزەی شاری سولەیمانی لە گەڵ دووکەسی دیکە ماڵێکیان بەکرێ گرتبوو و لەوێ دەژیا. سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢١ی مانگی دەی ساڵی ٦٦ ، چەند چەکداری نەناسراو لە دەرگای ماڵەکەی دەدەن و ئەویش دەرگایان لێ دەکاتەوە و لەگەڵ کردنەوەی دەرگا دەستڕیژی لێ دەکەن و پێش ئەوەی گیانی لەدەست بدا، داوای قەڵەم و کاغەز دەکا کە ناوی بکوژەکان بنووسێ بەڵام بەداخەوە قەڵەم و کاغەزەکەی درەنگ پێ دەگا و کاتێک قەڵەمەکەی لەسەر کاغەزەکەی دادەنێ گیانی دەردەچێ و دەچێتە نێو کاروانی شەهیدانی کوردستان و بکوژە تاوانبارەکان تا ئێستاش ناناسراونەوە.
رووحی سەید رەسووڵی بابی گەورە شاد و یادی هەزار جار بەخێر بێت.
درێژەی هەیە



All reactions:
280You, Jawhar Jalal, Naser Hessami and 277 others